كەی یەكڕیزیی كورد دروست دەبێت

PM:03:53:22/05/2018 ‌
شەفیق بانیشاری

كۆمەڵگەی كوردی لەم باشووری كوردستانە، بە هەرچی سەركردە و لایەنی سیاسی و تەنانەت تاكەكانیشیەوە، كاتێك دێنە باسی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد، هەموو دەڵێن لەگەڵ یەكڕیزین و كورد بە یەكڕیزی بەمافەكانی دەگات، بەڵام كاتێك دێتە باری كرداری و هەڵوێست نواندن بۆ پرسی یەكڕیزیی كورد، هەر لایەنە و لە ئاوازێك دەخوێنێت و بیانوویەك دێنێتەوە، بۆیە پاش دەیان كۆبوونەوەی بێ ئەنجام لە دۆخی پچڕاودا دەمێنینەوە و بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان دەبن بە قوربانی فكر و بیركردنەوە و بیانووە سیاسی و حزبییەكانیان.
لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەركردەیەكی كورد لەبارەی یەكڕیزنەبوونی كورد لە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا، پرسیم بۆچی كورد یەكڕیز نییە بۆ ڕیفراندۆم؟ ئەویش وەڵامەكەی بە پرسیاری تر دامەوە و گوتی "بۆچی كورد 2718 ساڵە خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە؟ بۆچی ئەو هەموو شۆڕش و جووڵانەوە سیاسی و خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیییانەمان بە ئامانج نەگەیشتوون؟ دیارە هۆی سەرەكی نەبوونی یەكڕیزییـە لەناو كورددا و گیانی یەكتر قبووڵ نەكردن و ئەوە ئێستەیش بەردەوامی هەیە".
ڕاستییەكەیشی وایە ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی كورد بدەینەوە بە ڕوونی دەردەكەوێت هۆی شكست و نەگەیشتن بە ئامانجی ئەم گەلە، بوونی ناكۆكی ناوخۆیییـە لەناو كورددا كە سەرەنجام كەلێن و دەرچەی لەباری بۆ دوژمن تیادا كراوەتەوە بۆ لەباربردنی داوا ڕەواكانمان و سەركوتكردنی دۆزە مرۆییە مێژوویییە گرنگەكەمان.
جێی داخە دەبینین بەتێپەڕبوونی كات و لەدەستدانی دەرفەتەكان و چوونە ناو پەڕەكانی دیرۆكی كوردەوە، تـا دێت ئێمەی كورد وانە وەرناگرین لە ڕابردوو و هەڵەكانی پێشوو كۆتای پێ ناهێنین و دووبارە پێ بەسەر هەمان نەشتەری تیژی خەباتدا دەدەین، خەمێكی نەتەوەی لە داهاتوومان ناخۆین و بازێك بەسەر هەڵەكاندا نادەین كە 2718 ساڵ تـا ئەمڕۆ سەركردە و تـاكە دەمڕۆشتوو و دەستڕۆشتووەكانی ئەم میلەتە خۆرەی ناوخۆ و دەستكەلای دوژمن و بێگانە، هێندە گوێڕایەڵ و ملكەچی فەرمانی دەرەكی بووە و حەزی لە ئافەرمی دوژمنەكەی بووە، نیو هێندە گوێڕایەڵی هاونیشتمانی خۆیان نابـن. هەروەك هێندە لە ناوخۆ بۆ گیانی یەك ئازا و ڕوو ئەستوورین، نیو هێندە لە بەرانبەر نەیار و دوژمنی كورد و كوردستان چەلەنگ و بوێر نین.
كۆژانێكی فراوان لە دڵمدایە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژوو، چونكە لە هەموو داستان و قارەمانێتی و  شانازییەكی ئەم میلەتەدا، نەخۆشییەك و لەكەیەكی ناشیرین كۆتای خەباتەكەی تێك داوە، ئەمە ڕوونە ئەو لەكەیە دەرئەنجامی نەبوونی یەكڕیزی كوردە وەك چۆن لە 25ی ئەیلوولی رابردوو، بینیمان. لە بری كۆدەنگی بۆ پشتیوانی لەسەر خستنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم، كەچی حزبی كوردی و خەڵكێك بەشێوازی جۆراوجۆر دژایەتیان دەكرد و بیریان چووبوو خەباتی ئەم میلەتە لە عێراق بۆچی بووە. بەڵام چونكە گەل چووە پاڵ خاوەنداری ریفراندۆم، هەر سەركەوتن، كەچی كۆتاكەی دیسان بەهۆی نەبوونی یەكڕیزی ناو كورد، 16ی ئۆكتۆبەر لە مێژووماندا تۆمار دەكرێ.
ئێستەیش ئومێد بۆ داهاتووی عێراق نییە و كورد ناتوانێت وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی لەو وڵاتە مافەكانی بەرجەستە بكات كە دەستوور دیاری كردووە، بەڵام وا دەردەكەوێت كە چوار ساڵی داهاتووی كورد لە بەغدا ئاڵۆز دەبێت و نوێنەرانی كورد لە بەغدا یەك تیم نابن لە بەرانبەر فراكسیۆنە عێراقییەكان، ئەوان بۆ خۆیان هەموو كۆتایەكیان عەرەببوون یەكیان دەخاتەوە، بەڵام ئێمە ئەزموون وەرناگرین. بەو پێیەی تابلۆكە روونە لە ئێستەوە لایەنە كوردییەكان ئەوەندەی بیری دژایەتی و ناكۆكی و تۆڵەكردنەوە لەناویاندا دەردەكەوێ، ئاسۆی یەكڕیزی نابینرێ.
كەواتە ئەو دیمەنە ئەوەندە روونە و هەمووان باسی دەكەین و سیاسییەكانیش باشتر تێدەگەن لەوەی عێراق جێی ئومێد نییە، گرنگە ئەزموونێك لەمەیان وەربگرین و بۆ ئەو چوار ساڵە ئاڵۆزە سوێندی كوردستانیبوون بخۆن لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمەكە و كاركردن بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان، كە هەموو لە بانگەشەی هەڵبژاردندا كار و بەرنامەیان بوو. فەرموون بیكەن بە كردار. بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو مەترسییانە دەبینن و هەر بە لاڕێدا دەڕۆن، كۆتاكەی خراپتر دەبێت لەوەی رووی داوە لە سایەی حكوومەتەكانی عێراق.