سایه به ته‌نیا مرد، له‌گه‌ڵ ویژدانی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن له‌و بواره و گرنگیدان به منداڵ و كێشه‌كانی، ئاخر ساڵێكه وێنه و ئاخاوتنه‌كانی ئه‌و كیژۆڵه‌یه له خه‌یاڵی مندا ده‌جووڵێت كه له خۆیدا ئازار و مه‌ینه‌تی منداڵانی تری وڵاتی هه‌ڵگرتبوو، پێ ده‌چوو سایه هه‌ر به ته‌نیا بۆ مردنێكی زوو و ته‌نیاییه‌كی كوشنده له دایك بووبێت. بۆیه ساڵێكه من ده‌زانم ئه‌و كچه مردووه، ئێوه بۆ نه‌تانزانی؟ خۆ بوو به بابه‌تی میدیا و ده‌نگی دایه‌وه، ئه‌و ژیانه منداڵییه پڕ مه‌ینه‌تییه، ئه‌وه‌تا مردنه‌كه‌یشی كه‌س ناجووڵێنێت كه منداڵێك دوای 16 رۆژ ونبوون، ته‌رمه‌كه‌ی له رێی گوێڕ ده‌دۆزرێته‌وه و هه‌روا تێده‌په‌ڕێ. به‌ڵام با قسه‌یه‌ك بۆ داهاتوو بكه‌ین.
ڕۆژ نییه داخی بێنازی و بێ ده‌ره‌تانی منداڵی كوردستان به دڵماندا نه‌چێت، ڕۆژێك به ده‌ستدرێژیی سێكسی و جارێك سووتانی منداڵێك و جارێكی تر كه‌وتنه خواره‌وه‌ی منداڵ، له‌ولاوه سووكایه‌تی به قوتابی له‌لایه‌ن مامۆستاوه، بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی منداڵ له‌لایه‌ن كه‌سه نزیكه‌كانیه‌وه كه ئه‌میش پێشێلكارییه، ناوناتۆره‌نان له منداڵ، بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی سووتان و نه‌خۆشیی منداڵ له سۆشیال میدیا، خزمه‌تكاریی قوتابی له قوتابخانه له‌لایه‌ن ئیداره و كارگوزاره‌كانه‌وه.
بۆ منداڵان نه ماڵ جێیه‌كی ئارامه و نه قوتابخانه، ئاخر ساڵانێكه سایه‌ی 11 ساڵ ونه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك به‌دواداچوونی بۆ بكات و سۆراغێكی بزانن، بێ ئه‌وه‌ی پزیشكێكی ده‌روونی بیبینێت، بێ یه‌ك و دوو دراوه‌ته ماڵی مامی، به‌ڵام نازانن ماڵی مامیش هه‌مان ژینگه ترسناكه‌كه‌یه بۆ ئه‌و منداڵه، كاتی خۆیه‌تی بپرسین ئاخۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئاماری ئه‌و منداڵانه‌ی لایه كه نه‌خراونه‌ته به‌رخوێندن، یان هیچ نا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه ئاماری قوتابییه نه‌هاتووه‌كان "غائیب"ی مانگانه‌ی پێده‌گات؟ گومانم هه‌یه، به‌ڵام گریمان ده‌گات، ئه‌ی چۆن به‌رانبه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌ر و په‌روه‌رده‌كان لێپێچینه‌وه ده‌كه‌ن؟ كوا بڵاوكراوه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌باره‌ی ئه‌م منداڵه و سه‌دان منداڵی سه‌رگه‌ردانی وه‌ك سایه؟.
بۆیه ڕووم له په‌روه‌رده‌یه، چونكه په‌روه‌رده نه‌وه‌ی دواڕۆژ بنیات ده‌نێت، ئه‌وه ئێوه‌ن كه سیاسه‌توان و پزیشك و مامۆستا و جووتیار و مافپه‌روه‌ر پێ ده‌گه‌یه‌نن. چاكسازی له بنیاتی كۆمه‌ڵگه و په‌روه‌رده‌وه ده‌ست پێ ده‌كات نه‌ك له پاره‌ی خانه‌نشینی كه‌سێك كه هێزی كاری تێدا نه‌ماوه، ئێمه پێویستمان به نه‌وه‌یه‌كی چوست و چالاكی سه‌رده‌مییه، نه‌ك خه‌یاڵ و دنیابینییان ته‌نیا له پاره و مووچه‌دا كورت بكرێته‌وه.
تاكه شت ده‌مویست وه‌ك ده‌نگێكی له‌رزۆكیش بێت له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌رگوێم بكه‌وێت، ئه‌وه‌بوو كاندیدێك بڵێت من كار له بواری منداڵ و په‌روه‌رده بۆ دواڕۆژ ده‌كه‌م، ئه‌وه‌م نه‌بینی و په‌رله‌مان پڕبوو له به‌ندبێژ و بێژه‌ر، دیسان ساڵێكه له ماوه‌ی په‌رله‌مانتاریدا چاودێری ده‌كه‌م قسه‌یه‌ك له بواری په‌روه‌رده‌ی منداڵ و داهاتوویان له‌و په‌رله‌مانه‌وه ببیستم، به‌ڵام نییه و ره‌نگه هه‌ر چوار ساڵه‌كه‌یش ته‌واو بكه‌ن و نه‌یبیستین.
وه‌زیری په‌روه‌رده زۆر ئاگاداری كاره‌كانتم چ دوور و چ نزیك، هه‌ستی دڵخۆشیم هه‌یه بۆ به‌ره‌وپێشبردنی هیچ نه‌بێت پێوه‌ندیی مامۆستا و قوتابی و وه‌زاره‌ته‌كه‌ت، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و منداڵانه‌ی هاوشێوه‌ی سایه‌ن، ئێوه و وه‌زیری كار به منداڵی خۆتانی بزانن و خۆتان به به‌رپرسیار بزانن به‌رانبه‌ر نه‌وه‌كانی داهاتوو، نابێ چاوپۆشی له‌م كه‌یسه بكرێت، ڕووداوه‌كانی پشت ده‌رگه داخراوه‌كان زۆر مه‌ترسیدارترن له ڕووداوه‌كانی تر، چونكه له‌وێ تاك به ته‌نیا ده‌كه‌وێته ژێر بارێكی قورسی ده‌روونییه‌وه و جیایه له ڕووداوێكی گشتیی كه به كۆمه‌ڵ ته‌حه‌مولی خه‌مه‌كه‌ی ده‌كرێت. ده‌رگه داخراوه‌كان زۆرن، هه‌ر له پشتی ده‌رگه‌ی ماڵه‌كانه‌وه تا پشتی ده‌رگه‌ی پۆل، كاری ئێوه ته‌نیا "دارا دوو داری دی" نییه، به‌ڵكو كاری سه‌ره‌كیی ئه‌وه‌یه له پشتی داره‌كانه‌وه ئازاری منداڵ ببینن. ئه‌وه‌تا دارا پێش ساڵێك هه‌موومانی ئاگه‌دار كرده‌وه كه منداڵێك به توندترین و نامرۆڤانه‌ترین شێوه ئازار ده‌درێت، كه‌چی هیچ نه‌كرا تا ئه‌وه‌ی به بێنازی و له دیمه‌نێكی سامناكدا ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایه‌وه.
پێویسته مامۆستایان هه‌موو بخرێنه به‌ر كۆرسه‌كانی زانستی و ده‌روونزانی منداڵ، تا بزانن چ كفرێكه وێنه‌گرتن و سووكایه‌تی به منداڵ، مامۆستا ده‌بێ تێبگات هیچ مافێكی به‌سه‌ر ئه‌و قوتابییه‌وه نییه وه‌ك موڵك سه‌یری بكات و هه‌موو رۆژ بیشكێنێته‌وه، كاری ئه‌و په‌روه‌رده و فێركردنه، هه‌رچه‌نده له كوردستان ته‌نیا گرنگی به فێركردن دراوه و هه‌ست به په‌روه‌رده ناكرێت. به‌ڵام ده‌بێ وه‌ك كه‌سایه‌تیی سه‌یری منداڵ بكرێت و گرنگی پێ بدرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ته‌مبه‌ڵ بوو، مامۆستا هه‌ستی دوژمنایه‌تی ده‌داتێ و قوتابییه‌كه هه‌ر له بینینیشی ده‌ترسێ ئه‌گه‌ر له دووریشه‌وه بێت.
كاری سه‌ره‌كی با ئه‌وه بێت منداڵ و گه‌نج له‌گه‌ڵ قوتابخانه ئاشت بكه‌ینه‌وه تا چیتر سه‌رگه‌ردان نه‌بن، ته‌نانه‌ت هه‌موو بودجه‌ی وڵات بۆ په‌روه‌رده خه‌رج بكرێت هه‌ر ئاساییه، چونكه دڵنیامان ده‌كات كه داهاتوویه‌كی باشتر مسۆگه‌ر ده‌بێت.
گرنگه وه‌زاره‌ت بۆ ده‌یان ساڵی داهاتوو پلان و ستراتیجی خۆی هه‌بێت، پاشان ساڵانه ئه‌نجامه‌كانی بڵاو بكرێنه‌وه. پلانه‌كان بچێته ناو هه‌موو خێزانێكه‌وه، با حكوومه‌ت ببێته چاوی كامێرای چاودێری به‌سه‌ر هه‌موو ماڵێكه‌وه، له به‌رنامه‌كانی خوێندندا پرۆگرامی خێزانی پوخت دابڕێژرێت و له ساڵێكی خوێندندا به‌ته‌نیا دووجار كۆبوونه‌وه بكرێت به دایك و باوك له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردنی ده‌روونی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان، ده‌بێ ناوه‌ڕۆكی منداڵ بدۆزینه‌وه و به هاوڕێی بزانین و گوێی بۆ رادێرین، به‌وه ده‌توانین بۆ داهاتوو كه‌سایه‌تی دروست بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌س به به‌رپرسیارێتی هه‌ڵنه‌سێت، بێگومان مردنی سایه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌مان قه‌وانی كۆن لێ ده‌ده‌ینه‌وه كه واباوه "با منداڵ ببێت، خوا به‌خێوی ده‌كات".