له مێژووی نزیكدا چه‌ند ڕووداو یان وێستگه‌یه‌كی گرنگ هه‌ن كه له ئێسته و داهاتووشدا وه‌ك هێڵی پانی مێژووی ئه‌و قۆناغه هه‌ژمار ده‌كرێن وه‌ك؛ شه‌ڕی سه‌پێنراوی داعش، جینۆسایدی ئێزیدییه‌كان، قه‌یرانی سووریا و ده‌ركه‌وتنی هه‌لێكی زێڕین بۆ رۆژئاوای كوردستان، ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان، ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و.. تاد. به چ پێوه‌رێك ئاستی گرنگی هه‌ركامه له‌و ڕووداوانه هه‌ڵسه‌نگێنین، یان بایه‌خێكی مێژووی پێ بده‌ین، بێگومان ئه‌مه یه‌كێك له گرفته سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه‌ی كورده كه خاوه‌نی پره‌نسیپ و پێوه‌ری یه‌كگرتوو نین و هاوكات ده‌زگایه‌كی لێڤه‌گه‌ڕیشمان نییه كه یه‌كلاكه‌ره‌وه بێت، چه‌ندان خوێندنه‌وه‌ی هاوكاتمان بۆ هه‌ر ڕووداوێك هه‌یه. لای هه‌ندێكمان نرخه و لای هه‌ندێكی تریشمان دژه‌نرخ.
به‌هه‌رحاڵ پێم وایه له‌ناو كۆمه‌ڵێك دۆخ و چه‌مكی ته‌مومژاویدا، ڕووهێنان بۆ چه‌مك و تێڕوانینی واقیعگه‌رایی و خه‌سارناسی و شوێنه‌وارناسی هه‌ر ڕووداوێكی سیاسی یان كۆمه‌ڵایه‌تی باشترین ڕێی تێگه‌یشتنی ڕاست بێت. با به‌شێوه‌یه‌كی واقیعی شوێنه‌واری ڕووداوه‌كان خۆیان پێمان بڵێن كه بایه‌خه‌كه‌یان چه‌نده، مێژوویین یان نا، كاریگه‌ری باشیان داناوه یان پێچه‌وانه‌كه‌ی، ده‌چنه خانه‌ی شۆڕشگێڕیی یان خیانه‌ته‌وه، ناچاریبوون یان خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و... تاد؟
٣ ساڵ به‌سه‌ر ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا تێپه‌ڕی. ئاوه‌كه هێشتا هه‌ر لێڵه یان ڕاستتر بڵێم لێڵ ده‌كرێت. ڕاگه‌یاندن پڕه له جه‌مسه‌رگیریی چه‌ندان لایه‌ن. گله‌یی زۆرن. بۆیه من نامه‌وێت لاسایی كه‌س بكه‌مه‌وه. من چه‌ندان شوێنه‌واری ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر باس ده‌كه‌م و هه‌ندێ تێبینیشم ده‌بێت له‌سه‌ریان، ئیتر وه‌ك من، خوێنه‌ریش با خۆی بڕیار بدات كه ده‌بێ چۆن سه‌یری ئه‌و ڕووداوانه بكات و چ حوكمێكیان له‌سه‌ر بدات. پێم وایه ئه‌مه ڕێیه ڕاسته‌كه بێت.
- له‌ده‌ستدانی له نیوه زیاتری خاكی باشووری كوردستان. له‌ده‌ستدانی خاك قورسترین دۆخێكه كه به‌سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا دێت و هه‌زار و یه‌ك شوێنه‌وار و شتی چاوه‌ڕواننه‌كراوی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
- زیندووكردنه‌وه‌ی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی شیعی دژ به كورد. شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی سوننه له عێراقی سه‌رده‌می به‌عسدا هه‌رچه‌نده له‌ڕووی چه‌مكه‌وه له میسر و سووریا و شوێنی تریش پاڵپشتی كرابێت؛ به‌ڵام شۆڤێنیزمی شیعی بابه‌ت و دیارده و ستراتیجێكی ناوچه‌یی و كرداری بوو و ئێران سه‌ركێشی كرد و هێزی چه‌كداری شیعی و میلیشیایی كۆی ناوچه‌كه له‌و هێرشه‌دا به‌شدار بوون.
- پشتبه‌ستن به چه‌مكی "فه‌تح" له‌و ناوچانه‌دا و داگیركردنی ته‌واوه‌تی و وه‌گه‌ڕخستنی سیاسه‌تی ته‌عریب و ناچاركردنی كورد به جێهێشتنی زێدی خۆیان.
- ده‌ركردن و لێسه‌ندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پۆستی ئیداری و حوكمی له كورد و وه‌ده‌رنانی كورد له كایه‌ی سیاسی و ئیداری.
- سه‌پاندنی باری ته‌ناهی به‌سه‌ر كۆی ژیانی كۆمه‌ڵگا و دروستكردنی سێبه‌ری ته‌ناهی به‌سه‌ر كۆی كایه‌ی ئیداری و یاسایی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ... تاد.
- ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه دژ به سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیان و گوزه‌ران و كولتووری كورد له‌و ناوچانه‌دا.
- هه‌وڵی شكستپێهێنانی سیستمی په‌روه‌رده‌ی به زمانی كوردی.
- بێ كاریگه‌ركردنی كورد له كایه‌ی ئابووریدا له‌ڕێی پاڵه‌په‌ستۆ و جیاوازیكردن و سووتاندن و دڵه‌ڕاوكێی هه‌میشه‌یی.
با هه‌ندێكی تر واقیعی بین و له ماوه‌ی ٣ ساڵدا:
چه‌ندان هه‌زار خێزانی كورد ناچاری كۆچبه‌ری و جێهێشتنی زێدی خۆیان كراون. به‌پێی هه‌ندێك ئامار زیاتر له ٣٠ هه‌زار خێزانی عه‌ره‌بی هاورده گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه ئه‌و ناوچانه و ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر موڵك و ماڵ و زه‌وی كورد جێگیر كراون. له نێوان پێكهاته ڕه‌سه‌نه‌كانی ناوچه‌كه‌دا چه‌مكی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان نه‌ماوه و چه‌مكی دژه كورد په‌ره‌ی پێ دراوه و ده‌درێت. كورد له‌به‌ر داعش، له‌به‌ر حه‌شدی شه‌عبی، له‌به‌ر عه‌ره‌بی هاورده، له‌به‌ر توركمان و.. تاد ناچاری هه‌ڵهاتنه له ناوچه‌ی خۆی و ماڵه‌كه‌ی. چه‌ند گوند چۆڵ كراون؟ چه‌ند خێزان بڕیاریان داوه كه ئیتر له‌و ڕه‌زاله‌ته‌دا نه‌ژین؟ چه‌ند منداڵ له خوێندن بێبه‌ش بوون؟ چه‌ند خێزان مایه‌پوچ بوون و توانای دابینكردنی داهاتوی منداڵه‌كانیان نه‌ماوه؟ كۆڵه‌كه‌ی ئابووری چه‌ند ماڵ ڕووخاوه؟ چه‌ند گه‌نج له ژنهێنان و شووكردن بێبه‌ش بوون؟ چه‌ند كه‌س و خێزان خۆیان شه‌و و رۆژ حه‌ره‌سیات له خۆیان ده‌گرن ته‌نیا له‌به‌ر پارێزراوبوونیان؟ و به ده‌یان پرسیاری تر.. تاد.
بابه‌تی تر؛ داخۆ ئه‌م دۆخه هه‌تا كه‌نگێ؟
له سێیه‌مین ساڵیدا شوێنه‌واره‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر به‌مشێوه‌یه پڕووكێنه‌رن. تۆ بڵێی له ساڵی چواره‌مدا ته‌واو بێت، له ساڵی پێنجه‌م، ده‌یه‌م، بیسته‌م و... یان چه‌نده‌مدا كۆتایی دێت؟ ئایا هه‌ر كۆتایی دێت؟ یان ئه‌مه بیری بێ بنه و دیار نییه. یان ئه‌مه گڵۆڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و له سه‌راولێژیدا به‌ره‌و خواره‌وه‌یه و كۆنتڕۆڵی له ده‌ستی كه‌سدا نه‌ماوه و هه‌ر ده‌ڕوات و زیاتر وڵات وێران ده‌كات؟ تۆ بڵێی بگه‌ڕێینه‌وه پێش ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر كه هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌مان له داعش ڕزگار كردبوو و خۆمان ئاغای خۆمان و خه‌ڵكی تریش بووین؟ تۆ بڵێی بگه‌ڕێینه‌وه پێش ٢٠١٤ كه به‌ناو به هاوبه‌شی ئه‌و ناوچانه‌مان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند به‌ڕێوه ده‌برد، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا خۆمان هه‌موو شتێك بووین؟ بۆ گه‌یشتنه‌وه به‌وانه چه‌ند به‌های تر ده‌بێ بده‌ین، چه‌ند شه‌هیدی تر پێویسته، چه‌ند ماندووبوون و چه‌ند ئاره‌قه‌ی تر پێویسته؟
له دۆخێك كه شۆڤێنیزم له لووتكه‌دا په‌ره‌ی پێ ده‌درێت، عێراق له‌ژێر هه‌ژموونی وڵاتانی ناوچه‌كه و پاشاگه‌ردانی میلیشیاكاندایه، چه‌ندان قه‌یرانی سیاسی و ئابووری و ته‌ندروستی له ئارادایه، كوا گه‌یشتنه‌وه به‌و دۆخه‌ی جاران ئاسانه. با زۆرتر له‌سه‌ری نه‌چین. زمانی واقیع تێگه‌یشتن ئاسانترده‌كات. ئه‌و واقیعه تراجیدیایه، كاره‌ساته. به هه‌ر هۆكارێك، بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك، له‌ژێر هه‌ر ناوێك، به هه‌ر پاساوێك، بۆ هه‌ر ده‌ستكه‌وتێك؛ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر ڕووی دابێت، ئه‌وا باجه‌كه‌ی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد زۆر قورس كه‌وت و به‌داخه‌وه هێشتاش ئاسۆیه‌كی ڕوون نابینین بۆ كۆتاهاتنیشی. كه‌وابێت؛ خوێنه‌ری به‌ڕێز؛ تۆش وه‌ك من به‌م مێتۆده باشتر ده‌توانیت ببیت به خاوه‌نی بۆچوون له‌سه‌ر ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و بگره هه‌ر ڕووداوێكی تریش جا تاڵ بێت یان شیرین.
هیوادارم وه‌ك كورد ببینه خاوه‌نی یاده‌وه‌رییه‌كی به‌هێز و زانستی له‌پێناوی ئه‌وه‌ی هیچ كامه‌مان باش و خراپمان به‌سه‌ره‌وه نه‌چێت و مه‌ودای شرۆڤه‌ی ناڕاست و نالۆجیكی و موزایده و... تاد، له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان نه‌مێنێت و به پره‌نسیپ و میتۆدی زانستی و دادپه‌روه‌رانه سه‌یری ڕووداوه‌كانی ده‌وروبه‌رمان بكه‌ین.