له‌م ساڵانه‌ی دوایی و به‌تایبه‌ت دوای ٢٠١٤، سیاسه‌تی بڕینی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ر و ده‌ستبردن بۆ قووتی خه‌ڵكی كوردستان، له‌لایه‌ن حكوومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت. هه‌ر له ماوه‌ی ئه‌مساڵ (٢٠٢٠)دا ئه‌وه دووه‌م جاره به بیانوو و پاساوی جیاواز و بێبنه‌ما، بودجه‌ی كوردستان ده‌بڕن.
به ده‌ركردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی له په‌رله‌مانی عێراق به‌بێ ئاماده‌بوونی كورد، ئه‌م هه‌نگاوانه پێی نایه قۆناغێكی جیاواز و مه‌ترسیداره‌وه. ئه‌مجاره‌یان له جیاتی حكوومه‌ت، په‌رله‌مان و هێز و لایه‌نه عه‌ره‌به‌كان به سوننه و شیعه‌وه، له دژی كورد بوون به یه‌ك و به پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور، بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان خسته قاڵبێكی یاساییه‌وه.
پێم وایه ئه‌م یاسایه ئیتر بووه به كارتێكی گوشاری هه‌میشه‌یی له ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و له كات و شوێنی جیاوازدا كوردی پێ ته‌نگاو ده‌كرێت. بۆیه پێویستیمان به هه‌وڵێكی چڕ‌وپڕ و ژیرانه‌یه تا هه‌رچۆنێك بێت بتوانین ئه‌م كارته له به‌غدا وه‌ربگرینه‌وه، یان هیچ نه‌بێت كاریگه‌رییه‌كانی كه‌م بكه‌ینه‌وه.
جارێ پێش هه‌موو شتێك بێ مووچهكردن و بێ قووت هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، پێچه‌وانه‌ی به‌نده‌كانی ده‌ستوور و به‌تایبه‌تیش ماده‌ی ١١٧یه. هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق و له‌سه‌ر حكوومه‌تی ناوه‌نده ئه‌ركه‌كانی به‌رانبه‌ر جێبه‌جێ بكات. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تی كورد پێویسته هه‌وڵ بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنێكی كۆنكرێتی و هه‌میشه‌یی له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بده‌ن كه تێیدا ئه‌رك و مافه‌كانی هه‌ردوولا (هه‌رێم و ناوه‌ند) له به‌رانبه‌ر یه‌كتر دیاریكراو و پارێزراو بێت.
له‌م بارودۆخه‌دا كه ئابووری دنیا و عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه له قه‌یراندایه، هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان پێویسته به چاوێكی واقیعییانه و بابه‌تییانه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تازه‌یان هه‌بێت. به‌غدا گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكی و ململانێی نێوان هێز و لایه‌نه كوردییه‌كان نییه. هه‌ر كه‌س، لایه‌ن یان حزبێك، بۆچوونی جیاوازی هه‌یه و ڕه‌خنه‌ی له ئه‌دای حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌یه، ده‌رفه‌ت بۆ ده‌ربڕین و هێنانه‌ئارای ڕای جیاواز له ناوخۆی هه‌رێم و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانی و ته‌نانه‌ت شه‌قامیش كراوه‌یه. كه‌واته با له به‌رانبه‌ر به‌غدا و شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی كه قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستانی به ئامانج گرتووه، یه‌كده‌نگ و یه‌كڕا بین.
ئابووری هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی عێراق و زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه، پشت به نه‌وت ده‌به‌ستێت. ئه‌مه وایكردووه هه‌ر هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێكی به‌های نه‌وت كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئه‌م ئابوورییه تاك سه‌رچاوه‌یه هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له قۆناغی كۆرۆنادا كه به‌های نه‌وت زۆر دابه‌زیوه و قه‌یرانێكی گشتی له ئابووری دنیادا سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستانی زیاتر ته‌نگاو كردووه. عێراق /خۆیشی له هه‌مان بارودۆخدایه/ به‌ڵام به‌ده‌ر له هه‌موو ڕێسا و بنه‌مایه‌كی ئه‌خلاقی و ویژدانی و به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری وڵاته‌كه‌ی خۆی، ته‌نیا به مه‌به‌ستی ته‌نگاوكردنی هه‌رێمی كوردستان و بردنه‌سه‌ری هه‌ندێ چه‌مك و ئامانجی شۆڤێنیستانه، گوشاره‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێم زیاتر كردووه. بۆیه حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێ بیر له چاره‌سه‌رێكی گونجاو و درێژخایه‌ن بۆ ئه‌م دۆخه بكاته‌وه.
ستراتیجی فره‌چه‌شنكردنی ئابووری و سه‌رچاوه‌كانی داهات، گونجاوترینه بۆ ئه‌و دۆخه و دواتریش. ده‌بێ كه‌رت و سێكته‌ری جیاوازی كشتوكاڵ، وه‌به‌رهێنان، گه‌شتیاری، خزمه‌تگوزاری، ته‌كنۆلۆجی، پیشه‌سازی و... تاد، په‌ره‌یان پێ بدرێت و له‌ڕووی یاسایی و كارگێڕییه‌وه پشتگیری بكرێن و ده‌رفه‌تی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردنیان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت. كه‌رتی تایبه‌ت له‌م بوارانه‌دا ده‌توانێ ڕۆڵی گه‌وره ببینێت و حكوومه‌ت ده‌توانێ كارئاسانی بۆ بكات و هێزی كار به‌ره‌و ئه‌و كه‌رته ئاراسته بكات. به‌مشێوه‌یه له ماوه‌یه‌كی گونجاو‌دا ئابووری هه‌رێم نه‌خۆشی تاكسهرچاوهیی تێده‌په‌ڕێنێ.
داهاتی باج و گومرگ یه‌كێك له سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی تره كه له دنیای ئه‌مڕۆدا حكوومه‌ته‌كان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی و خه‌رجییه‌كانیان پشتی پێ ده‌به‌ستن. له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌م بابه‌ته پێویستی به ڕێكخستنه‌وه هه‌یه ئه‌گه‌ر به‌پێی یاسایه‌كی گونجاو به ته‌واوی ڕێك بخرێته‌وه و له‌ژێر كۆنترۆڵی لایه‌ن و حزب و ده‌سته‌ی جیاواز بهێنرێته ده‌ر، ئه‌وا ده‌توانێ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره پشتی پێ ببه‌سترێت.
حكوومه‌ت ده‌بێ خۆی بچووك بكاته‌وه و خه‌رجییه‌كانی كه‌م بكاته‌وه و ده‌رفه‌ت بۆ به‌شداری كاراتری كه‌رتی تایبه‌ت له گۆڕه‌پانی ئابووری وڵات بڕه‌خسێنێت. سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی ئابووری و بازاڕی ئازاد بگرێته‌به‌ر. به‌و شێوه‌یه بارگرانی خۆی سووك ده‌كات و ده‌رفه‌ت بۆ به‌شداری خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه و كه‌رتی تایبه‌ت خۆش ده‌كات.
له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه پێویستمان به چاكسازی ڕیشه‌یی و نه‌شته‌رگه‌ریی بوێرانه‌یه. یاسای چاكسازی له‌م بواره‌دا هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه كه به جێبه‌جێكردنی زۆر كهموكۆڕیی كارگێڕییه‌كان پڕ ده‌كرێنه‌وه، هاوكات خه‌رجی زیاده له‌سه‌رشانی حكوومه‌ت ناهێڵێت.
ڕاكێشانی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌كی بۆ وه‌به‌رهێنان له كه‌رته جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، یه‌كێكی تره له‌و بوارانه‌ی ئابووری هه‌رێم ده‌بووژێنێته‌وه. هه‌رێمی كوردستان له زۆر ڕووه‌وه ده‌توانێ ببێته مایه‌ی سه‌رنجی سه‌رمایه‌دار و وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كان. بێگومان ئه‌م بابه‌ته پێویستی به هه‌ندێك ڕێكار و پێڕه‌وی زانستی و یاسایی و كارگێڕی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شێك بڕه‌خسێنرێت وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی هه‌ست به دڵنیایی بكات و ترسی له‌ده‌ستدانی سه‌رمایه‌كه‌ی یان زیانمه‌ندبوونی نه‌مێنێت، به‌پێچه‌وانه‌وه هان بدرێت بۆ وه‌گه‌ڕخستنی هه‌رچی زیاتری سه‌رمایه‌ی هه‌یه له كوردستان.
به‌مشێوه‌یه و له چوارچێوه‌ی ئه‌مجۆره هه‌وڵانه‌دا و بگره چه‌ندان ڕێكاری تریش كه لێره‌دا جێی نابێته‌وه، ئابووری هه‌رێم ده‌بووژێته‌وه، هه‌لی كار زیاد ده‌بێت، به‌رهه‌می ناوخۆ زیاد ده‌بێت، بازار ڕه‌ونه‌ق ده‌گرێت و... تاد. بێگومان له وه‌ها دۆخێك‌دا حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی ناچاری به‌غدا نابێت و خۆی ده‌توانێ بودجه‌ی پێویست بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خه‌رجی پڕۆژه و چالاكییه‌كان دابین بكات. به‌مشێوه‌یه ئه‌و كارته گوشاره‌ی بڕینی بودجه له ده‌سه‌ڵاتی عێراق وه‌رده‌گیرێته‌وه.
كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و له كارنامهكهشیدا زۆر له‌م پلان و به‌رنامانه‌ی خسته‌ڕوو و هه‌نگاوی كرداری باشیشی بڕیوه. بۆیه هیوام وایه له ماوه‌ی داهاتوودا به هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك، كورد له‌ژێر گوشاری به‌غدا بێته ده‌ر و دۆخێكی سه‌قامگیر بێته ئاراوه.