پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١ی عێراق، زۆر تایبه‌ته و جیاوازی زۆری له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م یاساكانی بودجه‌ی پاش ٢٠٠٣ و قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسدا هه‌یه. ئه‌مه یه‌كه‌مین پڕۆژه‌یاسای بودجه‌یه كه دوای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا ئاماده كراوه، بۆیه كارتێكه‌ری قووڵی ئابووری سه‌رده‌می كۆرۆنای له‌سه‌ره. هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین پڕۆژه‌یاسای بودجه‌یه كه دوای خۆپێشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كانی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو ئاماده كراوه، بۆیه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت كه ویست و داواكارییه‌كانی خۆپێشانده‌رانی تێدا ڕه‌چاو كراوه.
به‌گوته‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی بۆ چاكسازی و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رانه‌ی داهات و هاوكات ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و تاڵانی هاوێشتووه، بۆیه یه‌كه‌مجاره له مێژووی نوێی عێراقدا ده‌بینرێت پڕۆژه‌یاسایه‌ك (كه هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان)، به‌و ئاسته لایه‌نه سیاسییه‌كان و په‌رله‌مانتارانی نیگه‌ران كردبێت.
ڕێژه‌ی كورتهێنان له‌م پڕۆژه‌یاسایه‌دا ئاستێك پێوانه‌یی تۆمار كرد، هاوكات بڕیاری دابه‌زاندنی نرخی دینار به‌رانبه‌ر دۆلار، به‌هه‌مانشێوه بابه‌تگه‌لێكن یه‌كه‌مجاره له عێراقدا ڕوو ده‌ده‌ن. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، ڕێككه‌وتنێك له نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ له‌سه‌ر به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه و میكانیزمی جێبه‌جێكردنیشی ڕه‌چاو كراوه.
ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌ی به‌هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی په‌تای كۆرۆنا و داته‌پینی به‌های نه‌وت به‌رۆكی عێراقی گرتووه، له دوای ساڵی ٢٠٠٣وه نموونه‌ی نه‌بووه و هه‌ر ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری یه‌كجار زۆری له‌سه‌ر باری گوزه‌ران و ژیانی خه‌ڵك داناوه. هه‌ر خۆی پێش ئه‌و قه‌یرانه ئابوورییه‌یش واتا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی به‌های نه‌وت زۆر به‌رز بوو و پاره به لێشاو ده‌هاته عێراقه‌وه، باری ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ر باش نه‌بوو، چونكه سه‌روه‌ت و سامانی وڵات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار و توێژێكی سیاسه‌توان و حوكمڕانی سه‌ربه چه‌ند وڵاتێكی ده‌ره‌كی ته‌خشان و په‌خشانی پێ ده‌كرا. خه‌ڵكی عێراقیش له‌وپه‌ڕی هه‌ژاریدا ده‌ژیان.
خۆپێشاندانه‌كانی ساڵی رابردوو و پێشتریش، ده‌ره‌نجامی ئه‌و بارودۆخه بوون و حكوومه‌تی كازمیش زاده‌ی ئه‌و خۆپێشاندانانه‌یه. بۆیه ناچاره ئه‌گه‌ر به ڕواڵه‌ت و قسه‌یش بێت، گرنگی به داواكاریی خۆپێشانده‌ران بدات و چاكسازی بكات. پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئاماده‌كراوی كابینه‌كه‌ی كازمی تا چه‌ند ڕه‌چاوی داواكاریی خۆپێشانده‌رانی تێدا كراوه؟ ئایا دۆخی ژیانی خه‌ڵك ده‌گۆڕێت؟
بودجه‌ی ٢٠٢١، هه‌ر سه‌ره‌تا زیاتر له ٥٨ تریلیۆن دینار كورتهێنانی هه‌یه و كازمی و تیمه‌كه‌ی بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كورتهێنانه؛ یه‌كه‌م:
به‌های دیناری له ١١٨ هه‌زاره‌وه بۆ ١٤٥ هه‌زار دابه‌زاند. واتا نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر چواری به‌های دیناری كه‌م كرده‌وه. به‌و پێیه له ئه‌نجامی گۆڕینه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت (به دۆلاره) بۆ دینار و خه‌رجكردنی وه‌ك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، له ته‌واوی ساڵه‌كه‌دا ده‌وڵه‌ت زیاد له ١٣ تریلیۆن دینار قازانج ده‌كات. ئه‌مه ڕێك كۆپیكردنی ئه‌و سیاسه‌ته ئابوورییه‌یه كه زیاد له ١٠ ساڵه له كۆماری ئیسلامی ئێران پێڕه‌و ده‌كرێت، دۆخی گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌مڕۆ گه‌یاندووه و هه‌موومان ئاگادارین.
دووه‌م: لێبڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌پێی پله و ڕێژه‌ی مووچه. له‌و هه‌نگاوه‌شدا حكوومه‌ت مانگانه نزیكه‌ی یه‌ك تریلیۆن دینار له خه‌رجییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه.
به‌مشێوه‌یه له كۆی هه‌ردوو ڕێكاردا، نیوه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی ٢٠٢١ پڕ ده‌كرێته‌وه. به‌ڵام بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پڕكردنه‌وه‌یه قورساییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌رشانی خه‌ڵك. بۆ نموونه، فه‌رمانبه‌رێك ئه‌گه‌ر مووچه‌كه‌ی ملیۆنێك دینار بێت و تا ئه‌مڕۆ ٨٠٠ دۆلاری وه‌رده‌گرت، كه‌چی ئێسته به‌و هه‌ردوو ڕێكاره‌ی حكوومه‌ت مووچه‌كه‌ی كراوه‌ته ٦٣٠ دۆلار. ئه‌وه له كاتێكدایه كه عێراق وڵاتێكی هاورده‌كاره و پێداویستییه‌كانی له ده‌ره‌وه و به دۆلار دابین ده‌كات. بۆیه نرخی شت گران ده‌بێت و مووچه‌خۆریش داهاتی كه‌م ده‌بێته‌وه. كه‌واته دۆخی گوزه‌رانی خه‌ڵك به گشتی قورس‌تر ده‌بێت. كه‌چی ئه‌م هه‌نگاوانه به‌ناوی چاكسازییه‌وه ده‌رخواردی خه‌ڵك ده‌درێت.
سه‌یر له‌وه‌دایه كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان پشكیان له حكوومه‌تدا هه‌یه و له ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاساكه‌دا به‌شدار بوونه، كه‌چی ئێسته له هۆڵی په‌رله‌مان و له شاشه‌ی تیڤیه‌وه له‌پێناو بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵخڵه‌تاندنی خه‌ڵك، شانۆگه‌ری ده‌كه‌ن.
بابه‌تی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌م پڕۆژه یاسایه‌دا، له‌ناو لایه‌نه سیاسییه‌كان و له هۆڵی په‌رله‌مان، زیاترین مشتومڕی له‌سه‌ره. توێژی سیاسی و فه‌رمانڕه‌وا كه ١٧ ساڵه خێروبێری ئه‌م وڵاته ده‌خۆن، ئێسته له‌پێناو فریودانی ڕای گشتی و شه‌قامی عێراقی، بابه‌تی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمیان كردووه به بابه‌تی موزایده‌ی سیاسی و ڕای گشتی وه‌ها چه‌واشه ده‌كه‌ن، گوایه كێشه‌ی هه‌ژاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له عێراق، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه به‌شێكی زۆری پاره و بودجه‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌چێ.
بۆیه له‌و كه‌شوهه‌وا ئاڵۆزه دروستكراوه چه‌واشه‌كراوه‌ی ئێسته و له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردندا، تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاساكه له په‌رله‌مان كارێكی ئه‌سته‌م ده‌بێت.