بۆ چواره‌م جار و جارێكی تر له ماوه‌ی كه‌متر له یه‌ك ساڵدا، فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و به دیاریكراوی بنكه‌ی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌لایه‌ن گرووپه شیعه‌كانی سه‌ربه ئێران و به‌ره‌ی به‌رگری/مقاوه‌مه، كرایه ئامانج.
هێرشی ئه‌مجاره هاوكات و هاوته‌ریب بوو له‌گه‌ڵ زنجیره‌یه‌ك هێرشی مووشه‌كی و ته‌قینه‌وه‌ی تیرۆریستی له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراق، هه‌روه‌ها په‌لاماردانی چه‌ندان شوێنی جیاواز له قووڵایی خاكی سعوودیه، له‌لایه‌ن حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن.
گه‌لۆ سه‌رجه‌م ڕووداوه‌كان پێوه‌ندییان پێكه‌وه هه‌یه، یان ته‌نیا به ڕێكه‌وت ئه‌م هه‌موو هێرش و په‌لاماره له یه‌ك ساتی دیاریكراودا ده‌كرێن؟ ئایا لایه‌نێكی دیاریكراو له پشت ڕووداوهكانهوهیه و ئاراسته‌ی كردوون؟ له وه‌ها ئه‌گه‌رێكدا لایه‌نی ئاراسته‌كار و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی بۆچی و به چ مه‌به‌ستێك ئه‌مجۆره كرده‌وانه ده‌كه‌ن؟ ده‌یانه‌وێ چ په‌یامێك بۆ كێ بنێرن؟
ڕاستییه‌كه‌ی جۆری كرده‌وه‌كان و ته‌كنیك و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانیان، هزری مرۆڤ به‌ره‌و ئه‌و گریمانه‌یه ڕاده‌كێشێت كه سه‌رجه‌می ڕووداوه‌كان، پێوه‌ندیان پێكه‌وه هه‌یه و له یه‌ك سه‌رچاوه‌وه و له چوارچێوه‌ی ئه‌جێندایه‌كی دیاریكراودا ئاراسته ده‌كرێن. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به وردی چاوێك به پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه سیاسی و دیپلۆماسی و سه‌ربازی و ئاڵنگارییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئهمدوایانهدا بخشێنن، ئه‌وكاته هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌رده له‌سه‌ر ڕاستییه‌كان و تێگه‌یشتن له مه‌به‌ست و ئامانج و ڕه‌هه‌ند و ده‌ره‌نجامه‌كانی زۆر ئه‌سته‌م نابێت.
هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ده‌كرێ له دوو ڕووه‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت: یه‌كه‌م: ڕه‌هه‌ندی ناوخۆیی عێراق و ئه‌و ناكۆكی و ئاڵۆزییانه‌ی كه له‌ڕووی سیاسی، سه‌ربازی، یاسایی، ئابوورییه‌وه له نێوان كورد و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی شیعه به دیدگای تایفی و شۆڤێنییه‌وه هه‌یه.
دووه‌م: ڕه‌هه‌ندی ململانێی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و جه‌مسه‌ربه‌ندییه سیاسی، سه‌ربازی، ئابووری و ههژموونگهرییهی به دیاریكراوی له نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئه‌مه‌ریكادا له ناوچه‌كه بوونی هه‌یه، عێراقیش چه‌قی ئاڵۆزییه‌كه و گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكی و بارگرژییهكانه.
دیاره كه ئه‌م هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده جیاوازانه‌ی كه له بنه‌ڕه‌ت و بنه‌چه‌وه پێوه‌ندی و تێكئاڵاوی له نێویاندا هه‌یه، له یه‌ك كانگاوه سه‌رچاوه ده‌گرن، چونكه ئه‌و گرووپه شیعانه‌ی له‌ژێر ناو و پێناسه‌ی جۆراوجۆر په‌لاماری خاكی كوردستان ده‌ده‌ن، یان له ده‌سه‌ڵاتدان و له‌گه‌ڵ كورد ناكۆكن، له‌ڕووی ئایدۆلۆجی و سیاسییه‌وه سه‌ربه ئێرانن، ئینتیمایان بۆ ڕێبه‌ری ئێران و سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیه هه‌یه.
هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێم و سیاسه‌تی كورد به پاشكۆیه‌تی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. به ڕێكه‌وت نییه، رۆژێك پێش ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر، میدیاكانی ئێران و ڕاگه‌یاندنه‌كانی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی، هه‌واڵی ناڕاستی به ئامانجگرتن و تێكشكاندنی سه‌نته‌رێكی هه‌وڵگری و سیخوڕی ئیسرائیلی له هه‌ولێر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێریش دوای كه‌متر له ٢٤ سه‌عات ڕوو ده‌دات.
سه‌رجه‌م كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان كه له‌و بازنه كاتی دیاریكراو له كۆی ناوچه‌كه‌دا ڕوویان دا، جۆرێكن له كاردانه‌وه و دژكرده‌وه‌ی ڕووداوی به ئامانجگرتن و ته‌قاندنه‌وه‌ی به‌شێك له "ناوه‌ندی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز" له ئێران‌دا.
یه‌ك رۆژ دوای كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان، كۆماری ئیسلامیی ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60% به‌رز كرده‌وه. ئه‌وه په‌یامێك بوو بۆ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی كه ئێران و گرووپه شیعه هاوسۆزه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا، به ئاسانی كۆڵ ناده‌ن و ئه‌و هێزه‌یان هه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندی و ناوه‌نده‌كانی دژبه‌ره‌كانیان له هه‌ركوێ بن، بكه‌ن به ئامانج و گورزیان لێ بوه‌شێنن.
له كاتێكدا كه گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا له ئارادایه، له نێوان كورد و شیعه له عێراقیشدا له‌سه‌ر پرسی بودجه، جۆرێك له ڕێككه‌وتن هاته ئاراوه و به‌گشتی كه‌شوهه‌وای سیاسی ڕوو له ئارامی بوو، ڕووداوه‌كه‌ی "نه‌ته‌نز" و دواتریش كاردانه‌وه‌ی ئێران و كرده‌وه‌كانی گرووپه شیعه‌كانی سه‌ربه به‌ره‌ی به‌ناو به‌رگری، جارێكی تر دۆخه‌كه‌ی شێواند و ئاڵۆزی سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه. گه‌لۆ ئه‌م بارگرژییه كاتییه و ئێران و ئه‌مه‌ریكا، ته‌نیا به مه‌به‌ستی سه‌پاندنی قورسایی خۆیان له‌سه‌ر مێزی دانوستان گۆمه‌كه ده‌شڵه‌قێنن، یان به پێچه‌وانه‌وه شه‌ڕی به وه‌كاله‌تی نێوانیان له عێراق و ناوچه‌كه‌دا جارێكی تر گه‌رم ده‌بێته‌وه؟ پێویسته چاوه‌ڕوان بین.