ئەمەریكا نایەوێ پێشەوا بێت

PM:01:46:13/12/2021 ‌
ئەمەریكا لە عێراق دەكشێتەوە، نا ناكشێتەوە، لەوانەیە چۆڵی بكات، نا بەشێكی كەمی هێزە شەڕكەرەكانی دەهێڵێتەوە، بە تەواوەتی دەستبەرداری نابێت.... لەم رۆژانەدا زۆر باس و بابەتی لەم چەشنە بەرگوێمان دەكەون. ئەم پرسیارەش وەك مەتەڵێكی هەڵنەهێنراوی لێ هاتووە و سەریان لە زۆر كەس و لایەن و دەوڵەتیش شێواندووە، وا دیارە ئەمەریكاییەكان بۆ خۆیشیان بەتەواوەتی لەسەر ئەمە یەكلا نەبوونەتەوە، ئایا چۆڵی دەكەن یان دەمێننەوە؟ 

دۆخێكی زۆر تەمومژاوی دروست بووە و بە ئاسانیش ناخوێنرێتەوە. ئەم تەمومژە دوو هۆكاری بنەڕەتی هەیە. بەشێكی بۆ ئەو راستییە دەگەڕیتەوە كە لە ئەمەریكادا دەگوزەرێت. 

ئەمەریكا چووەتە قۆناغێكی نوێوە و هەر ئەمەیش وای لێ دەكات سیاسەت و ستراتیجی نوێ بگرێتەبەر، بەڵام بە ئاسانی ناتوانێ ئەمە بكات و كەوتووەتە قۆناغێكی راگوزەرەوە. هەروەها جۆرە بەریەككەوتنێكیش لە نێوان خۆیاندا هەیە بۆ ئەوەی لەسەر كام سیاسەت و رێباز ساغ ببنەوە. 

هەیانە سوورە لەسەر درێژەدان بەو دكتۆرینەی كە رۆڵێكی جیهانیی بە ئەمەریكا دەبەخشێت و پێیان خۆشە ئەمەریكا وەك پێشەوای دنیا وێنا بكەن، وەك پۆلیسی دنیا و پارێزەری ئابووری سیاسی نێودەوڵەتی. لە بەرانبەریشدا رۆژ لە دوای رۆژ دەنگێكی كپكراو بەهێزتر دەبێ، باس لەوە دەكات كە ئەمەریكا هەرەس دێنێت و ئەگەر وا بڕوات تووشی داڕمان دەبن، ئەگەر بەڵێن و بەرپرسیارێتییە ناپێویستەكانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كەم نەكاتەوە.  

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریكا لە 10 ساڵی رابردوودا سێ سەرۆكی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، هەر هەموویشیان تا ئاستێكی زۆر دەكرێ لەسەر هێڵە دووەمەكە پۆلێن بكرێن، واتە ریاڵیستیتر سیاسەتی نێودەوڵەتی دەبینن و لە دروشمی و كرداری لیبراڵی دووری دەكەنەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە بە ئاسانی دەتوانن لەم بوارەدا وەرچەرخان بكەن، جارێ مەودایەكی زۆر دووریان لە پێشە تا ئەم گوتارە دەكەن بە گوتاری هەژموونی كۆشكی سپی. تا ئەوكاتەیش ئەمەریكا لەم كێشمەكێشەدا دەبێت رۆڵی پێشەوایەتی بگێڕی یا نا؟ هەر لەبەر ئەمە دەستیان بە ئاسانی ناخوێنرێتەوە. 

بەشی دووەمی ناڕوونییەكە بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە. واتە ئێمە دنیا بەپێی خواست و حەز و ویستەكانمان دەخوێنینەوە كە هیچ پێوەندییەكی دوور و نزیكی لەگەڵ هەلومەرجی بابەتی و دۆخی بەرانبەردا نییە. 

هێشتا ئێمە وا دەزانین ئەمەریكا هەمان ئەو ئەمەریكایەیە لە ساڵی ٢٠٠٣ پەلاماری عێراقی داوە، هێشتا هەمان یەكەمی بێ ركابەری دنیایە، هێشتا تاكە جەمسەری هێزە، بەڵام هەموو ئەمانە بوونەتە بەشێك لە مێژوو، لەوساوە تا ئێستە ئەمەریكا و دابەشبوونی هێز لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، زۆر گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. 

هێزی چین یەكجار زۆر هەڵكشاوە و رووسیا خەون بە سۆڤێتی جارانەوە دەبینێ، یەكێتی ئەوروپا كار بۆ سەربەخۆیی زیاتر لە واشنتن دەكات. هەموو ئەمانە دنیایان بەرەو فرەجەمسەری بردووە و واش دەكات ئەمەریكا ئێستە و داهاتوو، یەكێك لە جەمسەرە بەهێزەكانی هێز بێت نەك تاكە جەمسەر. 

ئەگەر ئێمە ئەم راستییە و ئەم ئاڵوگۆڕە نەبینین و نەیخوێنینەوە و پێداگری بكەین لەسەر روانگە كلاسیكی و رۆمانسییەكەمان بۆ هێز و پێگەی ئەمەریكا، لەوانەیە بەردەوام تووشی هەڵەی لێكدانەوە ببین. بۆ نموونە، ساڵێك لەمەوپێش زۆر كەس لە هەرێمی كوردستان هیوایان لەسەر سەرۆك بایدن هەڵچنیبوو. وایان دانا سەردەمی ئەو دەبێ بە خاڵی وەرچەرخان بۆ كورد. زۆر كەسیش باسیان لە پڕۆژەكەی دەكرد بۆ دابەشكردنی عێراق بۆ سەر سێ هەرێمی كورد و شیعە و سوننە. 

ئەوەتا ساڵێك تێپەڕی، بەڵام چی گۆڕا؟ ئاخۆ ئەمەریكا كاری بۆ دابەشكردنی عێراق كرد؟ نەخێر بەپێچەوانەیشەوە هەمان قەوانە كۆنەكەی كوتایەوە. عێراق دەبێ بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە و كوردیش لە چوارچێوەی ئەم وڵاتەدا مافی پارێزراو بێت. هەق وابوو لە بنەڕەتدا ئەم كەسانە ئەم پرسیارەیان بورووژاندایە: باشە ئەمەریكا لە 10 ساڵی رابردوو بۆ هاوپەیمانە عەرەبەكانی لە سووریا، بۆ سعوودیە لە یەمەن، بۆ ئەفغانستان و ئیسرائیل و توركیا .... تاد، هیچی نەكرد، چۆن بۆ كوردی دەكات؟ 
دەتوانین تەنیا بە سەیركردنی چارەنووسیان، بەو شتانە بگەین

سەیر بكەن ئەمەریكا لەم ساڵانەدا قۆناغ بە قۆناغ خۆی لە بەپرسیارێتی و بەڵێنی ناپێویست لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دزیوەتەوە. هەروەها نەشچووەتەوە ژێرباری هیچ بەڵێنێكی تازەوە. ئەگەر ئەمە بكەین بە بنەمایەك بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی، دەبێت بەمە، ئەمەریكا بۆ چاودێری ناوچەكە تەنانەت بە ئەستەم وەبەرهێنان دەكات، چ جای بگات بەوەی سیستمی و ئۆردێری نوێی بۆ دابڕێژێتەوە. 

با ئەوەیشم لە بیر نەچێت، ئەگەر بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە بۆ ئەوەی بەمە بگەن و ئەم راستییەیان لێ روون ببێتەوە، تووشی زۆر كارەسات و نەهامەتی و قوربانیدان بوونەوە، ئێمە دەتوانین تەنیا بە سەیركردنی چارەنووسیان، بەو شتانە بگەین و لێیان فێر ببین و دیسانەوە نەكەوینە داوی تێگەیشتنە رۆمانسییەكانمانەوە.

كۆی ئەمانە بە ئێمە دەڵێ، گرنگ ئەوە نییە ئەمەریكا ئێستەی كۆتایی ٢٠٢١ عێراق چۆڵ دەكات یا نا و كۆتایی بەم تەمومژە دەهێنێت یا نا؟ گرنگ ئەوەیە ئاراستەی سیاسەتی ئەمەریكا لە دەستێوەردان بۆ دروستكردنەوە و رێكخستنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕاوە بۆ خۆدزینەوە لە هەر بابەتێك كە وا دەكات ئەمەریكا زیاتر بخزێتە ناوچەكەوە. 

وەك دواخاڵیش ئەم دۆخە چ مانایەكی بۆ كورد هەیە؟ یا ئەم گۆڕانكارییە چی بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنێت؟ 

ئەم هەلومەرجە پێدەچێت ئاستەنگەكانی بەردەم كورد زیاتر بكات و لە هەمان كاتیشدا دەرفەتەكانی كەمتر بكاتەوە. كورد تا چەند ئەم هاوكێشە بخوێنێتەوە و بە وردی كاری لەسەر بكات، دەتوانێ خێراتر خۆی بگونجێنێت لەگەڵیدا. 

بەم شێوەیە دەكرێ تا ئاستێك ئاستەنگەكان كاڵ بكاتەوە و مەترسییەكان بڕەوێنێتەوە و هەلی قۆستنەوەی دەرفەتەكانیش زیاتر بكات. ئەگەرنا ئەگەر بیەوێ بە هەمان روانگەی كلاسیكی جارانەوە ئەمەریكا بخوێنێتەوە، دەرفەتەكانی زۆر تەنك و كۆسپەكانیشی دەگەنە ئەوپەڕی ئەستوورییەوە.