له مانشێته‌كه‌دا باس له كورد و ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م، به‌ڵام جارێ گۆشه‌نیگای خۆم له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه وه‌رده‌گێڕم و روو ده‌كه‌مه خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و به باسی ئۆكراینا ده‌ست پێ ده‌كه‌م.
به‌ره‌به‌ره له سێیه‌م مانگی شه‌ڕی ئۆكراینا و رووسیا نزیك ده‌بینه‌وه. ئه‌و شه‌ڕه‌ی وه‌ها باس ده‌كرا خێرا كۆتایی دێت و مۆسكۆ به ئاسانی پلانه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات و ئۆكراینا له‌سه‌ر نه‌خشه ده‌سڕێته‌وه، ئه‌وه‌تا ئێسته دیمه‌نێكی تری لێ ده‌ركه‌وتووه، رووسه‌كان له چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا شكاون، له باكوری و باكوری خۆرهه‌ڵاتی ئۆكراینا پاشه‌كشه‌یان كردووه و له به‌ره‌ی باشوور و رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه هێشتا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان مسۆگه‌ر نه‌كردووه. ئه‌وان له دۆخێكی سه‌ختدان و له‌وانه‌یه كه‌س ئاوات به‌م هه‌لومه‌رجه‌یان نه‌خوازێت.
بۆیه جێی خۆیه‌تی بپرسین چی رووی دا و بۆ رووسیا له‌م زه‌لكاوه‌دا چه‌قی؟
راسته گه‌لی ئۆكراینا و سه‌ركرده‌كانیان خۆڕاگرییه‌كی بێ وێنه‌یان نواندووه و ره‌نگه ته‌نانه‌ت هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش ناویان بۆ هه‌میشه له لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا بمێنێته‌وه. به‌ڵام له پاڵ ئه‌م راستییه‌دا ئێمه ناتوانین باز به‌سه‌ر رۆڵی بێ وێنه‌ی ئه‌مه‌ریكادا بده‌ین.
ئه‌مه‌ریكا له‌م شه‌ڕه‌دا وه‌ك پێشه‌وای دنیای ئازاد هاته پێشه‌وه، بلۆك و هاوپه‌یمانێتییه‌كی گه‌وره‌ی پێكهێنا، گه‌مارۆ و سزای گه‌وره‌ی ئابووری و سیاسی به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاند. له‌ڕووی راگه‌یاندن و شه‌ڕی ده‌روونییه‌وه رووسیایان ته‌نگاو كرد، چی ده‌زگای گه‌وره و ناسراوی جیهانیی راگه‌یاندنه، خستییه خزمه‌ت پڕۆژه‌ی به دێوزمه‌كردنی رووسیاوه و رای گشتیی دنیای له به‌رژه‌وه‌ندی ئۆكراینا و دژ به كرملین گۆڕی. شه‌رعییه‌ت و ره‌وایه‌تییان له داواكاری و خواسته‌كانی رووسیا داماڵی و ئه‌م وڵاته‌یان كرد به هێمای سیستمێكی فاشی خوێن‌ڕێژ به سه‌رۆكایه‌تیی ڤلادیمێر پوتین. سه‌رۆكێك كه ده‌یه‌وێ ئه‌وروپا و دیموكراسی بخنكێنێت.
له پاڵ ئه‌مه‌دا، لێشاوی ناردنی چه‌كی پێشكه‌وتووی ئه‌مه‌ریكی پێی نایه قۆناغێكی نوێوه، رۆژئاوا پێشتر تا ئاستێك سوپای ئۆكراینای پڕچه‌ك كردبووه و راهێنانیان پێ كردبوون، به‌ڵام پاش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه، به‌وپه‌ڕی ده‌ستكراوه‌یه‌وه ده‌ستی كرد به ناردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی، به‌تایبه‌ت دژه‌فڕۆكه و دژه‌تانك، ئه‌م چه‌كانه له خاوكردنه‌وه‌ی به‌ره‌وپێشچوون و هه‌ڵهاتنی سوپای رووسیا رۆڵی گه‌وره‌یان گێڕا.
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرته‌كان، ئه‌مه‌ریكا هیچ درێغی له پێدانی زانیاریی هه‌واڵگری نه‌كردووه و پێشوه‌خته پلان و جووڵه و ئاراسته‌ی سوپای رووسیایان خستووه‌ته به‌رده‌م ئۆكراینییه‌كان. ئه‌م زانیارییانه ئه‌وه‌نده ورد بوونه، زیاترین ئه‌فسه‌ری سوپای رووسیا له‌م شه‌ڕه‌دا كوژراون.
به‌گشتی دیمه‌نی شه‌ڕ له ئۆكراینا له به‌رژه‌وه‌ندیی رووسیادا نییه. دوا به‌دوای داواكاری فینله‌ند و سویدیش بۆ بوون به ئه‌ندامی ناتۆ و كاردانه‌وه‌ی لاوازی رووسیا، زۆر شاره‌زای سه‌ربازی و سیاسی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌ریكا پلانی ئه‌وه‌ی داناوه، له رۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینیشدا نه‌هێڵێت رووسه‌كان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره تۆمار بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه له خاڵێكدا كورت بكه‌ینه‌وه، ده‌توانین بڵێین: ئه‌مه‌ریكا هێشتا ئه‌وه‌نده به‌هێزه ده‌توانێ زۆر كاری له كردن نه‌هاتوو بكات، ده‌شتوانێ زۆر هاوكێشه پێچه‌وانه بكاته‌وه، وڵاتێك له دۆڕان و مردنی مسۆگه‌ر رزگار بكات. ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێ زۆر خێر و قازانج بۆ هاوپه‌یمان و دۆسته‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات و ئه‌وان له سایه‌ی ئه‌مه‌ریكادا هه‌ست به بوون و مانه‌وه بكه‌ن. به‌گشتی هێشتا سه‌رده‌می ئه‌مه‌ریكا و سه‌رده‌می پاڵپشتی واشنتن له هاوپه‌یمانه‌كانی له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا، ئاوا نه‌بووه.
گۆشه نیگامان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گێڕێنه‌وه و دێینه‌وه بۆ باسی مانشێته‌كه‌مان.
له‌م رۆژانه‌دا زیاده‌ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بڵێین دوای ساڵی ١٩٩٦، هه‌رێمی كوردستان هیچ كات هێنده‌ی ئێسته له ژێر گوشار و هه‌ڕه‌شه‌دا نه‌بووه. هیچ كات ئه‌وه‌نده‌ی ئێسته سیستمی سیاسی و ئابووری له لێواری هه‌ره‌سهێنان و به چۆكداهێنان نه‌بووه. هه‌رێمه‌كه له یه‌ك كاتدا گه‌مارۆی ئابووری و سه‌ربازی و سیاسی و دیپلۆماسی خراوه‌ته سه‌ر. به ڕوونیش ئامانج له‌م گه‌مارۆیانه دیاره كه بچووككردنه‌وه و ئه‌گه‌ر بۆیان چووه سه‌ر، هه‌ڵته‌كاندنی هه‌ولێر ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م پیلانه‌یه.
ئه‌گه‌ر زۆر به بێلایه‌نی سه‌یری ئه‌م دیمه‌نه بكرێت، ده‌توانین بڵێین ئێسته زۆربه‌ی ئه‌و گوشارانه‌ی له‌سه‌ر كوردن، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان له به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكادایه، له‌به‌رئه‌وه‌یه كورد یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی له عێراق سه‌ركه‌وتوو بێت و له دابه‌شبوونی ته‌وه‌ره‌كاندا له دابه‌شبوونی هێزه‌كان كورد لای ئه‌مه‌ریكای گرتووه.
روون و ئاشكرایه له‌م دۆخه‌دا وا كورد لای ئه‌مه‌ریكا ده‌گرێ، دوو شت سروشتییه روو بدات:
یه‌كه‌م، ته‌وه‌ر و به‌ره‌ی به‌رانبه‌ر له ناوچه‌كه‌دا زۆر له كورد بكات و گوشاری بخاته سه‌ر و تێچووی زۆر بسه‌پێنێت به‌سه‌ریدا و سزای بدا.
دووه‌م، چاوه‌ڕێ ده‌كرێ ئه‌مه‌ریكا یارمه‌تی كورد بدات بۆ ئه‌وه‌ی له هاوكێشه‌كاندا نه‌كه‌وێ و به‌رژه‌وه‌نده‌ییه باڵاكانی نه‌كه‌ونه مه‌ترسییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر بوون و مانه‌وه‌ی نه‌بێت.
ئێسته ئێمه خاڵی یه‌كه‌م به روونی ده‌بینین. ئه‌وپه‌ڕی گوشار له‌سه‌ر هه‌ولێره، هه‌رێمی كوردستان ئێسته له قۆناغی ئه‌وپه‌ڕی گوشاردایه. به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا به پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كان و پێچه‌وانه‌ی سروشتی كایه‌ی سیاسی و یاریی ستراتیجی، كه‌مترین یارمه‌تی پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. چ به كردار و چ به قسه، ئه‌مه‌ریكا بچووكترین هه‌نگاوی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر كورد هه‌ڵنه‌گرتووه و كوردی بێ هاوپه‌یمان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به‌جێهێشتووه. ئه‌مه شتێكی نوێ نییه، ده‌مێكه وایكردووه و كورد هه‌ر له‌به‌رئه‌مه ساڵانێكه هه‌ر تێچوو و سزا به‌شی بووه.
بۆ نموونه، پێشتر مووچه و بودجه‌ی كوردستان بڕا، ئه‌مه‌ریكا به ئێسته‌یشه‌وه هیچ هه‌ڵوێستێكی نه‌بووه، چ جای بگات به‌وه‌ی گوشار له به‌غدا بكات به ستراتیجه‌كه‌یدا بچێته‌وه. بۆ نموونه، ده‌ستوور رێی به كورد داوه دۆسیه‌ی نه‌وت و غازی خۆی به‌ڕێوه ببات، كه‌چی یه‌ك جار ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی له‌مه نه‌كردووه. هه‌ر خۆیان باسی هه‌نارده‌ی گازی كوردستان ده‌ورووژێنن، به‌ڵام بچووكترین گره‌نتی ته‌ناهی و سیاسی‌یان پێشكه‌ش به كورد نه‌كردووه. ئه‌م جۆره له سیاسه‌ته له زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دۆسیه‌كاندا دیاره.
دیمه‌نه‌كه ئێسته ده‌كرێ وا بخوێنرێته‌وه:
1-كورد سزا ده‌درێ ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی دۆستی ئه‌مه‌ریكایه و له به‌ره‌ی ئه‌ودایه.
2-ئه‌مه‌ریكایش هێشتا زۆر به‌هێزه و ده‌توانێ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه له زۆر دۆسیه و بابه‌ت بدات و دۆسیه‌ی ئۆكراینیش باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌م تێڕوانینه.
3-كه‌چی ئه‌مه‌ریكا ئاوڕێكی ئه‌وتۆ له دۆسته‌كه‌ی له عێراق ناداته‌وه و خستوویه‌ته به‌ر ره‌حمه‌تی گوشار و سزای به‌ره‌ی به‌رانبه‌ر.
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م خاڵانه‌دا، ئێسته له‌وانه‌یه كاتێكی زۆر گونجاو بێت بۆ ئه‌وه‌ی كورد ئه‌مه‌ریكا بخاته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگ. ئه‌گه‌ر ئێمه به‌شێكین له پڕۆژه‌ی ئێوه بۆ عێراقی داهاتوو، یا ئه‌گه‌ر ئێمه هاوپه‌یمانێكی گرنگی ئێوه‌ین له عێراقدا؟ ئه‌وه‌تا له لێواری كه‌وتنداین، كه‌ره‌م بكه‌ن یارمه‌تییه‌كی ئێمه بده‌ن. ئه‌گه‌ر گوتیان پێمان ناكرێ، ئه‌وه‌تا دۆسیه‌ی ئۆكراینا پێشانی دا بكوژ و ببڕی ئه‌م دنیایه هێشتا هه‌ر ئێوه‌ن. یه‌ك له سه‌دی ئه‌وه‌ی بۆ ئۆكراینا كردتان، ئه‌گه‌ر بۆ ئێمه‌ی بكه‌ن، دۆخه‌كه زۆر جیاوازتر ده‌بێت.
كورد مافی خۆیه‌تی ئه‌مه‌ریكا بخاته به‌رده‌م ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر واشنتن وه‌ڵامی نه‌خێر بوو و یارمه‌تی ئه‌وتۆی پێشكه‌ش نه‌كرد و وه‌ك ئێسته درێژه‌ی به سیاسه‌تی بێده‌نگی دا، هه‌ولێر مافی خۆیه‌تی به سیاسه‌ته‌كانیدا بچێته‌وه و چیتر به‌رده‌وامی نه‌دات به چوونه به‌ره‌یه‌ك كه ته‌نیا و ته‌نیا سزا و گوشاری بۆ دروست ده‌كات و هیچ یارمه‌تی و پاڵپشتییه‌كی به‌رچاویشی پێشكه‌ش ناكات. ئێسته كات كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی واشنتن و نیازه‌كانیه‌تی.