گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەسەر سنووری رۆژئاوای کوردستان بەدی دەکرێ. تورکیا و هاوپەیمانەکانی هێزێکی زۆریان لەو ناوچەیە مۆڵ داوە. هەواڵ و راپۆرتەکانیش باس لەوە دەکەن ئەنقەرە ئەمجارە بەتەمایە شەڕ بباتە دوو شاری منبج و تل رەفعەت و کورد لە رۆژئاوای فورات دەرپەڕێنێت و جیۆگرافیاکەی بۆ رۆژهەڵاتی فورات بەرتەسک بکاتەوە.
پێدەچێ تورکیا لەم گەڕەی هەڕەشەوگوڕشەکانیدا بیەوێ بەشێکی تر لەو پلان و ستراتیجە جێبەجێ بکات کە لە ساڵی ٢٠١٦ دەستی پێ کردووە. ئەگەرچی لەبەر ناڕوونی هاوکێشە جیهانییەکان و دۆخی راگوزەری ئێستە، سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتی و جۆری هاوپەیمانییەتییەکان، ئاسۆ و دوورەدیمەنی ئەمجارەی قەیرانەکە هێشتا دیار نییە، بەڵام دەکرێ بە خێرایی ئەوە روون بکرێتەوە بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی رۆژئاوا و تورکیا گەیشتنەوە ئەم دۆخەی ئێستە.
رۆژئاوا لە کوێی جەمسەربەندییەکاندایە
پێش هەموو شتێک روونکردنەوەی ئەم خاڵە زۆر پێویستە و چارەنووسسازە، رۆژئاوا وەك ئەکتەرێکی بچووک لە هاوکێشەی سیاسەت و هێزدا سەربە کام بەرە و جەمسەری هێزە و ئایا ئەوان دەربەست و پابەندی پاراستن و دابینکردنی ئاسایش و بەرگرین لە رۆژئاوا؟
دەرکەوتنی رۆژئاوا لەسەر نەخشەی سیاسی دەرئەنجامی رێکەوتنی لایەکی کورد و دیمەشق و هاوپەیمانەکانی بوو. سوریا لە بەشێک لە ناوچە کوردییەکان کشایەوە و ئەو ناوچانەی رادەستکردن. واتە لە دابەشبوونی جەمسەرەکاندا کوردی رۆژئاوا چووە تەوەری دیمەشق و دژی تورکیا وەستایەوە.
بەڵام لێرە یەک کێشە هەبوو، دیمەشق هاریکاری رۆژئاوای دەکرد، بەڵام نەیدەتوانی ئاسایش و مانەوەی مسۆگەر بکات. کوردیش وەک ئەکتەرێکی بچووک لە هاوکێشە گەورەکاندا، نەیدەتوانی بە تەنیا ئاسایشی خۆی دابین بکات. تا ساڵی ٢٠١٤ کێشەیەکی ئەوتۆ و رژد رووی نەدا، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە کاتێ داعش پەلاماری رۆژئاوای دا، هەموو شتێک گۆڕا و کێشەیەکی قووڵی تەناهیی سەری هەڵدا.
ئەمە وایکرد کورد بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە دەست بۆ ئەمەریکا درێژ بکات، بۆ ئەوەی بەرگری لێ بکات و لە جیهانی ئەنارشی و بێ سەروەریدا، لە دوژمن بیپارێزێت. هاتنی ئەمەریکا رووکەشی هاوکێشەکەی گۆڕی، بەڵام بەشێکی زۆری ناوەڕۆکەکەی وەک خۆی مایەوە.
رۆژئاوا بە ئێستەیشەوە دیار نییە سەربە کام جەمسەری هێزە و کاتێ لەلایەن لایەکەوە تووشی هەڕەشە دەبێت، کام لایەن و جەمسەربەندی هێز لەسەری دەکاتەوە و پشتی دەگرێت؟
ئەگەر سەربە دیمەشقن، دەبێت ئەوان یارمەتیدەری چارەسەری ئەو کێشەیە بن، ئەگەریش سەربە ئەمەریکان ئەی بۆ دژایەتی تورکیا دەکەن؟ ئەمەریکا زۆرجار لە پرسەکانی سوریادا دژی تورکیا نییە هەروەها دەبێ ئەوەش بزانرێت واشنتۆن لەپێناو کورد ئامادە نییە تورکیا بکات بە قوربانی. واتە ئەمەریکا هیچ پێی خۆش نییە رۆژئاوا دژایەتی تورکیا بکات.
کوردی رۆژئاوا وەک هەر ئەکتەرێکی تری جیهان هێز و سیاسەت، دەبێ خێرا وڵامێکی روونی ئەم دۆخە بداتەوە، بەڵام لە بەرانبەر ئەم پرسیارە ستراتیجییەدا دۆش دادەمێنێت و وا دەزانێ دەتوانێ بە سیاسەتی قاچێک لە رۆژهەڵات و قاچێک لە رۆژئاوا، ئەم قەیرانە تێپەڕێنێت. بەڵام ئەم دۆخە نەک تێنەپەڕیوە، بە پێچەوانەوە گەورەترین گورزیشی لێ داوە.
پێدەچێت بەرپرسانی رۆژئاوا ئەم ئامۆژگارییەی مەکیاڤێڵی گەورە فەیلەسۆفی سیاسیان لەبیر کردبێت كە دەڵێت، لە ململانێ دوو جەمسەر و دوو وڵاتدا بێ لایەن مەبەن، لایەکیان هەڵبژێرن. کورد ناتوانێ هەم سەربە دیمەشق بێت و هەم لەگەڵ ئەمەریکایش. هەروەها کە ناتوانێ دۆستی ئەمەریکا بێت و دژی تورکیا بێت. کۆتاییهێنان بە سیاسەتی بانێک و دووهەوا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، یارمەتیدەرە.
تورکیا خەوی لێ زڕاوە
لەدایکبوونی دەسەڵاتێکی کوردی لە رۆژئاوا، تورکیای زۆر تەنگاو کرد، هاوشێوەی دەرکەوتنی هەرێمی کوردستان لە نەوەتەکان، بەڵام جیاوازییەک هەبوو. دەسەڵاتدارانی کورد لە هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە سیاسەتێکی واقعبینانەیان لەگەڵ تورکیا گرتە بەر. چاک لەوە تێگەیشتن دژایەتی تورکیا قازانجی لە هەڵکردن لەگەڵ تورکیا زۆر کەمترە.
ئەوە بوو دواجار هەردوولا بڕیارە سەختەکەیان دا. کورد وایکرد لە باکور نەبێتە مەترسی بۆ تورکیا و ئاماژەی دابەشکردنی تورکیا نەدا و ئەنقەرەیش بە ناچاری ددانی بە ئەم دەسەڵاتەدا نا و دەستی کرد بە هاوکاریکردنی.
دەستپێشخەرییەک کرا بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم مۆدێلە، بۆ بە یەکگەیاندنی رۆژئاوا و تورکیا و یەکانگیریی بەرژوەندییەکانیان. لە ساڵی ٢٠١٣ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی ئەوکاتی پەیەدە بانگهشێت کرا بۆ تورکیا. پاشهات و لێکەوتەکانی ئەم دیدارە تا ئێستە وەک مۆتەکە ناوچەکەی بەرنەداوە. هەردوو لایەن نەیانتوانی لە یەکخستنی روانگەکانیان سەرکەوتوو بن و یەک ئاماژەیان بۆ یەکدی نارد، ئەویش ئەوە بوو، "بە بوونی یەکتر کەیفخۆش نین". کوردی سوریا خۆی وەک سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا پێناسە کرد و ئەنقەرەیش بەڵێنی لەناوبردنی رۆژئاوای دا.
تورکیا دەستبەجێ پلانی رووبەڕووبوونەوەی دانا، سیاسەتەکە بریتی بوو لە لەتوکوتکردن و پاشان هەڵوەشاندنەوە و سڕینەوەی رۆژئاوا.
لە ساڵی ٢٠١٦ لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا، باب و ئەعزاز و جەرابلۆسی داگیر کرد و یەکخستنی جیۆگرافیای رۆژئاوای وەستاند. لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دەستی بۆ عەفرین برد و لە ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتوون"دا خەونی گەیشتنی کورد بە دەریای ئازادی لەبار برد.
لە قۆناغی سێیەمدا و لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ پەلاماری سەرێکانی و گرێ سپی دا و کانتۆنەکانی کۆبانی و جزیرەی زیاتر لێک دابڕاند.
ئەوە بووە بە پرسێکی مسۆگەر کە تورکیا رۆژئاوا بە دوژمنی یەکەمی خۆی پێناسە دەکات و بۆ لەناوبردنیشی هیچ هەلێک لە کیس نادات. ئەوەتا لەبەر ئاڵۆگۆڕە جیهانییەکان هەلێکی تری بۆ هەڵکەوتووە. وا لێکی دەداتەوە رووسیا سەرقاڵە و ئەمەریکایش لەبەر شەڕی ئۆکراینا پێویستی پێی هەیە. بۆیە بە تەمایە ئیمتیازێکی تر وەربگرێت و بەشکی تری پلانە مەترسیدارەکانی جێبەجێ بکات.
لەم نێوانەدا رۆژئاوا ناتوانێ دژی تورکیا بێت و وا بزانێ ئەمە هیچ تێچوو و باجێکی بەسەردا ناسەپێنێت.
ئەمەریکا و کوردی رۆژئاوا
لەم دۆسیەیەدا چەند ئاڵنگارییەک سیاسەتی ئەمەریکایان تووشی کێشە کردووە، کۆشکی سپی ئەگەر پابەند بێت بە پاراستنی رۆژئاوا، واتە وەک هاوپەیمانێک مامەڵەی لەگەڵدا بکات و خۆی بە پابەند بزانێ بۆ پاراستنی، دوو کێشەی بۆ درووست دەبێت:
یەکەم تێچووی دارایی زۆر بۆ ئەمەریکا دروست دەکات، لە کاتێکدا ئەمە رێک پێچەوانەی ئەو راسپاردەیە دەبێ وا کۆشکی سپی هان دەدا خۆی بە دوور بگرێ لە بەڵێن و ئەرکی دەربەستهێنەری ناپێویست لە جیهاندا و داوا دەکات ئەمەریکا زیاتر دوورەپەرێز بێت لە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕست.
دووەم: قەیرانی جیۆپۆڵتیکی گەورە بۆ ئەمەریکا دەخولقێنێت، تورکیا پشتیوانی لە کوردی رۆژئاوا بە دژایەتی خۆی دەخوێنێتەوە. ئەمەریکا ئەگەر هێلکەکان بخاتە سەبەتەی کوردەوە، جگە لە تێچووی زۆر، تورکیایش زیاتر لەدەست دەدات و لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەدەستی خۆی تورکیا دەخزێنێتە بەرەی بەرانبەری، لە کاتێکدا واشنتۆن لەم قۆناغەدا پێویستی بە زیاترین هاوپەیمانی کاریگەر هەیە.
خۆئەگەر لای تورکیایش بگرێ، کورد لە هاوکێشەکانی سوریا لەدەست دەدا و دەرگای چوونە ناو پرسەکانی سوریای لێ دادەخرێت.
لەم هەلومەرجەدا، ئەمەریکا ناتوانێ هاوسەنگی لە نێوان کوردی رۆژئاوا و تورکیادا درووست بکات، کوردی رۆژئاوایش لەبری ئەوەی داوا بکەن ئەمەریکا ئەوان و تورکیا بە یەک بگەیێنێت، زیاتر کار بۆ ئەوە دەکەن لە چرکەساتە هەستیارەکاندا واشنتۆن لە نێوان کورد و تورکیادا یەکیان هەڵبژێرێت.
کاریش دەگاتە ئەو قۆناغە، هەڵوێستی ئەمەریکا روونە كە لەپێناو دۆستێکی بچووکی ناو سووریا، هاوپەیمانێکی گەورەی نێودەوڵەتی لە خۆی زوویر ناکات.
بەگشتی، رۆژئاوا تا نەتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە لە کام جەمسەربەندی هێزدایە و ئاخۆ دەتوانێ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ئەو جەمسەرە جێبەجێ بکات؟ هەروەها ئایا دەتوانێ پشت لە مێژوو و ئایدۆلۆجیا بکات و لەگەڵ تورکیا بگاتە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و لەم پێناوەدا ئەمەریکا بکات بە ناوبژیوان و لە رێی واشنتۆنەوە دەرگای ئەنقەرە بکاتەوە؟ چونكە پێناچێ بتوانێت سنورێک بۆ فراونخوازی تورکیا دابنێت.