لە زۆربەی وڵاتانی دنیا کاتێك دۆخی سیاسی تووشی چەقبەستوویی دەبێت و پەنگخواردنەوەی کێشە و گرفتەکان دەبنە ئاستەنگی گەورە بۆ دەسەڵات، هیچ رێگەچارەسەریەک نامنێنێتەوە جگە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە. واتە گرەو لەسەر ئەوە دەکرێ ئەم جۆرە هەڵبژاردنە گرێکوێرەکان بکاتەوە و ژینگەیەکی ئارام بۆ کایەی سیاسی بگەڕێنێتەوە و وڵات بخاتەوە سەر راستەڕێی خۆی. کەچی عێراق وەک نموونەیەکی تازە و بگرە دەگمەنە، بە پێچەوانەی ئەم چواڕچێوەیە دەجووڵێتەوە. هەڵبژاردن خۆی دەبێت بە سەرچاوەی قەیران و ناکۆکی نوێ و وڵاتیش زیاتر بەرەو هەڵدێر پەلکێش دەکات.
ئەوەتا دەبینین پاش هەشت مانگ لە هەڵبژاردن، هیشتا دیمەنی سیاسی وڵات تەمومژاە و هیچ ئاسۆیەکی نوێ بەدی ناکرێت. چی دەستپێشخەریش دەخرێتە ڕوو پووچەڵ دەکرێنەوە و ئەنجامی نابێت. ئێستە کاتیەتی بپرسین چی رووی داوە وا عێراق گەیشتە ئەم قۆناغە؟
راستە هەڵبژاردن نەیتوانی ئەو ئەرکە بەدی بێنێت کە بۆی دیاریکرابوو، لەو بوارەدا شکستی خوارد، بەڵام توانی گوزارشت لەو هەلومەرجە تازەیە بکات کە ئەم وڵاتە تێی کەوتووە.
لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٨ چەندان گۆڕانکاری گەورە لە عێراق روویان دا، بێ ئەوەی هەستی پێ بکرێت یان بتەقنەوە. ئەو گۆڕانکاراییانە هەم لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بوون، واتە لە ئاستی ماکرۆدا بوون هەم لە ئاستی ناوخۆیی و لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا واتە لە ئاستی مایکرۆدا.
هەڵبژاردن وەرچەرخانێک بوو لە دەرخستنی ئەم ئاڵوگۆڕە سیاسی و بگرە کۆمەڵایەتییە گەورانەدا، رووی راستەقینەی ژینگەی سیاسی عێراقی هەڵماڵی. تا ئەم ئاڵوگۆڕانەیش نەخوێندرێتەوە و دان بەوەدا نەنرێت قۆناغی پێشوو کۆتایی هاتووە و ئێستە عێراق کەوتووەتە دۆخێکی نوێوە و لەبەر رۆشنایی ئەم گۆڕانکاریی و ئەم پێشهاتانە، دەبێ کار بۆ رەنگڕێژکردنی پێکهاتەی دەسەڵات بکرێ، زۆر دوورە حکوومەت پێکبهێنرێت و پێکهاتەی نوێی حوکمڕانی دیاری بکرێت.
لێرەدا بە خێرایی چاوێک بەو گۆڕانکارییانەدا دەخشێنین ئەم هەڵبژاردنە پێشانیدان و لەژێر بەڕەوە هێنانیە سەر بەڕە.
لە ئاستی ماکرۆدا:
١- تا پێش ئەم هەڵبژاردنە ئێران وەک ئەکتەرێکی هەرێمی زیاترین رۆڵی لە دیاریکردنی پێکهاتەی حوکمڕانی و بە تایبەت کابینەی جكوومەتدا هەبوو. ئەوان بوون لایەنەکانیان یەکدەخست و بەربژێرەکانیان پێشکەش دەکرد و لە کۆتایشدا ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکرد، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە ئامادەیی و کۆنتڕۆڵی ئێرانی وەک جاران نەهێشتەوە، ئێستە بەشێک لە براوەکان ئامادە نین بەپێی پلانی ئێران بۆ داهاتوو بجووڵێنەوە.
بەگشتی دیمەنی هاوکێشەکە وای لێهاتووە ئێران توانای ئەوەی هەیە نەهێڵێت حکوومەت لە بەغدا دروست بێ، بەڵام بۆ خۆی و هاوپەیمانەکانی ناتوانن حكوومەت پێکبهێنن. واتە تاران لە یەکەم و خاوەنەوە چووەتە قۆناغی بەرگری لە دەستکەوتەکانی و لەوە دوورە وەك جاران بەتەنیا دیزاینی شێوازی حوکمڕانی بکات.
٢- دابەزین و کزبوونی رێژەی ئامادەیی ئێران لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق، بە واتای هەڵکشانی رۆڵ و پێگە و بوونی رکابەرەکانیەتی. ئەمەریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی و بگرە تورکیایش تا پێش ئەم هەڵبژاردنە دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان لە عێراقدا نەمابوو. رۆڵێکی رووکەش و لاوەکی و تەکتیکیان دەگێڕا. باس لەوە دەکرێ پێش ئەم هەڵبژاردنە ئەمەریکنییەکان لە یەککاتدا بەشێک لە دۆسییەکانی عێراقیان رادەستی بەرەیتانییەکان کردبێت کە شارەزایییەکی زیاتریان لەم ناوچەیە هەیە و هەروەها وڵاتانی عەرەبی و تورکیایان هانداوە بۆ ئامادەیی زیاتر لە عێراقدا، بەو هیوایەی تای تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن.
پلانی نوێی ئەمەریکا و بەریتانیا چی بووە و چۆن بووە؟ زۆر روون و دیار نییە وەک ئایسبێرگ (Iceberg) وایە، زیاتری لەژێر ئاودایە و کەمێکی بە دەرەوەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت دەرئەنجامی هەڵبژاردن بە دڵی ئەوان بوو. ئێستە ئەم بەرەیە وەک جاری جاران بێ رۆڵ یان کەم رۆڵ نین، ئەگەرچی ناتوانن رێگرییەکانی بەرانبەر پووچەڵ بکەنەوە، بەڵام زۆر زەحمەتە وەک جاری جاران رۆڵیان بەسەر هەڵکردنی گڵۆپی سەوزدا بێت.
بەگشتی لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ئەم هەڵبژاردنە پێشانی دا، لەمەودوا عێراق وڵاتی پاوانکراوی ئێران نییە و بەرەیەکی بەرفراوانی رۆژئاوایی و عەرەبی و تورکی خواستی ئەوەیان هەیە وەبەرهێنانی تێدا بکەن و بە قورساییەوە بۆی بگەڕێنەوە.
ئەم دوو بەرەیە تا نەتوانن فۆرمولایەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی عێراق بدۆزنەوە، هەلومەرجەکە هەر بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە و ململانێکانیشیان بۆ خوارەوە شۆڕتر دەبێتەوە و ئەگەری بە یەکگەیشتنی هێزە ناوخۆییەکانیش زیاتر لەبار دەچێت.
لە ئاستی ناوخۆ و مایکرۆدایە
١- تا پێش ئەم هەڵبژاردنە ماڵی شیعەی عێراق لەژێر چاودێری تاراندا زۆر تۆکمە و تەبا بوو، بەڵام ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وەک بومەلەرزە هەموو شتێکی تێک دا. ئەستوونی شیعە لە سەرەوە بۆ خوارەوە کەرت بوو. لەبەر نەبوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز و نەبوونی نەریتی چارەسەرکردنی کێشە بەشێوەی مەدەنی و سەردەمییانە و لۆجیکی تۆتالیتاری ئەم دوو هێزە رکابەرەی شیعە و هەروەها دەستێوەردانی دەرەکی بەهێز، پێدەچێت لەمەودوا کەرتبوونی ناوماڵی شیعە زیاتر خۆی بچەسپێنێت.
ئەوەتا لە دواین پەرەسەندندا پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر دەستیان لەکار کێشایەوە، واتە ئەوەندە ناکۆکییەکە قووڵ بووەتەوە سەدر وەک براوەی یەکەمی شیعە ئامادەیە بۆ ماوەیەکی کاتی دەست لە پرۆسەی سیاسی هەڵبگرێت، بەڵام لەگەڵ براکانی رێکنەکەوێت. ئەمە یەکەمجارە شتی وا لە ناوماڵی شیعەی عێراقدا روو دەدات و ناکرێ بە ئاسانی بازی بەسەردا بدرێت.
٢- لە عێراقی پاش سەدام حوسێندا، سوننە خێرا و بەوپەڕی توندوتیژییەوە لە کایەکانی هێز کرانە دەرەوە و لەتوکوت کران و لە سەنگ و پێگەیان درا و قورساییەکی ئەوتۆیان لە تەرازووی هێزدا نەما. بەڵام لە سایەی ئەزموونی رابردوو، هەروەها لێشاوی یارمەتی دەرەکی، ئەوان لە پەرتەوازەوە بەرەو یەکڕیزی هەنگاویان هەڵگرتووە. ئێستە بوونەتە فاکتەرێکی گەورە و بەرانبەر ئەو بیرە تایفیە وەستاونەتەوە كە ٢٠ ساڵە بەغدای قۆرخ کردووە.
٣- لە دوای ریفراندۆمیش هەموو لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان داوایان کرد کورد وەک عێراقی بمێنێتەوە و لە بەغدا وێنای سیاسەتی خۆی بکات. کورد تا ئاستێك وایکرد. ئێستە گەورەترین هێزی براوەی كوردیش داوای ماف دەکات و بە نوێنەرایەتییەکی کارتۆنی رازی نابێت وەک ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوو کراوە، ئەمەش دۆخەکەی زیاتر شڵەقاندووە.
بە کورتی، ئەوەی لە پێشتردا هەبوو، ئەم هەڵبژاردنە بە جۆرێک پێچەوانەی کردەوە، ئێران بە تەنیا ناتوانێ رەنگڕێژی پێکهاتەی دەسەڵات بکات، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئیتر نایانەوێ رۆڵی تەکتیکی و لاوەکی ببینن و داوای پشکی زیاتر دەکەن. ماڵی شیعە کەرت بووە و براوەکەیان لایەنی دۆڕاو ناخوێنێتەوە و ناچێتە ژێرباری گوشاری وڵاتێکی هەرێمیشەوە.
هەرچی کورد و سوننەیشە، نوێنەرایەتی کارتۆنیان ناوێ و لە بەغدا داوای هاوبەشی راستەقینە دەکەن.
لەبەر رۆشنایی ئەم خاڵانەی سەرەوە، دەکرێ بڵێین عێراق چووەتە قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسییەوە و زۆر لە رابردووی نزیکی ناچێت. ئەم قۆناغە پێویستی بە فۆرمولای تازە هەیە بۆ ئەوەی لایەنەکان بە یەکتر بگەیەنێت. ڕاستییەكەی نە ئەکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەستپێشخەری وایان هەیە، نە رێ دەدەن لایەنە ناوخۆییەکان بێ دەستێوەردانی ئەوان دەرچەیەکی تازە بدۆزنەوە.
لەوانەیە دۆزینەوەی ئەم رێگەچارە نوێیە زۆر زەحمەت و ئەستەم بێت و پێویستی بە کاتی زیاتر بێت، تا ئەوکاتەیش ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە عێراق بەرەو داخراوی زیاتر و ناسەقامگیری سیاسی بەرفراوانتر و هەڵوەشانەوە و بێ بایەخبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت، زیاتر هەنگاو دەنێت.