له چه‌ندان ساڵی ڕابردوودا، هه‌رچه‌ند ماوه ماوه بینه‌ری ئه‌وه ده‌بین كه توركیا و ئێران به شێوازی جۆراوجۆری سه‌ربازیی (ناردنی هێز، تۆپباران، مووشه‌كباران و بۆردمانی به فڕۆكه) ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن. بیانووی ئه‌وان بۆ ئه‌م ڕه‌فتاره، بوونی هێزی چه‌كداری ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و دوو وڵاته‌یه له‌سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا.
له دوا ده‌ستوه‌ردان و بۆردمانه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته له ١٧ی حوزه‌یرانه‌وه تا ئێسته، ده‌وڵه‌تی عێراق دووجار باڵوێزی توركیا و یه‌كجار باڵوێزی ئێرانی بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بانگهێشت كردووه و ناڕه‌زایه‌تی خۆی له‌مباره‌یه‌وه پێ ڕاگه‌یاندوون. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌وڵه‌تی عێراق له‌مباره‌یه‌وه به ته‌واویی به ئه‌رك و ئیلتیزامی یاسایی خۆی هه‌ڵساوه؟ لێره‌دا ده‌مانه‌وێت به‌گوێره‌ی بنه‌ما ده‌ستووری و یاساییه‌كان، تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕوون بكه‌ینه‌وه.
به‌پێی به‌ندی (١) له ده‌ستووری عێراق، كۆماری عێراق وڵاتێكی فیدراڵی یه‌كگرتووی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ریی ته‌واوه. هه‌روا به‌پێی به‌ندی (١٠٩) له ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاته فیدراڵییه‌كان یه‌كگرتوویی عێراق و یه‌كپارچه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی و سیستمه دیموكراتییه فیدراڵییه‌كه‌ی ده‌پارێزن.
له به‌ندی (١١٠/دووه‌م)دا له ده‌ستوور كه باس له ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی ده‌كات، به‌م جۆره هاتووه "دانانی سیاسه‌تی ئاسایشی نیشتمانی و جێبه‌جێكردنی، له‌وانه‌ش دروستكردنی هێزه چه‌كداره‌كان و به‌ڕێوه‌بردنی بۆ دابینكردنی پاراستن و گره‌نتیكردنی ئاسایشی سنووری عێراق و به‌رگری لێكردنی".
هه‌روا له به‌ندی (٨)ی ده‌ستووردا هاتووه، "عێراق ڕه‌چاوی بنه‌مای دراوسێتی باش ده‌كات و پابه‌نده به ده‌ستوه‌رنه‌دان له كاروباری ناوخۆیی وڵاتانی تر، هه‌وڵ ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به ئامرازی ئاشتییانه و پێوه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان و مامه‌ڵه‌ی هاوتا داده‌مه‌زرێنێ و ڕێز له پابه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌گرێت".
هه‌روا به‌ندی (٩/یه‌كه‌م)ی ده‌ستوور باس له‌وه ده‌كات كه هێزه چه‌كداره‌كان و داوده‌زگای ئاسایش كه له پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراقی دروست ده‌بن، ئه‌ركی به‌رگریكردن له عێراقیان له ئه‌ستۆدایه.
پاش سه‌رنجدان له‌و ده‌قه یاساییانه كه ئه‌ركی ده‌وڵه‌تی عێراق له رووی ده‌ستوورییه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن به‌رانبه‌ر به پاراستنی خاكی عێراق و سه‌روه‌ری عێراق و پاراستنی له هه‌ر جۆره ده‌ستدرێژییه‌كی بیانی، ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌مباره‌یه‌وه به‌پێی ئه‌ركه ده‌ستوورییه‌كانی به‌راورد بكه‌ین، ده‌بینین به ڕاستی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌دا هه‌ر كاردانه‌وه‌ی ڕواڵه‌تیشی نه‌بوو وه‌ك مهحكوومكردنی ئه‌و ڕه‌فتارانه، یان بانگكردنی باڵوێزی ئه‌و وڵاتانه بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و پێگه‌یاندنی ناڕه‌زایی عێراق له‌مباره‌یه‌وه كه ئه‌مه كه‌مترین ئه‌ركیه‌تی وه‌ك ده‌وڵه‌ت.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و ڕه‌فتارانه كه به درێژایی چه‌ندان ساڵی ڕابردوو سه‌دان جار به شێوازی جۆراوجۆر دووباره بوونه‌ته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌نده هه‌ڵده‌گرێ عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت ته‌نیا ناڕه‌زایه‌تییه‌كی سه‌رزاره‌كی ده‌رببڕێت، ئایا وه‌ك ده‌وڵه‌ت ئامراز و میكانیزمی تری له به‌رده‌ستدا نییه بیكات و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌تی چین و بۆ ئه‌نجامی نه‌داون؟ بێگومان وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه‌یه له چاو مه‌ترسی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانانه، كاردانه‌وه‌ی یاسایی ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌ر له حوكمی نه‌بوونن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كی سه‌رزاره‌كی وه‌ڵامی شیاو و شایان نییه بۆ ئه‌و ڕه‌فتارانه كه بێگومان یاسای نێوده‌وڵه‌تی ڕێیان پێ نادات.
به‌ندی (٢) له چارتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باس له قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی هێز ده‌كات، وه‌ك بنه‌مایه‌كی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ئه‌ندام ڕاده‌سپێرێت كه له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی په‌نا بۆ ڕێچاره‌ی ئاشتییانه ببه‌ن. به‌ندی (٣٣) له هه‌مان چارت ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام سه‌پاندووه له كاتی دروستبوونی هه‌ر جۆره ناكۆكییه‌ك، كه ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌وا به یه‌كێك له ڕێیه‌كانی دانوستان، لێكۆڵینه‌وه، نێوانگیریی، سازاندن، ناوبژیكاریی و دادوه‌ری یا په‌نابردنه به‌ر یه‌كێك له ئاژانس و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان یا ئامرازی ئاشتییانه‌ی تر چاره‌سه‌ری بكه‌ن.
به‌ده‌ر له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه چارتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باسی لێوه كردووه له نه‌ریتی دیپلۆماسی ده‌وڵه‌تان، دوو ڕێی تریش هه‌ن كه وڵاتان به‌كاری ده‌هێنن بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان كه بریتین له هه‌وڵی چاكه‌خوازی و كۆمیته تێكه‌ڵاوه‌كان. ئه‌م ئامرازانه شێوازی گونجاو و ڕێپێدراون بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی ناكۆكییه‌كان، به‌ڵام ئایا ده‌وڵه‌تی عێراق به ڕاستی پوتانسیله یاسایی و دیپلۆماسییه‌كانی خۆی له‌وباره‌یه‌وه به ته‌واویی به كار هێناوه، بێگومان وه‌ڵامه‌كه نه‌خێره. هه‌روا عێراق ده‌توانێ پاش گرتنه‌به‌ری ئه‌و ڕێكارانه ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشته ئامانجی خۆی، ئه‌وا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش سكاڵا تۆمار بكات.
هه‌روا به‌ده‌ر له‌وانه‌ش، له كاتی بوونی هه‌ر جۆره پێشێلكارییه‌كی یاسایی یا سیاسی به‌رانبه‌ر به سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تێك، ئه‌وا ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌توانێ په‌نا بباته به‌ر پچڕاندنی پێوه‌ندیی دیپلۆماسی به كشاندنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی دیپلۆماسی خۆی یا ده‌ركردنی نوێنه‌رایه‌تی دیپلۆماسی ئه‌و وڵاته وه‌ك ئامرازێكی گوشار، به‌ڵام له‌م دۆخه‌ی ئه‌مڕۆی عێراقدا گرتنه‌به‌ری ئه‌م ڕێیه بۆ عێراق له‌وانه‌یه ئه‌سته‌م بێت. به‌ڵام له‌وانه‌یه عێراق بتوانێ كۆمه‌ڵێك ڕێكاری تر وه‌ك كارتی گوشار بهێنێت، له‌وانه‌ش سنوورداركردنی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه.
پاش سه‌رنجدانمان له ئه‌رك و پابه‌ندییه ده‌ستوورییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق، به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراقی به‌ركار و خستنه‌ڕووی ئه‌و ڕێكار و شێوازانه‌ی كه به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی عێراق ده‌توانێ به‌رانبه‌ر به‌و وڵاتانه بیگرێته‌به‌ر، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م ده‌وڵه‌ته كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رك و پابه‌ندییه ده‌ستووری و یاساییه‌كانی خۆی له‌م بواره‌دا، به‌شێكی زۆری توانا سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی خۆی له‌مباره‌یه‌وه به‌كار نه‌هێناوه.