گه‌نجان و لاوانمان له قۆناغی منداڵییه‌وه تا پێگه‌یشتن، به‌ھۆی بارودۆخی سیاسی و ھه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی كوردستان له ناوچه‌یه‌كی پڕ له كێشمه‌كێش، به زۆر سه‌ختیدا تێپه‌ڕیون. به‌م ھۆكارانه به‌شێكی گه‌نجان بوون به قوربانی و به‌شێكی تریشیان به خۆڕاگری و پشوودرێژی توانیویانه بارودۆخه سه‌خته‌كان تێپه‌ڕێنن. به‌شێك له گه‌نجانی ئێسته، له قۆناغی منداڵییانه‌وه شانازییه‌كیان ھه‌یه كه بریتییه له ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان، كۆڕه‌و و ئاواره‌بوون بۆ ئێران و توركیا و دواتر گه‌ڕانه‌وه بۆ نیشتمان.
دوای راپه‌ڕین و رووداوه‌كانی دواتری، نیشتمان كه‌وته ژێر گه‌مارۆ و ئابڵۆقه‌ی ئابووریی رژێمی به‌عس و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مه‌ش هێنده‌ی تر ژیانی منداڵانی ئه‌وكات و گه‌نجانی ئێسته‌ی سه‌خت كرد، هاوكات بووه به‌شێك له شانازی و مێژوویان.
له قۆناغێكی تری ئه‌و سه‌رده‌مه، گه‌نجان بوونه قوربانی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ و دووباره ئاواره‌بوون له ناو نیشتمانێكی بچووك و چاندنی رق و قینه و تێكچوونی باری كۆمه‌ڵایه‌تی، كه بوونه هۆكاری ته‌واونه‌كردن و دواكه‌وتنیان له پرۆسه‌ی خوێندن.
دواتر قۆناغێكی تر له ژیانی خێزانی كوردی ده‌ستی پێ كرد، ئه‌ویش كۆچ بوو به‌ره‌و ھه‌نده‌ران، كه به داخه‌وه به‌شێك له گه‌نجان بوون به قوربانی ئه‌و رێ سه‌خته و به‌شه‌كه‌ی تر به‌رگه‌ی نه‌هامه‌تییه‌كانیان گرت و ھاوكارێكی باش بوون بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان بۆ خێزانه‌كانیان و به‌رده‌وامیدان به خوێندن.
قۆناغێكی تر له مێژووی عێراق و كوردستان ده‌ستی پێ كرد به رووخانی رژێمی به‌عس، ئه‌مه قۆناغێكی جیاوازتر بوو و بووه هۆی كرانه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك به رووی گه‌نجان له ڕووی باشتربوونی بارودۆخی ئابووری و حوكمڕانی و سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ كرانه‌وه به دنیای ده‌ره‌وه، بۆیه گه‌نجان سوودمه‌ند بوون له بواره‌كانی خوێندن و فێربوونی زمانی دووه‌م و سێیه‌م و ئاشنابوون به ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رده‌م.
كوردستان جیاواز تر له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی تری عێراق، دوای رووخاندنی رژێمی به‌عس بووژانه‌وه‌ی ئابووری و به‌ره‌وپێشچوونی كه‌رتی تایبه‌ت و بازرگانی و وه‌به‌رھێنانی به‌خۆوه بینی، كه بووه هۆی ره‌خساندنی ھه‌لی كار بۆ گه‌نجان، كه رۆڵێكی ئه‌رێنی و به‌رچاویان ھه‌بوو له به‌ره‌وپێشبردنی سێكته‌ره جیاواز ه‌كان به ھۆی شاره‌زایی و لێھاتووییان، ته‌نانه‌ت ڕۆڵیان ھه‌بوو له به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی گشتی و حكوومه‌ت و باری ئابووری، ته‌نانه‌ت بووه هۆی كۆچی پێچه‌وانه‌ی گه‌نجان له ئه‌وروپاوه به‌ره‌و كوردستان بۆ خزمه‌تگه‌یاندن به وڵات.
به‌چاوھه‌ڵنه‌ھاتن به ئه‌زموونی كوردستان و به مه‌رامی تێكچوونی ئارامی و ئاسایش، ھه‌رێمی كورستان خرایه ناو شه‌ڕێك له به‌رانبه‌ر گه‌وره‌ترین دوژمن و به ھێزترین رێكخراوی تیرۆریستی له دنیادا، گه‌نجان له ناو ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه ھاوشانی پێشمه‌رگه به ئه‌زموون و به ته‌مه‌نه‌كان روڵی به‌رچاویان ھه‌بوو له تێكشكانی داعش و سه‌ركه‌وتن، به جۆرێك به‌شێكی زۆری گه‌نجان خۆبه‌خشانه به‌شدارییان له پاراستنی كوردستان كرد و به داخه‌وه به‌شێكیان شه‌هید بوون و شانازییه‌كی مێژووییان بۆ خۆیان تۆمار كرد.
ناكرێت له سه‌رخستنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه یه‌كێكه له مه‌زنترین رووداوه‌كانی مێژووی كورد، رۆڵی گه‌نجان له‌بیر بكرێ، كه به بیروباوه‌رێكی پته‌وه‌وه به به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌شدارییان له نه‌خشاندنی داھاتووی خۆیان كرد.
كاره خۆبه‌خشییه‌كان كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو بره‌ویان سه‌ند، شانازییه‌كی تره بۆ گه‌نجانی نیشتمان كه له‌ڕێییانه‌وه خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان كرا.
مه‌به‌ست له نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه و بیرهێنانه‌وه‌ی رابردووی گه‌نجانی ئێسته، پێشاندانی ئه‌وه‌یه كه گه‌نج و لاوان له ھه‌ر بارودۆخێكدا، ده‌توانن شانازییه‌كی گه‌وره بۆ خۆیان تۆمار بكه‌ن و ئێسته‌ش به ھۆی نه‌خۆشیی كۆڕۆناوه، دووباره به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی گه‌وره و مێژوویی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی گه‌نجان، كه سه‌ره‌ڕای بێكاری و سه‌ختبوونی ژیان، پابه‌ندن به رێنوێنییه پزیشكییه‌كان و ده‌بێ رۆڵیان له ھۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا و خێزانی خۆیان هه‌بێ.
له‌م قۆناغه‌دا گه‌نجان له ریزی تیمه ته‌ندروستییه‌كان و هێزه ته‌ناهییه‌كان درێژه به كاروانی سه‌روه‌رییه‌كانیان ده‌ده‌ن و ئه‌ركێكی پیرۆزی تر به‌جێ ده‌هێنن.