سمكۆ محه‌مه‌د
ئه‌م كۆنتێكسته زۆرى له‌سه‌ر نووسراوه، به‌ڵام ئه‌م هێدڵاینهى سه‌ره‌وه به‌ره‌و پرسیارگه‌لێكى تایبه‌ت ئاراسته‌مان ده‌كات كه من گه‌ره‌كمه بۆچوونى خۆم بخه‌مه‌ڕوو،. ئه‌ویش له‌وپرسیاره‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م، ئایا تاك ئازاده له درووشم هه‌ڵدان بۆ ئازادى به‌گشتى و ئازادى بۆ خود به‌تایبه‌تى؟، ئایا ئه‌مه تێڕوانینێكى ئایدیالى و ناواقیعى نییه؟. ئایا تاك بهرزگاربوونى له كایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى و ئایینى، ده‌توانێ به‌هه‌مان شێوه ئازاد بێت له كایه‌ى سیاسى و سیستمى یاساكان؟. له‌كاتێكدا دیالیكتیك قۆناغێكى هه‌یه له سرووشته‌وه ده‌ستپێده‌كات به‌ره‌و قۆناغى قبوڵكردنى عه‌قلانییه‌ته، ئه‌ویش قۆناغێكى نه‌رێنییه بۆ تاك، لایه‌نگرى له سیستمى دژه‌كان كه زانستییه و جیهان به‌م سیستمه به‌رده‌وامى به خۆى داوه، به‌شێكى هاوسه‌نگییه و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ى رههاگهراییه، ئه‌مه ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌یه كه تاك ده‌كات به ئامێر له‌نێو بوونێكى لۆژیكى و عه‌قلانى، له‌وێه‌وه پابه‌ندى ئه‌خلاقیاتى ده‌كات.
گریمان تاك یاخى ده‌بێت و ئه‌و سیستمه لۆژیكییه ره‌تده‌كاته‌وه كه به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه، له‌كاتێكدا هیچ شتێك سنوورى لۆژیك تێناپه‌ڕێنێت، لێره رووبه‌ڕووى ئهنتى تێزێك ده‌بێته‌وه كه له‌رێگه‌ى متمانه‌ى خه‌ڵكه‌وه جێگیربووه، ئه‌ویش نرخ و ماناى ده‌وڵه‌ت و مافى هاوڵاتى بوونه بۆ هه‌ر تاكێكى تر، ده‌وڵه‌تیش ئه‌م هه‌له ده‌قۆزێته‌وه و دیارترین پێشنیار و یاساكانى به‌سه‌ر تاكدا ده‌سه‌پێنێ، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا وه‌كو به‌خششێك فه‌زاى ئازادى موماره‌سه‌كردنى ژیان دابین ده‌كات، به‌درێژایی مێژووش له‌نێو هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كاندا ململانێ هه‌بووه، سابا ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه خاوه‌نى هه‌ر سیستمێك بووبێت، دیموكراسى عه‌وامى یان نیمچه دیكتاتۆری، له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا ئاماده‌ن، نموونه‌ى ئه‌و گه‌نجانه‌ى ئێستا بههێزێكى جه‌سته‌یى گه‌وره‌وه ئاماده‌ى ئه‌و ململانێیه‌ن، بۆیه خه‌ریكن ستایڵێك له ململانێ درووست ده‌كه‌ن، به‌ڵام ستایڵه‌كه ته‌نها فۆڕمه و له‌جه‌وهه‌ردا فشۆڵ، بۆیه ده‌سه‌ڵاتى كۆمه‌ڵگه بهكهمترخهمییهوه له پرسه ده‌ڕوانێ، یه‌كێك له سیماكانى ئه‌و دیارده‌یه‌ش ئه‌وه‌یه كه تێكه‌ڵ به فه‌زایه‌ك ده‌بن كه له‌په‌راوێزى سیناریۆیه‌كدا گه‌شه‌ى كردووه و ئه‌وانیش هه‌ستیان پێكردووه و بوونه به كارێكتهرى چالاك، به‌ڵام هیچ ئامانجێكیان نییه، جگه له‌و درووشم و ئامانجه‌ى كه مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى سیناریۆكه و خاوه‌نى سیناریۆكه‌یه، سه‌ره‌نجامیش هه‌ر ئه‌و داواكارییه‌یان هه‌یه كه گیانیان بپارێزرێت له ده‌ستى ره‌شى نادیار، بۆیه له‌كۆتاییدا داواكارییه‌كانیان له‌بیر ده‌چێته‌وه و ده‌كه‌ونه نێو بابه‌تێكى تر كه خزمه‌تى سیاسه‌ت و دهستهبژێرێكى سیاسى ده‌كات.
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادى تاك له‌م هه‌لومه‌رجه‌ى جیهان و هه‌رێمایه‌تییه‌كاندا كه تاك كراوه به كارتێكى فشار به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و سیستمى حوكمڕانییه‌وه، هه‌روه‌ها به‌هۆى پهڕاگهندهیى خه‌ڵكه‌وه به‌هۆى ته‌كنۆلۆژیاوه كه پێشكه‌وتوو به‌ڕاده‌ى سه‌یر، هه‌م تاك و هه‌م خه‌ڵك به‌گشتى ناتوانن یاخى بن و یه‌كگرتوو بن، بۆیه هه‌میشه له‌و به‌ینه‌دا ده‌مێننه‌وه و ململانێیه‌كه فۆڕمێكى تر وه‌رده‌گرێت، بۆیه له ئێستادا له‌باره‌ى ئه‌م بابه‌ته‌وه، قسه‌كردنه له‌سه‌ر ویستێكى سه‌ربه‌خۆی هۆشیارانه به‌رامبه‌ر به رووداوه سیاسیه‌كان كه تاكه‌كان تێیدا بزرده‌بن، یان به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى كراوه كه هه‌ست بهبوونیى ئه‌و كارێكته‌ره جیاوازانه ده‌كات، جیاوازییه‌ك كه دژى جیاوازییه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌یه، داواكارى سه‌ره‌كى تاكه له‌نێو سیستم، مه‌به‌ستم له سیستم به‌هه‌موو ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تى و ئایینى و فه‌رهه‌نگی و نهریتییهكانیهوهیه، ئه‌و كاته‌ى كه تاكه‌كان چ له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كبوونێك بۆ شۆڕشى كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى، چ له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو كایه‌كانى تر، ده‌رگیرى نامۆبوون ده‌بن، لێره‌وه ده‌بنه‌وه ئه‌و بورغووهى كه له‌نێو ئامێرێكى پێكهاته‌یى به‌كاردێن بۆ مه‌به‌ستێكى دیارى كرا‌و كه له‌برى فه‌زاى گشتی قسه‌ده‌كات، وه‌كو چۆن بورغوروویهك مسقاڵێكى بچووكه له پێكهاته‌ى ئامێرێكى میكانیكى گه‌وره، لێره‌وه ژیانى تاكێتى ده‌بێته‌و به ژیانى باو و كلاسیكى وه‌كو خه‌ڵكى تر، ئه‌گه‌ر تووشى شۆڕشێكى دیكه‌ى وه‌همى نه‌بێته‌وه بۆ دابڕان له‌وانى تر، چونكه ئه‌وانى تر بۆ تاك گرفتێكى قورسترى شوناسه له‌رووى جوگرافییه‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسه‌كه بچێت بۆ بارێكى تر و بۆ پاراستنى ئه‌و ئازادییه‌ى كه جیاوازه له ئازادى گشت، ئه‌وا ده‌رگیرى سیناریۆیه‌كى تر ده‌بنه‌وه، ئه‌ویش قسه‌كردنه له‌سه‌ر په‌لكێشكردنیان به‌ره‌و یهكبوونێكى ناهۆشیارانه كه یه‌ك ئامانجى نه‌زانراو، ئه‌مه‌ش ناچاریان ده‌كات ببن به‌یه‌ك و له یه‌كه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تیدا قه‌تیس ده‌بنه‌وه، له‌وێوه ئه‌م تاكه جارێكى تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه نێو كایه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌بێ ئاگایى خۆیان، ئه‌ویش یهكبوونیانه به‌گوتارێك كه ده‌یانكات به گرووپێك و خاوه‌ن یه‌ك داخوازى سیاسى، لێره‌وه شۆڕش ده‌بێته ئامانجى ئه‌م گروپه و دژه شۆڕشیش ده‌بێته به‌ره‌ى دژ، كه‌واته دیسانه‌وه دێنه‌وه نێو هاوكێشه‌ى یه‌كه‌م، ئه‌ویش دیالێكتیكى سرووشتیه كه ئه‌مجاره‌یان واقیعێكى تاڵى سه‌پێنراوى ناسرووشتییه، چونكه درووستكراوى ده‌ره‌وه‌ى سرووشته، بۆ نموونه كه تاك نه‌یزانى بۆچى له‌نێو په‌یوه‌ندیى به‌رهه‌مهێناندا جێگه‌ى نابێته‌وه، یان ئه‌گه‌ر جێگه‌ى ببێته‌وه، ده‌بێت له‌و به‌ستێنه ده‌ربچێت كه په‌یوه‌ستكراوه پێیه‌وه وه‌كو ئه‌ركێكى زۆره‌ملێ، هه‌روه‌ك چۆن بۆ سه‌ربازى ئه‌ركى نیشتیمانى و یاسایى و ده‌ستوورى قبوڵكراوه، له‌كاتێكدا سه‌رباز ئه‌گه‌ر وه‌كو تاك وه‌ریبگرین، هیچ په‌یوه‌ندیى به‌و جه‌نگه‌وه نییه كه ده‌وڵه‌ت و دهستبژێرى سیاسى دووژارى كردووه، ئه‌گه‌ر دووچارى شۆڕشێكى زۆره‌ملێى كرا وه‌كو ئه‌ركێكى ئه‌خلاقى كه گیڤارا تووشى بوو، یان ئه‌گه‌ر دوچارى دۆخى ناهه‌موارى كۆمه‌ڵایه‌تى بوو، ئه‌وا نازانێ چۆن خۆى رزگار بكات، چونكه به‌ویستى خۆى نه‌كه‌وتۆته نێو تۆڕى په‌یوه‌ندیى به‌رهه‌مهێنانى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن به‌ویستى خۆیان خاوه‌نى گوتارى ئایینى و نه‌ریتى و فه‌رهه‌نگى و كۆمه‌ڵایه‌تى نیین كه له هاوكێشه‌یه‌كدا كه رووبه‌ڕووى دژه‌كان ده‌بنه‌وه، دوا دیمه‌نى سیناریۆكانى عێراق باشترین سه‌لمێنه‌ره كه دواجار مهرجهعهتییهت خاوه‌ن بریار بوو.
جۆن ستیوارت میل یه‌كێك له پێشڕه‌وانى بیرى لیبرالیزمى رۆژئاواییه، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ى له به‌رئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه بوو له‌ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى پشتى جه‌نگ داهێنا، ئه‌مه كارێكى وه‌هاى كرد كه سیستمى لیبرالیزمى رۆژئاوایى هه‌نگاوى قورس‌تر هه‌ڵبهێنێ به‌ره‌و ئازادییه‌كى ره‌هاتر له‌وه‌ى تاكه‌كان ته‌نها له چوارچێوه‌ى ویستى خۆیان چاوڕێى موماره‌سه‌كردنى ده‌كه‌ن، چونكه یه‌كێك له ده‌رهاویشته‌كان په‌یوه‌ندیى تاك كه په‌یوه‌ندیى به كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه، تائهوكاتهى شێوازه‌كه‌ى به‌نهێنى ده‌مێنێته‌وه، ئه‌و ئازادییه‌یه كه وه‌كو به‌خشش له‌لایه‌ن گشته‌وه دراوه به‌تاك، وه‌ختێك ویستى ئازادى ئاشكرابوو بۆ كۆمه‌ڵگه كه له‌سه‌ر یه‌ك خاڵى گشتگیر رێكه‌وتنیان هه‌یه، تاك ته‌ریك ده‌بێت و نامۆده‌بێت له‌نێو ئه‌و گشته زاڵمه‌ى كه هه‌میشه خه‌ون به جه‌نگه‌وه ده‌بینێ، یان له‌رێگه‌ى جه‌نگه‌وه جارێكى تر خۆى به‌رهه‌مدێنێته‌وه و بزنس ده‌كات، لێره‌وه مه‌رجه‌كانى دۆستایه‌تى له‌ژێر كاریگه‌رى و كارتێكه‌رى سته‌مكارى فراوانتر و خراپتر ده‌بێت، چونكه تاك لێره‌دا ته‌نها ویستى ژیان نییه به‌ته‌نها، به‌ڵكو حاڵه‌تێكى یاخیگهرى یه و شێوازێكى هه‌ڵاتنه له ره‌فتاره تاك ستایله‌كان كه هه‌موو حه‌زه‌كانیان له‌جه‌نگدا كۆكردۆته‌وه، ئه‌م جه‌نگه نهبڕاوانهى ئه‌مدواییه گرفتى هه‌ره گه‌وره‌ى تاكه‌كان بووه، چونكه ناچاركراون ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، وه‌كو خراپتر هه‌ڵبژێردرێن له‌وه‌ى خراپترین چاوه‌ڕێیان ده‌كات.
ئه‌وه‌ى كه پێویستى به به‌ڵگه هه‌یه بۆ ویستى تاكێتى و یاخیبوون له سته‌مى كۆمه‌ڵگه و رێكخه‌رانى جه‌نگ، به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئه‌وه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى گشت ده‌خاته ژێر پرسیارى شه‌رمهێنه‌ره‌وه، پرسیارگه‌لێك كه شایسته‌ى سزایه و ده‌رچوونه له راى گشتى كه رایه‌كى زۆره‌ملێییه، فه‌زایه‌ك كه تاك گه‌ره‌كى نییه و به‌زۆر له‌ژێر كاریگه‌رى گوتارى كۆمه‌ڵایه‌تیدا ناچاربكرێت بچێته دۆخى حه‌ماسییه‌وه به‌ره‌و ئیلتیزامێكى ئه‌خلاقى سیاسى، ئه‌مه سهركوتێكى ناراسته‌وخۆى سیاسى یه له‌رێگه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌گشتێنرێت، لێره‌وه تاك ناچار ده‌كرێت بخرێته ژێر كۆنتڕۆڵى یاساوه كه هه‌موو ده‌سته‌بژێره ناكۆكه‌كان له‌سه‌رى رێكه‌وتوون، یاسایه‌ك كه هیچ كۆنتڕۆڵێك نه‌یگرێته‌وه، به‌ڵكو ته‌جنیدى سه‌ربازى و حه‌ماسه‌تى شۆڕشگێڕێتى بیگرێته‌وه، یان له‌ژێر كاریگه‌رى چه‌مكه كارتێكه‌ره‌كانى وه‌كو ئه‌خلاق و پاراستنى ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب و هتد، به‌و مانایه‌ى وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ دیاریكردنى ئه‌رك و ماف، له‌كاتێكدا تاك هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وه‌كو خۆ ناسینێك بۆ خودى خۆى و دووركه‌وتنه‌وه له كۆمه‌ڵگه و سزا ناڕاستهوخۆكانى كه هه‌ندێكجار به‌ناوى نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌وه ده‌كرێت، سزایه‌كى ترسناكتره له تاوانى كوشتن، چونكه له‌م حاڵه‌ته‌دا تاك له یاسا و عورفى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت له ئایینیش یاخى ده‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن نیكۆس كازانتزاكى و سێرگى یه‌سه‌نین و سارته‌ر و كامۆ له ئایدیۆلۆژیاش یاخى بوون، له‌ناو عه‌ره‌بیش ئه‌بو عهللاى موعهرى و له‌نێو فارس خه‌یام یاخى بوو هه‌م له ئایین و هه‌م له گوتارێك كه گشت بڕوایان پێی هه‌بوو و خستیانه ژێر پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه.
پاراستنى ئازادى كه به قوربانى گیانى و روحى به‌ده‌ستهاتووه، ئه‌ركێكى زۆر قورس‌تر و به‌نرختره له خودى ئازادى كه تاك له‌ده‌ره‌وه‌ى هاوكێشه‌ى سیاسى یه‌كێك له ویسته سهرهكییهكانییهتى، بۆ نموونه له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و شتانه‌ى كه ویژدان وه‌كو پرنسیپ به‌كار ده‌هێنرێت، یان ئازادى بیركردنه‌وه‌ى لۆژیكى و ئازادى زه‌وق و چێژ وه‌رگرتن له ستایلى ژیان، ره‌تكردنه‌وه‌ى خراپه‌كارى وه‌ختێك گشت واته كۆمه‌ڵكه له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتاره رێكه‌وتوون بۆ ویستێكى سیاسى یان به‌رژه‌وه‌ندى كۆمپانیاكان، هه‌موو ئه‌مانه جۆرێكن له پرنسیپى ئایینى و پرنسیپى هزرى كه خزمه‌تى سیاسه‌تى ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌م بیركردنه‌وه قوڵه، ئازادى تاك مانایه‌كى نامێنێت و ئه‌رزشى نامێنێت كه ئێستا تاكى كوردى له‌م دۆخه‌دا ده‌ژى و به‌ناچار موماره‌سه‌ى ناجۆرى له‌گه‌ڵ ده‌كات، چونكه ئه‌و ویسته پراكتیك ناكرێت و بهفهزایهكى تر‌ى خوڵقێنراو و داپۆشراوه، وه‌ختێك پراكتیك ناكرێت، ئیدى خۆ جوداكردنه‌وه له كۆمه‌ڵگه، له فۆڕمێك به‌ولاوه هیچى تر نییه كه ته‌نها له گازینۆ و بێكارى و شه‌ونخوونى گروپى بێ شوناسدا ده‌نگى هه‌یه. ئه‌مه‌ش ته‌نها فۆڕمه و فۆڕمیش شایسته‌ى وه‌سفى هه‌میشه‌یى نییه، واته ناتوانین بۆ هه‌میشه شانازى به‌و فۆڕمه‌وه بكه‌ین كه هیچ ستراتیژێكى نییه و خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ى یاسا و عورفى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى فۆڕمێكى دیكه وه‌كو ئه‌لته‌رناتیڤ. ئه‌و فۆڕمه كاڵ ده‌بێته‌وه و باوى نامێنێ، هه‌روه‌ك ئه‌و فۆڕمه تاكێتییهى كه ئێستا له كوردستان و ناوچه‌كه به‌گشتى هه‌یه، تاكى خستۆته دۆخێكه‌وه كه بڕوایهیكى ئایدیایى بۆ ببێته بڕوا و عه‌قیده‌ى سیاسى.
به‌بێ شاره‌زابوون له ئایین و پێكه‌وه‌ژیانى هه‌موو پێكهاته‌كان و فكر و فه‌لسه‌فه‌ى كۆن و جیاوازیه‌كانى و ئابورى و كۆمه‌ڵناسى و بازاڕ و كاڵا كه ئینسان دوا كاڵاى به‌نرخى ئێستاى ته‌واوى سیستمه‌كانه، چه‌مكى ئازادى و ژیانى ئازادانه، هیچ مانایه‌كى نییه تاكو هه‌موو تاكه‌كان پاڵپێوه بنێت ئه‌و ژیانه هه‌ڵبژێرێن، چونكه ئه‌ركێكى قورس ده‌بێت و له تواناى ئه‌وانه نابێت كه ته‌نها به قسه ئه‌و ویسته‌یان هه‌یه، ئه‌وانه‌ش كه له جه‌وهه‌رێكى نزمدا و له فۆڕمێكى باڵادا خۆیان ده‌نوێنن، جگه له گه‌ڕانه‌وه به‌ده‌ستێكى به‌تاڵ و په‌شیمان بوونه‌وه، هیچ شتێكى دیكه به‌رهه‌مناهێنن، ئه‌مه حاڵه‌ته، سه‌ره‌نجام ده‌بێت مایه‌ى نائومێدبوون له‌هه‌موو بیرۆكه‌كانى دیكه كه ژیانى پێ رازى ده‌كرێت، لێره‌وه گشت به‌هه‌موو توانایه‌كه‌وه، تاك ناچار ده‌كات بچێته دۆخى جه‌نگێكى هه‌میشه‌ییه‌وه و قبوڵیشى بكات، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و جه‌نگانه‌ى كه له‌برى سه‌رۆك مه‌زهه‌ب و سه‌رۆك خێڵ و سه‌رۆك كه‌مینه‌كان نوێنه‌رایه‌تى ده‌كه‌ن له‌دووره‌وه، جه‌نگى نێوان ئه‌و كه‌مینه و خێڵانه كه مێژوو ده‌یگێڕێته‌وه، تاكه‌كان باجه‌كه‌یان داوه، بۆیه تاك به‌بێ ئه‌وه‌ى مه‌عریفه‌ى هه‌بێت، هه‌مه‌یشه له‌جه‌نگدایه.