خراپ تێگه‌یشتن له جۆره‌كانی ئازادی و ره‌هه‌نده جیاوازه‌كانی له كولتووری داخراودا. له هه‌موو بارێكدا پێوه‌سته به گوتاری ده‌سه‌ڵاته‌وه. ئه‌وه‌ی كه له رابردوودا له ئه‌وروپا بینراو بیرمه‌نده‌كانیش قسه‌ی زۆریان له‌سه‌ر كرد، مه‌ترسی به‌رهه‌مهینانی ئه‌و ئازادییه بوو كه مرۆڤی سارد و سڕ و ژێرده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات و كۆیله‌ی گوتاره‌كه‌ی گه‌ره‌كی بوو.
ئازادی بۆ سێكس له كومه‌ڵگه‌ی داخراودا، توندوتیژی به‌رهه‌م دێنی كه ئه‌مه ویستێكی تا ئاستێك نادیاره له‌لای ره‌گه‌زی مێیینه، سه‌ركوتكردنیشی جۆرێكی تری په‌رچه‌كردار به‌رهه‌م دێنێته‌وه كه مێیینه له به‌رامبه‌ر نێرینه ده‌یكات. ئه‌وكاته‌ی سێكس ئازاد ده‌كرێ، هه‌ست به گوتارێك ده‌كه‌ین كه نێرینه به دژی خۆی ده‌زانی و ده‌سه‌ڵاتیش له چنگی نێردایه، به‌مه‌ش كومه‌ڵگه تووشی شڵه‌ژان و تێكچوون دێت و ده‌بێته هۆی تێكچوونی شیرازه. ئه‌و سیستمه رێكخراوه‌ی ده‌سه‌ڵات و به تایبه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌رهه‌می هێناوه، خێزانه كه یه‌كه‌یه‌كی چالاكی ئه‌و سیستمه‌یه، وه‌ختێكیش سه‌ركوت ده‌كرێت، دیسان ده‌بێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی فه‌زایه‌كی داخراو كه بیری نامرۆیی ململانێی له‌باره‌وه كردووه و توڕی هه‌ڵداوه، به‌ڵام ته‌كتیكه‌كه له هه‌ردوو باره‌كه‌دا یه‌ك شتن.
بزووتنه‌وه‌ی یاخیگه‌رێتی له ده‌سه‌ڵات، ته‌نیا له‌ڕووی سیاسی په‌تیدا نابینرێت، به‌ڵكو له یاخیگه‌رێتی ترادیسیۆندا باشتر هه‌ستی پێ ده‌كرێ. وه‌ختێك ده‌بینین ئه‌و تۆڕه تێك ئاڵاوه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه له كومه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتیدا، ده‌سه‌ڵات خێرا له ڕٍێگه‌ی یه‌كه جیاوازه‌كانییه‌وه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌دا، ئیتر سێكس له پێداویستی ژیانه‌وه ماناكه‌ی ده‌گۆڕێ بو بزووتنه‌وه‌ی دژه‌كولتوور و نه‌ریت و باوه‌ڕه ئاینییه كۆنكریتییه‌كان، به‌ڵام له شوێنێكی تردا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته زیان ده‌كات، كاتێك سێكس تابۆ ده‌كرێت به ئازادی، ئه‌وكات مه‌ترسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سیستمه‌كه‌یش رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌بێته‌وه.
نموونه ئه‌وه‌یه كه پێكهێنانی خێزان، یان به‌گوێ نه‌كردنی كولتوور، یان دروستكردنی ئه‌و یه‌كه‌یه به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه و دواترین حاڵه‌تیش جیابوونه‌وه‌ی هه‌ردوو ره‌گه‌ز، ئه‌م یاخیگه‌رێتییه كه ده‌سه‌ڵات ترسی لێ نیشتووه. ئه‌گه‌ریش ئازادی كرد، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وه‌ك ئێسته هه‌ستی پێ ده‌كرێ. دیسان گوتاره‌كه و ناوه‌ڕۆكی گوتار ده‌سه‌ڵات دووچاری كێشه ده‌كاته‌وه. له حاڵێكدا هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه بۆ هه‌ردوو به‌ره‌كه، مه‌ترسی بوونی تاك و بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌وێته ژێر هه‌یمه‌نه‌ی كومه‌ڵگه و نه‌ریتێكی تره‌وه كه دواجار هه‌م تاك و هه‌م كۆمه‌ڵگه‌یش په‌شیمانن لێی. بۆیه ئازادكردن و سه‌ركوتكردنی سیكس یه‌كسانن به یه‌ك.
نزار قه‌بانی ده‌ڵێ، له هه‌موو شتێك سه‌یرتر ئه‌وه‌یه ببینم ژنان خۆیان دژایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن. له په‌راوێزی ئه‌م رسته‌دا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه له مێژه بۆم ده‌ركه‌وتووه، كێشه‌ی ژن به‌رله‌وه‌ی كێشه‌ی ره‌گه‌زێكی دیاریكراو بێت، كێشه‌ی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌یه، بۆیه ژنیش بووه‌ته به‌شێك له‌و كولتووره‌ی ژن په‌راوێز ده‌كات، بۆم ده‌ركه‌وت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كێشه‌ی ژن زه‌ق ده‌كاته‌وه كه ناتوانێ و بوێری نییه داببڕێت له داونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌قلیدی، بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌م ره‌گه‌زه به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسیار له ورده‌كاری سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كه بكات و بزانێ بۆچی ژن كراوه به كاڵایه‌ك و له بازاڕی سیاسه‌تدا، پرسیاریان له خۆیان نه‌كردووه، ئایا ژنێك هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر كێشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هه‌بێت؟
ئه‌گه‌ر پرسی ژنان له پێگه‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌وه ته‌ماشا بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ بۆچی ژن له چوارچێوه‌ی چێشتخانه و ئاماده‌كردن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مرۆڤدا قه‌تیس كراوه و هه‌ر له‌وێش خۆی به به‌رهه‌مهێن ده‌زانێ، چونكه ئه‌م ره‌گه‌زه بوونه‌وه‌رێكی به‌رهه‌مهێنه‌ره و پیاو بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و ماتریاله كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرێ كه دواجار وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه بۆ مه‌رامه غه‌ریزییه‌كانی خۆی وه‌به‌رهێنانی پێوه ده‌كات، بۆیه ئه‌م پرسه سۆسیۆلۆژییه و به‌شێكی بریتییه له مێژووی ده‌سه‌ڵاتی مالیكییه‌ت كه پله‌به‌ندی ره‌گه‌زێك له به‌رامبه‌ر ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر كه پیاوه ریز كردووه، به‌شه‌كه‌ی تریشی فسیۆلۆژییه كه له ده‌ره‌وه‌ی عه‌قڵگه‌رایی ره‌گه‌زێكی كردووه به قوربانی ره‌گه‌زێكی تر، چونكه له توانای جه‌سته‌یییه‌وه ته‌ماشای ده‌كرێت.
به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی ئاین پێناسه‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ ژن داناوه وه‌ك كاره‌كته‌رێكی ناچالاك، ئه‌مه پێشتر له ڕۆژئاوا هه‌بوو، دواتر كه‌ڵك له یه‌كسانی ژن و پیاو وه‌رگیرا، به‌ڵام له ڕۆژهه‌ڵات پرسه‌كه له شوێنی خۆی مایه‌وه و به مه‌سه‌له‌ی سێكسه‌وه گرێ درا، بۆیه وه‌ك یه‌كێك له پرسه هه‌ره ترسناكه‌كان جێگیر كرا و هه‌موو ئازادییه‌كانی كۆمه‌ڵگه به گشتی و ژن خۆی به تایبه‌تی، له ئازادی تاكه‌كه‌س دوور خرایه‌وه و له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا قه‌تیس كرا كه ژن ته‌نیا بۆ دامركاندنه‌وه‌ی غه‌ریزه‌ی سێكسی پیاوه و هیچی تر. هه‌روه‌ها له‌و سانسۆره‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه كه كۆمه‌ڵگه به پرسی موڵكایه‌تییه‌وه گرێی داوه، به‌و مانایه‌ی پیاو بوو به سه‌نته‌ری عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵات و ژنیش وه‌ك كه‌ناری به‌رهه‌مهێنانی شارستانیه‌ت، بره‌ودان به‌م هاوكێشه‌یه، بره‌ودانه به شه‌رعیه‌تێك كه بڕیاره ده‌سه‌ڵات ته‌نیا له ده‌ستی پیاودا بێت.
ئه‌وه‌ی كه پرسی ژنی به‌هه‌ڵواسراوی هێشتووه‌ته‌وه و له پرسی كۆمه‌ڵایه‌تی دووری خستووه‌ته‌وه له شوێنێكی تردا، خه‌تاكه له ژنان خۆیانه كه له‌لایه‌ك به‌بیانووی پاراستنی ئه‌خلاق و له‌لایه‌كی تره‌وه هاندان بۆ یاخیبوون له ئه‌خلاقی باو، بۆ نموونه به كاڵاكردنی ژن له‌نێو بازاڕ و ریكلام بۆ كۆمپانیاكان و دامركاندنه‌وه‌ی غه‌ریزه‌كانی پیاو له ده‌ره‌وه‌ی خێزان و له ناوه‌وه‌ی خێزان، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان گرێ دراوه به چه‌مكی ئازادییه‌وه كه ژنان خۆیان به‌م دیارده‌یه قایلن، به‌م پێیه‌ش بێت كولتووری كۆن و نوێ ئه‌و باڵانسه‌ی راگرتووه كه ژن سه‌رپشكه له‌وه‌ی به ئازادی خۆی، خۆی بكاته كاڵا له بازاڕی سیاسه‌تدا، یان له‌ناو خێزاندا ببێته ئه‌و كاڵایه‌ی كه یه‌كه‌ی خێزان بپارێزێ و نه‌بێته قوربانی سیاسه‌ت، به‌و مانایه‌ی نه‌بێته كاره‌كته‌رێك بۆ رازاندنه‌وه‌ی جامخانه‌ی سیاسه‌ت بۆ به‌رده‌وامبوونی ده‌سه‌ڵاتی پیاوان.
پرسی هاتنه پێشه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێرێك له ژنان بۆ ناو كایه‌ی سیاسه‌ت و چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان و به سیاسیكردنی پرسه‌كه، یه‌كێكه له‌و پرسیارانه‌ی ده‌بێ رووبه‌ڕووی ژنان بكرێته‌وه، مه‌به‌ستم له‌و رێكخراوانه‌یه كه به‌ناوی ژنانه‌وه كار ده‌كه‌ن، كه‌چی ململانێكه له پێناسه كلاسیكییه‌كه ده‌رنه‌چووه‌ته ده‌ره‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌و ململانێیه‌یه كه له جیاتی گۆڕینی سیستم، خۆیان سه‌رقاڵی ئه‌وه كردووه دنیابینی پیاو بگۆڕن كه ئه‌مه بۆ خۆی شاردنه‌وه‌ی پرسی ژنه كه له ڕاستیدا پرسی كۆمه‌ڵگه‌یه.
ژن یه‌كسانه به ئه‌خلاق
ماوه‌یه‌كه نه‌ك له ماس میدیای كوردی، بگره له میدیای عه‌ره‌بیش ژنان بوون به یه‌كێك له‌و ئامانجانه‌ی كه له رێگه‌یه‌وه گوتاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه بكه‌ن و ئه‌خلاقیشیان یه‌كسان كرد به جه‌سته‌ی ژن، چونكه تا ئێسته ئاوڕوچوون له‌لای عه‌قڵیه‌تی رۆژهه‌ڵاتی یه‌كێك بووه له‌و ئامانجانه‌ی كه هۆكارێكن بۆ لێدانی به‌رژه‌وه‌ندی پیاوان، بۆیه هه‌ر كه سایته‌كان ده‌بینی گرینگ‌ترین هه‌واڵ خۆرووتكردنه‌وه و نیشاندانی له‌شولاری ژنه هونه‌رمه‌ند و ناسراوه‌كانه، خۆ ئه‌گه‌ر بیانوو و پاساوه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه هونه‌رمه‌ند موڵكی كۆمه‌ڵگه‌یه و جه‌نگی دژه كۆنه‌په‌رستی پێ ده‌كه‌ن، بۆچی به‌هه‌مان شێوه مامه‌ڵه له‌ته‌ك له‌شولاری پیاو ناكرێ؟ كه‌واته ژن یه‌كسان كراوه به ئه‌خلاق.
ژن له عه‌قڵیه‌تی رۆژهه‌ڵاتی كه كورد خراپترین نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتییه، هه‌ندێكیان كراون به فیگه‌ری ناسراوی ئه‌و جۆره گه‌مه سیاسی میدیایییانه، هه‌ندێكیشیان به‌بێ ئاگا باجی ئه‌و پیاوانه ده‌ده‌نه‌وه كه له ململانێی توندن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، هه‌ندێكیشیان بۆ خۆیان ئه‌و فه‌زا كۆنه‌په‌رستییه‌یان قبووڵ كردووه و گه‌ره‌كیانه وه‌ك تایپێكی نموونه‌یی دژه‌پیاو بناسرێن، بۆیه كه ده‌رده‌كه‌ون خۆیان رووت ده‌كه‌نه‌وه، چونكه ده‌زانن جه‌سته‌ی ژن بۆ ئه‌و پیاوانه‌ی كه له پشتیانه‌وه وه‌ستاون نه‌نگی و شكسته و بۆ ئه‌و پیاوانه‌ش كه وه‌ك كارتێكی ئه‌خلاقی به‌كاریان دێنن ماڵیات و قازانجه و بۆ بینه‌ریش ویستێكی خۆشه، چونكه هێشتا له دنیای چه‌پاندنی سێكسی‌دا ده‌ژی، چونكه ئه‌خلاق یه‌كسان كراوه به ژن.
تا ئێسته‌ش له‌لای میدیای كوردی به‌وانه‌یشه‌وه كه خۆیان به پێشكه‌وتووخواز ده‌زانن، گریگنترین هه‌واڵ هه‌واڵی ئاوڕوچوونه و به‌تایبه‌تی رووتبوونه‌وه و ده‌ركه‌وتنی له‌شولاری ژنی هونه‌رمه‌ند یان ئه‌و ژنانه‌ی نزیكیان له‌گه‌ڵ سیاسییه‌كان و كه‌سه ناسراوه‌كانی ناو میدیا و سیاسه‌ت هه‌یه، ئه‌م مامه‌ڵه ناشیرینه نه‌ك له‌لای پیاوانی به‌ناو ئازادیخواز و پێشكه‌وتوو، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ژنانی پێشكه‌وتوو چالاكیش كه‌مترین قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه و كه‌مترین ناڕه‌زایه‌تییان له‌باره‌وه ده‌ربڕیوه، چوتكه عه‌قڵییه‌ته‌كه هێشتا له‌و فه‌زا كۆنه‌ی كۆمه‌ڵگه و پێوه‌ره‌كانی ده‌ژی و هێشتا ژن عه‌یبه‌یه‌كه، بۆیه یه‌كسانه به ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵگه.
پرسی ئاوڕوچوون، بۆ رۆژهه‌ڵاتی و به‌تایبه‌تیش بۆ كورد، نه‌ك له كوردستان و له رۆژهه‌ڵات، به‌ڵكو له په‌ناهه‌نده‌یش و له ئه‌وروپاش به‌هه‌مان شێوه مامه‌ڵه‌ی له ته‌ك ده‌كرێت، جه‌نگی ده‌روونی كه له رێگه‌ی میدیاوه ده‌كرێت و به كه‌سانی نه‌فسنزم ئه‌نجام ده‌درێت، ژن و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كانی وه‌ك تاكه كارتێكی به‌هێز له دژی پیاوان به‌كار دێنن، یان لێدان له كه‌سێتییان ئه‌گه‌ر ژنێك وه‌ك پیاو بوو به‌خاوه‌نی تێڕوانینی خۆی، چه‌ندان نموونه‌مان هه‌یه كه له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا چۆن له‌و ژنانه دراوه خۆیان بۆ په‌رله‌مانتاری پاڵاوتووه، چۆن له‌و هونه‌رمه‌ندانه دراوه كه پێشه‌نگن و بڕوایان به كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه و ئازادكردنی جه‌سته‌ی ژن هه‌یه.
دواین هه‌وڵی ناشیرین ئه‌وه‌یه كه به لۆكه‌ی گۆرانیبێژ كرا، له‌وه‌ش ناشیرینتر ئه‌وه‌یه كه به‌شێكی زۆر له به‌شدارانی فه‌یسبووك یان ئه‌وه‌تا رێكلام بۆ ئه‌و جۆره كاره ئاوڕوبه‌ره ده‌كه‌ن یان ئه‌وه‌تا كۆمێنتی ناشیرین ده‌نووسن، ئه‌مه ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌یه كه هه‌موو پێشكه‌وتنێكی ته‌كنۆلۆژیا به‌عه‌قڵیه‌تی نامووسپه‌رستیی ده‌پێون.
سمكۆ محه‌مه‌د