گوناه و تاوان

سمكۆ محه‌مه‌د 

 گوناهـ و تاوان دوو زاراوه‌ن یه‌ك مانایان هه‌یه‌، به‌ڵام یه‌كێكیان زاراوه‌یه‌كی ئه‌خلاقییه‌ و به‌ سۆز مامه‌ڵه‌ی له‌ ته‌كدا ده‌كرێت، ئه‌وی تریان یاسایییه‌. رووناكبیرانی رۆژئاوا به‌پێی عه‌قڵی خۆیان و به‌گوێره‌ی ئه‌و پرنسیپه‌ ئاینییه‌ كۆنه‌ی باوه‌ڕیان پێی هه‌بووه‌، گوناهـ و تاوانیان وه‌ك دوو چه‌مكی ئه‌خلاقی جیاواز دۆزیوه‌ته‌وه‌ و نه‌فره‌تیان له‌ بكه‌ره‌كانیان كردووه‌، كه‌چی ئه‌م زاراوانه‌ نه‌ك هه‌ر رۆژانه‌ هه‌ستی پێ ده‌كرێت له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، بگره‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌ كاری پێ ده‌كرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌رێی ئه‌خلاقیاته‌وه‌ رێی لێ بگیرێت یان له‌ رێی یاسا، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات به‌هه‌ردوو باره‌كه‌ی دیار و نادیار، لێره‌ له‌ كوردستان خۆی گوناهـبار و تاوانباره‌ به‌ هه‌قی گشتی. 

 ئه‌و سیستمه‌ ره‌وشتییه‌ی پێشتر رۆژئاوای به‌ڕێوه‌ ده‌برد، ئێسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆزتر كایه‌ جیاوازه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ته‌نیوه‌، ئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاته‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان ره‌خنه‌یان له‌و چه‌مكانه‌ گرت كه‌ ژیانی كۆنتڕۆڵ كردووه‌ و رێی له‌ هه‌ر جۆره‌ دابڕان و داهێنانێك گرتبوو، كه‌چی له‌ رۆژهه‌ڵات رووناكبیران زیاتر پابه‌ندی ئه‌و موفره‌دانه‌ن كه‌ ئه‌خلاقی جێكه‌وته‌ به‌رهه‌می هێناوه‌، بۆیه‌ كه‌ قسه‌ دێته‌ سه‌ر رووناكبیری كوردستان وه‌ك ده‌سته‌بژێرێك كه‌ به‌كاری خۆی هه‌ڵناسێ، به‌ گوناهـبار و تاوانبار هه‌ژمار ده‌كرێت، له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ رووناكبیر تاكێكی ئاسایییه‌ نییه‌ له‌ مانا و جه‌وهه‌ری گوناهـ و تاوان تێنه‌گه‌یشتبێت، به‌ڵكو ئه‌وان له‌ پشتی ماناكانیشدا خوێندنه‌وه‌یان بۆ جیاوازییه‌ چینایه‌تی و ره‌گه‌زییه‌كان هه‌یه‌، بێده‌نگبوونیان گوناهـ و تاوانه‌ ده‌رهه‌ق مافی گشتی. 

 زۆربه‌ی شیكردنه‌وه‌ ده‌روونییه‌كان گرنگییان به‌و سووچ و گوناهـ داوه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی په‌روه‌رده‌ی رابردوو و سایكۆلۆژیای خێزان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی بچووكی كۆمه‌ڵگه‌ دروست بووه‌، بۆیه‌ تاوانبار و گوناهـبار به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ سزاكه‌ی، به‌و پێیه‌ی ئامرازه‌كانی ناپاكی و زیانگه‌یاندن به‌ گشت له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی ویستی تاك یان پاراستنی كولتووری دواكه‌وتووی گشتی، هه‌ستكردن به‌ گوناهـ و تاوانكردن له‌ كرده‌وه‌كانی رابردوودا ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌مه‌ له‌وێوه‌ هه‌ستی پێ ده‌كرێت كه‌ تاكێك بیر له‌ رابردوو و منداڵێتی خۆی ده‌كاته‌وه‌ چۆن په‌روه‌رده‌ كراوه‌ و چۆن سنووری گوناهـ و تاوانیان به‌ پێوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ داناوه‌ كه‌ به‌شی زۆری هه‌ڵه‌ بووه‌، نه‌ڕه‌خساندنی زه‌وینه‌ بۆ منداڵ بۆ ناسینی گوناهـ و تاوانی راسته‌قینه‌، هۆی سه‌ره‌كین كه‌ پیاوانی دڵڕه‌ق و توندڕۆی داهاتووی لێ به‌رهه‌م بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كوردستاندا هه‌یه‌. 

 ئه‌گه‌ر مانای گوناهـ و تاوان بریتی بێت له‌ گوێڕایه‌ڵ نه‌بوون به‌ پره‌نسیپه‌ ئاینییه‌كان، یان ئه‌و سنوورانه‌ی یاسا دایناوه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت به‌ دوای ئه‌و كه‌سانه‌دا بگه‌ڕێین كه‌ تاوانیان نه‌كردووه‌ و ده‌ستیان له‌ سته‌مكاری دژی ئازاردانی كه‌س نه‌بووه‌، چونكه‌ به‌شی زۆری كرده‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵك هه‌ر له‌ خێزان و په‌روه‌رده‌ و مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌ی بازاڕه‌وه‌ بگره‌ كه‌ پێوه‌ندی به‌ ئه‌خلاقه‌وه‌ هه‌یه‌، تا ده‌گات به‌ ئه‌و ئازاردانه‌ی یه‌كتر كه‌ چێژی لێ ده‌بینن، به‌ سووك ته‌ماشاكردنی كه‌سێك و شكاندنه‌وه‌ی كه‌سێك و زیانبه‌خشین به‌ كه‌سێك و به‌گومڕاكردنی كه‌سێك له‌لایه‌ن گشته‌وه‌ و به‌گومان ته‌ماشاكردنی كه‌سێك به‌ تۆمه‌تی جیاواز، كۆمه‌ڵه‌ خه‌سڵه‌تێكن ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌ڵگریه‌تی، به‌ڵام پره‌نسیپێك نییه‌ گشت سزا بدات، بۆیه‌ تاك ده‌بێته‌ قوربانی ئه‌و سزایه‌ و به‌ گوناهـ و تاوانبار ته‌ماشا ده‌كرێت.

AM:10:06:11/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌