حزبه‌كانى سلێمانى

سمكۆ محه‌مه‌د 

حزبه‌كانى سلێمانى جگه‌ له‌ یه‌كێتى كه‌ خاوه‌نى بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى تایبه‌تى خۆیه‌تى، ئه‌وانى تر به‌هۆى خۆ گرێدانیان به‌و فه‌زا سیاسییه‌ى له‌ سلێمانى خوڵقاندوویانه‌ و له‌ناو وه‌همى سیاسى ئۆپۆزسیۆنى خۆیان پێناسه‌ كردووه‌، به‌بێ بوونى ده‌سه‌ڵاتێكى سه‌رانسه‌رى كوردستانى، كارێكى وه‌هایان كردووه‌ هه‌موویان یه‌ك بیچم و یه‌ك شوناس وه‌ربگرن له‌ هه‌ولێر و نه‌توانن سه‌ربه‌خۆیى وه‌ربگرن، ئه‌ویش "دژه‌ پارتیبوونه‌"، ئه‌م دژه‌ پارتیبوونه‌ گورزێكى هێند كوشنده‌ى له‌ بزووتنه‌وه‌ى سیاسیى مۆدێرن داوه‌ كه‌ هیچ كام له‌و حزبانه‌ سنوورى سلێمانى نه‌بڕن، چونكه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ سه‌رده‌مى پارتیش له‌ هه‌ولێر حاكم نه‌بوو، سلێمانى ئه‌و شاره‌ نه‌بوو كه‌ به‌شێكى زۆر له‌ پانتایى ئازادى له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتبێت و مانایه‌ك بۆ ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات بهێڵێته‌وه‌، به‌مه‌ش ته‌نیا وه‌ك "حزبه‌كانى سلێمانى مانه‌وه‌" و خه‌ڵكیش هه‌رگیز نه‌یتوانى حزبى مۆدێرنى سه‌رانسه‌رى خۆى دروست بكات و له‌ شارچێتى رزگارى بێت.

حزبه‌كانى سلێمانى به‌هۆى ئه‌وه‌ى دنیابینییان كورته‌ بۆ سیاسه‌ت و ناتوانن ببن به‌ حزبى سه‌رانسه‌رى، وه‌ك كردارێكى فیزیایى هه‌ر جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دۆخى سیاسیى كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان فراوان نییه‌ و ده‌نگیان به‌ته‌واوه‌تى ناگاته‌ ته‌واوى جیۆگرافیاى كوردستان، په‌رچه‌كرداریان به‌رامبه‌ر یه‌كتر بۆ دروست ده‌بێت و سه‌ره‌نجام هه‌موو سووده‌ سیاسییه‌كه‌یان كه‌ ئومێدى سیاسییه‌، ده‌چێته‌ گیرفانى پارتى و یه‌كێتییه‌وه‌، بۆیه‌ هیچ كامێكیان ئه‌لته‌رناتیڤ له‌و حزبه‌ى تریان وه‌رناگرن كه‌ ئه‌مه‌ خزمه‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كات كه‌ نیوه‌كه‌ى له‌ سلێمانییه‌ و ئه‌وان نابینین، یان لانیكه‌م ناتوانن ببن به‌ به‌ره‌یه‌كى سیاسى ئۆپۆزسیۆنى راسته‌قینه‌ تا ده‌سه‌ڵاتێكى راسته‌قینه‌ى كوردستانى دروست ببێت.

ئه‌م حزبانه‌ به‌هۆى كه‌مئه‌زموونیان و به‌هۆى كورت ره‌هه‌ندییان له‌ به‌رانبه‌ر سیاسه‌تى هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تى، ته‌نیا وه‌ك ناوێك بۆ قه‌ره‌باڵغكردنى فه‌زاى سیاسى و پڕۆژه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌مێننه‌وه‌ و هه‌موو ئومێدێكیش بۆ ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن به‌ خه‌یاڵى هه‌میشه‌یى، بۆیه‌ هه‌رگیز ناتوانن وه‌ك هێزى سیاسى بپه‌ڕنه‌وه‌ هه‌ولێر.

حزبه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ سلێمانى یه‌كه‌م به‌هۆى ئه‌وه‌ى هیچ گرینگییه‌ك بۆ هه‌ولێر و دهۆك و خه‌ڵكى كه‌ركووك دانانێن، ته‌نیا خۆیان وه‌ك سیمبولى سیاسى و خاوه‌ن ئه‌لته‌رناتیڤى سیاسى ده‌خه‌نه‌ ڕوو، هه‌م ره‌واجیان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكى هه‌رسێ ناوچه‌كه‌وه‌، هه‌م كارێكى هێنده‌ هه‌رزه‌كارانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خراپ له‌سه‌ر زهنیه‌تى خه‌ڵك ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ تا ئینتیمایان بۆ بكه‌ن، ئه‌م هه‌رزه‌یییه‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ كه‌ ئه‌وان به‌هۆى په‌له‌كردنیانه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ سوچێكى ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیان، متمانه‌یان بۆ خه‌ڵك نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ تا بڕوا بكه‌ن هێزێك له‌ هه‌ناوى كۆمه‌ڵگه‌دا ماوه‌ وه‌ك دینامیك ده‌توانێ هه‌م هۆشیارى سیاسى پێشكه‌ش بكات و هه‌م بتوانێ له‌ خزمه‌ت ریفۆڕمى سیاسى و حوكمڕانى هه‌ڵسووڕێت، له‌ كاتێكدا له‌دایكبوونى حزب نه‌ له‌ خۆڕِایه‌ و نه‌ بۆ سووككردنى هه‌یبه‌ت و شكۆى سیاسه‌ت و كه‌سى دیاره‌.

سه‌رهه‌ڵدانى چه‌ند حزبێكى بچووك له‌مدواییه‌ له‌ سلێمانى، به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ شوێنه‌كانى تر نیمچه‌ ناسراویش بن، باشترین سه‌لمێنه‌ره‌ كه‌ ئه‌وانه‌ نه‌ك ته‌نیا حزبى لۆكاڵی ئۆنلاین، واته‌ ته‌نیا له‌رێى فیسبووكه‌وه‌ ناسراون، به‌ڵكو ته‌نیا حزبى سلێمانین.

AM:09:07:08/02/2018




ئه‌م بابه‌ته 270 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌