تابلۆ سیاسییه‌كه‌ ناشیرین بووه‌

سمكۆ محه‌مه‌د 

سه‌رقاڵبوونى میدیاى كوردى و عێراقى به‌ بابه‌تى هه‌ڵبژاردن و ناو و لیستى كاندیده‌كان، جارێك وه‌ك كۆمیدیا ده‌بینرێت، جارێكى تریش وه‌ك تراجیدیا، چونكه‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌ى خاوه‌نى بۆچوون و كه‌سێتى خۆى بێت، له‌لایه‌ك خه‌م له‌و لیستانه‌ ده‌خوات كه‌ به‌ یه‌كگرتوویى شكسته‌كانى رابردوو چاره‌سه‌ر بكه‌ن، له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ پێكه‌نینى به‌و فه‌زا خوڵقێنراوه‌ دێت كه‌ به‌هه‌موو حزبه‌كان كه‌لێنه‌كه‌یان بۆ پڕ ناكرێته‌وه‌ كه‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌كان خه‌ریكن گره‌وى وه‌به‌رهێنانى سیاسى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى ئادۆلۆجى خۆیان. 

ناچاركردنى خه‌ڵكى له‌ڕێى بڕینى كاغه‌زى بایه‌عى و خۆراك بۆ ئه‌وه‌ى بچن كارتى ده‌نگدان وه‌ربگرنه‌وه‌، فشارێكى ناشارستانییه‌ و له‌ هیچ شوێنێكى ئه‌م سه‌رزه‌وینه‌ به‌و شوێنانه‌یشه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌فه‌ریقان یان له‌ بۆرما یان باشوورى ئه‌مه‌ریكان، ئه‌م فشاره‌ نییه‌. له‌م ڕۆژانه‌دا بیستم ئه‌وه‌ى نه‌چێت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى كارتى ده‌نگدان واته‌ بایۆمه‌ترى، به‌شه‌ خۆراكه‌كه‌ى ده‌بڕن یان هیچ نه‌بێت كارى فه‌رمى حكوومه‌تى بۆ ناچێته‌ ڕێوه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ هه‌م كۆمێدییه‌ و هه‌م تراجیدی، كه‌ قه‌واره‌ و حزبى كوردى ئاستى ئه‌وه‌نده‌ نزم بێت، خه‌ڵك له‌ڕێى بڕینى به‌شه‌ خۆراكه‌وه‌ ناچار به‌وه‌ بكات بچن ده‌نگ بده‌ن، له‌ كاتێكدا خه‌ڵك به‌گشتى ئه‌وه‌نده‌ ئه‌زموونى ناخۆشى ده‌ره‌نجامى ده‌نگدان و كاندیدى بینیوه‌ كه‌ چۆن له‌سه‌ر حیسابى ده‌نگى خه‌ڵك ده‌وڵه‌مه‌ند بوون و دواتریش هیچ به‌هایه‌ك بۆ ده‌نگیان دانه‌نراوه‌، ئێسته‌ ئاماده‌ نین جارێكى تر ئه‌و ئه‌زموونه‌ دووباره‌ و چه‌ند باره‌ بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا نه‌ حزب و نه‌ قه‌واره‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى گشتى كوردستانى رێك نه‌كه‌وتوون.

تابلۆ سیاسییه‌كه‌ ناشیرین بووه‌ بۆیه‌ ناخوێنرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك و ده‌نگده‌ر به‌گشتى، بۆیه‌ ده‌نگیان به‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى دا، هه‌م وه‌ك ئه‌ركێكى نیشتمانى باجى جۆراوجۆریان دا، هه‌م وه‌ك هه‌وڵێكى شۆڕشگێڕانه‌ى سپى و ئاشتیخوازانه‌ بۆ رزگاربوون له‌و میحنه‌ته‌ى ده‌یان ساڵه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌كانى عێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر كوردستان به‌رده‌وام نه‌بێت، بۆیه‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئێسته‌ چۆن و به‌ چ هه‌قێك جارێكى تر به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى سیاسى عێڕاق بكرێت و ده‌نگده‌ریش سووته‌مه‌نى ئه‌و پڕۆسه‌ سیاسییه‌ شكستخواردووه‌ بێت؟، له‌ كاتێكدا ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ى به‌ربژار كراون و له‌ لیستى حزب و قه‌واره‌كانن، نه‌ك هه‌ر شایسته‌ى ده‌نگهێنان نین، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌شى زۆریان نه‌ناسراون له‌ناو خه‌ڵك، به‌ڵكو مافى ئه‌وه‌یان نییه‌ نوێنه‌رایه‌تى حزب و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بكه‌ن كه‌ كێشه‌ى دنیاى له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌، له‌ حاڵێكدا به‌شى زۆرى ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ى ره‌وانه‌ی پارله‌مانى عێراق ده‌كرێن، نه‌ك هه‌ر زمانى عه‌ره‌بى نازانن، بگره‌ شاره‌زاى كێشه‌ یاسایییه‌كانى كوردستانیش نین، تا بچن له‌وێ جه‌نگى په‌رله‌مانى بكه‌ن و چاره‌سه‌ر بۆ كێماسییه‌كانی رابردوو بكه‌ن كه‌ ده‌یان فه‌لته‌یان داوه‌ و وێنه‌ى كوردستانیان ناشیرین كردووه‌.

مه‌ترسی سه‌ره‌كى نه‌خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م تابلۆ ناشیرینه‌، ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، خه‌ریكن به‌ره‌و دواوه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ له‌ ڕووى فكرییه‌وه‌ فۆڕمه‌كه‌ى ئێسته‌ دیار نییه‌، ره‌نگه‌ له‌ ئاینده‌دا دیار بێت كه‌ چۆن هێزه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ سوننه‌ و شیعه‌وه‌ ده‌بن به‌ ئه‌لته‌رناتیفى سیاسه‌ت و هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌یش ده‌سڕنه‌وه‌ كه‌ به‌ خوێن و به‌ توانایه‌كى له‌ راده‌به‌ده‌ر بۆ كرانه‌وه‌ و رۆحیه‌تى لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان دراوه‌ له‌ كوردستان، بۆیه‌ ئه‌م بێئومێدییه‌ ده‌دركێنم، چونكه‌ ئه‌زموونى گه‌لانى ده‌وروبه‌رمان بینیوه‌ كه‌ بۆ هێنانى هێزى كۆنه‌په‌رست و شكست پێهێنانى عه‌لمانییه‌ت، په‌نا براوه‌ته‌ به‌ر زیندووكردنه‌وه‌ى فكرى ئاینى و دواكه‌وتوویى، بۆیه‌ ئه‌م تابلۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێسته‌یش به‌هۆى ناشیرینییه‌وه‌ نه‌خوێنرێته‌وه‌، سبه‌ى باشتر ده‌بینرێت كه‌ چۆن كورد له‌رێى هێزه‌وه‌ دۆڕا به‌ ئه‌وانى تر، ئاوهاش له‌ ئاستى فه‌رهه‌نگى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا جارێكى تر شكست دێنێت.

AM:09:41:02/03/2018




ئه‌م بابه‌ته 262 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌