له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌!

سمكۆ محه‌مه‌د 

ده‌ركه‌وتووه‌ ئیراده‌ى گشتى و ویستى گشتى له‌ مه‌نفه‌عه‌تى زۆرینه‌ى گه‌ل نییه‌، هاوكێشه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و سیاسه‌ت چۆنیان بوێ وا ده‌كه‌ن، به‌ مانا فكرییه‌كه‌یشى هه‌ڵوێستێكى گشتییه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ تووڕه‌بووندا بڕیارى به‌ په‌له‌ى له‌سه‌ر  ده‌دات  و دواتریش ده‌سته‌بژێر و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه‌ڵكى لێ وه‌رده‌گرن. به‌پێى تیۆرى پارسونز بێت كه‌ بیرمه‌ندێكى بوارى سیاسه‌ت و ناسیونالیزمه‌. پێی وایه‌ ئه‌وه‌ى هاوكارى میكانیكى ده‌كات بۆ ژیانێكى خۆشتر و ئه‌وه‌ش كه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ خوشگوزه‌رانى خۆى ده‌یكات، یه‌ك چوارچێوه‌یان هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ په‌راوێزى  هاوكێشه‌كه‌دا خۆگونجاندنى سیستمه‌ له‌گه‌ڵ خۆى كه‌ رێى جیاوازى ساخته‌كارییه‌ له‌ ویستى خه‌ڵك. هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ جارێكى تر ده‌بێته‌ هۆى نوێبوونه‌وه‌ى سیستمێكى تر كه‌ بۆ فه‌زاى گشتى دۆخێكى سایكۆلۆجى خراپ به‌رهه‌م دێنێ، بۆ ده‌سته‌بژێرى سیاسیش مه‌نفه‌عه‌تى ئابوورى، له‌سه‌ر بنچینه‌ى ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ش وه‌همى عه‌قڵى ئیراده‌ى گشتى و فه‌زاى گشتى بنیات ده‌نرێت كه‌ ده‌ره‌نجام په‌یمانى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌، به‌ڵكو بۆ سیاسه‌ته‌. 

شۆڕشه‌ به‌رده‌وامه‌كان به‌وانه‌یشه‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ى رابردوودا رێكلامى بۆ ده‌كرا، هه‌موویان یه‌ك خه‌ونیان بنیات نابوو، كه‌ بریتى بوو له‌ قوربانیدان بۆ ئامانجێك كه‌ خۆشگوزه‌رانی بۆ گشت بێت، كه‌چى به‌رده‌وامى بوو به‌ پڕكردنه‌وه‌ى كه‌لێنى سیستمێك بۆ سیستمێكى گه‌نده‌ڵتر، ته‌نانه‌ت بۆ ده‌سته‌بژێرانى رۆشنبیریش هه‌مان ستایلى داواكارى بووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ سیستمه‌كان به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت له‌ رێى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ خۆیان نوێ كردووه‌ته‌وه‌ بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان و لینكه‌ سیاسییه‌كانیان كه‌ ئاسته‌كه‌ى باڵاتره‌ له‌ لۆكاڵییه‌كه‌. 

ئه‌م دژكارییه‌ به‌ زۆر هاڕمۆنیی كراوه‌، فۆڕمێكى پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ جه‌وهه‌رى فاكته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌برى فاكته‌ سیاسییه‌كان دۆخه‌ گشتییه‌كه‌ دیارى بكات، ئه‌م سیناریۆیه‌ بۆیه‌ خۆى به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌ له‌ سه‌روه‌ختێكدا گوایه‌ سیاسه‌ت به‌ ته‌كنیكى مۆدێرن ده‌كرێت و بۆ ئینسانى پۆست مۆدێرنه‌، بۆیه‌ ناگونجێت، به‌و پێیه‌ى ئه‌گه‌ر وه‌همى دیموكراسى نه‌بێت بۆ پشتگیرى ئه‌و فه‌زا خوڵقاوه‌، ئه‌وا سیستمه‌كه‌ به‌ دژى خۆى ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌، ئه‌ویش قڵپكردنه‌وه‌ى پێناسه‌ ساخته‌كه‌یه‌ بۆ ئه‌و سیستمه‌ى كه‌ به‌ناوى به‌رجه‌سته‌كردنى خه‌ونه‌كانى به‌ر له‌ شۆڕش كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ى بۆ مافیاكانه‌، شۆڕشه‌ دژه‌ شۆڕشه‌كانى كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆى دروست كردووه‌، باشترین سه‌لمێنه‌ره‌. 

ئه‌وه‌ى له‌ رابردوودا بینیمان و ئه‌وه‌ى ئێسته‌ گه‌ره‌كمانه‌ به‌ وه‌هم بیگۆڕین، عێراقێكه‌ چاره‌نووسى له‌ ده‌ست تاك و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ده‌رچووه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا، تێكه‌ڵنه‌بوونى خه‌ڵكى باشوور له‌گه‌ڵ باكور و كورد و عه‌ره‌ب و شیعه‌ و سوننه‌ و هتد، وه‌همى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى درۆینه‌ كه‌ له‌ ده‌ستووردا نووسراوه‌ وه‌همێكه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز جێى ده‌بێته‌وه‌، له‌ كتێبێكى نه‌نووسراو و چاپنه‌كراو ده‌چێت، پێمان بڵێن بیخوێننه‌وه‌ تاقیكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵگه‌ى عێراق به‌هه‌موو شتێك تاقی كراوه‌ته‌وه‌ به‌ چانسى خۆى نه‌بێت، كورد له‌وان به‌دبه‌ختتر، عێراقیبوون به‌هه‌موو مانایه‌ك بۆ شیعه‌ له‌ باكورى عێراق و بۆ سوننه‌ له‌ باشوورى عێراق و بۆ كوردیش له‌ هه‌ردوو زۆنه‌كه‌، هه‌مان دیمه‌نى دووباره‌ن.
 
ئه‌گه‌ر سێ مانگ جارێك هه‌ڵبژاردن بكرێت، هیچ له‌و فه‌زا سیاسییه‌ ناگۆڕێت كه‌ له‌ هه‌ر زۆنێك ده‌رهه‌ق به‌ تایفه‌یه‌ك و بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌گوزه‌رێت، كه‌وابوو ئه‌وه‌ى له‌ رێى سیناریۆى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دیموكراسى كردووه‌ وه‌ك وه‌همێك له‌ زه‌ینى تاكى عێراقى و كورددا چاندووه‌، له‌ ده‌ره‌نجامه‌كه‌یدا به‌رهه‌مه‌كه‌ى وه‌رده‌گرێته‌وه‌ كه‌ دیمه‌نى پاش سیستمى ئه‌لیكترۆنى هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌رانسه‌رى عێراق نیشانی دا.  

PM:12:27:31/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 314 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌