كه‌ى دنیا نوێ ده‌بێته‌وه‌؟

سمكۆ محه‌مه‌د 

زیاتر له‌ 25 ساڵه‌ له‌رێى بیرمه‌ند و شاره‌زایانى بوارى ته‌كنه‌لۆجیا و ئابووریناس و بزنسمانه‌كانه‌وه‌ گوێبیستى نوێبوونه‌وه‌ى دنیاین، كه‌چى هیچ دیارده‌یه‌كى نوێبوونه‌وه‌ى به‌شه‌رى رووی نه‌دا، جگه‌ له‌ نوێبوونه‌وه‌ و گه‌شه‌ى ته‌كنه‌لۆجیا و سه‌رمایه‌ و ژیانى چینێك كه‌ جیاوازى ژیان و سیاسه‌تى خۆیان بۆ ژیانێكى له‌بارتر گۆڕیوه‌، راستییه‌كه‌ى نوێبوونه‌وه‌ نه‌ فۆڕمه‌ و نه‌ ئه‌و فه‌زا خوڵقێنراوه‌یه‌ كه‌ سیستم ریكلامى بۆ ده‌كات له‌رێى كۆمپانیاكانییه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌ركه‌وتووه‌ نوێبوونه‌وه‌ى دنیا ته‌نیا به‌ ته‌كنه‌لۆجیا و بیناسازى و سیاسه‌ت ناكرێت، چونكه‌ ئه‌مانه‌ كارى ده‌سته‌بژێرى پیشه‌سازیی و سیاسین. 

ئه‌وه‌ى دنیا نوێ ده‌كاته‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى به‌شه‌رییه‌ له‌رێى كولتوور و ئاین و قبووڵكردنى ئه‌ویتر و خوڵقاندنى ژیانێكى نوێ بۆ دابینكردنى سنوورێكى ئارام بۆ گشت، به‌و پێیه‌ى كه‌ زانیمان نه‌ ته‌كنه‌لۆجیا و نه‌ سیاسه‌ت جیاوازى چینایه‌تى ناكه‌ن بۆ ئه‌و سه‌رمایه‌ى تاك به‌ده‌ستى دێنێ، ئه‌وه‌ ته‌نیا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌توانێ له‌رێى نه‌ریت و ره‌فتارى جیاوازه‌وه‌ به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنى ره‌گه‌ز و چین و زمان و ئاین، ئیراده‌ بكات و نه‌وه‌كانى په‌روه‌رده‌ بكات و خۆ نوێ بكاته‌وه‌، تا لانیكه‌م ئه‌و ترسانه‌ له‌ زه‌ینى تاكه‌كان بسڕێته‌وه‌ كه‌ بووه‌ته‌ بابه‌تێكى كۆنكرێتی، به‌مه‌ش دنیا نوێ ده‌بێته‌وه‌.

له‌وه‌ته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى به‌شه‌رى هه‌یه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ى، كێشه‌ى هه‌ره‌ گه‌وره‌ نوێكردنه‌وه‌ى گوتارى ئاینیی و گونجاندنێتى له‌گه‌ڵ ژیانى سه‌رده‌م. له‌ رۆژئاوا دواى ئه‌و هه‌موو رێنیسانسه‌ به‌سه‌ر ئایندا، وا جارێكى تر خه‌ریكه‌ راسیزم و ئاینپه‌رستى سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وان پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گوتارى كۆن سابا له‌ هه‌ر بوارێك بێت، له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا ناگونجێت. له‌ حاڵێكدا هێزه‌ نهێنییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كار ده‌كات كه‌ نه‌ ده‌سته‌بژێرى سیاسى و نه‌ ده‌وڵه‌ت و نه‌ یاسا و سیستم، ده‌ره‌قه‌تى نایه‌ن. به‌ڵكو ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌رێى هۆشیارییه‌وه‌ ده‌توانێ كه‌ڵك له‌ ئه‌زموون وه‌ربگرێ و ئه‌و هه‌ڵانه‌ى رابردوو دووباره‌ و سه‌دباره‌ نه‌كاته‌وه‌، كێشه‌ى گه‌وهه‌رى ئاین ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ فێرى ئینسان بكرێ له‌گه‌ڵ یه‌ك مه‌عریفه‌دا گه‌وره‌ بێت و تێكست به‌ یه‌ك چاوى مێژوویى ببینێت، به‌ڵكو ده‌بێ ئه‌و گوتاره‌ جێگیرانه‌ بگۆڕێت بۆ بارێكى تر، بزانێ كه‌ كێشه‌ى به‌شه‌رییه‌ت به‌ مه‌زه‌و و ته‌ریقه‌ت و ماناكانى تر نییه‌، یان به‌ كێشه‌ى كه‌نیسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر نییه‌ و یه‌هوود ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خاوه‌نى دنیا بن. به‌و مانایه‌ى گه‌لى هه‌ڵبژێردراوى خودان له‌سه‌ر زه‌وین، ئه‌مه‌ قسه‌ى خۆیانه‌ و هیچى تر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ گرینگتر راستگۆیى و چاكه‌كارییه‌ ده‌رهه‌ق به‌ یه‌كتر. دنیا به‌مه‌ نوێ ده‌بێته‌وه‌، به‌وه‌ نوێ ده‌بێته‌وه‌ نه‌ك چاوه‌ڕوانى دابڕانى سیاسى له‌ سیستمێكه‌وه‌ بۆ سیستمێكى تر.  

نوێبوونه‌وه‌ى دنیا نزیكه‌، به‌ مه‌رجێك كۆمه‌ڵگه‌كان مه‌رجى ته‌عجیزى واته‌ رێگرى و بنبه‌ست بۆ یه‌كتر داده‌نێن، ئه‌ویش له‌ تێگه‌یشتن له‌ ماناكانى ژیان و گوتارى جیاوازى ئاینی بۆ خوداناسییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌. بۆ نموونه‌ به‌شێك له‌و نوێبوونه‌وه‌یه‌ ناسینى كولتوورى ئه‌وانیتره‌ بۆ ئاینه‌كان، چونكه‌ ئه‌مه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتى كۆمه‌ڵگه‌دایه‌ نه‌ك ده‌وڵه‌ت، تا به‌ یاسا و ده‌ستوور رێگرى لێ بكات و چاره‌سه‌رى بكات. 

ئه‌وه‌ى كێشه‌ى سیاسى و مه‌عریفه‌ى گه‌وره‌تر كردووه‌ و گرێكوێره‌ى دروست كردووه‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌، كولتوورى تێكه‌ڵى كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ له‌ شوێنێكدا له‌ یه‌كتر جودا ده‌بنه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام راسیزم و فاشیزمى ئاینى لێ به‌رهه‌م دێت. 

فتوادان و بڕیارى مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر یه‌كتر كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرى پیاوانى ئاینییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن، باشترین نموونه‌ن، شه‌ڕى ئاینى نێوان كاسۆلیك و پرۆتستانتى كۆن و شه‌ڕى بوزى و ئیسلامى بۆرما له‌منزیكانه‌ و شه‌ڕى مه‌ودا دوورى تا ئێسته‌ به‌رده‌وامى نێوان شیعه‌ و سوننه‌ى ئیسلام، روونكردنه‌وه‌ و هۆشیاركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ راستى بابه‌ته‌كان و خۆشگوزه‌رانى، به‌ قازانجى گشت و گۆڕین و نوێبوونه‌وه‌ى دنیایه‌، نه‌ك نوێبوونه‌وه‌ى سیستمى سیاسى. 

AM:10:27:25/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 386 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌