سمكۆ محه‌مه‌د
كه‌ركووك بۆ كێیه؟ ئه‌مه پرسیارێكى ساده نییه كه به‌ئاسانى وه‌ڵامى بدرێته‌وه، بۆیه ده‌بێ ئه‌م پرسیاره هه‌م ئاراسته‌ى خۆمانى بكه‌ین، هه‌م ئاراسته‌ى ئه‌و هێزه سیاسییه ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى بكه‌ین كه له دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه جارێكى تر به‌شدارن له پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقدا. تا كه‌ى گه‌مه به چاره‌نووسى خه‌ڵكێكه‌وه ده‌كه‌ن كه له ده‌ره‌وه‌ى به توندوه‌رگرتنى كێشه‌ى نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زه‌و، بڕوایان به پێكه‌وه‌ژیانه؟ كه‌چى به‌بیانووى ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140 و به‌بیانووى سیاسیی، رێ نادرێت خۆیان چاره‌نووسى خۆیان دیارى بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه چاره‌نووسیان له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا له به‌رده‌م مان و نه‌ماندایه له سایه‌ى سیستمى فیدراڵییه‌ك كه ده‌نگى بۆ دراوه و له ناوه‌ڕۆكیشدا به‌تاڵه.
نزیكه‌ى 15 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر باسى ئه‌وه‌م كردووه كه (كه‌ركووك ده‌بێ سیاسه‌تى تێدا یه‌كلا بكرێته‌وه، نه‌ك سیاسه‌تى تێدا بكرێت)، ئه‌م تێڕوانینه خه‌یاڵى نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ى تێگه‌یشتنێكى واقیعییانه‌یه له جه‌وهه‌ر و فۆڕمى كۆمه‌ڵایه‌تى شاره‌كه و شێوه‌ى پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ى كه فره‌یییه له مه‌زه‌و و نه‌ته‌وه و كولتوورى جیاجیا و رۆحى قبووڵكردن و لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیان، ئه‌مانه مێژوویه‌كى دووریان هه‌یه له‌و شاره‌دا، به‌ڵام كه سیاسه‌ت بۆ سڕینه‌وه‌ى ئه‌م كولتووره شارستانییه كار ده‌كات و گره‌و له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ى ئابوورى شارێك ده‌كرێت و خه‌ڵكه‌كه‌یشى ده‌بێته قوربانى ئه‌و سیاسه‌ته، مافى هه‌موو دانیشتووانه‌كه‌یه‌تى بپرسن كه‌ركووك هى كێیه و بۆ كێ ده‌بێت؟.
ناكرێ ئێمه رۆژانه شاهیدى ئه‌و دیمه‌نه خوێناوییانه بین كه به چه‌ندان شێوه ته‌قه‌مه‌نى له‌و شاره‌دا تاقی ده‌كرێته‌وه و جگه له یاده‌وه‌ری و ماته‌مگێڕان، هیچى تر به‌رهه‌م ناهێنێ، یان ته‌نیا له چوارچێوه‌ى هه‌واڵێك یان به‌رنامه‌یه‌كى میدیاییدا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت، ناكرێ ئێمه له چاوه‌ڕوانییه‌كى هه‌میشه‌ییدا بین و قه‌ده‌رى خه‌ڵكه‌كه‌ش بدرێت به ده‌ست ماده‌یه‌كى ده‌ستووری سڕكراوه‌وه كه مه‌حاڵه به‌و عه‌قڵه‌وه ئه‌م ده‌ستووره عه‌لمانییه جێبه‌جێ بكرێ، له كاتێكدا ئه‌و ماده ده‌ستوورییه چه‌ندان قۆناغى بڕى و هیچى لێ به‌رهه‌م نه‌هات، كه‌چى بۆمان نه‌بێ بپرسین ئه‌ى كه‌ركووك دواى ئه‌و هه‌موو قوربانییه مێژوویییه‌ى كورده‌كان، بۆ كێیه؟.
ئه‌گه‌ر ئه‌م شاره وه‌ك ئه‌وه‌ى ناوى لێ نراوه عێراقێكى بچووك و هه‌موو به نیفاقى سیاسییه‌وه شانازى پێوه ده‌كه‌ن، بۆ لێ ناگه‌ڕێن ئه‌و عێراقه بچووكه خۆى نموونه‌یه‌كى جوان له ده‌ره‌وه‌ى ململانێى سیاسى پێشكه‌ش بكات و شاره‌كانى تریش چاو له‌و ژیانه بكه‌ن؟ وه‌ختێك من باسى ئه‌وه ده‌كه‌م كه چاره‌نووسى شاره‌كه له ده‌ستى خۆیاندا بێت. مه‌به‌ستمه بڵێم تا ئه‌و متمانه‌یه له‌ناو پێكهاته‌كاندا ماوه و هێشتا نه‌ترازاوه و نه‌بووه‌ته قینێكى قووڵتر له به‌رانبه‌ر یه‌كتر بۆ داهاتوو، با كه‌ركووكییه‌كان خۆیان به له‌به‌رچاوگرتنى دۆخه سیاسییه‌كه، ئه‌گه‌ر بۆ كاتیش بێت، ئه‌لته‌رناتیڤێكى له‌بار بۆ شاره‌كه دیارى بكه‌ن له هه‌موو روویه‌كه‌وه. له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م پلانه كۆمه‌ڵایه‌تییه كه به‌بڕواى من له‌باره، هیچ پلانێكى تر ناتوانێ چاره‌سه‌رى ئه‌و دۆخه خوێناوییه بكات كه هه‌موو رۆژێك مه‌ترسیدارترین دیمه‌نمان پێشكه‌ش ده‌كات و هێزه سیاسییه‌كانیش به به‌یاننامه‌یه‌كى سه‌ركۆنه‌كردن كات به‌ڕێ ده‌كه‌ن.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ى هه‌ر دواخستنێك بۆ چاره‌سه‌رێكى یه‌كجاره‌كى كه‌ركووك، زه‌وینه بۆ ده‌یان ده‌ستى ناحه‌ز خۆش ده‌كات كه ته‌راتێنى تێدا بكه‌ن و رۆحییه‌ته‌كه‌یشى بكوژن، ئه‌م ئه‌لته‌رناتیڤه دیموكراسییه ئه‌گه‌ر قبووڵ نه‌كرێ، ئه‌ى ده‌بێ بپرسن ئه‌مه داواى كه‌ركووكییه‌كانه ئه‌گه‌ر قبووڵى ناكه‌ن، كه‌ركووك بۆ كێیه؟.
هێنان و بردنى سوپا و هێزى چه‌كدار له‌لایه‌ن كورد و حكوومه‌تى عێراقه‌وه كه پاشكۆى ئێران و ئه‌مه‌ریكایه و ئێسته توركیاشى هاتووه‌ته سه‌ر، گوایه بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ته‌ناهیی شاره‌كه‌یه و پارتیش گه‌ره‌كیه‌تى به‌خشكه‌یى بگه‌ڕێته‌وه تا شه‌عبییه‌ت له ده‌ست نه‌دات، ئه‌وه‌نده بیرۆكه‌ى توندوتیژى به‌رهه‌م هێناوه، ئه‌وه‌نده مه‌ترسى نه‌ڕه‌واندووه‌ته‌وه كه خه‌ڵك بڕوا به‌وه بكه‌ن به‌هێز یه‌كلا ده‌بێته‌وه، چونكه خه‌ڵكى شاره‌كه به‌هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه ماندووى ده‌ستى سیاسه‌ت و توندوتیژییه‌كانى پشتى سیاسه‌تن، به‌تایبه‌تى ئه‌و دیمه‌نه ناحه‌زانه‌ى له دواى رووداوى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه بینیویانه، وه‌ختێك ئه‌مه بانگه‌وازى ناڕاسته‌وخۆى خه‌ڵك بێت بۆ ئه‌وه‌ى له ناڕه‌حه‌تى رابردوو رزگاریان بێت و پشوویه‌ك بده‌ن، ئیتر ده‌بێ بپرسین ئه‌ى شارى كه‌ركووك چى لێ ده‌كه‌ن و بۆ كێیه؟.