موڕاهەنەی سیاسی

سمكۆ محەمەد 

چونكە مانایەك نەماوە بۆ چەمكی خەڵك، وەك هاووڵاتیبوون و ئینتیمای سیاسی بڕیار بدات، كەوابوو ئەم كۆمەڵە خەڵكە ئاساییە ببن بە كەرەستەی موڕاهەنە بۆ سیاسەت، وەك ئەوەی خەڵك لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەردوو حزبی باڵادەستی كوردستانی بن كە لە دەرەنجامدا پێچەوانەكەی راستە، بۆیە موڕاهەنەی دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنی زەرد و سەوزی هەرێمی كوردستان، شەرعییەتیان بەو گرەوە سیاسییە داوە كە ژیانی خەڵكی دەرەوەی قەوارەكانی خۆیان ئەم دۆخە ناجێگیرە قبووڵ بكەن، چونكە ئەوان باشترین كەرەستەن بۆ موڕاهەنەی سیاسی. 
لە دوایەمین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستاندا، هەریەك لە مستەفا چاوڕەش كە ئەندامی م. س یەكێتی و فازڵ میرانی سكرتێری م. س پارتی كە كێشەی سیاسییان لە نێواندا هەیە و گرێ دراوە بە عێراقەوە، كێشەكەیان گواستەوە بۆ كوردستان و موڕاهەنەیان لەسەر دۆخی ئیداریی خەڵك كرد كە لەژێر چنگیانە، بەڵام ئەمجارەیان بە ئاراستە ئەرێنییەكە، گوایە كاتی ململانێی سیاسی نییە لە نێوان هەردوو حزب، بەپێچەوانەوە دۆخەكە هی ئەوەیە كە باوی 50 بە 50 نەماوە لەلایەك، كاتی ئەوەش نییە چاوەڕێی ئەوە بكەین خەڵك چیمان بۆ دەكات، بەڵكو باوی ئەوەیە چی بۆ خەڵك دەكەین. 
راستییەكەی ئەمە موڕاهەنەیەكی نوێیە بەژیانی خەڵكەوە، چونكە بەر لەوەی هەڵبژاردن بكرێت، هەردوو حزب دەیانزانی دۆخی ئیداریی خەڵك خراپە و پێویستیان بە خزمەتە، بۆ خۆیشیان ئەمەیان پشتڕاست كردووەتەوە كە هەلی كار و خزمەت و ئارامی و گەڕانەوەی ژیانیان پێشكەش كردووە، نەك بیانخەنە دۆخێكی تری جەنگی ساردەوە كە لەسەر گەرمی فەزای هەڵبژاردندا رەنگ بداتەوە و دواتریش بەهۆی ژیانی رۆژانەوە ساردیان نەكەنەوە. 
رەهەندی پشت موڕاهەنەكەی پارتی و یەكێتی كە دەرەنجامی جەنگێكی نادیارە و لەلای خۆیشیان و خەڵكی شارەزایش دیارە، ئەوەیە بە خەڵك بڵێن ناچارین ئەم دۆخەش تێپەڕێنین و باجی سیاسیی گەرەكە كە بریتییە لە فشاری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، هەڵبەتە باجەكەش لەڕێی ئێوەوەیە وەك ئەوەی پێشتریش قبووڵتان كردووە، چونكە ئەگەر ئێوە نەبن، ئێمە ناتوانین زەمەن وەك زنجیرەیەك هەڵقە پێكەوە گرێ بدەین، وەك ئەوەی لە ساڵی 1991 تا ئێستە بەردەوامییان بە دەسەڵات داوە لەسەر حیسابی ژیانی خەڵك، ئەم رەهەندە و لێكەوتەكانی لە ئاستی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەیی و هتد. بۆ خۆیشیان خوێندنەوەیان بۆ كردووە بەر لەوەی لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەكانەوە بیبەخشن بە خەڵك و خەڵكی بەناو شارەزا لە سیاسەت بهێنن شرۆڤەی بۆ بكەن و مێشكی میلەتی پێ‌ ئاو بدەن، بەو مانایەی تێگەیشتوون كە خەڵك هۆشیارە، بەڵام قایلن بەم موڕاهەنە سیاسییە. 
ترس لە دوو هەرێمی، ترسێكە دەروونی هەموو كوردێكی گرتووەتەوە و نەیارەكانیش كاری بۆ دەكەن، نەك هەردوو حزب كە بە دوو ئیدارەیی بەقەولی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ناو نراوە، چونكە راستیی ئەم بابەتە ئەوكاتە دەردەكەوێت كە گرژی و ناجۆری دەكەوێتە نێوان پارتی و یەكێتی، بەتایبەتی ئەگەر ئێران و توركیا تەواو بێ هێز بن لە هەرێمی كوردستان و هەوڵی كردەنیی سیناریۆی جیاواز بدەن، بۆیە ئەم ترسەی كە رێی لە یەكگرتوویی كوردبوون گرتووە، هەمیشە هەڕەشەیەك بووە لە قەوارەی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی كوردی، بەو پێیەی هەردوو حزب هەر كاتێك ویستبێتیان یاخی بن لە ئێران و توركیا، ئەوا باجەكەیان داوە، كەوابوو ئەو موڕاهەنەیەی هەردوو حزبی دەسەڵات لەسەر دۆخی خەڵك دەیكەن، مافێكی سیاسیی خۆیانە، بەڵام مافێكی شەرعی نییە كە ئەوان خەریكن لەڕێی شەرعیترین دەسەڵات كە پەرلەمانە شەرعییەتی پێ بدەن، ئەویش سنوورداركردنی ژیانی خەڵكە.  


PM:03:02:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 369 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌