كار و كردەوە خراپەكانی پەكەكە، رۆژانە بووەتە مانشێتی میدیاكان و تەواوی خەڵكی ئێمەی بێزار و دووچاری دڵەڕاوكە كردووە بەوەی جارێكی تر مێژوومان لە دەستپێشخەری ئەو حزبە شەڕانگێزەوە، لاپەڕەی رەش تۆمار بكات. پەكەكە رۆژێك بۆڕیی نەوت دەتەقێنێتەوە و قووتی ئەو خەڵكە دەبڕن كە عێراق و ئێران و توركیا بە پیلان و لەبەر كوردبوون چەند ساڵێكە خستوویانەتە ژێر گوشاری برسیكردن، رۆژێكی تر لە سنوورەكانی ناو هەرێم رۆڵەی ئەم خاكە پیرۆزە شەھید دەكەن.
ئاخر بۆ رێزی ئەو كەمە هیوایەی كوردی سەرانسەری دنیا ناگرن كە هەرچی وڵاتی دوژمنە دەیەوێ تێكی بدات؟ با بپرسم تا ھەرێمی كوردستان دروست نەبوو، پەكەكە لە ھیچ سنوورێكی ھەرێم بوونی نەبوو، ئەوكات حزبەكانی باشوور و بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتیی بەرەیەكی فراوانی دەكرد بۆ رزگاریی نیشتمانی، پەكەكە لە سووریا لە خزمەتی ئەسەددا بوون.
ئەو خەباتە كە دواتر لە سایەیدا بەهاوكاری حزبەكانی تر راپەڕین رووی دا، پەكەكە بەدوایدا ھاتە سەر حازری و دەستی كرد بە جووڵە لە سنوورەكانی ھەرێمەوە، بەرەی كوردستانی لەبەر كوردبوونیان وەك خاوەن ماڵ مامەڵەیان لەگەڵ دەكردن، بەڵام پەكەكە ئەوەی بە ھەل زانی و لەبری سوپاس و پاداشتی ھەرێم، ھات شەڕی هەموو حزبە كاریگەرەكانی كرد لە بەرانبەر چاكەكانیان و پەنادانیان لەم نەوا ئازادەدا و گوێی نەدا بە خوێن و قوربانی دەیان ساڵەی ئێمە و گیانبەخشینی هەزاران رۆڵەی ئەو ھەرێمە بۆ ئەو كەمە ئازادییەی خاك، بۆیە دووركەوتنەوە لە رێی راستی خەباتیان كە باكور و 20 ملیۆن كوردە، لێرە چەكەكانیان روو لە كوردی باشوور كرد و سەدانیان شەھید كرد.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەردەوام بە زمانی كوردانە دەدوێت و دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە شەڕی براكان حەرامە و نابێت كەس ئەو رێیە تاقی بكاتەوە، بەڵام دیارە پەكەكە لای گرنگ نییە و بڕیاری خۆی داوە كە بەردەوام دەبێتە كێشە و رێز لە سەرەوەرییەكانمان ناگرێت، هەرچەندە حزبی ئایدۆلۆجی هەروایە و هیچیتر نابینێ خۆی نەبێ، بەڵام كورد بەهۆی ئەو هەموو دژە گەورانەی لە وڵاتان هەیەتی، حەق بوو بۆ ناوخۆ و هێڵەكانی خەبات و تێكۆشان، هەندێ تایبەتمەندی هەبێت.
بەڵام وا دیارە پەكەكە هیچ بەهایەكی كوردبوونی نەماوە و تەنیا دەیەوێ شەڕانگازییەكەی تێر بكات. ئەگەر ئەوان بۆ كورد تێدەكۆشن و ئێمە رەت دەكەنەوە، فەرموون شارەدێیەكی باكور رزگار بكەن تا ئەوكات رەوایەتییەكتان هەبێ بڵێن ئیدارەدانی هەرێم تێكدەدەین، مەیدانی شەڕی ئێوە ھەرێم نییە، بڕۆن ئەو شوێنە بكەنە مەیدان كە خۆتان بۆی دروست بوون و دڵی ئەو دایكانە بە جۆش بخەن كە ٤٠ ساڵە رۆڵەكانیان دەكەنە دیاری بۆ خەباتی باكور، هەرچی جۆری ئەشكەنجە و سڕینەوەیە تورك بەسەریان دێنێت و ئێوەش هاتوون شەڕەكەتان دەخەنە هەرێمەوە، بەڵام ئەمەیان ناچێتە سەر، چونكە تا ئێستە وەڵامی گێچەڵەكانتان نەدراوەتەوە و خەڵك تێگەیشتووە كە تاكلایەنە شەڕ دەفرۆشن، بەڵام هێشتا درەنگ نییە رێی باكوریش لە بەردەمتاندایە بۆ ئەوەی كەمێك لەو ناوبانگە زڕاوەی كوردیشی پێ ناشیرین دەكەن، جوان بكەنەوە.