(ده‌وڵه‌ت و به‌رپرسیاریه‌تی) ناونیشانی ئه‌و وتاره‌ی كه به‌خوێندنه‌وه‌ی ئاشنای ئه‌و ده‌رفه‌ته مێژووییه زێڕینه ده‌بن كه دیسان بۆ گه‌لی كوردمان ھاتووه‌ته پێش، بۆیه دوژمنان ئۆقره‌یان نه‌ماوه.
ده‌وڵه‌ت و به‌رپرسیاریه‌تی
ئه‌گه‌رچی چه‌مك و وشه‌ی ده‌وڵه‌ت له زۆر دیكۆمێنت و ده‌ستووری وڵاتان و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌كار ده‌ھێندرێت، به‌ڵام تا ئێسته وه‌ڵامێكی گشتگیر و دیاریكراو بۆ پرسیاری مانای وشه‌ی ده‌وڵه‌ت چییه، نه‌دۆزراوه‌ته‌وه. سیاسه‌تمه‌داران، یاساناسان و ئابووریناسان له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه پێناسه و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كه‌ن.
پسپۆڕان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن چه‌مكی ده‌وڵه‌ت له چوارچێوه‌ی چه‌مكه‌كانی (كۆمه‌ڵگا و وڵات و نه‌ته‌وه) دروست بووه، كه ھه‌ر یه‌كێكیان مانا و چمكی خۆی ھه‌یه. وه‌ك ده‌گوترێت ده‌وڵه‌ت (فێركردن، چاره‌سه‌ركردن، به‌رگریلێكردنه) . كه‌واته ده‌توانین بڵێین ده‌وڵه‌ت دامه‌زراوه‌یه‌كه پێكدێت له كۆمه‌ڵه ده‌زگایه‌كی سیاسی، ئابووری و یاسایی بۆ به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تكردنی میله‌ت به رێیه‌كی دروست.
تاكیش، جگه له ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی، دیله‌مۆی داگیرسێنه‌ری دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته. پێكھێنه‌ر و دروستكه‌ری كۆمه‌ڵگایه. دانیشتووانی وڵاتیشه به ماف و ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانیه‌وه. وه‌ك ئاشكرایه كورد و كوردستان له ١٥١٤ تا ١٩١٦ ژێرده‌سته‌ی داگیركاری ئیمپراتۆرییه‌كانی عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان بوون. ته‌نیا فێری كوشتن و بڕین كراین. كوردیان وێنا كرد و كردیانین به گورگ، گورگیش كه نه‌خۆشیش بكه‌وێ چاره‌سه‌ر ناكرێت، پێوێستی به به‌رگریش نییه، چونكه خۆی دڕنده‌یه. كه‌واته ژیانی ژێرده‌ستی له ١٥١٤ تا ١٩١٦ له‌ژێر سایه‌ی ئیمپراتۆرییه‌كان له به‌رپرسیاریه‌تی (فێركردن و چاره‌سه‌ركردن و به‌رگریكردن) به‌رانبه‌ر به گه‌لی كورد زۆر لاواز بگره ھه‌ر نه‌ش بووه.
له‌دوای ساڵی ١٩١٦ كوردستان دابه‌ش كرا به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی توركیا و ئێران و عێراق و سووریادا. له‌لایه‌ك بوونه ژێرده‌سته‌ی كه‌مالی ناسیۆنالیستی توركی، فێری سه‌ردانه‌واندن و گارسۆنی ریستۆرانته‌كان كراین، له‌جیاتی په‌روه‌رده و خوێندنی شارستانیانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌م، كه تاكی تورك تا ئه‌مڕۆش شانازییان پێوه ده‌كات. كوردی رۆژھه‌ڵاتیشمان ماوه‌یه‌ك بوونه ژێرده‌سته‌ی ره‌زا شای په‌ھله‌وی كوده‌تاچی، ماوه‌یه‌كیش كرانه قوربانی حوكمی شۆڕشی ئیسلامی خومه‌ینی كه فێری مه‌ستی و له‌بیربردنه‌وه‌ی پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و سه‌ركوتكردن ده‌كران. له جیاتی چاره‌سه‌ركردن و به‌رگریكردن، ھه‌ڵواسین و له سێداره‌دانیان پێشكه‌ش كردین و كردیانه به‌شێك له شێوازی ژیان و كولتوورمان. له ژێر حوكمی ده‌وڵه‌تانی سووریا و عێراقی فه‌یسه‌ڵییه‌كان و دواتریش حزبی به‌عس شۆڤێنی فێری جاشایه‌تی و ھه‌ستنه‌كردن به پرسیاریه‌تی كراین. له بری چاره‌سه‌ر و به‌رگریش كۆمه‌ڵكوژ و ئه‌نفال و كیمیاباران كراین.
راستییه‌كی حاشا ھه‌ڵنه‌گر ھه‌یه، گه‌لی كورد ھه‌رچۆنێك بێت له باشوور له سایه‌ی خۆینی شه‌ھیدان و ئه‌نفال و كیمیاباران توانیمان بگه‌ینه نیمچه سه‌ربه‌خۆیه‌ك، كه ئه‌مرۆ ھه‌موو تاكێكی دڵسۆز و عاقڵی كورد له ھه‌رشوێنێكی دنیادا بێت به ھه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانیه‌وه شانازی پێوه ده‌كات. چونكه عاقڵه‌كان تێده‌گه‌ن و ده‌زانن بێ ده‌وڵه‌تی واتا بێ شوناسی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، واتا ژێرده‌سته و ھاوڵاتی پله دوو ، واتا ژیانی سه‌ره‌مه‌رگی ھه‌ره‌ش و تۆقاندنی به‌رده‌وام جا له چوارچێوه‌ی ھێرشی راسته‌وخۆی داگیركردنی خاك و ده‌ستبردن بۆ شه‌رف و نامووس بێت یان شه‌ڕی ده‌روونی و پوكانه‌وه‌ی ھێواش ھێواشی سیاسی فاشیزمانه‌وه بێت.
هۆكاری نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له مێژوودا پێوه‌ندی به زۆر فاكته‌ری ناوه‌كی و ده‌ره‌كییه‌وه ھه‌یه.
له ناو زانستی سیاسه‌ت چه‌ند تیۆرێكی به‌ناوبانگ بوونیان هه‌یه له‌باره‌ی په‌یدابوون و دروستبوونی ده‌وڵه‌ت، وه‌ك : تیۆری ھاوپه‌یمانی و رێككه‌وتن، تیۆری ھێز و توندوتیژی ، تیۆری مادی (ماتریاڵی) تیۆری ئه‌ندامی (النڤریه العچویه) . تیۆری ئاینی و تیۆری باوكایه‌تی.
بیردۆزه‌ی (په‌یمانیه‌تی) دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه پێشكه‌وتنی سروشتی كۆمه‌ڵگا و به‌ستنی په‌یماننامه له نێوان هاووڵاتییان و كاربه‌ده‌ستان (سه‌ركرده‌كان) و وه‌لاوه‌نانی ناكۆكییه‌كان، ھۆكاری سه‌رھه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ته. ئه‌م بیردۆزه‌یه له‌لایه‌ن جان جاك رۆسۆ و جۆن لۆك و تۆماس گۆبیس دواجار پشتگیری لێ كراوه.
به تیۆری په‌یمان و ھاوپه‌یمانیه‌تی ناسراوه . تیۆری ھێز و توندوتیژی له لایه‌ن كارڵۆ كاوتسكی و لودڤیك گومپلۆڤیچ له پێشتریشدا ئه‌فلاتوون پشتگیریكاری ئه‌م جۆره بیردۆزه بووه. ئه‌فلاتوون پێچه‌وانه‌ی تیۆری په‌یمانیه‌تی لای وایه ده‌وڵه‌ت كاتێك دروست ده‌بێت و په‌یدا ده‌بێ كه گرووپێك یان قه‌بیله‌یه‌كی مامناوه‌ندی به‌هێز و پڕچه‌ك به شه‌ڕ خۆیان ده‌سه‌پێنن وه‌ك گرووپێكی گه‌وره‌و به‌هێز و كاریگه‌ر به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا. به تیۆری توندوتیژی ناسراوه.
تیۆری ماتریاڵی (مادی) كه له لایه‌ن ماركس و ئه‌نگڵس و لینینه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت, لایه‌ن وایه ده‌وڵه‌ت له ئه‌نجامی دروستبوونی چین و كڵاسی ناو كۆمه‌ڵگا سه‌رھه‌ڵده‌دات.
تیۆری ئه‌ندامی (ئۆرگانی) كه له‌لایه‌ن جۆرج سپێنسه‌ر و رێنه‌ی وێمس سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه ده‌وڵه‌ت ئۆرگانیزمه.
(گیانكه‌تیه)، پێوه‌ندی به‌رده‌وامی به‌شه‌كانه، ھه‌روه‌ھا بوونی پێوه‌ندی به‌رده‌وامی به‌شه‌كان و زینده‌وه‌ره‌كانی ناو كۆمه‌ڵگاشه. واتا ده‌وڵه‌ت به‌رھه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی (ئیڤالۆشنه)، كه له‌و بواره‌دا ته‌نیا ده‌وه‌ستێته سه‌ر ھه‌مه‌جۆری بایولۆجی ئیڤالوشن (گه‌شه).
تیۆری ئاینی و باوكایه‌تیش ھه‌ر یه‌كێكیان وه‌ك له ناوی تیۆرییه‌كانیاندا دیاره یه‌كێكیان ئاین ده‌كاته سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت و تیۆریی باوكایه‌تیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه دروست كراوه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ھیچ مانایه‌ك به ژیان نابه‌خشێت به‌بێ كۆمه‌ڵ و كۆلێكتیڤ. ده‌وڵه‌ت له‌رووی ئایدلۆجیا ئه‌وه به به‌رھه‌می خێزانی ده‌زانێ، سه‌رۆك وه‌ك باوك بۆ خێزان وێنا ده‌كات .
به وردبوونه‌وه له مێژوو و چۆنیه‌تی سه‌رھه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تانی دنیا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ له رێی ھه‌موو تیۆرییه و بیردۆزه جیاوازه‌كان ده‌وڵه‌ت دامه‌زراون و دروست بوون. پڕۆژه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ناو ھه‌موو تیۆرییه‌كاندا رۆیشتووه شكستی ھێناوه به‌ھۆی فاكته‌ری ده‌ره‌كی و فاكته‌ری ناوخۆییه‌كان، له پێش ھه‌موویان نه‌گه‌یشتن به كۆمپرامایس و سازان.
له سه‌رده‌می نوێ‌دا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌سه‌ر بنه‌مای زۆربه‌ی تیۆرییه‌كانی كه له سه‌ره‌وه باسمان كرد بۆ ئێمه ماڵوێرانی و له‌ناوچوونی خۆمانه، چونكه جگه له‌وه‌ی ھێز و لایه‌ن و حزب و ئاینی جیاواز له‌ناو كورددا بوونیان ھه‌یه، پرسه جیاوازه‌كانی نێوان ئه‌و ھێزانه له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه زۆر تۆخ كراوه‌ته‌وه. له‌باره‌ی بیرۆكه و بیردۆزه‌ی په‌یمان ھۆگۆ و جان جاك رۆسۆ و جۆن لۆك و دواجار بیر و بۆچوونی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی تۆماس گۆبیس كه ده‌چێته چوارچێوه‌ی ئه‌م بیردۆزه بۆ سه‌رھه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌م، رێی تێده‌چێت، كه زۆر دووپات له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و ھاوپه‌یمانیه‌تی خه‌ڵك ده‌كاته‌وه له پێناو ژیانێكی شایسته و وه‌ستانه‌وه دژ به پێشێلكردنی ماف و خراپ به‌كارھێنانی ده‌سه‌ڵات. زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تان به‌رھه‌می ئه‌م بیر و بۆچوونه‌ن.
نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له رووی زانستییه‌كه‌یه‌وه كامڵ نه‌بوونی ئه‌م مه‌رج و هۆكارانه‌یه كه زانایان كاریان له‌سه‌ر كردووه. له رۆژگاری ئه‌مڕۆشدا زۆر زانا و پسپۆڕی دیاری جیھانی ھۆكاری سه‌رھه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی نوێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ میتۆدی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی، ره‌خساندنی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌و وڵاته یان كۆمه‌ڵگایه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تانی زلھێزی دنیا و ھه‌رێمی ناوچه‌كه. خۆشبه‌ختانه كوردستان ھه‌نگاوی باشی ناوه له‌م رووه‌وه.
بنه‌ما و ھه‌نگاوه‌كانی تیۆری په‌یمان (رێككه‌وتن) ته‌واو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ‌دا گونجاوه و رێ‌یان تێده‌چێت. فه‌یله‌سووفانی سه‌ر به‌م بیردۆزه‌یه به تایبه‌تی له فكر و بیروبۆچوونه‌كان (جۆن لۆكه‌دا) ئه‌وه به‌دی ده‌كرێت خه‌ڵك به‌ھۆی ئه‌و بارودۆخه تایبه‌ته‌ی دێته پێشیان كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن و به حه‌ز و ئاره‌زووی خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن، په‌یمان ببه‌ستن و به‌یه‌كه‌وه بژین له‌ناو یه‌ك ده‌وڵه‌تدا، به‌ڵام به‌ره‌ی دووه‌م كه (تۆماس گۆبه‌س) رابه‌رایه‌تی ئه‌م بیروبۆچوونه ده‌كات كه له‌سه‌ر بنه‌مای دوژمنایه‌تی و شه‌ڕ بنیات نراوه. كورته‌ی ئه‌و بیروبۆچوونه (مانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانه ده‌وه‌ستێته سه‌ر یاسا و جێبه‌جێكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی دروست به‌رانبه‌ر به گه‌ل، له ئه‌گه‌ری خراپ به‌كارھێنانی ده‌سه‌ڵات، په‌یمانه‌كه ھه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، شۆڕشی سه‌ربه‌خۆیی روو ده‌دات و سیسته‌می سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌ڕووخێ و سیستمێكی سیاسی ده‌وڵه‌تی نوێ له‌دایك ده‌بێت).
كوردستان له ھه‌رێمێكی تازه دروست بوو، وڵاتێكی به‌شه‌ڕ و ماڵوێرانی ناوخۆدا رۆیشتوو، كۆمه‌ڵگایه‌كی عه‌شایری و دواكه‌توو، تاكێكی نه‌خوێنده‌وار و كه‌مئه‌زموون، ببێته ھه‌رێمێكی به‌ناوبانگ و حیساب بۆكراو له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و سه‌ربازی و وزه‌ی جیھانی، وڵاتێكی ئاوه‌دان و تازه پێگه‌یشتوو، كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌ره‌و كرانه‌وه و ھه‌وڵدان بۆ پێشكه‌وتن، تاكێكی سه‌ر پڕ له خه‌ون و ئاره‌زووی خوێندن و پێگه‌یشتن به زانست و تیۆرییه زانستییه‌كانی سه‌رده‌م، با ٢٦ ملیارد دۆلار قه‌رزدار بێت. ئاشكرایه له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو ده‌یان ھه‌زار پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری، ئاوه‌دانكردنه‌وه، بڕینه‌وه‌ی ده‌رماڵه بۆ خه‌ڵكی، كه نیوه‌ی ئه‌و ٢٦ ملیارد دۆلاره قه‌رزی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانه، دروستكردنی قوتابخانه و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان، رێگه‌وبان، ناردنه ده‌ره‌وه‌ی قوتابی و شاندكردنی فه‌رمانبه‌ر و خه‌ڵكی تر، دروستكردنی فڕۆكه‌خانه و به بازاڕكردنی نه‌وتی كوردستان له‌ناو بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیھانی بۆ یه‌كه‌م جار له مێژوودا، دابینكردنی ئاسایش و سه‌رفكردنی بودجه‌یه‌كی خه‌یاڵی بۆ ئه‌م بواره. ئه‌وه پاساو نییه بۆ كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵات و كه‌موكوڕییه‌كان، بێ ئه‌زموون و كه‌م شاره‌زا بووین، ده‌وڵه‌تداریمان نه‌كردبوو، رووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌ی گه‌وره و یه‌ك له‌دوا یه‌ك بووینه‌ته‌وه ھه‌ر له شه‌ری داعش و بڕینی بودجه و داڵده‌دانی دوو ملیۆن ئاواره و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و زۆری تر. زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان سوودبه‌خش بوون، ھه‌ندێك كه‌متر و ھه‌ندێك زۆرتر. به‌داخه‌وه یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له ھیچ شوێنێكی ئه‌م دنیایه نه‌ماوه.
زۆر ھه‌رێم و وڵاتی تری له دنیادا بوونیان ھه‌یه، دڵنیام ئاماده‌ن له پێناو ناساندنی پرسی گه‌ل و خاك و نیشتمانیان ١٠ جار با ٢٦ ملیارد دۆلار قه‌رزدار بن. چونكه ئه‌و ھه‌رێم و وڵاتانه تامه‌زرۆی سه‌روه‌ری و ناو و ناوبانگی نه‌ته‌وه‌كه‌یانن و پاتریۆتن، نیشتمانپه‌روه‌ر و دڵسۆزن. ده‌ژین بۆ سه‌روه‌ری نه‌ك بۆ خۆشگوزه‌رانی و كات به‌سه‌ربردن. كه‌واته لێره‌دا كێشه‌یه‌ك ھه‌یه له‌ناو وڵات و كۆمه‌ڵگای من، ده‌كرێت به‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه بگه‌ڕێینه‌وه رێڕه‌وی راسته‌قینه‌ی خه‌ونی له‌مێژینه‌مان كه سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌رییه.
ئێسته زیاتر له ھه‌موو كات باس له سه‌رده‌می گۆڕانكارییه گه‌وره‌كان ده‌كرێت. له بواری ئابووریدا دنیا رووبه‌ڕووی ته‌نگژه‌ی گه‌وره و مێژووی بووه‌ته‌وه. له رووی سیاسییه‌وه وه‌ك ده‌بینین و ھه‌ستی پێ ده‌كه‌ین دنیای دوای كۆرۆنا له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیستی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه و دووباره سه‌رھه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ی بنیات ده‌نرێته‌وه. خه‌بات له پێناوی چه‌سپاندنی حه‌ز و ئیراده‌ی كه‌سی ده‌گۆڕێت بۆ خه‌بات له پێناو چه‌سپاندنی حه‌ز و ئیراده‌ی میله‌تان.
ده‌وڵه‌تی عێراق ھیچ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی ده‌وڵه‌تی وه‌ك (فێركردن، چاره‌سه‌ركردن و به‌رگریكردن) چ له مێژوودا چ له كاتی ئێسته‌دا به‌رانبه‌ر گه‌لی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كردووه و نیازی جێبه‌جێكردنیشیان نییه. به‌رپرسیارییه‌تی فێركردن له عێراق نه‌ك به‌رانبه‌ر گه‌لی كوردستان، به‌ڵكو به‌رانبه‌ر به عه‌ره‌ب و خه‌ڵكی ناوچه‌كانی تری عێراق له نزمترین ئاستدایه. به‌رپرسیارییه‌تی به‌رگریكردنیش به‌تایبه‌تی به‌رانبه‌ر به گه‌لی كوردستان له سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش و ١٦ ئۆكتۆبه‌ر بینیمان. به‌رپرسیارییه‌تی چاره‌سه‌ركردنیش ده‌بینین له سه‌رده‌می سه‌رھه‌ڵدانی كۆڤید-١٩ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن و له ھه‌وڵی بڕینی قووتی خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌رانی كوردستاندان.
له‌سه‌ر بڕینی بودجه و راگرتنی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران كوردستان نابێت چیتر له‌لایه‌ن حكوومه‌ت و سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد بگوترێت جێی قبووڵ نییه، به‌ڵكو پێویستی به ھه‌ڵوێستی رژد و بریاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خێرا ھه‌یه. به پێچه‌وانه‌وه داواكاری و مافی كورد بچووكتریش ده‌كرێنه‌وه، كه بۆی ھه‌یه له قۆناخه‌كانی داھاتوو بریتی بن له گفتوگۆ و پرسی ھه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی ده‌ستووری ھه‌رێمی كوردستان و ھێزی پێشمه‌رگه.
زۆر گرینگه به‌ھه‌ر نرخ و شێوه‌یه‌ك بێت زۆرترین كه‌س و لایه‌ن له ھه‌نگاوه‌كانی داھاتووی سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد نزیك بكرێنه‌وه. به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان پێش به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كان بخرێن به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌نی. موزایه‌ده‌ی سیاسی به‌رپرس و لایه‌نه‌كان كۆتایی پێ بھێنرێت. ھه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی یاخیبووانه ره‌فتار ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ماف و داخوازییه ره‌واكانی گه‌ل، ده‌بێت سنووریانن بۆ دابنرێت، له ھه‌مان كاتیش‌دا ئازاد بكرێن چۆن حه‌ز ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ له‌مه‌وبه‌دوا بژین. ئه‌و پله و پۆستانه‌ی له عێراق و كوردستانیش له‌سه‌ر حیسابی گه‌لی كورد بوونه‌ته جێی تمووح و ھۆكاری موزایه‌ده، پێداچوونه‌وه‌یان پێدا بكرێت، به تایبه‌تی پۆستی سه‌رۆك كۆمار كه ده‌بینین چۆن كۆمه‌ڵێك كه‌سی به‌رپرسی ناو حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان له پێناو گه‌یشتن به‌و پۆسته رۆژانه خه‌ریكی موزایه‌ده و به لاڕێدابردنی پرسی كوردن. نابێت پله و پۆست و ماڵی دنیا ئاكار و ره‌فتاری په‌روه‌رده‌ی كوردیمان بگۆڕێت.
ئه‌مڕۆ خراپ به‌كارھێنانی ده‌سه‌ڵات له عێراقدا و ھه‌ست به به‌رپرسیارییه‌تی نه‌كردنی به‌شێك له تاكی كوردی و به‌رپرسه‌كانیشمان، كێشه‌ی كوردیان له پرسی ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌دا بچووك كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام كێشه‌ی كورد له عێراقدا له دیدی پسپۆڕانی بیانیش زۆر له‌وه گه‌وره‌تر و فراوانتره.
راستییه‌كه‌ی ھه‌ستنه‌كردن به به‌رپرسیارییه‌تی كێشه‌ی گه‌وره و سه‌ره‌كی به‌رده‌می گه‌لی كورده، ته‌نانه‌ت زۆر كه‌س و لایه‌نی بیانی به‌ناوبانگ نموونه‌مان پێ ده‌ھێنه‌وه، له‌وانه دیمیتری كیسێڵڤ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگای راگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تی (رووسیا ئه‌مڕۆ) له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا گوتی، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كانمان پێش به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان بخه‌ین و سیفه‌تی پاتریاتیزمی نه‌ما له‌ناو گه‌لی رووسدا، ئه‌وه وه‌ك گه‌لی كوردمان به‌سه‌ر دێت و بێ ده‌وڵه‌ت و به ژێرده‌سته‌یی ده‌مێنینه‌وه. راستییه‌كه‌ی ئه‌م دێڕه گوته‌یه راستییه‌كی تاڵ و ئازاربه‌خشه. ده‌بێت پاتریاتیزمی و ھه‌ستكردن به‌رپرسیارییه‌تی ببێته ئایدلۆجیای سه‌رده‌می گه‌لی كورد، به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان پێش به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كان بخرێت.
ئاشكرایه دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق له كۆندا وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد، له چوارچێوه‌ی تیۆری ھێز و توندوتیژی بووه، به‌ڵام عێراقی نوێ له چوارچێوه‌ی تیۆری ھاوپه‌یمانییه‌تی بووه.
ده‌وڵه‌تی عێراق له چوارچێوه‌ی بیردۆزه‌ی په‌یمان و ئه‌و ھاوپه‌یمانیه‌تییه‌ی له‌سه‌ری دامه‌زراوه له نێوان خه‌ڵكی ھه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكان و ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق (شیعه)، به‌رپرسیارییه‌تی (فێركردن، چاره‌سه‌ركردن و به‌رگریكردنی) له‌سه‌ر شانه به‌رانبه‌ر به گه‌لی كورد. مه‌رجی تیۆری په‌یمان، به‌رپرسیارییه‌تی و جێبه‌جێكردنی یاسایه، له ئه‌گه‌ر پێشێلكردنی ده‌سه‌ڵات كه چۆن ئێسته به‌غدا و لایه‌نی شیعه‌كان پێڕه‌وی ده‌كه‌ن دژ به خه‌ڵكی عێراق به گشتی و كورد و سوننه به تایبه‌تی، وه‌ك تۆماس ھۆبز ده‌ڵێت په‌یمانه‌كه ھه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ده‌وڵه‌تی نوێ له دایك ده‌بێت.
له‌دایكبوونی ھه‌ر ده‌وڵه‌تێكی نوێ كه بكه‌وێته سه‌رده‌می بارودۆخی كۆرۆنا، به ئایدلۆجیای ڤایرۆس (كۆرۆنا) بارگاوی ده‌كرێت. ته‌نانه‌ت ھه‌موو ده‌وڵه‌تانی دنیا له سه‌رده‌م و قۆناغی پۆست كۆڤید-١٩ به‌ناچاری پێڕه‌وی ئایدلۆجیای گونجاوی سه‌رده‌م ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیستی بۆ پاراستنی ھاونیشتمانییه‌كانیان و بووژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان .
ئایدولۆجیای ڤایرۆس به‌رپرسیارییه‌تی ده‌وڵه‌ت به‌رانبه‌ر به خه‌ڵك، له‌سه‌ر بنه‌مای (فێركردن، چاره‌سه‌ركردن، به‌رگریكردن) ھه‌روه‌ھا به‌رپرسیارییه‌تی میله‌ت به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌ت و نیشتمان له‌سه‌ر بنه‌مای پاتریاتیزمی و ناسیۆلیستی سه‌رده‌م بڵاو ده‌بێته‌وه.