وه‌زیری ته‌ندروستی

سه‌رباز ساڵح

له‌ كوردستان بژیت، رۆژ نییه‌ چیرۆكی ته‌زاندنی ناخ و ئه‌ندامێكی له‌شی كه‌سێكی نزیك یان دۆست نه‌بیستی به‌ هه‌ڵه‌ و نه‌زانی پزیشك یاخۆ به‌رچاوته‌نگییان و كه‌مبایه‌خییان بۆ گرنگی مرۆڤ به‌راورد به‌و بایه‌خه‌ زۆره‌یان بۆ ده‌ستكه‌وتنی داهات، به‌ واتایه‌كی گه‌وره‌تر كه‌رتی ته‌ندروستیی كوردستان جیا له‌وه‌ی بووه‌ به‌ بار به‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكه‌وه‌، هاوكات هه‌موو كۆڵانێكی پڕ كردووه‌ له‌ نۆرینگه‌ و بازرگانییه‌ك له‌و كه‌رته‌دا ده‌گوزه‌رێ، مه‌گه‌ر ته‌نیا وه‌زیری ته‌ندروستی ته‌حه‌مولی بیستنی بكات و رانه‌چڵكێ. بۆیه‌ ده‌یان رووداوی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌بیستی كه‌ هه‌موو خه‌ڵك پێی ده‌تاسێ، به‌ڵام وه‌زیر له‌ شوێنی خۆی ناجووڵێنێ.

ده‌مێكه‌ ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ قسه‌یه‌ك بكه‌م، یان هه‌ر جارێك كه‌ مرۆڤێك ده‌بینم به‌ده‌ست نابه‌رپرسیاریی پزیشكه‌وه‌ بووه‌ به‌ تۆپ و هه‌ریه‌كه‌ بۆ لای شه‌ریكێكی خۆی هه‌ڵی ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بڕێك پاره‌ی لێ به‌رداته‌وه‌. ده‌ڵێم خوایه‌ كه‌ی ئه‌م خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌ تایبه‌ت چینی بژارده‌ كه‌ پزیشك له‌و ئاسته‌دان، كه‌مێك به‌ هه‌ستكردن به‌ به‌پرسیارێتی پیشه‌كه‌یان و ژیانی مرۆڤ راده‌بن، تۆ هه‌ر چیرۆكی دڵته‌زێن ده‌بیستیت و به‌رده‌وام به‌ جۆری جیاواز و سه‌رسوڕهێنه‌رتر ده‌بیستیته‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز نایبیستی 10 پزیشك له‌ گرتووخانه‌دا بیبه‌نه‌ سه‌ر. ئه‌وه‌یش هه‌ر روو نادات چه‌ند به‌رپرسێكی بواره‌كه‌ ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌ و بڵێن به‌هۆی بێ توانایی ئێمه‌ یاخۆ بێ باكیمان به‌رامبه‌ر به‌رپرسیارێتییه‌كه‌مان ئه‌م هه‌ڵانه‌ تۆمار ده‌كرێن، بۆیه‌ ده‌چینه‌ ماڵی خۆمان و با خه‌ڵكی تر ئه‌و رۆڵه‌ ببینن.

خۆ ده‌ستكێشانه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌سێك كینه‌ی هه‌بێت به‌رامبه‌ر یه‌كی تر، نا به‌و مانایه‌ كه‌ وه‌زیر بزانێت كه‌سایه‌تییه‌كی گشتییه‌ و خه‌ڵك چاوه‌ڕوانییان لێی هه‌یه‌ جیاواز بێت و ژیان له‌و بواره‌دا بۆ پێشه‌وه‌ ببات، به‌ دیوێكی تردا، وه‌زیرێك خه‌می خه‌ڵك و ده‌ستكێشانه‌وه‌ له‌ خه‌یاڵیدا هه‌بێت، ئه‌ركی خۆی به‌ دڵسۆزی جێبه‌جێ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت و خزمه‌ت بكات، به‌ڵام له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ نه‌ خۆی خه‌می هه‌یه‌ و نه‌ لایه‌نێك هه‌یه‌ لێپرسینه‌وه‌ی لێ بكات نه‌ خه‌ڵك ناچاری ده‌كه‌ن ده‌ست بكێشێته‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌بیستی ده‌یان كه‌س پێكه‌وه‌ ده‌رزیی به‌سه‌رچوویان لێ ده‌درێت و نابینا ده‌كرێن، پزیشك تا هێزت تیادا بێ پاره‌ت لێ به‌فیڕۆ ده‌دات و پشكنینت پێ ده‌كات و دواتر ده‌ڵێ بڕۆ دووباره‌ی بكه‌وه‌ باش ده‌رنه‌چووه‌، یان ده‌تنێرێته‌ لای پزیشكێكی تری شه‌ریكی و ئه‌و ده‌ڵێ من ئه‌و تاقیگه‌یه‌ به‌ باش نازانم بڕۆ تاقیگه‌ی بی پشكنینی تر بكه‌ن. پزیشك 50 نه‌خۆش ده‌بینێت و كه‌س نییه‌ بڵێ تۆ ئه‌م هێزه‌ خودایییه‌ت له‌ كوێ هێنا هه‌ی قه‌ساب!. هه‌ر چوویته‌ ژووره‌كه‌ی دوای سڵاو سه‌یرت ناكات و ژماره‌یه‌ك ده‌رمانت بۆ ده‌نووسێ، ده‌بێت له‌ ده‌رمانخانه‌كه‌ی خۆی دیاری ده‌كات بیكڕیت، چونكه‌ به‌شی ده‌ده‌ن له‌و قازانجه‌ خه‌یاڵییه‌ی له‌ تۆی هاووڵاتی به‌رده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ مووچه‌كه‌ت بووه‌ به‌ چاره‌كێكی مافی خۆت.

باوكی هاوڕێیه‌كمان دوو مانگه‌ برینێك له‌ پشتیدا دروست بووه‌ و 20 هه‌زار دۆلاریان پێ خه‌رج كردووه‌، هێشتا پێیان نه‌گوتووه‌ چیه‌تی و هه‌ر پزیشكه‌ی ده‌رمانی جیاواز و دژ به‌ویتری بۆ ده‌نووسێ. ده‌یان نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ بۆ یاریده‌ده‌ره‌ هه‌ڵاتووه‌كانی وڵاتان كراوه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی كوردستان ده‌دۆشن به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كیان داخرابێت به‌هۆی سه‌رپێچییه‌وه‌، جیا له‌وه‌ی باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گرتووه‌ و یه‌ك پزیشكی پسپۆڕی تیادایه‌ و سه‌تان نه‌شته‌رگه‌ری ده‌كه‌ن. هێشتا له‌ ژووری پزیشك ده‌رنه‌چووی كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یشی بۆ دیاری كردووی كه‌ ده‌بێت بچیته‌وه‌ لای، چونكه‌ خۆی ده‌زانێ چاره‌سه‌رت ناكات، به‌ڵكو موشته‌رییه‌كی بۆ خۆی زیاد كردووه‌ و ده‌یه‌وێ بیكات به‌ مه‌عمیل و به‌رده‌وام بێته‌وه‌ لای. ئه‌مانه‌ و تۆش ده‌یان چیرۆكی ترت لایه‌ هه‌مووی ده‌بیستی و رۆژانه‌یش به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات، به‌ڵام نه‌ سزا هه‌یه‌ نه‌ ده‌ستكێشانه‌وه‌، ته‌نیا یه‌ك شت هه‌یه‌، ئه‌ویش گیرفانت پڕ بكه‌ و هه‌له‌ خوا داویه‌تی.

من گومانم نییه‌، به‌ڵكو له‌ یه‌قین نزیك بوومه‌ته‌وه‌ كه‌ بازرگانییه‌ك له‌ بواری ته‌ندروستی ده‌گوزه‌رێ رووی نه‌داوه‌ له‌ مێژوودا، ئه‌گه‌ر نا خێره‌ خه‌ریكه‌ له‌م وڵاته‌ ژماره‌ی ماڵ و نۆرینگه‌كانی یه‌كسان ده‌بن، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ چییه‌ لای دكتۆر نۆره‌ی گرتووه‌، تۆ ده‌زانی پزیشك هه‌یه‌ دوای چوار مانگ ده‌توانی بیبینی؟ ئه‌ی سه‌ندیكا و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی خه‌ریكی چین؟ ئایا په‌روه‌رده‌ نه‌كراون كه‌ چۆن به‌رپرسیارێتی راپه‌ڕێنن یان به‌شی خۆیان وه‌رده‌گرن و چاوپۆشی ده‌كه‌ن؟. خۆ ئه‌مه‌ی له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێ بابه‌تێكی وه‌ك گورچیله‌ فرۆشتن نییه‌ تا بڵێین یاسا قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌، نا لێره‌ مرۆڤ هه‌مووی بۆ فرۆشتنه‌ و بێ ئه‌وه‌ی ئاگای لێ بێت رۆژانه‌ پزیشك مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كه‌ن. باشه‌ كه‌ بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌م هه‌موو ده‌رمانه‌ به‌سه‌رچوو و پزیشكه‌ نابه‌رپرسه‌، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا كار ده‌كه‌ن و خه‌ڵك داده‌پڵۆسێنن، داناڕزێن به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرن؟.

سه‌رت سوڕ ده‌مێنێ نرخی مانه‌وه‌ی شه‌وێك له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی كوردستان گرانتره‌ له‌ مانه‌وه‌ له‌ هوتێلێكی حه‌وت ئه‌ستێره‌ی وڵاتێكی خۆش. ته‌نانه‌ت له‌ گرانترین هوتێلی كوردستان گرانتره‌. له‌و شه‌ویشدا پزیشك ناتبینێ، به‌ڵكو یاریده‌ده‌رێك دێت سه‌ردانی نه‌خۆشه‌كه‌ت ده‌كات، ئه‌ویش دوای سێ جار پاڕانه‌وه‌ لێی. له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی حكوومه‌ت پزیشكی پسپۆڕ خۆی به‌كه‌م ده‌زانێ ئه‌گه‌ر له‌ كاتی دیاریكراودا ده‌وام بكات، به‌ڵكو بۆ هه‌ندێك دۆخی تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ته‌له‌فۆن بیهێنن یان هه‌ر نایه‌ت رێنوێنی به‌ یارده‌ده‌ره‌كه‌ ده‌دات بێ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ی بینێبێت. ئه‌وه‌ی بینیومه‌ ده‌وام رۆژانه‌ هه‌شت سه‌عاته‌ و هه‌ر كه‌س له‌ شوێنی خۆی ده‌وام ده‌كات، به‌ڵام له‌ كوردستان زۆرینه‌ی پزیشك له‌ هه‌فته‌یه‌كدا دوو هه‌شت سه‌عاتی ده‌وام ناكه‌ن. باشه‌ حكوومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ داماوه‌ به‌ده‌ست پزیشكه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رێكی حاڵی خۆی ناكات.

ئه‌مانه‌م زۆرینه‌ی به‌چاوی خۆم بینیوه‌، بێگومان هه‌ركه‌سێك زۆرتری لایه‌ بیگێڕێته‌وه‌. ساڵی رابردوو چه‌ند رۆژێك خورانێك كه‌وته‌ له‌شمه‌وه‌ به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ چه‌ند شاره‌زایه‌ك سه‌ردانی پزیشكی پێستم كرد. ناچاری كردم بچم پشكنینی جگه‌ر بكه‌م، پشكنینه‌كانم هێنایه‌وه‌ چاره‌سه‌ری خورانه‌كه‌ی پێدام و بنبڕیش بوو، به‌ڵام گوتی تۆ ده‌بێ بچی بۆ دكتۆری جگه‌ر چونكه‌ كێشه‌یه‌ك له‌ جگه‌رت هه‌یه‌، رۆژی دواتر چوومه‌ لای دكتۆری مه‌به‌ست كه‌ به‌ ته‌له‌فۆن پێی گوت ده‌چمه‌ لای، ئه‌ویش زۆر پشكنینی پێ كرد و گوتی جگه‌رت كێشه‌ی نییه‌ به‌شی ئه‌وه‌ی ده‌رمانت بده‌مێ، به‌ڵام خوێنت كێشه‌ی تیادایه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ ته‌له‌فۆنی كرد بۆ پزیشكی دیاریكراو و بۆ رۆژی دواتر چوومه‌ لای ئه‌ویش، ژماره‌یه‌ك پشكینینی پێ كردم و خۆشبه‌ختانه‌ دوو پشكنینی تری نووسی له‌ هه‌ولێردا نه‌بوو، گوتی تا ئه‌وانه‌یش نه‌كه‌ی له‌ دهۆك و سلێمانی، نازانم چۆن چاره‌سه‌رت بكه‌م، لێره‌دا بێ تاقه‌تی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیم گوتم دكتۆر من گیانم خورا، خه‌ریكه‌ بڵێن تووشی شێرپه‌نجه‌ بووی. ئه‌مه‌ چییه‌؟ گوتی كاری تۆ لای ئێمه‌یه‌ لای پزیشكه‌كانی تر نه‌بووه‌ كه‌ چووی.

كه‌وتمه‌ پێوه‌ندی بۆ دهۆك و سلێمانی و ئه‌و پشكنینه‌ داواكراوانه‌ له‌وێش نه‌بوون، بۆیه‌ چووم بۆ سوید و له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به‌ پاره‌یه‌كی كه‌متر له‌وه‌ی كوردستان، هه‌رچی پشكنینی پێویسته‌ كردم، پزیشكه‌ سویدییه‌ سه‌ڕی سوڕما له‌وه‌ی من بۆ چوومه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌، ئاخر گوتی هیچت نییه‌ و له‌شیشت زۆر چالاكه‌، ناچار پشكنینه‌كانی كوردستانم پیشان دا، ته‌ماشای كرد و گوتی هه‌مووی هه‌ڵه‌یه‌. تۆ بیر بكه‌وه‌ خه‌ڵك حاڵی چۆنه‌ به‌ده‌ست كه‌رتی ته‌ندروستیی كوردستانه‌وه‌، خۆ سوێندخواردنی پزیشك زۆر گرنگتره‌ له‌ هی وه‌زیره‌كه‌یان، كه‌چی هه‌رچی به‌هایه‌ له‌و كه‌رته‌دا نییه‌، هه‌ڵبه‌ت من مه‌به‌ستم سیسته‌م و زۆرینه‌ی پزیشكانه‌، باسه‌كه‌ ئه‌و ده‌گمه‌نه‌ دكتۆرانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیارانه‌ و به‌ ویژدانه‌وه‌ پیشه‌كه‌یان موماره‌سه‌ ده‌كه‌ن.

بۆیه‌ له‌ وڵاتێكدا ئه‌وانه‌ روو بدات و تۆپه‌ له‌فاف و مه‌قه‌ست له‌ سكی نه‌خۆشدا به‌جێ بمێنێ، ره‌شكردنی چاره‌نووسی منداڵێك و ده‌ستبڕینیشی به‌ ئاسایی تێده‌په‌ڕێ، له‌ كاتێكدا ده‌بوو به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی ئاكرێ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی دهۆک و وه‌زیری ته‌ندروستی پێكه‌وه‌ ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌، نه‌ك بڵێن به‌ كشانه‌وه‌ی ئێمه‌ دۆخه‌كه‌ چاك نابێ, به‌ڵێ به‌ كشانه‌وه‌ی ئێوه‌ به‌رپرسی داهاتوو ناچاره‌ به‌ وردی ئاگای له‌ وردودرشتی بواره‌كه‌ی بێت.

PM:03:36:17/04/2017




ئه‌م بابه‌ته 24449 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌