دوو حەل


ماوەیەكی تر دوو ساڵ تەواو دەكەین بەدەم چاوەڕٍوانی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانەوە و هیچ لە ئاسۆوە دیار نییە كە كارا دەكرێتەوە. بەڵام ئێمەیش بیرمان لە هیچی تر نەكردووەتەوە وەك ئەوەی هەر ئەو رێگەیە هەبێت بۆ ژیان. پەرلەمان كە لە رۆژانی رابردوو مەسروور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان ئاشكرای كرد بەهۆی "بێلایەن نەبوونی" سەرۆكەكەی دووچاری ئەم چارەنووسە هاتووە،ئەوەش یەكلا بووەوە كە پەرلەمان بەو پێكهاتەی پێشوویەوە ئەزموون ناكرێتەوە. 

گۆڕان چووەتە خەیاڵی خۆپووچكردنەوە بە پیرۆزكردنی یوسف محەمەد و دروشمی یان یوسف یان سڕكردنی كوردستانی بەرز كردووەتەوە. پارتیش بانگەشەی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكات بە كەسایەتییەكی نوێ كە بێلایەنانە سەرۆكایەتیی بكات و لە ئاستی ئەو دامەزراوە گرنگەدا بێت. ئەوەی گۆڕان ملنانە بۆ رێگەیەكی مەترسیدار و دووركەوتنەوە و ناڕاستگۆییەتی لەگەڵ هەموو ئەو دروشمانەی حزبەكەی لەسەر دامەزراوە كە بریتی بوون لە موئەسەسات نەك شەخس. بەڵام لە نێوان ئەم دوو ئاراستەیەدا دوو حەل هەیە كە دەكرێ هانایان بۆ ببرێ تا كوردستان چیتر بە دیار كۆبوونەوەی بێ ئەنجامەوە، نائومێدیی زیاتر كەڵەكە نەكات.

حەلی یەكەم، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەگوێرە ماوە یاسایییەكەی چوار مانگی ماوە، خەڵك كە دوو ساڵ چاوەڕوانی حزبەكانیان كرد و هیچ ئەنجامێكیان نەدا بە دەستەوە، ئەم چوار مانگەیش چاوەڕێ دەكەن، تەنیا بەو مەرجەی واز لە كۆبوونەوە و نەخشەڕێگەی كاتكوشتن و پڕۆژەی حزبی بێنن، ماندوو بووین لە هەموو لێدوانە هاوشێوە و دووبارە، دەكرێ بڕۆن بەرەو هەڵبژاردن و ئاسۆیەكی تازە لە بەردەم ژیانی سیاسیی كوردستاندا بكەنەوە و دواتر حكوومەتی زۆرینە بێتە پێكهێنان، بەو پێیەی حكوومەتی بنكەفراوان و حزبی بەرنامە جیاواز ناتوانن تا سەر هەڵبكەن و فەشەلمان هێنا لەو جۆرەی بەڕێوەبردن.

هەڵبژاردن پێوەرێكی بێلایەنە و ئەنجامەكانی بۆمان روون دەكاتەوە خەڵك چییان دەوێ بۆ داهاتوو، بۆیە گرنگە حزبەكان پاڵپشتی حكوومەت بكەن و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان راسپێرن بۆ ئامادەكاری، خۆ ئەگەر لە كاتی خۆیشیدا ناكرێ، دەتوانن لە كۆتای ساڵدا ئەنجامی بدەن، رەنگە ئەوكاتە گونجاویش بێت بەهۆی لەبارەی كەشوهەواوە و ژمارەیەكی زۆرتری دەنگدەر بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان.

حەلی دووەم، دروستكردنی ئەنجوومەنی حوكم بۆ قۆناغی راگوزەری كوردستان تا ریفراندۆم و هەڵبژاردنی داهاتوو دێنە ئەنجامدان. ئەو ئەنجوومەنە بڕیارەكانی پابەندی بێت و حكوومەت بمێنێتەوە بۆ جێبەجێكردنیان تا كاتی دروستكردنی حكوومەتێكی نوێ.

دەكرێ ئەنجوومەنەكە لە 11 ئەندام پێك بێت بەپێوەری كورسیی پەرلەمان و كەسایەتیی نیشتمانیی و خەباتی حزبی. بۆ نموونە بۆ هەر 20 كورسیی پەرلەمان نوێنەرێك لەو ئەنجوومەنەدا هەبێت و لە زیادبوونی 15 كورسیدا لەو ژمارە دیاریكراوە، نوێنەرێكی تری هەمان لیست یان هاوپەیمانی لیستەكان بتوانن بچنە ئەنجوومەنەكەوە. بەو پێیە پارتی بە دوو نوێنەر، یەكێتی و گۆڕان هەریەكەیان یەك نوێنەر، ئیسلامییەكان بە هەموویانەوە یەك نوێنەر، توركمان و مەسیحی هەریەكەیان یەك نوێنەر، حزبی شیوعی و سۆشیالیست هەریەكەیان نوێنەرێك. دوو كورسیش هەبێت بۆ دووكەسایەتیی نیشتمانیی.

ئەم ئەنجوومەنە بارزانی سەرۆكایەتیی بكات و لەو حاڵەتەدا پارتی تەنیا یەك نوێنەری تری هەبێت لە ئەنجوومەنەكەدا، هەر بڕیارێكیان دا جێبەجێ بكرێت و وەك بەرزترین دەسەڵاتی قۆناغی راگوزەر سەیر بكرێت تا كوردستان لە چاوەڕوانی حزبەكان بێتە دەرەوە، بەڵام باشترە كارەكانی ئەنجوومەنی حوكم تا بەڕێوەچوونی ریفراندۆم و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت و هەموو چالاكییەكانیان چڕٍ بكەنەوە بۆ گەیاندنی كوردستان بە سەربەخۆیی. لەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردن و پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەتی نوێ، ئەنجوومەنەكە ئۆتۆماتیكی كارەكانی كۆتای پێ بێت.

ئەم دوو حەلە دوو رێگەچارەی بێلایەنی نیشتمانین و هیچ لایەنگیرییەكی تیادا نییە بۆ كەس، تەنیا هەوڵێكن بۆ دەركردنی كوردستان لەم چەقبەستوویییە. چونكە وا بڕوات و حزب چارەنووسی ژیان دیاری بكات، هەڵبژاردنیش ناكرێت و ریفراندۆمیش دەكەوێتە مەترسییەوە، ئاخر بە روونی هەندێك حزب لە دژی وەستاونەتەوە، ئیتر چۆن دەكرێ وا بێ خەم دابنیشین، رووداوەكان خێران و كات لە بەژەوەندیی كورد نییە، ئەگەر پەلە نەكات بۆ چارەسەرێكی نیشتمانیی كە من لەو دوو حەلەدا زۆر گەشبینم هەركامیان جێبەجێ بكرێت، پڕۆژەی نیشتمانین و هی هیچ حزبێك نابن، ئەمەش باشترین چارەسەرە بۆ ئەم قۆناغە و مەیلی خۆسەپاندنی هەر حزبێك.

سەرباز ساڵح




PM:12:02:10/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 7831 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌