مەیگەیەنن بە كاردانەوە

AM:09:49:14/06/2017 ‌

هاتنەدیی قۆناغەكانی سەربەخۆیی بە دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆم، كەوتە سەر رێڕەوی خۆی. سەیر لەوەدایە كورد هەیە گومانی هەیە لەو ئامانجە نەتەوەیییە و گومانەكانیشی بڵاو دەكاتەوە بۆ ئەوەی خەڵكی تریش ڤایرۆسەكەی وەربگرن. لەم نێوانەدا ململانێیەكی بەرەی نەتەوەیی كە پارتییەكان رابەرایەتیی دەكەن و بەرەی دژ بە نەتەوە كە گۆڕانخوازان كاری تێدا دەكەن، رۆژانە لە دەركەوتن و بەریەككەوتنی جیاوازدا بۆچوونەكانیان بەتایبەت هی گۆڕان گێچەڵی تیادایە، بەڵام گرنگە پارتییەكان بە تەحەمول بن و تووشی كاردانەوە نەبن، چونكە سەركەوتنی پرۆسەكە ئامانجەكە بەدی دێنێ و هەر وەستانێك لە رێگەدا زیان بە كوردستان دەگەیەنێ كە بەپێی مێژوو و سیاسەت و هەڵبژاردن، پارتی هێزی یەكەم و خاوەنیەتی.
لەوەتەی رۆژی ریفراندۆم دیاری كراوە، پارتی بە فەرمی و نافەرمی رای گەیاندووە كە نایەوێ ململانێ لەگەڵ كەس بكات، بەڵكو كار بۆ ئەوە دەكات هەمووان پرۆسەكە بە هی خۆیان بزانن و كوردستان پێكەوە ببەن بەرەو دەوڵەت، ئەمە لە راستیشدا هەروایە و كوردستانی سەربەخۆ هی هەموو دانیشتوویەكی كوردستان و ئەوانەیشە كە لە دەرەوەن بە هۆكاری جیاواز. بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان كە هەمیشە لە دواوە لەسەر رووداوەكان قسە دەكات و زۆرتر هێزێكی بەجێماوە لە رووی نەتەوەیییەوە، هەرگیز نایەت هاوئاهەنگی پرسە نەتەوەیییەكان بێت، بەپێچەوانەوە بۆ هەر قۆناغێك پاساو و بیانووی تازە دەهێننەوە و بازاڕكاری بۆ دەكەن. هەموو ململانێكان بۆ یەكەم بوون و جەماوەری زیاتر رەوایە و لە دەوڵەتیشدا جوانتر دەكرێن، بەڵام تكایە گێچەڵ مەكەن بەوانەی كار بۆ سەربەخۆیی دەكەن. ئەمە هیچ رەوایەتییەكی تیادا نییە، خۆ ئەگەر هەر بڕیارتان داوە دژی هەموو شتێك بن، هیوادارم بەرەی دەوڵەتی كوردستان تەحەمولیان زۆربێت و تووشی كاردانەوە نەبن.
چانسی گەورەی گۆڕان لەوەدا ئەوەیە، جەماوەرێكی دەست كەوتووە یەك پرسیاری نییە و لە تەمەنیدا سەعاتێكی دانەناوە بۆ بیركردنەوە تا بۆچوونی خۆی هەبێت، بەڵكو خوا پێی داون سەیری دەمی چەند گەنجێكی هەرزەكاری بزووتنەوەكە دەكەن و چییان گوت، ئیتر ئەوە دەكەن بە دروشمی خۆیان، واتە رۆڵی گوێزەرەوە دەبینن نەك بیركەرەوە و خاوەن بۆچوون. ئەگەر نا بەم نموونە سادەیە دەتوانی تێبگەی كە ئەم حەشاماتە هیچی پێنییە جگە لە گێچەڵ. 
دوو ساڵە ئەو حزبە كار لەسەر ئەوە دەكات كە ریفراندۆم ناكرێت و تەنیا موزایەدەیەكە پارتی دەكات بۆ بەرژەوەندی حزبی و لابردنی بابەتی لە سەرۆكایەتیی هەرێم لە بیری خەڵكی كوردستان، جۆرەها تیۆر و فەیلەسووفی شاشەیان لەم بوارەدا خستە كار، بەڵام دەركەوت راست ناكەن و رۆژی ریفراندۆم دیاری كرا، سەیر لەوەدایە كەس ناڵێ بۆ یاری بە هەستمان دەكەن، جەماوەرەكەی وەك خۆی تێناگا، بەرپرسەكانیشیان هەستی بەرپرسیارێتییان نییە بڵێن ئەم حەشاماتە كە دوامان كەوتووە، با راستگۆ بین لەگەڵی. 
بۆ من سەربەخۆیی گەورەترین بابەتە كە بە كوردستانم دەبەستێتەوە، هیچ پرسێكی تر نییە لە نزیكیشی بوەستێ ئەوەندە گرنگە، بۆیە تۆ هەر كەسێكیت و سەربە هەر بیروباوەڕێكی، ئەگەر هۆكار دەدۆزیتەوە بۆ ئەوەی كوردستان شكست بێنێت و بە ناچاری سەرشۆڕ بكاتەوە بۆ بەغدا، خۆ ئەگەر كوردیت و شەرم لە خۆت ناكەیت و دەڵێی پرۆسەكە فەشەل دێنێ، ئەوە شەرم لەو دەیان هەزار شەهید و قوربانییانە بكە كە خێزان نییە لە كوردستان بەری نەكەوتبێ، یان لایەنی كەم ئەوەندە روودار مەبە رووبەڕوو بڵێی ئەم دەوڵەتە تەنیا بۆ خزمەتی بارزانییە، چونكە لە داهاتوو لەوەشدا راستگۆ دەرناچی.
ئەگەر هۆكارەكەت ئەوەیە دۆخی گوزەران خراپە، راست دەكەیت منیش لەگەڵتدام، بەڵام ئەمە هیچ پێوەندی بەوەوە نییە ئەگەر فەشەل بێنی لە دروستكردنی دەوڵەت گوزەران باش دەبێ، وەرە با پێكەوە دەوڵەت بنیات بنێین و دوای گوزەرانی باشیش بكەین، ئاخر ناكرێ تێگەیشتنت بەشی ئەوە نەبێ كە لە دۆخی سەخت و خراپدا بەردەوام جێی بایەخی داگیركاران و دوژمنانین بۆ ئەوەی بە یەكجاری وێرانمان بكەن، بەڵام لە دەوڵەتدا ئەگەر گوزەرانیشت خراپ بێ،سنوورەكان و ئاسمانت پارێزراوە.
تۆ ئەگەر گومانت هەیە لەوەی ریفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەت بێ، گومانت لە كێ هەیە تووشی بەرپرسیارێتی مێژوویی بكە و بە كۆمەڵ دەڵێین بەڵێ، دواتریش هەر بە كۆمەڵ رێ نادەین ئەو رۆژە مێژوویییە بۆ هیچ مەبەستێكی تر بەكار بێ، پێكەوەبوون سەركەوتنەكە گەشاوەتر دەكات، بەڵام ناتەبایی دروستكردن دژی ئامانجی نەتەوەیی، هەرچەند لایەنی گێچەڵكەر هەمیشە فەشەل دێنێ، بەڵام بۆ براوەیش مانایەكی گەورە نادات، بۆیە بیری سیاسیی هەركەس و لایەنێك بۆ خۆی، دەوڵەت مەبەستن بەم ئامانجە پووچ و بچووكانەوە. ئاخر ئێمە چیمان دەوێت؟ مرۆ تووشی سەرسوڕمان دەبێ كاتێك دەبینێ كورد دژی سەربەخۆیی دەوەستێتەوە. ئەی شۆڕش بۆچی بوو و چەوسانەوە و ستەمی بەعس دژی كێ بوو؟ وردكردنی كورد بە ئێستەیشەوە لە توركیا و ئێران نەتورووژێنێ كار بۆ شكۆی نەتەوەییت بكەی، ئیتر دەبێ هەست بكەین هەر وجودت نەرێنییە.

سەرباز ساڵح