جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له 12ى ئابى 2017دا، راگه‌یه‌نراوێكى پێنج خاڵى له‌باره‌ى بارودۆخى كوردستان و پرسى ریفراندۆم ئاراسته‌ى راى گشتى و لایه‌نه سیاسییه‌كانى كوردستان كرد. راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى گۆڕان، به دیاریكراوى وه‌ڵامێك بوو بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانى تر كه له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ بارزانى، بڕیاریان له ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له 25ى ئه‌یلوولى ئه‌مساڵ داوه.
به شیكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ى له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا زه‌ق كراونه‌ته‌وه، ئه‌نجامێكى بنچینه‌ییمان له‌مه‌ڕ پێگه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌ویش به‌رده‌وامبوونى گۆڕانه له پێگه‌ى شه‌قامدا و وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بێ‌توانایى ئه‌و هێزه سیاسییه له خاوه‌ندارێتى پڕۆژه‌یه‌كى سیاسى. ئه‌وه یه‌كێك له‌و كێشانه‌یه گۆڕان له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنییه‌وه تا ئێسته نه‌یتوانیوه خۆى تێدا ده‌رباز بكات، مه‌به‌ستیش لێی ئه‌وه‌یه، گۆڕان نه‌یتوانى قۆناغى ره‌خنه‌ى سیاسى بۆ پڕۆژه‌ى سیاسى تێپه‌ڕ بكات.
سه‌ركردایه‌تیى گۆڕان كه شكستى هێناوه له خاوه‌ندارێتی كردن له هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى سیاسى یان ئابوورى بۆ به‌شداریكردن له دروستكردنى سیسته‌م و ئاراسته‌كردنى له هه‌رێمى كوردستاندا، بۆ شاردنه‌وه‌ى ئه‌و شكسته (شكست له به پڕۆژه‌كردنى حزبه‌كه)، ده‌یه‌وێت له رێى ختووكه‌دانى سۆزى خه‌ڵكه‌وه درێژه به مانه‌وه‌ى خۆى بدات، بۆ ئه‌وه‌ش میدیاى گۆڕان ئامرازى سه‌ره‌كى پشت پێبه‌ستن بووه، گوتارێكى میدیایى كه روو له عه‌تفى خه‌ڵك ده‌كرێت نه‌ك عه‌قڵى، ئه‌و گوتاره پێویستى به سه‌لماندنێكى لۆجیكى نییه، به‌ڵكو گرێ دراوه به ختووكه‌دان و سۆزى خه‌ڵكه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بینین گۆڕان ناتوانێ هیچ ئه‌نجامێكى ئه‌رێنی و كاریگه‌ر به‌ده‌ست بێنێت.
ئه‌و بارودۆخه‌ى گۆڕ‌انى تێكه‌وتووه، واته خۆ قه‌تیسكردن له گوتاردا و بێ‌توانایى له به پڕۆژه‌كردنى حزبه‌كه، بارودۆخێكى سه‌پاندووه، بزووتنه‌وه‌كه له پێگه‌ى شه‌قامدا بمێنێته‌وه، له بری ئه‌وه‌ى داخوازى و نیگه‌رانییه‌كانى خه‌ڵك و شه‌قام له چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى جیاجیادا (به‌پێى داخوازى و نیگه‌رانییه‌كان)، بۆ ناوه‌نده‌كانى دروستكردنى بڕیار بگوازێته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه هاوشێوه‌ى شه‌قام، دروشم و هوتاف له بازنه‌ى داخوازى و نیگه‌رانییه‌كاندا دووباره ده‌كاته‌وه.
ئه‌ركى بنچینه‌یى حزبى سیاسى، به پڕۆژه‌كردنى نیگه‌رانى و داخوازییه‌كانى خه‌ڵكه، نه‌ك دووباره‌كردنه‌وه‌ى نیگه‌رانى و داخوازییه‌كانى خه‌ڵك. ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ر حزبێكى سیاسى پێویست به به‌شداریكردنى راسته‌وخۆ له ناوه‌نده‌كانى دروستكردنى بڕیار له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كات. به مانایه‌كى تر، ئه‌وه‌ى حزبى سیاسى له بزاڤێكى كۆمه‌ڵایه‌تى جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه حزب له كۆتادا ده‌یه‌وێت به ده‌سه‌ڵات بگات و له رێى ده‌سه‌ڵاته‌وه، هه‌وڵى پراكتیزه‌كردنى پڕۆژه‌كانى ده‌دات.
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له هه‌ڵبژاردنى خولى سێیه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان (2009-2013) به 25 كورسییه‌وه، وه‌ك ئۆپۆزسیۆنێكى په‌رله‌مانى مایه‌وه و به‌شدارى له پێكهێنانى حكوومه‌تدا نه‌كرد، به‌ڵام دواتر له خولى چواره‌مى په‌رله‌ماندا به 24 كورسییه‌وه به‌شدارى له پێكهێنانى حكوومه‌تدا كرد، ئه‌وه‌ش به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى كه براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردن بوو. له راستیدا گۆڕان نه له ماوه‌ى 2009-2013دا ئۆپۆزسیۆنێكى خاوه‌ن پڕۆژه و نه له ماوه‌ى به‌شداریكردنى له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌سه‌ڵاتێكى خاوه‌ن پڕۆژه بوو. بۆ نموونه، ئه‌و هێزه سیاسییه له ماوه‌ى چوار ساڵ ئۆپۆزسیۆنبوونیدا، وێڕاى ئه‌وه‌ى 25 كورسیى په‌رله‌مانى هه‌بوو، ئه‌وه جگه له كورسییه‌كانى تر‌ى دوو هێزه ئیسلامییه ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ى تر، به‌ڵام به چوار ساڵ نه‌یتوانى بچووكترین پڕۆژه بۆ راسته‌ڕێكردنى دۆسیه‌یه‌كى وه‌ك به‌ڕێوه‌بردنى داهاته‌كان یان به‌شێك له داهاته‌كان گه‌ڵاڵه و پێشكه‌ش به په‌رله‌مان بكات، كاتێكیش به‌شدارى له كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكوومه‌تدا كرد، به‌هه‌مان شێوه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له خاوه‌ندارێتى هیچ پڕۆژه‌یه‌كى روون و ئاشكرا بۆ رێكخستنى كه‌رته‌كان.
گۆڕان له سه‌ره‌تاى پێكهێنانى كابینه‌ى هه‌شته‌م تا سه‌روه‌ختى دوورخستنه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى له حكوومه‌تدا، به‌هۆى بێ‌توانایى له به پڕۆژه‌كردنى گوتاره‌كانى، زیاتر وا ده‌رده‌كه‌وت ئۆپۆزسیۆنێكى حكوومه‌ت بێت نه‌ك به‌شدارێكى كارا له‌ناو حكوومه‌تدا! ئه‌وه هۆى نیگه‌رانییه‌كى به‌رفره‌وان بوو له ئاستى هێزه به‌شداره‌كانى تر‌ى حكوومه‌تدا.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ دواین راگه‌یه‌نراوى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له 12ى ئابى ئه‌مساڵدا و به وردبوونه‌وه له خاڵه‌كانى تێده‌گه‌ین، گۆڕان به ئێسته‌یشه‌وه ناتوانێت گوتاره‌كانى خۆى له چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى دیاریكراودا گه‌ڵاڵه و به‌رجه‌سته بكاته‌وه. لێره‌وه پێویست ده‌كات هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر خاڵه‌كانى ناو راگه‌یه‌نراوه‌كه بكه‌ین.
خاڵه‌كانى یه‌كه‌م و دووه‌م پێوه‌ستن به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه و پێكهێنانى سندووقى داهاته نه‌وتى و گازییه‌كان له كوردستاندا. ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌وه هه‌بێت، به ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه گرێ دراوه و به‌پێى راگه‌یه‌نراوه‌كانى حكوومه‌ت، پێ ده‌چێت له نزیكترین ده‌رفه‌تدا و پاڵپشت به‌و ئه‌نجامانه‌ى له سیسته‌مى بایۆمه‌ترى ده‌ست كه‌وتووه، سیسته‌مى نوێى مووچه له كوردستان بێته كایه‌وه. گۆڕان ده‌یه‌وێت وای نیشانی بدات "به‌هۆى پاڵه‌په‌ستۆ و راگه‌یه‌نراوه‌كانى ئه‌و"ـه‌وه، گۆڕانكارى له سیسته‌مى دابه‌شكردنى مووچه‌دا ده‌كرێ.
هه‌رچى پێوه‌ست بێت به پێكهێنانى سندووقى داهاته نه‌وتى و گازییه‌كان، له‌ڕووى یاسایییه‌وه له ساڵى 2015دا ئه‌و یاسایه له په‌رله‌مانى كوردستاندا په‌سند كرا، به‌پێى یاساكه ده‌بوو له ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا ناوى كاندیدانى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى سندووقه‌كه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكرێت و په‌سند بكرێن، به‌ڵام به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتنى حزبه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌كانى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى سندووقه‌كه، له‌ناویاندا "بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كگرتووى ئیسلامى"، نه‌توانرا له‌كاتى دیاریكراودا ناوى كاندیده‌كان بۆ په‌رله‌مان به‌رز بكرێنه‌وه تا ئه‌وكاته‌ى په‌رله‌مان له‌كار كه‌وت و به‌و هۆیه‌یشه‌وه ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى سندووق دانه‌نرا.
ئه‌گه‌ر هێزه سیاسییه‌كان له‌ناویاندا گۆڕان و ئیسلامییه‌كان له سه‌ره‌تاوه پێداگیرییان له‌سه‌ر پشكى خۆیان له سندووقه‌كه نه‌كردایه، یان به رێككه‌وتن بگه‌یشتنایه بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌كان، ئێسته ده‌مێك بوو ئه‌و سندووقه له كوردستاندا كارا بووبوو، به‌داخه‌وه "شه‌ڕ و ململانێ له‌سه‌ر پۆست" رێگرى كرد له‌وه‌ى سندووقه‌كه له‌كاتى دیاریكراودا پێك بهێنرێت.
خاڵێكى زۆر گرنگ هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه گۆڕان له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا و به‌رده‌وام له رێى گوتاره میدیاییه‌كانیه‌وه، باس له به‌رجه‌سته‌كردنى شه‌فافیه‌ت له داهاته‌كانى نه‌وتدا ده‌كات، به‌ڵام گوتارى شه‌فافیه‌ت ناتوانێت هیچ به هیچ بكات، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه ئه‌ركى گۆڕان و حزبه سیاسییه‌كانى تره له رێى پڕۆژه‌ى تایبه‌ته‌وه چوارچێوه‌یه‌ك بۆ به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ى شه‌فافیه‌ت مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام گۆڕان دیسان له‌و رووه‌یشه‌وه ده‌ستكورت بووه.
خاڵه‌كانى پێوه‌ست به ریفراندۆم له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا، پێداگیرییه له‌سه‌ر داواكارى بۆ دواخستنى ریفراندۆم و پاشان خستنه به‌رده‌ستى په‌رله‌مانى كوردستان. داواكارى بۆ دواخستنى ریفراندۆمن به‌بێ دیاریكردنى هیچ ماوه‌یه‌كى زه‌مه‌نى و هاوكات به‌بێ هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى ئایا دواتر رێگری له ئه‌نجامدانى ناكرێت، به‌ته‌واوه‌تى جێى گومان و تێبینییه. جگه‌له‌وه‌ش، پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا (ده‌رفه‌ت)ێكى تر بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم دێته پێشه‌وه؟ ئه‌وه به ره‌چاوكردنى كۆتاهاتنى شه‌ڕى داعش، هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخه‌ى له سووریا و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه و له‌پاڵ بارودۆخى ناوخۆیى عێراق كه هه‌موو ئه‌وانه به‌سه‌ریه‌كه‌وه ئێسته ده‌رفه‌تێكیان ره‌خساندووه كورد بتوانێت ریفراندۆم بكات، ئایا ئه‌و ده‌رفه‌ته له كیس ناده‌ین؟
له راستیدا داواكارییه‌كانى دواخستنى ریفراندۆم به هه‌ر پاساوێك، جێى گومان و پرسیاره، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پاساوه‌كان نالۆجیكى بن، هێنده‌ی تر گومانه‌كان زیاتر ده‌بن. بۆ نموونه، یه‌كێك له پاساوه‌كان ئه‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى پشتیوان نییه، به‌ڵام ئه‌وه روونه كه ئه‌سته‌مه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى راسته‌وخۆ پشتیوانى بكات، چونكه كۆمه‌ڵێك حیسابى یاسایى و سیاسى هه‌یه، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مرى واقیعدا ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بڕیارى تاكلایه‌نه‌ى راگه‌یاندنى فیدراڵى و پێكهێنانى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێم له پاش راپه‌ڕینى 1991 كرد، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وكات سه‌ركردایه‌تى سیاسى هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى پێوه‌ست به راگه‌یاندنى فیدراڵى نه‌نابایه، ده‌بوو ئه‌مڕۆ كار بۆ راگه‌یاندنى فیدراڵییه‌ت بكات، به‌دڵنیایییه‌وه نه‌ده‌گه‌یشته ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى.
خاڵێكى تر پێوه‌ست به گوتاره‌كانى گۆڕان له‌باره‌ى شێوازى بڕیاردان له ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له كۆبوونه‌وه‌ى حزبه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ بارزانى، ئه‌وه‌یه كه به ئێسته‌شه‌وه گۆڕان گوتارێكى وه‌ها ئاراسته ده‌كات كه ئه‌و بڕیاره‌ى له كۆبوونه‌وه‌ى 17 حزبى سیاسی‌دا دراوه، بڕیارێكى تاكلایه‌نه‌یه، به‌ڵام له‌و لۆجیكه ناپرسێته‌وه، ئایا سه‌پاندنى بڕیارى دواخستنى ریفراندۆم له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه و به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانى تردا، تاكلایه‌نه نییه؟!
ئه‌و هه‌ڵوێستانه نیگه‌رانى دروست ده‌كه‌ن و زۆر ئومێدبه‌خش نین، به‌ڵام به هه‌موو ئه‌و نیگه‌رانییانه‌شه‌وه، هێشتا كات ماوه و ده‌رفه‌تێكى كراوه له به‌رده‌م هه‌موواندا هه‌یه بۆ وه‌لانانى به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كان و هه‌نگاونانێكى پێكه‌وه‌یى له پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و دیاریكردنى چاره‌نووسى گه‌لى كوردستاندا.