سه‌رباز ساڵح
ته‌نیا پێنج رۆژ ماوه بۆ ده‌نگدان و تۆماركردنی مێژوویه‌كی نوێ كه تیایدا خه‌ڵكی كوردستان به دنیا ده‌ڵێ نامانه‌وێ سه‌ربه عێراق بین و سه‌ربه‌خۆیی به شیاوی خۆمان ده‌زانین. ئه‌مه جیا له‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتێكی یاسایییه, له رووی لۆجیكیشه‌وه هه‌ر رێی تێناچێ كوردستان سه‌ربه عێراق بێت, به‌و پێیه‌ی له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئێمه پێشكه‌وتووترین له‌وان و كورد شیاوتره له عه‌ره‌بی عێراق بۆ چوونه ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له رووی مرۆییشه‌وه ئێمه لێبوورده و خاوه‌ن به‌هاترین له‌وان. ئه‌ی كه‌واته له‌م پێنج رۆژه‌دا چی ماوه بیكه‌ن و چۆن ئه‌و دڵه‌ڕاوكێیه تێپه‌ڕێنین كه له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌نجامنه‌دانی ریفراندۆمه‌وه هه‌مووانی گرتووه‌ته‌وه.
دڵه‌ڕاوكه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌یه ماوه‌ی دوو مانگه به چڕی زۆرینه‌ی دانیشتوانی كوردستان و كوردانی تاراوگه‌یش، كار ده‌كه‌ن بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و گۆڕینی ئه‌و نائومێدییه‌ی لایه‌نی كه‌م سێ ساڵه ناو خۆمانی گرتووه‌ته‌وه و هیچ وشه‌یه‌كی تازه‌ی سیاسیی تیادا نییه، بۆ ئومێد و حه‌ماسێكی به‌هێز بۆ داهاتوویه‌كی گه‌ش. ئه‌مه هه‌روا نه‌هاتووه، به‌ڵكو به‌رهه‌می هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سه‌تان هه‌زار خه‌ڵكه‌یه كه له گوتاره‌كانی بارزانیدا رۆژانه ئاماده ده‌بوون و ئه‌و میله‌ته‌ی كه‌سی نییه سته‌می عێراقی به‌رنه‌كه‌وتبێ، ترسی ئه‌وه دایگرتووین سه‌ركردایه‌تی كورد ئه‌م هه‌سته پاكانه وه‌لا بنێن و له‌به‌ر چه‌ند هه‌ڕه‌شه و لێدوانێكی میدیایی كه زۆرینه‌یمان تێپه‌ڕاند و هیچ نه‌بوون، ریفراندۆم دوا بخات. یان به‌هۆی ئه‌و ترسه‌ی كه هێشتا نه‌یهێشتووه بچینه ناو مێژووه‌وه، بێهۆ دوای بخه‌ن و متمانه‌مان به‌خۆمان نه‌بێ.
بڕیارێكی وا بدرێت وه‌ك بارزانی له كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كانیدا ده‌یگوت، "له رابردوو هه‌ڵه‌مان كردووه چووینه‌وه به‌غدا و چیتر ئه‌و هه‌ڵه‌یه ناكه‌ینه‌وه". به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان دواخستن به‌بێ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و به‌دیله‌ی سه‌رۆك داوای ده‌كات كه به‌تێگه‌یشتنی من كاتێكه بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به‌بێ ریفراندۆم و ژماره‌یه‌ك وڵاتی دیاریكراویش واژوویان له‌سه‌ر كردبێ، هاوكات رازیبوون به‌و قسه سووكانه‌ی دیپلۆماتكار و وه‌زیرانی وڵاتان كه بڵێن گفتوگۆ بكه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ر هه‌ڵه نییه به ته‌نیا، بگره شكستێكه بۆ كورد نه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی سیاسیی له‌خۆیانه‌وه ده‌ڵێن تا 100 ساڵی تر ده‌رفه‌ت نایه‌ته‌وه، بگره جارێكی تر باسكردنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێت به شه‌رم بۆ كورد و كه‌سیش متمانه‌ی پێ ناكات، ته‌نانه‌ت كورد خۆیشی متمانه به خۆی ناكات. سه‌یركه‌ن سه‌ربه‌خۆبوون ئه‌و میله‌ته ناڕازییه‌ی سێ ساڵی رابردوو، ئێسته شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات و زۆر به شه‌وقه‌وه باوه‌شی كردووه‌ته‌وه بۆ چاوه‌ڕوانی هه‌ر نه‌هامه‌تییه‌ك به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه بۆی بێت، تكایه له نائومێدی مه‌كه‌ن، چونكه ئه‌م جاره بكه‌وێ، به دنیا راست نابێته‌وه.
سه‌ربه‌خۆیی، نه‌وه‌ی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپه‌روه‌ری 1975یشی گه‌نج كردووه‌ته‌وه كه به‌هۆی پیلانی وڵاتانه‌وه ئاواته‌كه‌یان له گۆڕ نرا و به قوڕپێوان روویان كرده وڵاتان، تكایه جارێكی تر خۆڵ مه‌كه‌ن به‌سه‌ریاندا.
دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانیمان له چییه؟ ژماره‌یه‌ك وڵات داوا ده‌كه‌ن كوردستان به‌چاودێری ئه‌وان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات و وا ده‌رده‌كه‌وێت نه‌رمییه‌ك دروست بووبێ به ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆمه‌وه بۆ دواخستن، به‌ڵام خۆ ئێمه هه‌ر له‌م ساڵانه‌دا چه‌ندان رێككه‌وتن و گفتوگۆ و واژوومان به ئاماده‌بوونی وڵاتان و یۆنامی له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه، ئه‌ی كوا ئه‌نجامه‌كه‌ی؟ عه‌ره‌ب چوزانێ رێككه‌وتن، ئه‌وان به‌رامبه‌ر كورد ته‌نیا هێز ده‌ناسن، بۆیه كورد ده‌بێت له‌وان وریاتر بێت و ئه‌م بێهێزییه‌یان له ده‌ست نه‌دات، ئه‌گه‌ر نا له دوو مانگی تردا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش ته‌واو ده‌بێت و حه‌شدی شه‌عبی دوای پشوویه‌كی كاتی، سه‌ریان ده‌خورێ بۆ شه‌ڕی نوێ، عێراقیش ده‌بێت به پێگه‌یه‌كی به‌هێزی دنیا به‌و پێیه‌ی شه‌ڕی تیرۆری بردووه‌ته‌وه، نازانن بێ ده‌وڵه‌تی نه‌بێ ئه‌و هه‌موو ده‌سكه‌وته‌ی كوردستان له شه‌ڕدا، عێراق نایخوات.
به‌ڵام گرنگترین قسه‌ی ئه‌م نووسینه ئه‌وه‌یه خه‌ڵك ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم ناناسێت و به شه‌خسییه‌تیشیان نازانێ ئه‌گه‌ر ورد بكرێنه‌وه بۆ تاك تاك، به‌ڵكو ئه‌مجاره میله‌ت به كۆبوونه‌وه‌كانی بارزانی هه‌ستاوه‌ته‌وه و ته‌نیا ئه‌و ده‌ناسن، بۆیه هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك یان دواخستن، خه‌ڵك به‌جۆرێك ده‌خات، چیتر به قسه‌ی كه‌س راست نابنه‌وه.
گه‌ل متمانه‌ی به بارزانی داوه و پێویسته هیچ كه‌س له‌و نێوانه‌دا رۆڵ نه‌بینێت و پرۆسه‌كه سارد نه‌كاته‌وه، چونكه هیچ ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك له چاره‌نووسمان گرنگتر نییه.
بۆچی نه‌یكه‌ین؟ هه‌ڕه‌شه‌كانمان بیست هیچی گه‌وره نه‌بوون، وڵاتانی داگیركه‌ر نه‌یانتوانی به‌ره‌یه‌كی به‌هێز دروست بكه‌ن، ئێران ره‌قه‌م نه‌ماوه، ئه‌ردۆغانه شێتۆكه ماوه له رۆژانی داهاتوو قسه‌ی خۆی بكات، له كۆتادا ئه‌ویش هه‌ر هاشوهوشه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ئێمه میله‌تێكمان به‌پێوه وه‌ستاوه و ده‌ڵێ سنووریش دابخه‌ن، من كوردم و ئیراده‌م هه‌یه و به‌رگه ده‌گرم تا گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی، میله‌تێك ئاماده‌یه سه‌ری بكات به‌ژێر خاكدا بۆ ئامانجه‌كه، میله‌تێكی لێهاتوو له‌و ته‌نگژه دارایییه قووڵانه‌دا پشتی به‌خۆی به‌ست و كشتوكاڵی تا نزیكی خۆبژێوی زیندوو كرده‌وه، ئیتر بۆچی و له‌چی بترسین؟ هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی دنیا میله‌تی وه‌ك كورد به‌رپرسیار و قاره‌مانی ده‌ست ناكه‌وێ. تكایه با ئه‌م پێنج رۆژه پێكه‌وه ته‌واو بكه‌ین و به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن بڕۆین. توانای قبوڵكردنی نائومێدیمان نه‌ماوه.