كورد كێ بكات به‌ سه‌رۆك وه‌زیران

سه‌رباز ساڵح

له‌و دۆخه‌ی به‌هۆی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر كوردستاندا هاتووه‌، ئاسۆ روون نییه‌ و ره‌نگه‌ باشترین چانس بۆ كاریگه‌ركردنه‌وه‌ی كورد له‌ عێراق، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بێت له‌ كاتی خۆیدا، به‌ڵام ئایا كورد ته‌نیا دوو بژارده‌ی عه‌بادی و مالیكی له‌ به‌رده‌سته‌، یان ده‌توانێت سیاسه‌تی داهاتووی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاستی عێراق قڵپ بكاته‌وه‌ و گورزی خۆی بوه‌شێنێته‌وه‌، به‌رانبه‌ر ئه‌و زه‌بره‌ كوشنده‌ی له‌ كه‌ركووك به‌ به‌رچاوی دنیاوه‌ لێی كه‌وت و هیچ وڵاتێك به‌ وشه‌یه‌ك لای كوردستانی نه‌گرت؟. له‌وێوه‌ چاره‌نووسی كوردستان به‌ یه‌كجاری روون ده‌بێته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به‌ هه‌موو حیساباتی خۆیدا ده‌چێته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ كورد ده‌بێته‌وه‌ به‌ ژماره‌ یه‌ك یاخۆ ئه‌م شكسته‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێ. ئه‌ویش به‌ دیاریكردنی كه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ی پێشبینییه‌كان بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق. چۆن؟

ئه‌و وڵاته‌ی ناوی عێراقه‌ و هه‌رگیز خاوه‌ن سه‌روه‌ری نه‌بووه‌، له‌ دوای 2003ـه‌وه‌ و ئێسته‌یش له‌ كێبه‌ركێی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ته‌نیا باسی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناكرێ، به‌ڵكو ململانێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی داهاتوو سه‌ربه‌ ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا ده‌بێت یا ئێران؟، كورد ده‌توانێ له‌م نێوانه‌دا ده‌رفه‌ت بقۆزێته‌وه‌ و پاشقولێك له‌ ئه‌مه‌ریكا بدات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی، چونكه‌ له‌ دیددی واشنتنه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ولێر و به‌غدا به‌ دۆست حیسابن، به‌ڵام له‌ نێوان ئه‌م دوو دۆسته‌دا هه‌موو جاره‌كان به‌غدا هه‌ڵده‌بژێرێت و كوردستان ده‌كات به‌ قوربانی. ئه‌مه‌ریكا ئه‌م هه‌موو ریسكه‌ به‌ كورده‌وه‌ ده‌كات به‌و ئامانجه‌ی عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه‌ باوه‌شی عه‌ره‌ب و بیسپێرێ به‌ سعوودیه‌ له‌ كاروباری ناوچه‌ییدا، به‌ڵام تا ئێسته‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ و ئه‌ویش هاوشێوه‌ی كورد چۆن خه‌یاڵی له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵچنیبوو، دواتر پووكایه‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا خۆیشی خه‌یاڵ و پڕۆژه‌ی سیاسیی له‌سه‌ر عێراقی نائێرانی هه‌ڵچنیوه‌، به‌ڵام هه‌ر پووكانه‌وه‌ به‌شی ئه‌ویشه‌، چونكه‌ به‌ سیاسه‌ته‌كانییه‌وه‌ دیاره‌ هێشتا تێنه‌گه‌یشتووه‌ له‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌زه‌وی و سیاسیی عێراق.

روونه‌ تا ئه‌و وه‌همه‌ ئه‌مه‌ریكایییه‌ هه‌بێت له‌باره‌ی عێراقه‌وه‌، كورد هه‌رگیز براوه‌تر نابێت له‌ ململانێدا، به‌ڵام چۆن ده‌كرێ ئه‌و وه‌همه‌ خاڵی كۆتای له‌سه‌ر دابنرێت و ئه‌مه‌ریكا بخرێته‌ به‌رده‌م راستیی خۆی له‌ عێراق و ناچار بكرێ یان به‌هێز خۆی بسه‌پێنێ یان ده‌ست له‌ به‌غدا بشوات و كوردستانی دۆستی بێ داواكاری به‌هێز بكات.

له‌و روانگه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق پێگه‌ی خۆی له‌ سه‌رۆك وه‌زیراندا ده‌بینێت، بێئاگا له‌وه‌ی خواره‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران تا فه‌رمانگه‌ی پۆسته‌یش هه‌مووی له‌ ده‌ست داوه‌ و ئێران بۆ خۆی كۆنترۆڵی كردوون، ده‌بێت ئه‌و تاكه‌ هیوایه‌یشی له‌ سه‌رۆك وه‌زیراندا به‌ قه‌تیس كراوی نه‌مێنێته‌وه‌ و بێته‌ پووكانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر به‌ روونی سیاسه‌ت بكات به‌رانبه‌ر كورد و عه‌ره‌بی عێراق، له‌ناو عه‌ره‌بیشدا سوننه‌ و شیعه‌.

كورد ته‌نیا چانسی ئه‌وه‌ی ماوه‌ كێبه‌ركێی كاندیده‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیران بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی و لێدان له‌و خه‌یاڵه‌ ئه‌مه‌ریكایییه‌ به‌كار بێنێت و بچێت بۆ پاڵپشتیكردنی ئه‌ولاتری ئه‌و دوو كاندیده‌ به‌هێزه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی داهاتوو ناویان دێت "نووری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادی". ئه‌مه‌ش له‌ سیاسه‌تدا زۆر ئاسایی و چاوه‌ڕوانكراو و ته‌نانه‌ت مافی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كه‌ باشترین یاریی بكات بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی.

بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كورد پاڵپشتی كاندیدێكی مه‌زه‌وی سه‌ربازیی بكات له‌ جۆری "هادی عامری، ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس یان قه‌یس خه‌زعه‌لی" كه‌ به‌ روونی سه‌ربه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای ئێرانیش بێت باشتر، به‌و پێیه‌ی زۆر له‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو سوپای ئێرانیشدا پله‌ سه‌ربازیی و مووچه‌كانیان ماوه‌، به‌ڵام له‌ عێراق رۆڵ ده‌بینن. ئه‌مه‌ هه‌م خزمه‌ته‌ به‌ كورد و چیتر له‌و بۆشایییه‌دا نامێنێته‌وه‌ كه‌ بۆ داوا ره‌واكانی ئه‌مه‌ریكا رازی بكات یان ئێران، هه‌م خزمه‌ته‌ به‌ عێراق و له‌و كێشمه‌كێش و شه‌ڕه‌ سارده‌ی واشنتۆن و تاران رزگاری ده‌بێت، هه‌میش كۆتاهێنانه‌ به‌و خه‌یاڵپڵاوییه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌پێناو مانه‌وه‌ی عه‌بادی ته‌نیا ئه‌وه‌ ماوه‌ كوردستان كۆمه‌ڵكوژ بكه‌نه‌وه‌.

لێره‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر سینییه‌ به‌تاڵه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ باشی تێده‌گات چۆن سیاسه‌ت بكات له‌ عێراق و پشتی ئه‌و مه‌زه‌وییانه‌ بگرێت كه‌ سه‌ربازه‌كانیان كوشت یان ئه‌و سیكۆلارانه‌ی به‌بێ داواكاری شه‌ڕی تیرۆریان بۆ كرد و شه‌قامه‌كانیان گوڵڕێژ ده‌كرد له‌ پێشوازی شانده‌كانیان. به‌دوایدا كورد به‌رچاوی روون ده‌بێت له‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ مه‌زه‌وییه‌ ئێرانییه‌كه‌ وه‌ك دۆست بهێڵێته‌وه‌ و پاڵپشتی بكات، یان ده‌بێت به‌ پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكایی له‌ ناوچه‌كه‌دا بۆ چاره‌نووسێكی روون.

PM:01:36:28/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 20313 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌