بارزانی بۆ نایەتە ناو هەڵبژاردنی عێراقەوە

PM:03:41:26/04/2018 ‌
سەرباز ساڵح

وردە وردە نزیك دەبینەوە لە رۆژەكانی كۆتای بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، لایەنە كوردستانییەكان بەجۆرەها شێوە كار دەكەن بۆ مسۆگەركردنی دەنگی زیاتر و ئەمەیش مافێكی سروشتییە لە هەر پرۆسەیەكی دەنگداندا هەموو هەوڵی خۆت بدەی بۆ سەركەوتن. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر سارد خۆی دەنوێنێت و سەرۆك بارزانیش بەهیچ شێوەیەك توخنی بابەتی هەڵبژاردنی عێراق نەكەوتووە و هیوادارم هەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە تا پرۆسەكە بە كۆتا دەگات. 
بۆ زۆر كەس ئەم بێدەنگی و دوورگرتنەی بارزانی جێی پرسیار و شیكارییە، بەڵام من لەو روانگەیەوە بۆی دەچم كە بارزانی خۆی بە رابەری پرسی نەتەوەیی كورد دەزانێت و لەو هێڵە لای نەداوە و ناشیەوێ لا بدات، ئاخر هەموو كێبەركێیەكی هەڵبژاردن رەوایە، بەڵام دەنگدەر و هەستی نەتەوەیی كورد، بارزانی جیاواز لە هەموو حزبەكان دەبینێ بە حزبەكەی خۆیشیەوە، چونكە ئەوانەی ناو لیست و حزبەكان زیاتر كارەكتەری بانگەشە و ناو خەڵكن و جووڵە و گوتاریان كاریگەریی نەرێنی ئەوتۆ ناخاتەوە، بەڵام ئەگەر بارزانی كە لە دوای كۆچی دوایی باوكییەوە /مەلا مستەفا بارزانی/ سەرپەرشتی دۆسیەی كورد دەكات لە ناوخۆ و دەرەوەدا، بكەوێتە ناو بانگەشە و چالاكی هەڵبژاردنی عێراقەوە، هەستی نەتەوەیەك دەشكێ و خەڵكی دڵسۆز و بە ئاگای كوردپەروەریش بە چۆكدا دەكەوێ. 
خەڵكی كوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەنگژە و گێچەڵانەی هەرسێ وڵاتی ئێران، عێراق و توركیا دژ بە كوردبوونمان ئەنجامیان دا، بەڵام تێدەگەن لەوەی ململانێ نەتەوەیییەكە هێشتا بەردەوامە و بە راستیش بەرگەگرتنی ئەو هەموو ناڕەحەتی و سەختییە، تەنیا بە كورد دەكرێ. ئەم میلەتە لەناو خۆیدا وایە، لەوپەڕی تەنگانەدا ئومێد بۆ خۆی دروست دەكات و بۆ ئێستەیش هەست بەوە دەكەن دۆخی رووداوەكان و ئەوەیش كە ئەم ناوچە جیۆگرافییەی دنیا كێشەكانی ئەوەندە هەڵاوساون، رێككەوتنی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی زلهێزەكان نەبێت، لەوە دەرچووە ئیرادەی گەلان دۆسیەی نوێ دروست بكات. ئەو دۆسیەیە ئەگەر دەوڵەتیش بێت، لە دوای ریفراندۆمە مێژوویییەكەی كوردستانەوە دەركەوت دەوڵەت دەبێت بۆتی دروست بكەن نەك خۆت دروستی بكەیت، بەڵام بۆ ئەمە رابەرێك پێویستە ئیدارەی دۆسیەكە بدات و كارتەكان لە كات و شوێنی خۆیدا بجووڵێنێ. ئەویش لەم بانگەشە و ململانێی هەڵبژاردنەدا دەركەوت، بارزانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان كردووە، بۆیە نایەوێت شتێك بكات پێچەوانەی رابردووی و خۆی و مایەی دڵخۆشی عەرەبی عێراق بێ.
ئەوە راستە كە ئێمە لەم قۆناغەدا نەگەیشتین بە ئەنجام، بەڵام هەر بێدەنگییەكەی بارزانی لە پرسە نەتەوەیییەكەدا، ئارامی لە دراوسێكانمان بڕیوە و دەزانن و دڵنیان هەر دەرفەتێكی تر دروست بێتەوە، گەلێك ئامادە هەستێتەوە و خۆی بەیان بكات.
پرسی نەتەوەیی كورد پیاوی بەهێز و خاوەن پرەنسیپی دەوێت، ئەگەر نا لەم تەنگژەی مووچە و سیاسەتی یەكترشكاندنەی كوردستاندا، ئەو دۆسیەی كە ئومێدی ملیۆنان كوردی لە دنیادا لە خۆی شاردووەتەوە، هەڕاج دەكرا بە نرخێكی ئەوەندە هەرزان كە پارەكەی تەنیا بەشی پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردن بكات. ئاخر خۆ بینیمان دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هەر حزب و هاوپەیمانی كوردی بوون نۆرەیان گرتبوو بۆ دیداری عەبادی، بەڵام ئەو نەك هیچی بە رەوا نەبینی پێیان، بگرە لە بەرچاوی دنیا گوتی هاتوون داوا دەكەن مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم نەكەین و وەك پارێزگاكانی تری عێراق هەڵسوكەوت لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بكەین.
ئاخر مرۆڤ سەری سوڕ دەمێنێ ئەو هەموو حزب و كاندیدە پاشگەز بوونەتەوە له كوردبوونی خۆیان و دەست بۆ پیسكردن و رێسواكردنی هەموو شتێكی نەتەوەكەی خۆیان دەبەن، باشە خۆ هەرچی بكەن و هەرچەند كەس بەشداری هەڵبژاردن بكەن و تەنانەت بانگەشەیش نەكەن، كوردستان لەم سێ پارێزگایەدا هەر 46 كورسیی هەیە، ئیتر بۆ دەبێ هەموو پرەنسیپ و مێژووی خۆتان و نەتەوەیەك رێسوا بكەن؟ بۆ ئەوەندە بێ زاكیرە و هەرزەن و بە خێرایییەكی سەرسوڕهێنەر بیری خۆتانی دەبەنەوە چی لە خورماتوو رووی دا، بە دەستی ئەو عەرەب و عێراقەی ئێوە شەو و ڕۆژ لە میدیاكانەوە میكیاجی بۆ دەكەن تا جوان بێت. كوردی نەگبەت عێراق بە تۆ جوان نابێ، بە خاوەنەكانیشی جوان نابێ، چونكە ئەو لە شوێنی ترەوە رۆچووەتە ناو زەلكاوەوه و هێز نییە بیكات بە وڵات‌. بۆ من و هەموو ئەوانەی كوردانە بیر دەكەنەوە هێشتا هیوایەك ماوە، ئەویش دوورگرتنی بارزانییە لەو چالاكییانەی پێوەندن بە عێراقی عەرەبییەوە.