خراپترین ماوەی حوكمڕانی

سەرباز ساڵح

بانگەشەی هەڵبژاردن و هەڵپەی كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ و كورسی، ئەگەرچی رەوایە، بەڵام گرنگە لایەن و لیستە بەشدارەكان بزانن كارنامەكەیان چییە و بنەمای رووبەڕووبەوەیان لەگەڵ دەنگدەر چۆن داڕشتووە. ئاخر ئێمە دەچینە ناو پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام لیستەكان كار لەسەر شكاندنی كوردستان و حوكمڕانییەكەی دەكەن و لە نێوانەیشدا دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح كە سەرۆكایەتیی لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری دەكات، دەرفەتەكەی قۆستووەتەوە و خۆی و لایەنگرانی ماوەی حوكمڕانییە دوو ساڵییەكەی وەك دەستكەوت بەچاوی گەلی كورددا دەدەنەوە و وای وێنا دەكەن كە حوكمڕانییەكی نموونەیی بووە، بەڵام راستییەكە با بخەینە ڕوو مادام ئاراستەكە گۆڕاوە و چاوەكان لەسەر عێراق لاچوون و كوردستان كراوە بە گۆڕەپانی دەركەوتنی پاڵەوان.
ژیانی سیاسیی گەلان بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، بۆ ئێمەیش پێش رووخانی رژێمی سەدام رەنگە دڵخۆشی و هیوا هەر ئەوە بێت شەڕی ناوخۆ كۆتای هات و بە سەردەمێكی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكاندا تێدەپەڕین تا لە 2003 بەعس و سەدام هاتنە رووخاندن و قۆناغێكی نوێ لە هیوا و بووژانەوە دەستی پێ كرد. بە دیاریكراوی هەرێمی كوردستان لە 2004 تا 2014 ژیانێكی گەشاوە و پڕ خۆشگوزەرانی بۆ دابین بوو. هەرگیز كەس بیری لەوە نەدەكردەوە ئەو جۆرە باشەی ژیان بێتە خوارەوە، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتان تەنگژە بێ خواستی خەڵك و دەسەڵات دێتە پێشەوە و دەبێت لەگەڵیدا هەڵبكەی، بۆ كوردستانیش چارەكی یەكەمی 2014 ئەو دۆخە سەری هەڵدا و لەگەڵیشیدا زۆر تەنگژەی تری گەورەتر لە ئیرادەی كورد هاتنە پێشەوە، بەڵام گەلێكی قارەمانی خاوەن ئیرادە توانی رووبەڕووی بێتەوە، هەرچەندە وەك لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەبینن، لە كوردستان گەل زۆر لە پێش سیاسییەكانەوە و ئاستی بیركردنەوەیشی بەرزترە لە هی سیاسییەكان. تۆ سەیركە هەموو خەون و خولیای میلەتێك لە مووچەدا قەتیس كراوە. گوایە دكتۆر بەرهەم لە ماوەی حوكمڕانییەكەیدا مووچەی داوە و ئەمەی كردووە بە شانازی بۆ خۆی و هاوپەیمانییەكەی كە هێز نییە لە داهاتوودا گەرەنتی مانەوەیان پێكەوە بكات، ئاخر ئیسلامی توندڕۆ و ئیخوانی و سیكۆلار چی كۆیان دەكاتەوە؟
حكوومەتی هەرێم لەو ماوە 14 ساڵییەدا /2004 تا 2018/ دوو ساڵی سەرۆكایەتییەكەی بەرهەم ساڵح دەیكرد، لەو ماوەدا خراپترین و لاوازترین حوكمڕانیمان بینی، سەرۆكی حكوومەت رۆژانە دەیان بەڵێنی دەدا و هیچیمان نەبینی جێبەجێ بكرێ، ئێ خۆ مووچە دیاری سەرۆكی حكوومەت نییە، مافە و پێش 2014 هیچ دڵەڕاوكێیەك لەبارەیەوە نەبووە، بگرە ژیان بەجۆرێك گەشەی كردبوو، مرۆڤی لێهاتوو دەیتوانی مانگانە هەزاران دۆلار چنگ بخات. باسی نەوت دەكات وەك كەرتێكی پڕ كێشە لە ئابووری كوردستاندا، بەڵام زۆرینەی گرێبەستەكانی نەوت لە كۆی 60 گرێبەست 42ی دكتۆر بەرهەم و حزبەكەی جارانی /یەكێتی نیشتمانیی كوردستان/ واژوویان لەسەر كردووە، بۆیە دەبێ لە خۆیان بپرسین ئەم وڵاتەتان بۆ بە یاسا بەرەو ناشەفافی برد؟
دوو ساڵەكەی حوكمڕانی دكتۆر بەرهەم پڕ بوو لە بەڵێنی بێ كردار، پیاوێكی پڕ جووڵەی میدیایی بوو، بەڵام بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو نەبوو، تەنانەت لە سلێمانییەكەی ژێر حوكمڕانی خۆیان نەیتوانی بەڕێوەبەرێكی گشتیی بگۆڕێ لەو دوو ساڵەدا، ئیتر شانازی ئەم حوكمڕانییە لە كوێدایە تا ئێستە خەڵكی پێ فریو بدەن و چاوەكان لەسەر وێرانی عێراق لابدەن و باسی مووچە بكەن بە بەرزترین خواستی كورد. مووچە نەماوە كردەیەكی میزاجی نییە، بەڵكو لە شوباتی 2014 مالیكی لەسەر داوای چەند سەركردەیەكی یەكێتی بودجەی كوردستانی بڕی، بەدوایدا لە حوزەیرانی هەمان ساڵ داعش پەلاماری عێراق و لە ئابی هەمان ساڵ پەلاماری كوردستانیشی دا، ئەم نەگبەتییەی عێراق كە لە كۆڵمان نابێتەوە، دوو ملیۆن و 22 هەزار ئاوارەی هەواڵەی كوردستانی بودجەبڕاو كرد, دوای ئەویش نرخی نەوت هاتە خوار 30 دۆلار، عێراق ئەوەندە شڵەژا بەدەست داعشەوە تەنانەت خەرجی ئاوارەكانیشی نەدەدا. 
خەڵكی كوردستان زۆر جوامێرانە تێگەیشتن لەو بارودۆخە و بێگومان لە حاڵێكی وادا نەك حكوومەتی هەرێم، هیچ حكوومەتێك ناتوانێ مووچەی رێكوپێك وەك سەردەمی بووژانەوە بدات، بەڵام سەیر لەوەدایە سیاسەت و بەرژەوەندی تا ئاستێك هەندێك لە سیاسیی كوردی بچووك كردووەتەوە، دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن تەنیا بۆ دەنگ، ئەوە رەوایە باشترین بەرنامە بخەیتە روو بۆ بردنەوەی لیستەكەت، بەڵام بیرت بێ هەموو پرۆسەیەك بەها و پرەنسپی خۆی هەیە، هەمووی مەشێلە. 


AM:10:20:03/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 5230 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌