2016 و تەنگژە و بێلایەنی


جیا لەوەی ساڵێكی زۆر سەختمان بەڕێ كرد وەك كوردستان و هیوای داهاتووی باش و 2017ی پڕ گۆڕانكاری ژیان بۆ هاووڵاتییان دەكەین، دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم دۆخی سەختی ژیان و سیاسەت و ئابووری بۆ میدیاییەك چەند ئەستەمە كە بیەوێ كاری پیشەیی بكات. لە وڵاتێكدا كە تێگەیشتنەكان هێشتا زۆر سەرەتایین و دوور نییە خستنەڕووی گەندەڵییەك یاخۆ ئامانجێكی شاراوە دژی بەرژەوەندییە گشتییەكانی نەتەوەییمان، لە میدیاوە بێتە گواستنەوە بۆ رقی كەسی، بەڵام هاوكات لەگەڵ ئەم دۆخانەدا، كەشێكی گونجاو و ئازاد هەیە بۆ كاری پیشەیی و خستنەڕووی كەموكورتییەكان و هەركات كارەكەت پیشەیی بوو، دەتوانی بەرگری لێ بكەیت و لایەنەكانی پێوەندار نەتوانن دەرگەی یاسات لێ بگرن.
ئێمە لە "وشە" بەو ستافە دیاریكراوە ئینتیما جیاوازەوە كە هەریەك جۆرێك بیركردنەوە و تێگەیشتنی سیاسیی هەیە و هەرگیز ناكۆكییەك لەو رووەوە رووی نەداوە، بەڵكو كۆكین لەوەی كار بۆ وڵاتێكی باشتر و سیستەماتیك بكەین، تیایدا هاووڵاتییان بە یەكسانی هەست بە گەیشتنی باشتری جۆری خزمەتگوزاری بكەن. بۆیە 2016 هەرچەندە هیچ قسەیەكی دڵخۆشكەر لە رووی ئابووری و سیاسییەوە بەدی نەكرا، بەڵام توانیمان بە پیشەیی كاری خۆمان بكەین و زۆرترین كار لەسەر گەندەڵی و ئەو دیمەنە دزێوانە بكەین كە ئارەزوو هەبوون بۆ شاردنەوەی لە خەڵك و ئێمە ئاشكرامان دەكردن، بەو پێیەی بەرژەوەندی گشتی وای دەخواست. 
تۆ ئەگەر بتەوێ كاری پیشەیی و لایەنی كەم، هاوسەنگ لە رووی رۆژنامەوانییەوە بكەی، گرنگ نییە چ بیرێكی سیاسیی یاخۆ پشتگیرییەكی داراییت هەیە، گرنگە لەكاتی نووسینەوەی بەدواداچوون یاخۆ ریپۆرتاجەكەتدا خۆت بە بەرپرس بزانیت لە جۆرەها خوێنەری جیاواز. بێگومان زۆر كەس و لایەن هەیە ئێمە بەبێ لایەن نازانێ، ئەمەیش هیچ بەهایەكی نییە لامان چونكە خۆمان وەك "كەس" نا، وەك رۆژنامەوان پێمان وایە بێ لایەنین و ئەم گفتوگۆیەش هەرگیز ناگات بە ئەنجام كە كێ بێ لایەنە و كێ لایەنگر، چونكە تێگەیشتنی هەریەكەمان بۆ كاری رۆژنامەوانی جیاوازە. بەڵام تەنیا ئەوەندە دەڵێم كە ئەو لایەنەی تۆ پێت وایە ئێمە پاڵپشتی دەكەین، ئەویش هەمان بۆچوونی تۆی هەیە و پێی وایە ئێمە لە بەرژەوەندی دەدەین.
كەواتە لەو كەشەی ئازادی كە لە كوردستاندا هەیە، هەمووان دەتوانن بە جۆری خۆیان سوود وەرگرن و بەرپرسیارێتیش دەكەوێتە سەر كەسەكان و بەرپرسی یەكەمی داودەزگە كە چۆن متمانە بە تیمەكانیان دەدەن و چاودێرییان ناكەن بۆ ئەوەی كاری باش بخەنە بەردەستی خوێنەر، گوێگر و بینەر.
لە 2016دا، هیچ میدیایەك نابینین لە كوردستاندا هێندەی "وشە" دەستی لەسەر گەندەڵی دانابێت، كەموكورتییە كارگێڕییەكانی كوردستانی خستبێتە ڕوو، ئەو هێڵانەی ئاشكرا كردبێت كە لە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی كوردستان كار دەكەن، ئەو كەسانەی دۆخە سەختەكان دەقۆزنەوە بۆ پەرەپێدانی مەیلی قاچاخچێتی و ئەو حزبانەی لەبەر نەبوونی ستراتیجی سیاسیی دەكەونە ناو هەر بازنەیەك ئەگەر كاتیش بێت تەنیا بۆ بەرژوەندییەكی بچووك. "وشە" شانازییەكی تایبەتیشی هەیە كە تاكە میدیایە سەدان بەدواداچوونی كردووە بۆ "شوێنەوار"ەكانی كوردستان كە سەرمایەیەكی گرنگی نەتەوەیی و ئابوورین و تا ئێستە سوودیان لێ وەرنەگیراوە، بەداخەوە كار لەسەر ئەوەیش نەكراوە كە خەڵكی كوردستان تێگەیشتنێكیان بۆ شوێنەوار هەبێت. 
ئێمە لە كاتێكدا بە متمانەی تەواو و هیوای زۆرەوە دەڕۆینە ناو ساڵێكی نوێ، دەستپێشخەرییەكی دڵخۆشكەرمان لە بەردەستە كە تاكە دەركەوتنی "هیوابەخش"ی كۆتاكانی 2016یە، بۆیە گرنگە حزبی سیاسیی كوردستان و تاكەكان پێكەوە نیازی دروستكردنی وڵاتێكی باشتر بێنن و هەركەس لای خۆیەوە ئەركەكانی بە باشتر راپەڕێنێ لەو وڵاتە چاوەڕوانكراوەی دنیا چاوی بڕیوەتە سەری لە شەڕی تیرۆردا. ئێمە كە خاوەنی ئەو هێزە رووناكەین دژی بیری توندڕۆیی، بۆچی لە هەموو روویەكەوە نموونەیی نەبین؟ لە كاتێكدا هەركەس لە كوردستان خۆی یان باوانی، رۆڵیان بینیوە لە دروستكردنی ئەم ئەزموونە و قوربانییان بۆ داوە، دنیای سەردەم پێویستی بە كرانەوە و دیموكراسی و دادپەروەرییە. بۆیە حزبەكان دەتوانن بەرپرسیارانە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن بە كردار و ئاسۆیەكی روون بە داهاتوومان ببەخشن و پاڵەوان ئەوانەن كە سازش دەكەن و خەڵك لەم ناڕەحەتییانە دەرباز دەكەن.

سەرنووسەر

AM:11:20:31/12/2016




ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌