سه‌رباز ساڵح
رۆژانی داهاتوو گفتوگۆی گه‌رم و ره‌نگه جار جار توندیش له نێوان لایه‌نه‌كاندا ببینین، بۆ به‌ركه‌وتنی پۆست و به‌شێكی باشتری گه‌نده‌ڵی له حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مانه راسته به‌ناوی خزمه‌تگوزارییه‌وه داوای به‌شداری له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام نه‌مانبینی دوای وه‌رگرتنی پۆسته‌كان، باكیان به میله‌ت هه‌بێت، وه‌ك په‌رله‌مانتاران و 49 ملیۆن دیناری خانه‌نشینی له ته‌مه‌نی 40 ساڵییاندا كه نزیكترین نموونه‌ن. بۆیه بۆ خۆم ئیتر خه‌یاڵی گه‌وره‌ی چاكسازیی له‌سه‌ر دروستبوونی هیچ حكوومه‌تێك هه‌ڵناچنم، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا كه‌متر نا‌ئومێد بم.
به‌ڵام وه‌ك هاووڵاتییه‌ك كۆمه‌ڵێك كه‌موكورتی رۆژانه ده‌خه‌مه ڕوو كه پێم وایه حكوومه‌تی نوێ له چوار ساڵدا ته‌نیا ئه‌وانه كۆنترۆڵ بكات، كاری گه‌وره‌ی كردووه. ئه‌و تێبینییانه‌ی رۆژانه رووبه‌ڕووی هه‌موومان ده‌بێته‌وه و ئازاریشمان ده‌دات و كه‌س نییه به به‌رپرسیارێتی هه‌ستێ بۆ رێكخستنی ژیان و شار.
ئاخر له‌م وڵاته به‌رپرس و كارمه‌ند، هه‌روا تێگه‌یشتوون كه پله و به‌رپرسیارێتی ته‌نیا كاتی ده‌وامه له سه‌عات نۆ تا یه‌كی نیوه‌ڕۆ، ئه‌گه‌ر نا زۆر شتی بچووك هه‌ن كاردانه‌وه‌كانیان گه‌وره‌ن له رێكخستنی ژیاندا، به‌ڵام ئه‌مان هه‌ستی پێ ناكه‌ن.
حكوومه‌ت له چوار ساڵدا به لای منه‌وه كاروباری هاتوچۆ رێك بخاته‌وه و پۆلیسی هاتوچۆ په‌روه‌رده بكاته‌وه كه ئه‌ركی ئه‌و سزادانی خه‌ڵكه نه‌ك گفتوگۆ و به‌كارهێنانی مۆبایل و چاوپۆشی له سه‌رپێچی، كارێكی زۆر باشی كردووه، چونكه ئه‌و بێ ئینتیماییه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ بۆ كاره‌كه‌ی، شاری جه‌نجاڵ كردووه و ژیانی له‌سه‌ر شه‌قام نه‌هێشتووه.
هه‌ر له‌گه‌ڵیدا ئه‌ندازه‌ی هاتوچۆ به هۆش بێنێته‌وه كه شار ترافیكی هه‌بوو، پێویستی به‌و هه‌موو سووڕانه‌وه بێ زه‌وق و نه‌گونجاوانه نییه، حكوومه‌ت به‌مه‌یش خزمه‌تی گه‌وره‌ی به هاووڵاتییان ده‌كات. هه‌ر له‌م رووه‌وه تكایه ئه‌و دیاردانه كۆنترۆڵ بكه‌ن كه له زۆربه‌ی شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر، ئۆتۆمبێل شۆسته‌ی داگیر كردووه كه هی كه‌س نییه هاووڵاتی نه‌بێ، له هه‌ردوو به‌ری شه‌قام ئۆتۆمبێل ده‌وه‌ستن كه له گۆی زه‌وی ئه‌م سه‌ره‌ڕۆییه ته‌نیا تایبه‌ته به كورد، له زۆر شوێن كه هی وه‌ستانی كاتین، دوو ریز ئۆتۆمبێل له ته‌نیشت یه‌كه‌وه وه‌ستاون و هه‌ندێ جاریش به پانی ده‌وه‌ستن.
ئاخر خۆ به‌رپرسان وڵاتان ده‌بینن و ده‌زانن شه‌قام چۆن رێك ده‌خرێته‌وه و كوێ بۆ وه‌ستان كراوه، ئه‌ویش به پاره نه‌ك به‌لاش، به‌ڵام چونكه به‌رپرسی بێ ئینتیمان، له شاره‌كانی خۆیاندا له كوردستان ته‌نانه‌ت له‌ناو ترافیك لایت ئۆتۆمبێل وه‌ستاوه و پۆلیسی هاتوچۆ قسه ناكات. تۆ ئه‌م بوارانه رێك بخه‌وه كه كاری یه‌ك رۆژ و یه‌ك بڕیارن، به‌لای منه‌وه باشترین حكوومه‌تی.
حكوومه‌تی داهاتوو ئه‌گه‌ر به ئه‌ركی خۆی بزانێ دووكاندار بگه‌ڕێنێته‌وه ناو سنووری دووكانه‌كه‌ی خۆی و فێری بكات كه خه‌ڵك كوێر نییه له جامخانه‌یشه‌وه كه‌ره‌سته‌كانی ده‌بینن، جیا له‌وه‌ی تابلۆكه گه‌وره‌كه‌ی هه‌ر له دووره‌وه میزاج تێك ده‌دات، ئیتر ده‌ست له‌و به‌ڕه‌ڵاییه هه‌ڵگرن و رێ‌یان نه‌درێ ئه‌م وڵاته هه‌مووی بكه‌ن به كه‌ره‌سته‌ی پیس و ناشیرینی توركی و ئێرانی و موبه‌ریده و سه‌لاجه و كارتۆنی پڕ له زبڵ و ماستی ساخته و كه‌لوپه‌لی بێ كوالیتی، با بچنه‌وه ناو دووكانه‌كانیان و شۆسته هی پیاسه و گفتوگۆی خه‌ڵك بێت، حكوومه‌ت ئه‌مه كۆنترۆڵ بكات، كارێكی زۆر گه‌وره‌ی كردووه.
حكوومه‌تی نوێ رێ به‌خۆی بدات فه‌رمانبه‌ره‌كانی به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له فه‌رمانگه‌ی خزمه‌تگوزاری و پێوه‌ند به خه‌ڵك كار ده‌كه‌ن، په‌روه‌رده بكاته‌وه به‌وه‌ی یاریی به هه‌ستی خه‌ڵك نه‌كه‌ن و ئه‌و هه‌موو گوڵه‌به‌ڕۆژه له‌كاتی ده‌وامدا نه‌توكێنن و به خه‌نده‌وه پێشوازی له هاووڵاتییان بكه‌ن، یان پێناسه‌ی فه‌رمانبه‌ر بكاته‌وه و ئه‌ركی هاووڵاتیی دیاری بكات له‌وه‌ی كاتێك سووكایه‌تیی پێ ده‌كه‌ن به ئاماژه و پشتگوێخستن چ مافێكی هه‌یه، خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به خه‌ڵكی كوردستان كردووه.
حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر بوێرێت كه‌رتی ته‌ندروستی رێك بخاته‌وه و ئاگاداریان بكاته‌وه كه له شوێنی كاری خۆیان بن و خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن و هه‌شت سه‌عات ده‌وام بكه‌ن، نه‌ك پزیشك به ته‌له‌فۆنی كارمه‌ندانی فریاكه‌وتن چاره‌سه‌ر بنووسێت و هه‌موو ژه‌مه‌كان بۆ نانخواردن بچێته ماڵه‌وه و نه‌خۆش به‌لایه‌وه كه‌لاكێكی ره‌زاقورس بێت، ئه‌وپه‌ڕی رێزه له دانیشتووانی هه‌رێمه‌كه‌ی ده‌نێ.
حكوومه‌ت بیسه‌پێنێ به‌سه‌ر هه‌موو وه‌زیر تا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شدا كه له‌كاتی ده‌وام كۆبوونه‌وه نه‌كه‌ن و خۆیان له كاری خه‌ڵك نه‌شارنه‌وه به‌ناوی كۆبوونه‌وه و میوانه‌وه، زۆر كارێكی گرنگ و به‌رپرسیارانه‌یه و پێی ده‌زانین.
ئه‌م داواكارییانه هیچ نین و عه‌یبیشه داواكاری بن، چونكه له شوێنێك حكوومه‌ت و ئیداره هه‌بێت، واته ئه‌م كاروبارانه رێكخراون، به‌ڵام ئێمه دوای 26 ساڵ هێشتا مه‌منوونین ئه‌گه‌ر له‌م چوار ساڵه‌دا رێكی بخه‌نه‌وه، راسته ئه‌مانه داواكاری ساده‌ن و ئه‌گه‌ر به‌رپرس هه‌بێت به یه‌ك رۆژ هه‌مووی چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مانه به‌شێك له‌و ورده‌كارییانه‌ی ژیانن كه رۆژانه به‌ر هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌ون و ناڕێكییه‌كانی خه‌مبارمان ده‌كات، بۆیه وه‌ك خۆم ته‌نیا ئه‌م خواستانه‌م هه‌یه له حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان و به زۆریشی ده‌زانم ئه‌گه‌ر جێبه‌جێی بكه‌ن، چونكه هه‌موومان لێی سوودمه‌ند و ئاسووده ده‌بین.