ئازارەکانی گەل لە 16ی ئۆکتۆبەردا

PM:03:20:16/10/2020 ‌
خیانەت ڕووداوێکی لەبیرنەکراو و زامی گەلە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و وڵات دادەنێی و لە هزردا دەمێنێتەوە.

16ی یٔۆکتۆبەر ڕەنج و گیانفیدایی و قوربانیدانی سەدان ساڵەی گەلی کورد و کوردستانیانی لەبار برد و %51ی خاکی کوردستانیان ھەرزانفرۆش کرد و خستە ژێر  دەستی میلیشیای شیعە و پازداری یٔێران و سەتان ھەزار ھاووڵاتی کوردییان بەکوشت دا و ئاوارە و دەربەدەریان کردن لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە 16ی ئۆکتۆبەر ئەو ڕۆژە ڕەشەی گەلی کوردە کە دەنگی ملیۆنان ئازادیخوازی خنکاند.

بەرەبەیانی 16ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی ناوەخۆیی ڕووی دا کە چەند کاڵفام و ھەرزە سیاسی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبەر چاوی ھەموو دنیاوە ئەنجامیان دا، لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی و دارایی. 16ی ئۆکتۆبەر ڕۆژێکی ڕەشە لەمێژووی بزافی رزگاریخوازی گەلی کورد و نەوەی داھاتوو ئاشنای دەبن و تێدەگەن کە 100 ساڵەی خەبات و خوێنبەخشین بە چەند سعاتێک بۆ مەبەستی دارایی و دزی، لەلایەن کەسانی کەم ئەزموون ھەرزەوە کرا.

گرییە و ناڵەی پێشمەرگە و گەلی کورد فرمێسک و شین و ڕۆڕۆی دایک و کەسوکاری شەھیدان، ئێستەیش لەبەر چاومان و لەگوێماندا دەزرنگێنەوە، چەند بەئازار و ناخ سووتێن بوو کورد بەدەستی خۆی واژوو بۆ فڕۆشتنی خاک و گەلی خۆی بکات، دەبێت ئەو کەسانە چ ڕوویەکیان ھەبێت و چۆن سەریان بەرانبەر منداڵە شەھید و کەسوکاری پێشمەرگە و شەھیدان بەرز بکەنەوە، جارێکی تر داوای متمانە و پشتیوانیان لێ بکەن.

شکاندنی شکۆی وڵات و پێشمەرگە و پیرۆزییەکان، خیانەتێکی مۆدێرن و نوێ بوو، کەچی جاش و خیانەتکاران بە ڕوویەکی قایمەوە ھەرزوو ھاتنە سەر شاشە و وەرەقەی واژووکراوی وڵاتفرۆشییان بەرز کردەوە کە وەک خۆیان گوتیان زیاتر لە 38 ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی واژوویان لەسەر خیانەت کردبوو، سەرەنجام نیوەی کوردستانیان خستە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و دەسەڵاتی کوردیان لە ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستان پەکخست و گەلی کوردییان ئاوارە کرد.

خیانەتی 16ی یٔۆکتۆبەر برینێکی ئەوەندە قووڵە لەسەر ناخی تاک بەتاکی کورد، کە ئەستەمە ساڕێژبوونی، وێنەی ئەو کاتەمان لەبیر ھەرماوە کە بەھۆی خیانەتی کاڵفامەکان حەشدی شەعبی بە زنجیری دەبابە بەسەر لاشەی کورد و پێشمەرگەدا تێدەپەرین و ئێسکیان لەگەل خۆڵی نیشتیمان تێکەل دەبوو، بەڵام ئەوان قوربانی خاکن و تاجی سەرمانن و خائینانیش بۆ هەمیشە سەرشۆڕ و هەرزان.

کام کورد لەیادی چووە ڕاگەیاندنەکانیان  بەپێش میلیشیا و مافیا و حەشد و پازداری یٔێران دەکەوتن و دەیانگوت کەرکووک ڕزگارکراو ئارامی بۆ گەرایەوە و شارێکی عێراقییە و ناوی پارێزگاریان لە گیرفاندایە، ئەوان بە پشتکردنە گەل و باوەشکردن بە داگیرکەردا دەرفەتی گەورەیان لەبەردەم پڕۆسەی ئازادی و سەربوخۆیی  کوردستان لەبار برد، کەچی ئێستەیش بەھەمان دەروون و عەقلیەتی 16ی ئۆکتۆبەر بەشێوازێکی نوێ خەریکی جاشایەتی و خیانەتن دژ بە خاک و گەلی کوردستان.