جەنابی سەرۆك هێندە شیرین مەبە..

PM:05:35:19/01/2017 ‌

لە مێژووی سیاسی عێراقدا هەموو سەركردە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە كودەتا و بكوژ و دكتاتۆر بوونە، تا ئاستی ئەوەی كوردەكان كاتێ‌ گەیشتنە ترۆپكی دەسەڵات، كەوتنە بەر هاوسەنگی پاراستن لە نێوان پێكهاتەكانی دەوڵەتی عێراق، نموونەش بەرێز تاڵەبانی، تا نەخۆش كەوتنی بەوە ناسرا بوو كە نێوەندگیری لە نێوان پێكهاتەكان دەكرد، بۆ ئەمە سەركردایەتی سیاسی كورد بە گشتی لە رۆڵی تاڵەبانی رازی بوون.

دوای نەساغبوونی، دكتۆر فوئاد مەعسووم وەك جێگرەوە چووە شوێنی تاڵەبانی،  تا ئێستە مەعسووم كاریگەرییەكی نەبووە بەسەر پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، بەتایبەت لەو دۆخە شڵەژاوە، مەعسووم تا ئێستە كاریگەری بۆ سەر مەجرای رووداوەكان نەبووە.

سەرباری ئەمانە بەرێز فوئاد مەعسووم كەوتە بەر شیرینی گۆڕینەوە لەگەڵ سەرۆكی وڵاتە عەرەبییەكان، لەوانە لە بەرامبەر ناردنی كیسەك خورمای جەزائیری  لەلایەن عەبدولعەزیز بۆتەفڵیقەوە، مەعسوومیش لەبری ئەمە كیسەك شیرینی تۆفیقی حەڵواچی بۆ بۆتەفلیقە ناردووە، لەو كاتەی وڵاتێكی وەك عێراق پێویستی بەوە هەبوو كە كۆبوونەوەی لووتكە لە نێوانی پێكهاتە سیاسییەكانی عێراق ببەسترابا، لەو ساتەی عێراق بە كۆمەڵێك قەیران گوزەر دەكات و گوایە مەعسووم دەیەوێت هاوسەنگی نیشان بدات لە عێراقدا.

دەبێت سەرۆك كۆماری عێراق كە لەسەر پشكی كوردان بووەتە سەرۆك، كاریگەری گەورەی هەبێت بۆ سەر ئاراستەی رووداوەكان، پێشنیار و دەستپێشخەری هەبێت، بە تایبەتتر كە دۆخی هەرێمی كوردستان بەم سەختییە گوزەر دەكات، دەبێت پێكهاتە كوردییەكانی نێو داو و دەزگەكانی دەوڵەتی عێراق كاریگەر بن.

بۆیە مەعسووم كپ و مات و بێ دەنگە، لە ساتە وەختی خوێنڕشتن و جەنگ لە عێراق، حەڵوا دەبەخشێت، لە بری  بەستنی كۆبوونەوەی نائاسایی و چارەسەر و دەستپێشخەری.

 نەوەك عەبدولكەریم قاسم مەلیك بكوژە، 

نەوەك عەبدولسەلام عارف قاسم بكوژە، 

نەوەك سەدامیش وەك قەسابخانە وڵات بكەیتە گۆڕستان،

 مەسەلەكی كوردیش هەیە دەبێژێ ، نەتاڵ بە فڕی بدرێیی، نە هێندە شیرینیش بە تا  قووت بدرێی، 
بۆیە جەنابی سەرۆك حەڵوا مەبەخشە و هێندە شیرین مەبە..