هه‌ستم به زۆر شت ده‌كرد، هه‌ستم ده‌كرد من ڕێی مرۆڤێكی خراپ ده‌گرم به‌بێ ویستی خۆم، بیرم ده‌كرده‌وه كه چیتر به‌و بووكانه‌ی به‌رانبه‌ر خه‌سوویان یان كه‌سێكی مێرده‌كه‌یان خراپن نه‌ڵێم ئه‌و ژنانه خراپن، چونكه تێگه‌یشتبووم ژن هه‌رچۆنێك مامه‌ڵه بكات، ده‌ستی پیاوه‌كه‌ی له پشته‌وه‌یه. یان بیرم ده‌كرده‌وه ده‌بوو منیش خراپ بم وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی خراپه‌كاری ده‌كه‌ن و هه‌قی خۆم بكه‌مه‌وه، جارجاریش ده‌مگوت ئیتر منیش ده‌بم به خراپه‌كارترین كه‌سی دنیا. بیرم ده‌كرده‌وه و به تیژییه‌كی زۆر سامناك وه‌ك نووكی چه‌قۆ هه‌ناوی هه‌ڵدڕیم، ئازاری ده‌دام و توانای چاككردنی ئه‌مه‌م نه‌بوو، جارجار به‌خۆمم ده‌گوت مرۆڤ ده‌بێ هه‌بێت له‌مه سووكتر سه‌یر بكرێ، یان له‌ژێر لێوه‌وه ده‌مگوت حه‌یف بۆ مرۆڤه‌كان له سه‌ره‌تادا زۆر جوانن، به‌ڵام له كۆتادا ده‌تبه‌ن تا به‌رگای دۆزه‌خ.
ده‌مگوت مرۆڤێك كاتێك گوێی بۆ نه‌گیرێت، كاتێك بوونی هیچ گرینگییه‌كی نه‌بێ، كاتێك قه‌دری نه‌گیرێت، مرۆڤ كاتێك بگاته ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ست به‌وه بكات وه‌ك په‌یكه‌رێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، ده‌بێت چۆن هه‌ستێكی هه‌بێت، تۆ بڵێی؟ من ده‌پرسم مرۆڤ بگاته ئه‌وه‌ی قسه بكات و هاوار بكات به‌ڵام ده‌نگی نه‌بیسترێ، ده‌بێت چ شۆخییه‌كی تێدابێ خه‌یاڵی ژیانێكی جوان، چ خۆشییه‌كی تێدابێ له هاوسه‌گیریدا به‌خته‌وه‌ری، چ دۆزه‌خێكی تر بێت هێشتاش به‌رده‌وام بوون له‌و ژیانه؟
چۆنه حاڵم! پیاسه‌كردن له‌ناو پێوه‌ندییه‌كی پڕ خوێناوی و پڕ برینداربوونی قسه، ئه‌و قسانه‌ی وه‌ك فیشه‌ك ده‌ینێن به‌ناوچه‌وانته‌وه، چ هه‌ستێكه چ هه‌ست؟ ده‌زانی ئه‌وه‌ی خه‌یاڵی بۆ ده‌كه‌ی به‌خه‌یاڵیش پێی ناگه‌ی؟ داماو داماو سه‌یری خۆت ده‌كه‌یت، جاری وا هه‌یه ده‌ڵێی خوایه من له كوێدا بگه‌ڕێم به دوای به‌خته‌وه‌ری؟ خوایه گیان له كوێ ده‌ستم ده‌كه‌وێ؟ خودایه تۆ بڵێی من ڕۆژێك به‌دڵ پێبكه‌نم، ئایا كه‌سێك هه‌یه ژیانم بگۆڕێ بۆ خۆشبه‌ختی؟
یان له ئاوێنه‌كه‌وه سه‌یری خۆت ده‌كه‌یت و به‌ده‌م گریانه‌وه پێده‌كه‌نی وه‌ك شێته‌كانی سه‌رشه‌قام، له‌جیاتی یه‌خه‌ی خه‌ڵك بگری، یه‌خه‌ی خۆت ده‌گریت و به‌خۆت ده‌ڵێی هێی خاتوون ئه‌رێ تۆ ته‌واویت خاتوون، بۆچی ده‌گری، ئه‌زیزم ئه‌مانه ڕاستی نین و له خه‌یاڵ ده‌چن، ئه‌مه خه‌ونێكی كوشنده‌یه و خه‌به‌رت ده‌بێته‌وه. ده‌ی فرمێسك لاده ئه‌مه ڕاستی نییه، ئاخر ناكرێ مرۆڤ ئه‌وه‌نده ئه‌هریمه‌ن بێ.
ده‌پرسیت و زۆر ده‌پرسیت تا فرمێسكه‌كانت به‌سه‌ر ئه‌و روومه‌تانه‌ی كه له نێوان ده‌سته‌كانت داتناوه وشك ده‌بێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بیت و ده‌بیت، به‌خۆشت ده‌ڵێی تۆ بۆچی ناڕۆی بۆ دوور؟ بۆچی واز له هه‌موو شتێك ناهێنی؟ بۆچی؟ دووباره فرمێسك دێته‌وه خوارێ، چونكه ناتوانی قه‌ناعه‌ت به دڵت بهێنی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌زانی كه هیچ شتێك چاك نابێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه زۆر نائومێدی به‌و ژیانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌زانی ژیانت ده‌بێته دۆزه‌خ، به‌رده‌وام ده‌بی، ئه‌رێ بۆچی؟ بۆچی به‌رده‌وام ده‌بی؟ نازانم ئه‌گه‌ر ئه‌هریمه‌ن واز دێنی منیش واز دێنم، ئه‌گه‌ر واز ناهێنێ منیش له‌گه‌ڵ ئازاره‌كان ده‌ڕۆم، قه‌یناكات من له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر به‌رگه ده‌گرم، هه‌میشه هه‌موو كه‌سه‌كانم واده‌زانن هه‌ستم نییه، قه‌یناكات ده‌ی، خۆ چییه هه‌ر 20 ساڵی تر ده‌ژی، خۆت له به‌هاری گه‌نجیدای، ته‌مه‌نی مرۆڤ كورته ئێسته، قه‌ینا با ئه‌و ته‌مه‌نه‌ش پڕ ئازار بێت، قه‌یچێكه خۆ گریان زۆر خۆشه، قه‌ینا، خۆ ئازار خۆشه، سه‌یركه وه‌ك چۆن ئێسته ئازاره‌كانم ناخیان هه‌ڵته‌نكاندووم و هاتوونه ده‌ره‌وه بۆ سه‌ر كاغه‌زی نووسینه‌كانم، ئه‌وكاتش كه ماوه‌یه‌كی زۆر تا 10 ساڵ هه‌ر به‌رگه‌م گرت و وابووم، زووتر پیری دێت و زووتر مردن دێت، ده‌ی ئیتر به‌خته‌وه‌ریی ڕاسته‌قینه بۆ تۆ مه‌حاڵه، بۆچی هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ی، ده‌ی ئیتر دانیشه به‌ده‌ردی خۆته‌وه با له‌ناو ده‌ردا ده‌رده‌دارتر بیت.