گۆڕانكارییه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چ له بواری سیاسی، ئابووری و ته‌ندروستی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا، چ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی له رووی سیاسی، دیپلۆماسی و ئابووری جێهێشتووه و به‌ده‌ر نه‌بووه له‌و رووداو و پێشهاتانه‌ی ده‌وروبه‌ری، به‌ڵام به‌هۆی گرتنه‌به‌ری مامه‌ڵه‌یه‌كی ژیرانه و راگرتنی باڵانس له ناو هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه توانیوێتی پێگه و سه‌نگی خۆی و سه‌قامگیری و ئاشتی بپارێزێت به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه و ده‌وروبه‌ری.
هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری كه خاوه‌ن حكوومه‌تێكی متمانه پێكراوه و رێپێدراوی گه‌لی كوردستانه، له ماوه‌ی كابینه‌كانی رابردووی توانیویه‌تی رۆڵ و كاریگه‌ریی باشی له گشت بواره‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری و ئاوه‌دانی ببینێت، ئینجا رووبه‌ڕووی كێشه و كۆسپه‌كانی به‌رده‌می ببێته‌وه، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی گه‌مارۆ و گوشاره‌كانی به‌غدا له رووی جێبه‌جێ نه‌كردنی مافه ده‌ستوورییه‌كانی له بواری بودجه و مووچه و ماده‌ی 140ی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان.
خاڵێكی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی كوردستان، پرۆسه‌ی چاكسازییه كه چه‌ند ساڵێكه به هۆی بوونی رووداو و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و عێراق و ناوخۆیی، نه‌توانراوه بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌وه‌ی ئێسته‌دا بووه‌ته جێی هیوای گه‌له‌كه‌مان، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی كه دڵنیایی زۆر هه‌یه كه گۆڕانكاریی گه‌وره و ڕیشه‌یی له پێناو كوردستانێكی به‌هێز كه دروشمی سه‌ره‌كییه ئه‌نجام بدات. رژدبوونی حكوومه‌تی كوردستان له گشت ئاسته‌كان و سه‌رجه‌م ئۆرگان و شوێنه‌كان و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر وردبینانه، ئه‌و هه‌نگاوانه چوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و زۆر به‌وردی مامه‌ڵه له پرۆسه‌ی چاكسازی و پاكسازی له‌گه‌ڵ ئۆرگان و تۆمه‌تباران ده‌كرێت، ئه‌و هه‌نگاوه چاكسازییانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌گه‌رچی هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له‌سه‌رخۆن، به‌ڵام قۆناغی باش و گرنگی بڕیوه.
سه‌ڕه‌رای ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكوومه‌تی كوردستان رژدن، به‌ڵام ناڕه‌زایی زۆر له كه‌س و لایه‌نه‌كانی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و زۆر جاران هه‌وڵی رێگریكردن و دروستكردنی كۆسپ ده‌كرێت و له رێی پڕوپاگه‌نده و چه‌واشه‌كارییه‌وه هه‌وڵی به‌لاڕێدابردنی ئه‌و هه‌نگاوه گرنگ و ستراتیجییه له بواری چاكسازی و پاكسازی ده‌درێت، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی روون و ئاشكرایه بۆ سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی كوردستان . سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه، دنیا و كوردستانیش به‌تایبه‌تی به باردۆخێكی سه‌خت له رووی ئابوورییه‌وه گوزه‌ر ده‌كات، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌نگاوانه متمانه‌ی زۆر له نێوان حكوومه‌ت و كوردستانییان دروست ده‌كات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی ده‌بێته هۆی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی زۆر بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت.
بۆ قۆناغی ئێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان گرنگه كه هه‌مووان پشتیوانی هه‌نگاوه كرده‌ییه‌كانی حكوومه‌تی كوردستان بن له رووی چاكسازی و ئابوورییه‌وه و نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری پڕوپاگه‌نده و چه‌واشه‌كاری و ده‌زگه میدیایی ئاراسته‌كراوه‌كانیان كه ئامانج تێیدا، لاوازكردنی هه‌ستی خۆشه‌ویستی گه‌ل و نیشتمان و هه‌رێمی كوردستانه. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و قۆناغه‌ش به سه‌ركه‌وتوویی ده‌رباز ده‌كه‌ین به‌ره‌و كوردستانێكی پێشكه‌وتوو و به‌هێزتر.