سیاسەت بە شتی بچووكیش دەكرێ

PM:01:40:04/08/2021 ‌
گەورەم قەیتانی پێڵاوەكانت جوان توند نەكردووە، خوا نەكات قاچت لێی گیر بێت، دەكەویت و بەڵا و غەزەب لەسەرت بەدوور بێت و ئازارت پێدەگات.

كەمێك دەنگت نزم كە با خەڵك گوێی لە دەنگت نەبێت، بەدڵنیاییەوە ئامانجێكم هەیە لەم كارەم.

چۆن گەورەم تێنەگەیشتم كردنەوەی قەیتانی پێڵاوەكەت سیاسەتە؟

بەڵێ، بەم كارە دەتوانم سەرنجی زۆربەی ئامادەبووانی ئێرە ڕابكێشم ڕووە و پێڵاوەكانم، وابیر دەكەنەوە بەهۆی زۆری ئیشوكارەوە نامپڕژێتە سەر ژیانی تایبەتی خۆم، ئاواش دەڵێن بەڵێ ئەمە سیاسییەكی خەمخۆرە، هێندە بەدەم قسەی خەڵكەوەیە بواری نییە بە كارە سادەكانی ژیانی خۆی ڕابگات! 

سەیرە گەورەم واتە نەبەستنی قەیتانێك هێندە سیاسەتی تێدایە؟



بەڵێ تۆ بێدەنگ بە بە فێڵەكەم ئاشكرا نەبێت، خوانەكردە ئەگەر بزانن بەتەواوی دەبمە گاڵتەجاڕ و بنێشتەخۆشەی ناو دەمی هەمووان.

گەورەم باشە گوتمان قەیتانەكە سیاسەتە، ئەی تەپوتۆزی سەر پێڵاوەكانت چییە؟ مەگەر من دوێنێ بۆیاخی تازەم بۆت نەكڕی؟ كەچی ئێستە خۆڵ و پیسی تەواوی پێڵاوەكانتی داپۆشیوە!

كوڕم ئەگەر سەرنجت دابێت بۆچی ئێمە ئۆتۆمبێلەكانمان لە دوور ڕاگرت، ئەم جێیەی تێیداین شەقامەكانی خۆڵن، تەماشا بكە تەواوی خەڵكی ئەم جێیە نەك پێڵاوەكانیان، جلەكانیشیان بە تەپوتۆزی خۆڵی شەقامەكە پیس بووە، منیش بۆیە پێڵاوەكانم بە خۆڵ و تەپوتۆزی ئەم شەقامە پیس كردووە، تا وا بیر بكەنەوە منیش وەك ئەوان وام، خانووەكەم بەردەمەكەی شەقامێكە وێنای ئێرە هێشتا خۆڵە، بۆ ئەوەی بگەم بە كۆبوونەوە و دیداری هاووڵاتییان، دەبێت بە خۆڵدا بڕۆم وێنای خۆیان هەمیشە پێڵاوەكانم بە خۆڵ و تەپوتۆز دایدەپۆشێت، بەم جۆرە متمانە و باوەڕیان بەدەست دەهێنم.

ئەی گەورەم بۆچی پاژنەی پێڵاوەكانت دڕاون
دووبارە بۆ من سەیرە پێڵاوێك هێندە سیاسەت لە خۆی دەگرێت! ئەی گەورەم بۆچی پاژنەی پێڵاوەكانت دڕاون، لەكاتێكدا هەفتەی پێشوو هەر خۆم باشترین جۆری پێڵاوم بۆ كڕیت، بۆچی ئەوانت لە پێ نەكردووە بەم پێڵاوە دڕاوانەوە ڕێ دەكەیت، خوانەكردە لە ڕێدا شتێك بچەقایە قاچەكانت چیم بكردایە؟

كوڕم تەماشا بكە كەس لێرە پێڵاوی تازە و جوان لە پێ ناكات، منیش بۆیە ئەمەم هەڵبژارد تا سەرنجیان ڕاكێشم، بەو جۆرە فكر بكەنەوە منیش سادەم وەك خۆیان، هێندەی گرنگی بە بارودۆخی ئەوان دەدەم، گرنگی بە پۆشتەیی و مۆدێلی پێڵاو جلەكانم نادەم، بەم جۆرە پاڵپشتی و دەنگیان بەدەست دەهێنم و دەبمە باسوخواسی هەمیشەییان لە هەموو جێیەك.

گەورەم زۆر سەیرە واتە ئەم هەموو سیاسەتە بە پێڵاوێك دەكەیت؟

بەڵێ كوڕم ئێستە سەیر بكە چۆن لە فكریان دەردەكەم كە شەقامەكەیان بۆ تا ئێستە خۆڵە، بۆچی هێشتا بە بارینی باران تەواوی شەقامەكەیان دەبێتە قوڕ و چڵپاو و ناتوانن بە ئاسانی ڕێی تێدا بكەن.

چۆن ئەوە دەكەی گەورەم؟ چۆن دەكرێ ئەوە لە بیر بكەن كە داواكاری خۆیانە، ئەمڕۆش بۆ ئەو باسە تۆیان بانگ كردووە.

كوڕم پێش ئەوەی بێم بۆ ئەم جێیە، سەرژمێرییەكی باشم كردووە، ئێستە دەزانم دانیشتووانی ئەم جێیە 300 نەفەرێكن، بۆیە ئەمڕۆ من بۆ تەواوی دانیشتووانی ئێرە پێڵاوم هێناوە بە زیادەوە ٦٠٠  جووتم هێناوە، جووتێكیش وێنای پێڵاوەكانی ئەوان بۆ خۆشم، ئێستە لە پێش چاوی ئەوان پێڵاوەكان دەكەمە پێم و سەرنجی ئەوان ڕادەكێشم، دواتر بەهەر تاكێكیان دوو جووت پێڵاو دەدەم، بەم جۆرە خەیاڵ و فكر و خواستیان دەگۆڕێت، تەماشای من دەكەن هەمان پێڵاوی ئەوانم لە پێ كردووە، ئەوانیش ئەوە لە بیر دەكەن كە شەقامەكەیان تا ئێستەش خۆڵە، واهەست دەكەن ئەم پێڵاوانە چیتر خۆڵ و تۆز لە خۆی ناگرێت، دەشتوانن بە ئاسانی بەناو قوڕ و چڵپاودا ڕێ بكەن، دەزانی بۆ؟ چونكە من بە دەمڕاستی خۆیان دەزانن بە تەواوی بڕواوە شوێن پێكانی من دەكەون.

سەیرە گەورەم تا ئێستەش ناتوانم بڕوا بكەم هێندە سیاسەت بە پێڵاوێك بكرێت، بتوانی بە پێڵاوێك سەرنج و فكری كەسانێك داگیر بكەیت، بەجۆرێك هەبوونی جووتێك پێڵاو بخەیتە سەرووی ئاستی هەموو خواستەكانیان، سەیرە ئاخر چۆن دەكرێ بەم جووتە هێندە سیاسەت بكرێت!