بێگومان پێشكه‌وتنی گه‌لان به‌نده به پێشكه‌وتنی زانكۆ و ناونده‌كانی خوێندن ، هه‌موو پێشكه‌وتنێكیش پێویستی به بوونی پێداویستییه‌كانی پێشكه‌وتن هه‌یه وه‌ك (بوونی كه‌سانێكی به‌هێز و به‌توانا و سه‌ركرده بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی زانكۆكان – بوونی مامۆستای ئه‌كادیمی پێگه‌یشتوو له بواره تایبه‌تمه‌ندییه‌كان– به‌كارهێنانی پێشكه‌وتووترین وه‌سائیله‌كانی وانه‌گوتنه به میتۆدێكی زانستی كه ببێته هۆكاری دروستكردنی كاره‌كته‌ری زیندوو و خاوه‌ن زانست و زانیاری بۆ كۆمه‌ڵگه، ره‌خساندنی ژینگه و كه‌شێكی له‌بار بۆ قوتابی و فێرخواز و به‌شداری پێكردنی كارایان بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رهه‌م و كۆششی ساڵانه، ئه‌نجامدانی زۆرترین توێژینه‌وه له هه‌موو بواره‌كاندا كه ببێته چاره‌سه‌ری له‌بار و گونجاو بۆ كێشه جیاجیاكانی ناو كۆمه‌ڵگه، ببێته هۆكارێكی باش بۆ هاوكاری و به‌رچاوڕوونی هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری، هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی زانكۆكان له دروستكردنی بڕیاری سیاسی چاره‌نووسساز به توێژینه‌وه زانستییه‌كانیان)، هه‌موو ئه‌وانه به بوونی پلانێكی ستراتیجی و ئه‌قڵێكی وردی پێگه‌یشتوو، دوور له به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی ئه‌نجام ده‌درێت، ئاكام و ده‌ره‌نجامی باشی ده‌بێت بۆ ده‌رخستنی سیمای پێشكه‌وتنی وڵات.
به‌داخــه‌وه ئه‌وه‌ی ئێسته له زۆربه‌ی زانكۆكانی كودستان ده‌گوزه‌رێت، نه‌بوونی كاره‌كته‌ری به‌هێز و كه‌سایه‌تی سه‌ركرده‌ی خاوه‌ن ئه‌زموون و زانست و زانیارییه بۆ ئیداره‌دانی زانكۆكان، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ دروستبوونی ژینگه‌یه‌كی ناسروشتی كه دووره له هه‌موو پره‌نسیپێكی زانكۆیی، بۆیه رۆژ دوای رۆژ كێرڤی زانستی له دابه‌زینه و زانكۆكان بوونه‌ته ناوه‌ندێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی داهاتی كه‌سی و دروستبوونی گرووپ وگرووپكاری و پێوه‌ندییه كه‌سییه‌كان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی چه‌ند كه‌سانێكی لاواز.
بۆیه ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی زانكۆكانی خۆمان بكه‌ین به جیهانی، له دواوه‌ی زانكۆكانی جیهانن، بۆ داپۆشینی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی خۆیان، دێن رانكی لۆكاڵی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و خۆیان به زانكۆكانی باشووری عێراق به‌راورد ده‌كه‌ن! به‌داخه‌وه پرۆسه‌ی خوێندنی باڵای ماسته‌ر و دكتۆرا به‌ناو پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانی گه‌وره‌بوو، به‌ڵام به‌ڕای من ئامانجه نیشتمانییه‌كه‌ی خۆی نه‌پێكا، به‌ڵكو پره‌نسیپی تایبه‌ت هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو بۆ نه‌بوونی پێكانی دادپه‌روه‌ری.
له ده‌ره‌نجامی ململانێ كه‌سییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌ت و به‌شێك له زانكۆكان، ده‌یان قوتابی و فێرخواز زیانمه‌ندی یه‌كه‌م بوون، كه‌سانێك به‌شێك له كورسییه‌كانیان به ناهه‌ق پاوان كرد. له‌وه كاره‌ساتتر و خراپتر هه‌یه كه قوتابی كوڕی شه‌هید نه‌بێت و به كوڕی شه‌هید له قه‌ڵه‌می بده‌ن و وه‌ریبگرن له‌سه‌ر حیسابی كه‌سانی تری خاوه‌ن هه‌ق، ئه‌وه‌یه پرۆسه‌ی نیشتمانی؟!
ئاڵوگۆڕ پێكردنی كورسییه‌كان له لایه‌ن هه‌ندێ له سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی زانكۆ و راگرایه‌تی كۆلیژ و به‌شه‌كان به پره‌نسیپی خزمخزمێنه و سوودمه‌ندكردنی ئه‌و قوتابییانه‌ی كه خۆیان مه‌به‌ستیان بوو، چونكه خزمی پله یه‌ك بووه، یان له‌سه‌ر بنچینه‌ی پێوه‌ندییه كه‌سییه‌كان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان، له زۆر شوێن ئاڵوگۆڕی كراوه، قوتابییه‌ك وه‌رده‌گیرێت له به‌رانبه‌ر ئه‌نجامدانی كارێكی تایبه‌ت، ئایا ئه‌وه‌یه پرۆسه‌ی نیشتمانی به‌رپرسانی خوێندنی باڵا و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و راگرایه‌تییه‌كان؟!
راگری هه‌ندێ كۆلیژ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كارێك نه‌كرێت، خۆیان وا به پابه‌ند ده‌زانن به یاسا و رێنوێنییه‌كان له شێوه‌ی فریشته ده‌یانبینیت، له‌كاتێكدا بۆ به‌رژه‌وندییه تایبه‌تییه‌كانیان له دانانی پلانی كورسییه‌كان و ده‌رچوونی ڕێنوێنییه‌كان، به تاكلایه‌نه بڕیاریان داوه و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی زانستی و به‌شه‌كانیش نه‌كراوه و پلان به‌رز كراوه‌ته‌وه كه به‌هۆی ئه‌م هه‌نگاوه نایاساییه و سه‌رپێچی رێنوێنییه‌كان، ده‌یان قوتابی بوونه‌ته قوربانی، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌شم كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی به‌شی كۆلیژه‌كه نییه! ئه‌وه‌یه پرۆسه‌ی نیشتمانی!
جه‌نابی به‌رپرسانی خوێندنی باڵا و راگره به‌ڕێزه‌كان، ده‌زانن پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه له هه‌ندێ كۆلیژ به كه‌سیی دانراوه و كۆبوونه‌وه‌ی به‌شی بۆ نه‌كراوه، له هه‌مان كاتدا وه‌ڵامی نموونه‌یشیان نییه؟! ده‌زانن بۆ؟ بۆ ئه‌وه‌ی به ئاره‌زووی خۆیان ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت بیكه‌ن!
دوای پرۆسه‌كه ئه‌و ڕێنوێنییانه‌ی وه‌زاره‌ت ده‌رچوون، به‌بۆچوونی من هیچ پێكانێكی دادپه‌روه‌ری تێدا نه‌بوو و توێژینه‌وه‌ی وردی بۆ نه‌كرابوو، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌یه قوتابی 7.5ی هه‌یه، ده‌توانێ به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌ی زاره‌كی بكات و له‌كاتێكدا قوتابی هه‌یه 14.75 هه‌یه له 30 ناتوانێ به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌ی زاره‌كی بكات، له‌وه به ئازارتر قوتابی هه‌یه 20ی هێناوه وه‌رنه‌گیراوه و بێبه‌ش كراوه له نه‌بوونی كورسی پێویست، به‌ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌ڵێم ئه‌وه دادپه‌روه‌رییه؟!
له‌باره‌ی هه‌ژماركردنی توێژینه‌وه‌كان، هه‌ندێ له سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆكان پێشێلی رێنوێنییه‌كانیان كردووه و به هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سی توێژینه‌وه‌ی كه‌سانێكی خاوه‌ن مافیان ده‌رهێناوه و هه‌ژماریان نه‌كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆی خاڵه‌كان كه‌سانێكی تر به پێش بخه‌ن! به‌ڵگه‌ی زیندووم هه‌یه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه! ئایا ئه‌وه پاراستنی ئه‌مانه‌ته یان ئه‌وه خیانه‌تی نیشتمانییه! كه ڕه‌ش بكه‌یته سپی!
من لێره ده‌مه‌وێ ئه‌و پرسیاره ئاراسته‌ی خوێنه‌ری به‌ڕێز بكه‌م، ئایا پرۆسه‌ی نیشتمانی و پێشكه‌وتنی وڵات به‌و جۆره راگر و سه‌رۆك به‌شانه ده‌كرێت؟! ئایا ئه‌و دیاردانه هیچ ئومێدێك ده‌هێڵێته‌وه بۆ قوتابی و فێرخواز؟! ئایا پاراستنی ئه‌مانه‌تی نیشتمانی و پاراستنی خوێنی شه‌هیدان ئه‌وهایه جه‌نابی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ و راگره‌كان؟! ئه‌وانه‌ی نووسیومه مشتێكن له خه‌روارێك، به مه‌به‌ستی ده‌رخستنی راستییه‌كان و دڵنیابن له گه‌یاندنی راستییه‌كان، هه‌رگیز درێغی ناكه‌ین له پێناو دڵسۆزیمان بۆ كوردستان و وه‌فاداریمان بۆ خوێنی شه‌هیدان!
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم چه‌ند پێشنیارێك ئاراسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا بكه‌م:
1- ئه‌ركی پێشینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه له‌رێی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كه زۆرترین گۆڕانكاری بكات له سه‌رۆكایه‌تی زانكۆكان و یاریده‌ده‌ره‌كان و ڕاگر و سه‌رۆك به‌شه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی كه چه‌ندان ساڵه لێك نزیك بوونه‌ته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سییه‌كانیان ده‌پارێزن، نه‌مێنن له‌و جومگه هه‌ستیارانه، دادپه‌روه‌ری ئومێد و گیانێكی تری زیندوو جارێكی تر بێته‌وه ناو جه‌سته‌ی زانكۆكان و كه‌سانێكی دڵسۆز و خاوه‌ن فیكر و دادپه‌روه‌ر، به ستراتیج بێنه پێش بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی زانستی زانكۆكان به‌رز بكه‌نه‌وه و پێوه‌ندیی تایبه‌ت نه‌مێنێت، یاسا و ڕێسا و ڕێنوێنییه‌كان ببنه سه‌نگی مه‌حه‌ك، ئه‌و كه‌سه به‌رژه‌وه‌ندخوازانه لابده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر پله و پۆسته‌كیان هه‌بێـت.
2- پلانێكی تۆكمه دابنرێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی به‌شێك له ڕێنوێنییه‌كان بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی دادپه‌روه‌ری.
3- سیاسه‌تی له ئامێزگرتن پێڕه‌و بكه‌ن بۆ ئه‌و قوتابی و فێرخوازانه‌ی كه نیازی درێژه‌دان به خوێندنیان هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌لی خوێندنیان بۆ بڕه‌خسێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رمایه داراییه گه‌وره‌یه كه به‌ملیۆنان دۆلاره، بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و نه‌چێته وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.
4- به‌رده‌وام كردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خوێندنی باڵای ماسته‌ر و دكتۆرا بۆ ئه‌وه‌ی لۆدی زۆر له‌سه‌ر زانكۆكان نه‌مێنێت.
5- ره‌خساندنی هه‌لی خوێندن بۆ ده‌رچووانی بكالوریۆس به‌كردنه‌وه‌ی كورسی خوێندنی دیپلۆم و ماسته‌ر، له‌بری ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت ناتوانێ دایانبمه‌زرێنێت و بێ ئیش نه‌بن، با خه‌ریكی درێژه‌دان به خوێندن بن، به‌ڵام ره‌چاوی كوالیتی خوێندن بكرێت به‌پێی رێنوێنیی تایبه‌ت.
6- لابردنی سنووری سه‌رپه‌رشتیار به‌جۆرێك كه به‌شێك له‌و بڕه‌پاره‌ی پارالێل بۆ سه‌رپه‌رشتیار دابین بكرێت .
به‌هیوای ئه‌وه‌ی توانیبێتمان به‌شێك له‌و وێنه راسته‌قینانه‌ی ناو زانكۆكانمان به روونی خستبێته به‌ردیدی ئێوه و چاره‌سه‌ركردنی له‌بار و گونجاو بۆ سه‌رجه‌م پرسه‌كان.