كەشتیەكەی كورد ژێرئاو دەبێت

AM:10:44:14/01/2017 ‌


لەمێژووی نەتەوەی كوردا سەروەریەك نەماوە بەبێ‌ خیانەت باس بكرێت هەر لە میرنشینەكانەوە تا بە ئێسته‌ دەگات . هەمیشە ئەوه‌مان خوێندووه‌تەوە كە هۆكاری داڕووخان و لەناوبردنی شۆڕشەكانی كورد هۆكاركی سەرەكی خیانەت و نەزانینی سیاسەت كردنی خودی كورد خۆی بووە . 
لەئێسته‌شدا كەیەك سەدە بەسەر سایكس پیكۆ تێپەڕ بووە، كەچی كورد هێشتا لەبری یەكگرتن و یەكگوتاری هەر خەریكی ئاوازە كۆنەكەی جارانە و لە دژی یەكتر ئەوەی لە خیانەت هەبێت بەرانبەر بە یەكتر دەیكەن.
لەم چەند ساڵانەی دوایی شێوازی هەراجكردنی كوردستان و خیانەتی نیشتیمانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە وەك ئەوەی بڵێیت داهێنانیان كردووە . سەیرە هەرچی حزبی كوردی هەیە لە رێگه‌ی چەند هەرزەكارێكی سیاسی و پۆستەچی فەیسبوك دەیه‌وێت لایەنەكەی تر بشكێنێت.  ئەو كلتورەی ئێسته‌ هۆكاری سەرەكی ئەو فەوزا راگەیاندنەیە كە لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە . راگەیاندنێك رێگه‌ بەخۆی دەدات دەست بۆ شكاندنی هەموو پیرۆزییەك بەرێت، هەرزەكارێكی سیاسیی تەنیا لەپێناو دەرچوونی لەشاشەیەك ئەوەی خراپە و لە كلتووری كوردی شوێنی نابێتەوە دەیڵێت بۆ ئەوەی لەشاشەكە دەربجێت و هەرچی جنێو و سوكایەتییە لەئەكاونتی فەیسبوكەكەی هەراج دەكات لە پێناو زۆرترین لایك و كۆمێنت.
ئێسته‌ پێشبڕكێی سیاسی لەهەرێمی كوردستان بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك نییە، بۆ ئەوە نییە پرسی كورد بگەیه‌ننە كەنارێكی ئارام، بۆ ئەوە نییە رێگه‌ بگرن كەشتیەكەی كورد ژێر ئاو نەكەوێت، بەلكو هەموویان پێشبركێ دەكەن كامیان زیاتر كەشتیەكە كون دەكەن بۆ ئەوەی نقوم ببێت بەسەر لایەنەكەی تردا، هەرزەكارە سیاسییەكان تێنەگەیشتوون به‌ نقوم بوونی كەشتیەكە چارەنووسی هەموویان یەكە و هیچیان لەرەحمەتی خنكان رزگار نابن.
بەداخەوە هەرزەكارە سیاسییەكان بەبێ‌ جیاوازی لە هەموو پارتە بەناو سیاسییەكانی كوردستان بوونەتە پەتایەكی كوشندە بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە، ناكرێت لە هەرێمێك حزبێك لەرێگه‌ی كەسێكەوە بۆ لێدانی حزبەكەی بەرانبەری دەست بۆ داهاتی نەتەوەیی ببات و بیەوێت لەناوی بەرێت . سەیركەن وێسگەی كارەبا دەدرێتە بەرقاسیفە و دەیانەوێت بیسووتێنن، بە بریارێكی تێكرای ژمارەیەك هەرزەكار منداڵانی شار هان دەدەن بارەگاكانی حزبێكی دژە هاوبیری خۆیان بسووتێنن ، منداڵان هان دەدەن تا بەرد بارانی بارەگاكانی حزب بكەن و لەدواوەش بە تەقەی تفه‌نگەكانیان منداڵان شەهید دەكەن بۆ ئەوەی بلێن ئەوە ئەوان دیموكراسیان قبوڵ نییە و منداڵ دەكوژن .  حزبەكان گفتوگۆی لێك تێگەیشتن بەرێگه‌ی چەند هەرزەكارێكەوە رەت دەكەنەوە  . ئەگەرهاتوو ئەو جوڵە هەرزەكاریە رێگای پێ نەگیرێت دواجار كەشتیەكە نقوم دەكەن و ئەوەش وەك مێژووی پر خیانەتی میرنشینەكان نەوەیەكی تر لە كتێبەكان دەیخوێنێتەوه‌ە