ئێسته له هه‌رێمى كوردستاندا شه‌ڕى گه‌نده‌ڵى له‌پاڵ شه‌ڕى چه‌كدارانى داعش باسى لێ ده‌كرێت، به‌و مانایه‌ى قۆناغێكى هه‌ستیارى چاكسازى تێده‌په‌ڕێت و ئه‌وه‌ش وای كردووه ترس و دڵه‌ڕاوكێ بخاته دڵى ئه‌وانه‌ى له رابردوو و له ئێسته‌دا تۆمه‌تیى گه‌نده‌ڵیان ئاراسته كراوه، یان به جۆرێك له جۆره‌كان له‌و تاوانه تێوه‌گلاون.
ئه‌گه‌رچى پێشتر ده‌ست بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازى و پرسى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى براوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئه‌م جاره ده‌بینرێت جیاوازتره، كاتێك سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان راسته‌وخۆ چاودێرى و به‌داواداچوون له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كات، ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كى گرنگه بۆ ئه‌وه‌ى بڵێین ئێسته ویستێك هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازى له دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا، به‌تایبه‌ت كه هه‌رێمى كوردستان قۆناغى شه‌ڕى گه‌وره‌ى چه‌كدارانى داعشى تا ئاستێكى جێگیر تێپه‌ڕاندووه و ده‌ست به شه‌ڕى گه‌نده‌ڵكاران كراوه.
هه‌وڵه‌كانى ئه‌م جاره‌ى دامه‌زراوه‌كانى دژ به‌گه‌نده‌ڵى پرسیارى زۆر هه‌ڵده‌گرن، به‌جۆرێك چۆن بتوانرێت بڕوا به‌خه‌ڵكى بێنێت كه ئه‌مانه چاكسازى راسته‌قینه‌ن، كاتێك هاووڵاتى لاى وابووه هه‌رێمی كوردستان چوارچێوه‌ی گه‌نده‌ڵی تێپه‌ڕاندووه و خه‌ریكه ببێت به‌تاڵانبردن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه له‌به‌رچاو بگرین كه گه‌نده‌ڵى له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تر ڕێژه‌كه‌ى جیاوازه و میكانیزمی به‌رجه‌سته‌بوونی بۆ واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیسان جیاوازه، به‌ڵام واقیعی هه‌رێمی كوردستان شتێكی تر ده‌ڵێت، بۆ نموونه له وڵاتێكی مۆدێرن، ڕه‌نگه گه‌نده‌ڵی هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌گرتبێته‌وه، به‌ڵام لێره پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی واقیعییه و كۆمه‌ڵگه‌كانی له گه‌شه‌ی شارستانی و مه‌عریفی و بگره ئابووریش وه‌ستاندووه و ڕێگه نادات كۆمه‌ڵگه‌كان قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی شارستانی خۆیان په‌ره پێ بده‌ن.
ده‌بێت ئه‌و دامه‌زراوانه‌ى كار بۆ دژایه‌تیكردنى گه‌نده‌ڵى ده‌كه‌ن، وه‌ڵامى زۆرێك له پرسیارى ساده‌ى هاووڵاتییان بده‌نه‌وه، ئه‌رى بۆچى تا ئێسته به‌رپرسێكى باڵاى هه‌رێم به‌تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى پیشانى هاووڵاتییان نه‌دراوه؟ ئه‌رى كێیه خه‌مسارده به‌رامبه‌ر چاكسازى و ڕێگرى و به‌ربه‌سته‌كان چین؟ ئیتر پرسیارگه‌لێكى ئاسایى هاوشێوه، پێ ده‌چێت ئه‌و پرسیارانه لاى ئه‌و دامه‌زراوانه‌ش دروست بووبێت، بۆیه له دوایین كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم و ده‌سته‌ى ده‌سپاكى و دیوانى چاودێرى دارایى و دامه‌زراوه‌كانى تر‌ى تایبه‌تمه‌ند، ئاماژه به‌وه كرا پێویسته هاووڵاتییان له هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى ئاگه‌دار بكرێنه‌وه.
پێویسته ئه‌و بڕوا و متمانه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه دروست بكه‌ین كه چاكسازی به مه‌به‌ستی له ناوبردنی گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا خه‌یاڵێك نییه، به‌تایبه‌ت كاتێك پلانێكی ستراتیژی و دامه‌زراوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی كه ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستانه له پاڵیدا هه‌یه .
بوونى پلانى ستراتیژى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى كه ماوه‌كه‌ى بۆ پێنج ساڵه، هه‌وڵێكى تره كه ئێسته كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت و گرنگه، به‌ڵام گرنگتر له‌وه ئه‌وه‌یه چۆن بتوانین گه‌نده‌ڵكاران قۆڵبه‌ست بكه‌ین و بۆ ڕاى گشتى ئاشكرایان بكه‌ین؟ گرنگتر ئه‌وه‌یه به خه‌ڵكى خۆمان بڵێین، به‌ڵى ئه‌و چاكسازییه‌ى ده‌ستى دراوه‌تێ راسته‌قینه‌یه و له‌كاتێكدا ئه‌نجامه‌كه‌ى نیشان بدرێت، هه‌موو ئه‌وه‌ش دوو ئه‌نجامى تر به‌ده‌سته‌وه ده‌دات، یه‌كه‌م: گه‌نده‌ڵكاران تێده‌گه‌ن چیتر گه‌نده‌ڵى سزاى راسته‌قینه‌ى له‌سه‌ره و دووه‌میش هاووڵاتییان متمانه‌یان به‌رامبه‌ر به دامه‌زراوه و هه‌وڵه‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى بۆ دروست ده‌بێت و ئه‌وه‌ش به‌گشتى متمانه‌ى نێوان هاووڵاتییان و ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان له هه‌رێمى كوردستاندا به‌هێز ده‌كات.