فێڵێكی نوێی پەرلەمانتاران دژی پرۆژەی چاكسازی

PM:02:19:05/04/2018 ‌
ئەو پڕۆژە چاكسازییەی كە لە پەرلەمانی كوردستانە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو قسەی زۆری لەسەر كرا، ئێستە دیدێكی تر بۆ پڕۆژەكە هاتووەتە پێشەوە بەجۆرێك خواست لەسەر ئەوە هەیە لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەكە بە ئاراستەیەكی تر ببرێت.

پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، كە بەهۆی فشاری شەقام و بەشێك لە ڕاگەیاندنەكان گەڕێنرایەوە پەرلەمان، هەڵە و فێڵە گەورەكە لە مادەیەكی پڕۆژەكەدابوو كە تیایدا خانەنشینی پەرلەمانتار دەكاتە خواست و پارەیەكی زۆریشیان لە خانەنشینییەكە بۆ تەرخان دەكات، بەڵام ئێستە كە پڕۆژەكە گەڕاوەتەوە پەرلەمان بیانووی ئەوە دەهێنرێتەوە كە پڕۆژەكە دوای پەسەندكردنی زیانی گەورە بە گیرفانی فەرمانبەران دەگەیەنێت، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە بۆچی لە پێش پشووی بەهارەی پەرلەمان پڕۆژەكە پەسەند كرا باس لەوە نەدەكرا كە زیانی گەورەی بۆ فەرمانبەران دەبێت؟ ئەگەر هەر بە راستی ئەو زیانە گەورەیە، بۆچی ویستتان بە فێڵ تێی پەڕێنن و لەپاڵ ئەو زیانەدا ئیمتیازە گەورەكە بۆ خۆتان مسۆگەر بكەن؟.

ئێستە لەناو پەرلەمان باس باسی ئەو زیانەیە كە بەپێی پڕۆژەكە دەرماڵەی ئاسایی بەشێك لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دێتە بڕین، بەڵام پێشتر و لەكاتی پەسەندكردنی پڕۆژەكە، كەس باسی ئەوەی نەدەكرد، چونكە پەرلەمانتاران ئامانجەكەی خۆیان دەسكەوتبوو، بەپێچەوانەوە ئێستە كە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بە فشاری ڕای گشتی كەوتووەتە مەترسییەوە، ئەوانیش باسی ئەو مەترسییانە دەكەن كە شاردبوویانەوە، بەڵام سەرئەنجام دەبێ‌ ئەوە بزانین كە پڕۆژەكە لە بەرژەوەندی گشتییە.

بەپێی پڕۆژە یاساكە، دەرماڵەی مەترسی هەندێك لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دێتە بڕین، بۆ نموونە ئەگەر فەرمانبەرێكی وەزارەتی كارەبا لە پشتی مێزەكەیەوە دابنیشتبێت دەرماڵەی مەترسی پێ دەدرێت لە كاتێكدا هەمان دەرماڵە دەدرێتە فەرمانبەرێكی تر كە لە بەشی چاككردنەوەیە و رۆژ تا ئێوارە بەسەر ستوونەكانی كارەباوە ژیانی لە مەترسیدایە، بێگومان دەرماڵەی فەرمانبەری پشتی مێزەكە دەبڕێ، هەر لە بنەڕەتیشدا نەدەبوو ئەو فەرمانبەرەی لە ناو ئفیس یان فەرمانگەكەی دەوام دەكات دەرماڵەی هەبێت، ئەوە لە كاتێكدا ئەوەیشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە دەرماڵە و داهاتی كوردستان لەلایەن حكوومەتەوە لە ڕابردوو تەخشان و پەخشان كراوە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئێستە كاتی بڕینی ئەو ناعەدالەتییەیە كە لە ڕابردوودا كراوە.

حكوومەت لە ڕابردوو بەبێ‌ گوێدان بە داهاتی وڵات 42 جۆر دەرماڵەی داوە بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا بەپێی یاسا هیچ فەرمانبەرێك نابێت لە نۆ جۆر دەرماڵە زیاتر وەربگرێ‌، ئەم سیستەمە خراپەی حكوومەت كاری پێ كردووە ئێستە كەس بە چاككردنی خۆی خراپ ناكات، پەرلەمان كە بە نوێنەری گەل دادەنرێن وا دەزانن ئەگەر ئەو پڕۆژەیە پەسەند بكەن و ئەو دەرماڵانە ببڕن، خەڵك خراپییان پێ‌ دەڵێت و لە ئەنجامدا رووڕەشی لای رای گشتی دەبن، بەڵام ئەو كاتەی خانەنشینی خۆیان كرد بە 25% و پەسەندیان كرد، باكیان نەبوو ئەگەر خەڵكیش زیانمەند بوایە.

روونتر باسەكە ئەوەیە، بۆچوونی بەشێك لە پەرلەمانتاران لەسەر پڕۆژەی چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازی خانەنشینی گۆڕاوە، ئەوان نایانەوێ‌ بە بڕینی ئەو دەرماڵەیە خۆیان خراپ بكەن، كاتێك حكوومەت بەبێ‌ گوێدان ئەو دەرماڵانەی داوە، من مەترسیم هەیە لە نێوان ئەو ململانێیەی حكوومەت و پەرلەماندا، پڕۆژەكە بەتەواوی پەكی بكەوێت و ناعەدالەتییەكەی حكوومەت بەردەوام بێت و پەرلەمانتارانیش درێژە بە وەرگرتنی خانەنشینییە شەش ملیۆنییەكەیان بدەن، بۆیە جارێكی تر كاتی دروستكردنی فشارە لەسەر پەرلەمان.