زامدار ئه‌حمه‌د
له سه‌ره‌تای چێكردنی كه‌ونوكارا، جیاكاری و جیاوازی له نێوان مرۆڤدا هه‌بووه. قابیل له‌سه‌ر جیاوازی ئایدیا و ڕوانین و توانای قبووڵنه‌كردن و لێك تێنه‌گه‌یشتن هابیلی برای كوشت و هه‌فته‌یه‌ك به كۆڵییه‌وه بوو، تا چاوی له قه‌له‌ڕه‌ش كرد و ئه‌سپه‌رده‌ی كرد، به‌درێژایی مێژوویش ڕووداوه گه‌وره و كێشه وێرانكه‌ره‌كانی دنیا، له‌سه‌ر بیروڕای دژ به‌یه‌ك و قسه‌ی پارادۆكس دروست بوون. ئێمه میله‌تێكی جیاوازین، جیاواز له جیاوازیی ئه‌وانی تر، ڕێكی و كۆكی و ته‌بایی هاوتای نه‌بوونییه. هیچ پرسێك نییه یه‌ك بۆچوونی له‌باره‌یه‌وه هه‌بێ، بۆ وێنه: پرسی نه‌ته‌وایه‌تی، نیشتمان، ئاینی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، كولتووری. كورد له‌م ناوه‌نده‌دا ته‌واو قاڵ بووه‌ته‌وه و له هیچ شتێك‌دا هاوبیر و هاوبۆچوون نییه.
هاوێركردن له شاده‌ماری خوێنماندایه، له‌ناو ئاینه‌كانی دنیادا ئیسلام به كولتوور بۆمان ماوه‌ته‌وه، له‌ناو ئیسلامدا گیرۆده‌ی ده‌ستی شیعه و سوننه‌یه، له‌ناو شیعه‌دا گیرۆده‌ی تیره جیاوازه‌كانه. له‌ناو سوننه‌دا گیرۆده‌ی چوار مه‌زه‌وه، له مه‌زه‌وه‌كان گیرۆده‌ی تیره‌كانه، له‌ناو 700 تیران گیرۆده‌ی باڵه‌كانه. ئه‌م ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و ئه‌و ته‌ریقه‌تی قادری، ئه‌و به‌رزنجه و ئه‌م كه‌سنه‌زانیی، ئه‌م هه‌قه‌یی و ئه‌و مامه‌ڕه‌زایی، گشتی یه‌ك كتێبیان قبووڵه و هه‌زاران جیاكاریان تێدایه، كه‌س ناپێوێ به ڕبه‌ی كه‌س، هه‌مووی تیر له یه‌كتری ده‌سوێ و به‌رانبه‌ر ره‌ت ده‌كاته‌وه.
له سه‌رده‌مانی پێشووی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی عوسمانییه‌كان و فه‌رمانڕه‌وای ئێرانییه‌كان، كورد به‌سه‌ر دوو به‌ره دابه‌ش بوون، لایه‌نگری و هاوپشتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ سه‌فه‌وییه‌كان و هاوئاهه‌نگی و هاوكاری كوردانی كوردستانی ڕۆژئاوا بۆ عوسمانییه‌كان، بێ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ستی ناسۆنالیستی و هه‌وڵدان بۆ یه‌ك پارچه‌یی كوردستان و یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی. مێنته‌ڵێتی هۆز و خێڵ و تایفه و تیره‌كان، له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان مژیلیان ده‌كرد، چۆن و به‌چی شێوه‌یه‌ك سوود و قازانجیان زیاتر بووایه، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی خاكی كوردستان كاره‌كانیان ڕایی ده‌كرد، هاوێركردن "جیاكاری" له شاده‌ماری خوێنیاندا بوو. ناوچه و ناوچه‌گه‌ری له‌ناو هزریی تاكی كوردیدا باو بوو، هه‌میشه ئاره‌زووی دژایه‌تی یه‌كتریان ده‌كرد. كۆمه‌ڵی به‌رانبه‌ر سوودیان له گۆل و گۆمی ئاو وه‌ربگرتایه و ئه‌وان سوودیان لێ وه‌رنه‌گرتایه، گۆل و گۆم و به‌سته ئاوه‌كه‌یان تێك ده‌دا و ئاوه‌كه به‌بێ سوود ڕێی ده‌كرد، ئه‌مه زهنیه‌تی كورده. ئه‌وه‌ی بۆ خۆی ده‌خوازێ، بۆ كه‌سی ئه‌وبه‌ر ناخوازێ. مێژوو به مڕوتێر ئه‌م باسانه‌ی له‌خۆ گرتووه و فاكته‌ری گرنگی بنێسی ترومی كورد بووه. تاكی ناو خێڵێكی كوردی ئاماده بووه سیكار بكات و میلی تفه‌نگه‌كه‌ی ئاراسته‌ی تاكی خێڵی دراوسێی بكات و كرده‌یه‌كی تاماسی نه‌رێنی ڕۆح سه‌ندن ئه‌نجام بدا. له كاتێكدا هێرشی ده‌ره‌كی دوژمنان ڕووی له ناوچه كوردنشینه‌كان كردووه. ئه‌وان ناخوازن به‌ره‌یه‌كی به‌هێزی دژه ده‌ره‌كی دروست بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌خوازن هۆزی دراوسێیان له‌ناو به‌رن.
هاوێركردن به‌رده‌وامه، دژ و جیاوازین
هاوێركردن له شاده‌ماری خوێنماندایه، له‌ناو نووسه‌راندا نووسینی نووسه‌رێك هه‌ڵده‌بژێرێ، دژی نووسینی نووسه‌ره‌كه‌ی به‌رانبه‌ریه‌تی، ئه‌م ئاراسی و ئه‌و به‌ختیاریی و ئه‌م مه‌ریوانییه، بێ تێگه‌یشتن و ڕۆچوونه ناو جه‌وهه‌ری نووسین و باسه‌كه، بابه‌ته‌كه ره‌ت ده‌كات و وه‌ك سووتوو سه‌یری ده‌كات و بایه‌خی بۆ دانانێ.
هاوێركردن له شاده‌ماری خوێنماندایه، كورد به دوای پاڵپشتی ده‌ره‌كیدا ده‌گه‌ڕێ، ئه‌م له‌گه‌ڵ توركیا، ئه‌و له‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌م له‌گه‌ڵ سعوودیه، ئه‌و له‌ته‌ك ڕووسیا، ئه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌و له‌گه‌ڵ فڕه‌نسا پێوه‌ندییان هه‌یه، له ناوخۆدا له‌گه‌ڵ جووڵاندنی له‌لایه‌ن وڵاتی پاڵپشته‌وه، دژی كورده هاوخوێنی و هاوخاكی و هاو ڕه‌گه‌زی و هاوئاڵایی ده‌وه‌ستێ.
هاوێركردن له شاده‌ماری خوێنماندایه، له‌ناو میله‌تێكی مێژوویی پێنج ملیۆنی، ده‌یان ده‌یان حزبی سیاسی هه‌ن. ئه‌م حزبه، چه‌ندان ڕه‌وتی تێدایه، ئه‌م ڕه‌وتانه چه‌ندان ڕێچكه‌یان هه‌یه، ئه‌م ڕێچكانه ئایدیای جیاوازیان هه‌یه. ئه‌و حزب، ده‌یان باڵی تێدایه، هه‌ر باڵه‌ی ده‌یان تیكه‌باڵی تێدایه، هه‌ر تیكه‌باڵێ ڕێیه‌كی هه‌یه، هه‌ر ڕێیه‌ك خۆی پاڵه‌وانی زه‌وییه. به خاتربوونی پاشناوی بنه‌ماڵه و هۆز، پله و پێگه و مه‌قامی باڵا وه‌رده‌گرێ، تاكه خوێنده‌واره‌كه‌یش وه‌ك چریكه‌ی ده‌نگی باڵنده كێوییه‌كان، ته‌نیا ده‌نگیان هه‌یه و كاریان بۆ ناكرێ.
ڕوانینه‌كانیان: ئه‌م ده‌ڵێ قوتابی، ئه‌و ده‌ڵێ خوێندكار، ئه‌م ده‌ڵێ فێرخواز، ئه‌م ده‌ڵێ خوێندنگه، ئه‌و ده‌ڵێ قوتابخانه، ئه‌م ده‌ڵێ فێرگه. ئه‌مان ئافره‌تان به‌كار ده‌به‌ن، ئه‌وان ژنان، ئه‌مان خوشكان وه‌كار تێرن. ناحیه لای ئه‌م "شاره‌دێ"یه، لای ئه‌م "شارۆچكه"یه. ئارۆ، ئه‌وان له ده‌رد و ژان ده‌تلێنه‌وه و منیش خه‌ریكه ده‌توێمه‌وه.
هاوێركردنی ناو تاكه‌كان، به‌رانبه‌ر ته‌واوی پرسه جیاواز و چاره‌نووسسازه‌كان، ماڵوێرانی و به‌دبه‌ختی و كاره‌ساتهێن و نه‌گبه‌تی بۆ میله‌ت دێنێ. تكایه لایه‌نی كه‌م له پرسه نیشتیمانییه‌كان، له پرسه گرنگه‌كانی داهاتوو، یه‌ك بڕیار و یه‌كده‌ست بن، خه‌می داهاتووی كورد و كوردستانتان بێت، به‌هۆی تاكێكه‌وه داهاتووی كورد مه‌فه‌وتێنن و ڕێ و ڕێبازی خراپ و مێژووی ڕه‌ش له دوای خۆتان به‌جێ مه‌هێڵن.
هاوێركردن له شاده‌ماری خوێنماندایه، مانای ڕێگه‌نه‌دان و كلیلدانی تێڕوانین و دید و ڕوانینی جیاواز و له قاڵبدانی هزری مرۆڤ نایه‌ت. مه‌به‌ست جیاوازییه له دژی به‌رانبه‌ر.