سه‌رۆك كێیه؟

AM:09:16:22/03/2017 ‌
گەنج چۆن بتوانێ ببێتە سەرۆک؟ گەنج چۆن بتوانێ ببێتە خۆی؟ گەنج چۆن بتوانێ ببێتە سەرکردە؟ گەنج چۆن بتوانێ ببێتە ئەوەی خۆی دەیەوێت؟ خاسیەتەکانی لاوی سەرگەڤاز کامانەن؟
پێشکەش بە (ڕۆدان)ی کوڕم "چونکە لە ڕۆژی بوونی بە دەوڵەت دەبێتە (١٩) ساڵ"
شێر ئاسا - ئەوانەی تێدا ژی، دەزانن بۆ سەرۆکێک زۆر ناخۆشە شکابێت و بیەوێ هەڵبستێتەوە, یان بچێ ڕێبازێکی هەرەسهێن هەڵبستێنێتەوە, دەبێ ئیلا کەسێک پشتوپەنای بێت یان دەبێ بچێت کۆمەک لە "کەسێک"ی متمانەداری خۆی داخواز بكات.

 (1
زۆربەی سەرۆک و سەرکردە و سەرگەڤاز و پاشا، میرەکانی میدیا و هەموو ئێرانیش، تا دەگاتە بارزانی و ناپۆلیۆن و فەرید شەوقیش, بورجیان شێرە, چونکە ئەوانەی بورجیان شێرە یان لە بورجی شێر نزیکن یان کوڕی شێرن، هەروەها ئەوانەی لەگەڵ شێر نیوە بەنیوەن, مەرج و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆیان، خودایان تێدا زیاتر پاڵیان پێوە دەنێن بەرەو حەز لە سەرۆک بوون و "هونەری سەرکردایەتی" کردن.
ئەم تایبه‌تمه‌ندی هێزی خودا لەناو بەشەر هەبوونەی من باوەڕم پێی هەیە و دەبێ موترووبەی بکەیت، هەر لە منداڵییەوە لای ئەو کەسە دەردەکەوێ. پێی دەڵێن: "بەهرە" یان "کاریزما"ی هەیە. لە منداڵییەوە کەواتە ئەم خودایەت (ئەم بەهرە یەزدانییەت) تێدا.. پەروەردەی بکە, گەورەی بکە ئەی گەنج.. نەک تۆ گەورە بیت و ئەو گەورە و بەهێزتر نەبووبێت. 
خەڵک ناوی دەنێ ئیمان بەڵام نا، ئەمە لە ئیمان قووڵتر و مەستانەترە ئەم هێزەی من دەڵێم کە بە پلەی جیاواز دەیانبینین. بە ئاشکرا هەیە لای زانا و بلیمەت و پێغەمبەر و فەیلەسووف و هەندێک لە هونەرمەند و شاعیرانیش. ناویان ناوە "ئیلهام" بەهرە، یان "سروش" بۆ پێغەمبەران. کەمتر لەناو کچان و ژناندا دەردەکەوێ. یان مەگەر بە تەمرین و هاندانی پیاوەکەی یان بابی یان مێردی یان زڕمامێکی.
تۆ- خۆت و باوان و کەسەکانت چەند زۆرتر و باشتر "ئەو هێزە یەزدانییە" پەروەردە و مەزنتر بکەن "ئەو" هێندە زیاتر هێز و تێرتر خواستت پێدەبەخشێ لەپێناو خۆت و خۆشیی خۆت و چاکە و جوانی و خێر بۆ هەموو بەشەرییەت, پاشان گەشەی پێ بدە ئەی گەنج ئەزموون و ڕاهێنانیان لەسەر بکە بەهرەکانت پێچەوانەکانیشیان بدۆزەوە قەیناکە, بیر لە جەوهەری هەموو چیرۆکەکانی تۆبە و کفریش بکەوە. ڕۆژێک هەر دێ وەڵامی کفرەکانیشت وەردەگریتەوە؛ دڵت خۆش دەکا ئەوکاتە ئیمان. 

بەپێی قسەکانی، زەردەشت، لە ئاڤێستادا، خواردنی زۆر زۆر خۆش و هەرە بەتامەکان، سەوزە و میوەی جۆراوجۆر /نەک تەنیا یەک جۆر/ باشترین چارەسەرە بۆ زیادبوونی ئیمان، بەهێزکردنی بەهرە و ئەم هێزە یەزدانییەی خۆت هەتە یان باوەڕت پێیەتی.
بۆیە دایک و باوکانی کوردستان مامۆستای یەکەمن لە دروستکردنی "شێر" بۆ نیشتیمانەکەمان (فەرەنسۆ هەریری شێرێکی ئاشووری بوو بۆ کوردستان، شەهابە شێری تورکمانان، جەمال عیرفانی شەهیدیش شێری سلێمانی).
دایک و باوک نابێ پێیان ناخۆشبێ ئەگەر دیتیان کوڕ یان کچەکەیان عاجباتییە و شتی عەنتیکەی ئەوتۆ دەکا کە کەس پێی ناکرێت. (تورک ئەوکاتە بەو کوڕەی خۆی دەڵێ "یێری.. ئاسڵانم! واتە هەی شێری من" کەچی کورد بەو جۆرە کوڕە بەهرەدارەی خۆی دەڵێ: "بەخوای کەرە!"). 
ئەمە شتێکی خراپ نیە!  دەبێ یەکسەر لەو کاتانە بزانیت کە کچ یان کوڕەکەت بەهرە یان توانایەکی "خارق العادە"ەی هەیە, بیبەیتە لای شارەزا لە بەستێنی ئەو زانست و هونەرەی کە جگەرگۆشەکەت تێیدا ئاوقاتە، یان دەڵێی فەرمەسۆنە, ئەی دایک و باوکی خۆشەویست, فەرمەسۆن و ماسۆنیەتیش هیچی تر نیە لەوە زیاتر کە خودا بەهرە و توانایەکی زیاد لە لزووم هەندێ جار دەداتە بەشەرێک و خەڵک دەیکەنە ئەفلاتوون.
 
( 2
پێش هەموو شتێک بۆ گەنجانی شێری سەدەی 21 نووسراوە تا لە واتاکانی سەرۆک و چەمکی سەرۆکایەتیی و "هونەری سەرکردایەتیکردن" باش باش باش تێ بگەن, یان هیچ نەبێ بۆ ئەوەی لە بەستێنی بەڕێوەبردنی ئیشدا یان لە بواری كه‌سایه‌تیناسی و هاوڕێیەتیدا، لە دەروونناسیدا، بەتایبەتیش لە بەستێنی بێ نیهات مومتیع (سیاسەت)دا، سەرچیغ نەچن, ئەگەریش گەنج و لاوانی کوردستان کەوتبن بکارن هەڵبستنەوە بیر بکەنەوە ئاخۆ چۆن لە سەرەتادا بتوانن جارێ پێش هەموو شتێک خۆیان بگەیەننە قەناعەت بەوەی کە ئەوان هەڵە بوونە لە ژیانیاندا! چ قەیدییە مرۆڤ با بەم دانپێدانانە دەست پێ بکات، "ئەگەر سەرکردەیەک یان سەرۆکێکیش بووبێت".
دان نان بە هەڵەی خۆت هەندێک جار لە مێژوودا وا ڕوویداوە نەسلێک (نەوەیەک) تێکڕا هەڵەیەکی مێژوویی کردووە و دانی پێدا ناوە دوواتر. (واتە زیاتر لە دوو ملیۆن و پێنج سەد کەس بەجارێک بەدرێژایی ٢٥ ساڵ !!!). 
هەندێک جاریش شارێک سەرتاپای بەجارێک هەڵەیەک دەکا.. بۆ نموونە هەولێر؛ هەر هەمووی بە جارێک؛ ئەو تاوانە نائینسانی - مێژووییەیان ئەنجام دا, هەولێرییەکان دژی خودا و دژی بەشەرییەت چوون جوولەکە ئەسڵ ئەسڵ هەولێرییەکانی وەک دانیال قەسسابی باپیری من و مونیر قەسسابی هونەرمەردیان دەرکرد لە شاری ئەژدادی خۆیان!
ئەمە حەقیقەتێکە ئەمڕۆ منداڵیش دەزانێت, جاری وا هەیە (سەرکردەی نەتەوەیەک) پیسترین هەڵەی مێژوویی کردووە, چ جای نەوەیەک یان تاکەکەس کە مژاری قسەمان بوو! مژاری ئەم کتێبەشمە خۆ: تاکەسی سەرگەڤاز و سەرکردە دەبێ بتوانن لە سەرەتادا یەک جار پێچەوانەی خۆیان بیربکەنەوە, یان هیچ نەبێ ڕاوەستن لەوەی 
تەنیا و تەنیا و تەنیا خۆیان ببینن و 
تەنیا و تەنیا تەنیا و تەنیا خۆیان بخوێننەوە؛
تەنیا و تەنیا تەنیا و تەنیا خۆیان بخوێننەوە؛
تەنیا و تەنیا تەنیا و تەنیا خۆیان بخوێننەوە؛
تەنیا و تەنیا تەنیا و تەنیا خۆیان بخوێننەوە..
با لە خۆیان بێنە دەرەوە و خەڵکی تریش بخوێننەوە, بزانن ئایا ڕاستە ئەو ڕێیەی ئەوان لەسەرن ناڕاستە؟ ئەو زیرەکی و شایستەیی و توانایەی ئەوانیش هەیانە, زۆر زۆر بچووک و ناچیزەیە لەچاو هی دەرەوەی خۆیان یان لەچاو "ئەم غەیرەی خۆیانە"؟ 
ئایا ئەگەر ئەمە ڕاست بێت, جێی خۆی نیە بەشەر لاپەڕەیەکی نوێ هەڵداتەوە لەسەر چەند بناغەیەکی ئەوتۆ دەست پێ بکات کە لە (زێڕی ناو زبڵ)ی ئەزموونەکانی خۆیان ئەگەر بتوانن هەڵی بگۆزن باشتر نیە لەوەی بەدیار سەرچیغچوون و ڕووڕەشی و وێرانەیی خۆی هەڵبکورمێ تا هەتایە تووتی؟ یانیش گەنجی کورد "بە قەڵەمەکەم" باوەڕ نەکات. 
لای ئەو وا باشترە لەسەر باوەڕ بە من نەکردنی خۆی بەردەوام ببێت تا "بەشوودرانی" -شێرزاد حەسەن گۆڤاری متمانە- ئنجا؛ پاش ئەم بەشوودرانەی بێت ئەویش پاش هەموو "دار" و "دەست" و درۆزن و بەشوودراوەکان داوای لێبووردن لە دوواکەوتنی خۆی و لە بوونە هۆی بەدرەنگ خستنی سەربەخۆیی بکات؛ بڵێ: ڕاستە.. هەر ئەم کوشتنی زەمەنی کوردییه‌ش بوو فەرهاد پیرباڵ باسی دەکرد دەبێتە هۆی ته‌نگژه‌ی مووچە و خۆزگەخواستنی ئۆپۆزیسیۆن بەوەی ئیللا بە  ڕابردوو  ڕازی بن و پاشەوپاش بگەڕێینەوە (لای دکتۆر یووسف) ئنجا بێنەوە ئەگینا تەواو, بەڕاستی زەمەنێکی زێڕینی کوشت لە کورد کاکی ئۆپۆزیسوێن. 
ئنجا بیەوێت بڵێ: لە تاوانەکانی کردم دەرحەق بە خۆم و بە ڕێژیاری بەشەرییەت لێم ببوورن ئەگەر بە هەڵەچووبووم لە ژیان و بیرکردنەوەمدا و 
بوومە هۆی ئەوەی کە نەتەوەکەم نەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە سێ شوبات و نیو قاچی ڕاستی خۆی بەرەو سەربەخۆیی کوردستان هەڵبنێت بێ ئەوەی نەترسێت ئێران و عەببادی و من و ڕووسیا خەنجەری دووبەرەکایەتی نانەوەی تێ بسرەوێنن لە هەر چوار ئاگری کوردستانەوە. 
هەڵبەت خۆ ئەم دداننانەی گەنجی گۆڕانخواز بەتایبەت "ڕووناکبیر"، بە هەڵەبوونی خۆی، کڕینەوەی نامووسی خۆی و کەڕامەتی نیشتیمانەکەیەتی لە ڕاستیدا کە خەریک بوو لەسەر کورسییەک یان بەناوی "ڕیفۆرم" لەدەستی بدا. 
هەڵبەت، ئەی گەنجانی شارەکەم ئەمە قسەیەکە، هیوادارم کەستان بە خۆتانی نەڵێن, بەڵام منیش دانی پێدا دەنێم کە هەزار هەرەس و وێرانەیی و زەلالەتم دیوە منیش بای خۆم لە ژیانمدا, بۆیە هاتووم توانیومە کتێبێک لەم بارەوە بۆ تۆ بنووسم و بڵێم: بیر بکەنەوە ئاخۆ چۆن لە سەرەتادا بەس بتوانن جووڵەیەک بکەن یان جووڵەیەک بدەن بە خۆتان لەکاتی وێرانەیی، یان لە کاتی هەست بە ڕووخان و هەرەس کردنتاندا. دەبێ، ئەوانەی هەرەس و کەوتووەخوارەوەکانن بتوانن بێن چاوێک لە دەرەوەی خۆیانەوە بە خۆیاندا و بە دەوری خۆیاندا بگێڕن پاش ئەم یەکەمین جووڵەیە، من دڵنیام هێزێک پەیدا دەکەنەوە بتوانن بزانن چۆن دەست پێ بکەن، بە سوودوەرگرتن لە هێز.. ئیرادە.. کاریزما لە خۆیاندا دروست بکەن و سەرگەڤاز، وەدیهێنی نەخشە و خەونەکانی خۆیان بن یانیش لانی کەم لایەنگیری شێران بن. 
کەواتە دەبێ باش باش بزانن بۆ ؟ کێ ؟ شایستەیە "سەرۆک" بێ, لەڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە کێ دەتوانێ سەرۆکێکی سەرکەوتوو بێت؟ ئەوەی هەر هەموویان پێیان نەکرا ئەو بەتەنیا "دەیکاتەوە" ئەمەیە پێناسەی سەرۆک! بە ڕای من.
دەشتوانین وا پێناسەی بکەین بڵێین (مەردی بەڵێن) چۆن بتوانێت ئیرادەی ئەوەی هەبێت بەڵێن بدات بە گرووپێک یان هاوڕێگەلێک تا خۆی پێ ببەستێتەوە, بشزانێ بتوانێ چۆنیش بەجێی بگەیەنێت. ئەمەیە گەنجی سەرگەڤاز, کەواتە کەسێکە دڵی هەموو وڵات بەجارێک خۆش دەکات بێ جیاوازی.
لەڕووی سیاسییەوە بۆ نموونە ئەمڕۆ سەرۆک دەبێ دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت ئەگەر حزبێک، گرووپێکی مەزەوبی، یان هەر پارێزگایەکی هەرێم، ئەگەر ویستی خۆی لە کوردستان واتە لە هەولێری پایتەخت دابڕ بکات، بە تاوانی ناپاكی لە کوردستان، سزای بدرێ (کوڕی هەر کەسێک بێت، سەرۆک دەبێ ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی پێ بدرێ.
لەمەش گرنگتر, سەرۆک ئەمڕۆ دەبێ دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت لە کۆماری عێراق جودا ببێتەوە، پاشانیش بۆی هەبێت نەخشەی "سنووری سیاسیی" هەرێم، بە خەباتی دیپلۆماسییانە، یان ئەگەر پێویستبوو بە خەباتی چەکداری دژی داعش فراوانتر بکات.
یەک لە ئەرکە یەکەمەکانیشی ئەوەیە کە دادپەروەری و یاسا و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئاسایش بچەسپێنێت و هەژاری لە وڵاتدا بنبڕ بکات. بۆ ئەمەش پێویستە ئەم سسیستەمە پەرلەمانییە کارتۆنییە لابچێت و پەرلەمانێکی سیستەم کراوە و ئازاد، گونجاو بۆ ئێرە، دابمەزرێت. بزانێ چۆن تەقڵەیەکی خێرا بە زەمەنی لەدەستچووی کوردی لێ بدات و قەدبڕ لەم چڵپاوە ڕەشەمان ڕزگار بکا.
 

فرهاد پیرباڵ