تەفسیری سوورەتی ئەشکەوت

AM:09:47:13/04/2017 ‌


گەردوونبۆچی کەوتۆتە ناوەڕاستی "ئەشکەوت؟
فەرهاد پیرباڵ
(ب. ١)

ئەشکەوت (وەک مزگەوت، ئاگر، شەپقە، کتێب، پێڵاو) مێژووی خۆی هەیە. لە کەیەکەوە هەیە ئەشکەوت؟ کێ دروستی کرد, چۆن دروست بوو، بۆچی؟ باوباپیران و داپیرانی ئێوە، وەختێ لەوێ دەژیان، ئایا لای ئەوان، ئەشکەوت چی بوو؟ بەشەر لەوێچی فێربوون و چی و چییان داهێنا؟ چما ئەوێیان بەجێ هێشت؟پاشان،هۆکار چییە هیچ بەشەرێک نییە لە هەموو گەردوون بە بینینی ئەشکەوت شاگەشکە نەبێت؟ ئەمە چونکە جێی منداڵیمانە و هەموومان بەبیرمان دێتەوە یان دەڵێن هەست دەکەین ئێمە پێشتر ئەو جێگەیەمان دیوە! ئەدی ئەم حەز و ئارەزووەمان لەسۆنگەی چیەوه‌یه‌ بۆ دیتنی ئەشکەوت و سەردانی شانەدەر و هەزارمێردەکان کە ناویان لێناوە "گەشتوگوزار" و جێی منداڵیی ئێمەیە.
ئێمە پڕ پڕ پڕین لە یادەوەرییەکانی ناو ئەشکەوت, بۆیە ڕەفتارەکانی ئەوکاتمان هێشتا پڕ تێدا.
تۆ تەماشاکە و بیربکەوە,بۆچی تا ئەمڕۆش پیاو، لە هەر شوێنێک بنوێت، یان ئەگەر لە ڕێستوڕانتێک دابنیشێت (بەپێچەوانەی ژن کە لای گرنگ نییە) هەمیشە پیاو حەزدەکات بەرامبەر دەرگا  دابنیشێت نەوەک "حەیوانێک" لێیان بێتە ژوور و ئەو ئاگای لە دەرگا نەبێت.
من ئەم پرسیارانەم لەخۆ کردە مەراق, چونکە ئەنگۆ بەخۆتان لە مەدرەسە و مەکتەبان فێرتانکردم منیش خوێندکارەکانی زانکۆم فێربکەم کە بەشەر پێویستە مێژووی باوباپیرانی خۆی باش باش باش بناسێت. منیش کاتێ کەوتمە ناسین بۆ ناساندنی ئەو مێژووەی باوباپیرانی خۆم، دیتم دەچمەوە سەر حەزرەتی ئیبراهیم، لە دیماهیشدا ئادەم و "ئەشکەوت". 
لە هەموو ئەمانە -لەم کتێبەی لەمەودوا بە زنجیرە بڵاوی دەکەمەوە- بۆ من گرنگتر و خۆشتر,بریتیە لە (سایکلۆجیەتی بونیادگەراییانەی ئەشکەوت) واتەسیستەمی هۆشی من ئەشکەوت دەباتەوە ناو ئێستاتیکای ئەشکەوت، ئینجا /نەک فەلسەفەی ئەشکەوت وەک مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوه‌، نا/، بەڵکو فەلسەفاندنی ئەشکەوت بە خەیاڵ و عەقڵی خۆم نەک بە عەقڵ و خەیاڵی کلۆد لیڤی شتراوس و "جۆرج پۆمپیدۆ" چونکە ئەشکەوت، هەموو خەڵک دەزانێ، نەک بۆ فەیلەسووفێکی وەک من, بەڵکو بۆ نیگارکێش و ڕۆماننووسێکیش هەر، بای ئەوەندە عەنتیکە و خۆش و شاگەشکەی پێیە کە بمخاتە سەر کاغەزیکی سپییەوە سەرسام بەوەی پاش خوێندنەوەی قوڕئان پێی گەیشتم و دەمەوێ بۆ ئێوەشی باس بکەم. 
بێگومان کارەکەکارێک بوو، نەدەکرا, ئەگەر نەهاتمایه‌ لە ئارکیۆلۆژیای ئەو شوێنە و لە قۆناغی یەکەم بنەماڵەی ئادەمم نەکۆڵمه‌وه‌، واتە ئەگەر نەچووبام لە ژیان و دین و هونەر و مێژووی ئادەمیزادی پێش سەردەمی ئەشکەوتیش نەکۆڵمەوە. بەڵام وەک گوتم ئەم گەڕان و تۆژینەوەیە، تا ناوەڕاستی فوڕقان بردمی: "لیتلگف".
گاستۆن باشلار بە فەرەنسی لەبارەی (ئاگر) کتێبێکی نووسیوە، منیش ئەم کتێبەم بە ناونیشان و لەبارەی (ئەشکەوت) بەکوردی. تێیدا بونیادگەرایی ئەشکەوت و ئێستاتیکا و مێژووی ئەشکەوت، لە دید و ئەزموونی خۆمەوە، دەفەلسەفێنم. ڕاستە هاوتەکنیک، بەڵام لەڕووی دید وبیرکردنەوەی جیاوازمان، بەرەو کوێ و چی بردنەوەی مژارەکانمان، ئاسمان و ڕێسمان فەرق.

سوورەتی ئەشکەوت، چییە؟
سوورەتی ئەشکەوت یەک ڕستەیە,جیهان لە مه‌ترسیدایه‌، تاکێک "کەسێک" پێغەمبەرانە پێویستە بێت جیهان ڕزگار بکات لە ستەم!
سوورەتەکە وەڵام ناداتەوە ئایا ئەو کەسە هەیە یان نا؟ دێ هەبێت، یان نا؟ سوورەتەکە تەنیا هێندەمانپێدەڵێ:جیهان لە مەترسیدایە و پێویستی بە "کەسێکە".
ڕاستە:هوشیاری لەناو چەند تاک و "کەس" و لەناو چەند تاقمێکی وەک (برادەرانی ئەشکەوت) سەری هەڵداوە،، بەڵام بێداربوونەوەی پاش خەوی غەفڵەتی ئینسان بەس نیە.
یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات لەناو ئەو "کۆمەڵە" ئازا و ڕاپەڕیوانەدا،کاریزمادارێک، بە ئیڕادە و هێزێکی پێغەمبەرانە بێت بتوانێت جڵەوی ئەم شۆڕشەی خەڵکی چەوساوە و ئەم ناڕازیبوونەی خودا دژی ستەمکاران بگرێتە دەست,/ئەمەیە پەیامی سوورەتی کەهف/.
ئەمەش چونکە هەموومان دەزانینو قوڕئان دەمێکە پێمانی گوتووە سەردەمی پەیدابوونی پێغەمبەران بۆ ڕزگارکردنی بەشەر بەسەر چووە، واتە سرووش ناردن لەلایەن خوداوە بۆ بەشەر کۆتایی هاتووە، بۆ بەشەرێکی هیچ و پووچ کە بەگوێی تەنانەت خودای خۆیشی نەکرد و ناشکا.کەواتە، بە ئیزنی خودا دەڵێم: سەدەی ٢١ سەدەی تاک و کاریزمای تاکە.بەدەنگی بڵندیش دەمێکە گوتوومە: سەدەی ٢١  سەدەی زانا و بلیمەت و فەیلەسووف و هونەرمەردەکانە.. سەدەی منە.
بەپێی سوورەتی کەهف ئەم گریمانەیە دەمەوێ بسەلمێنم. چۆن؟داستانی برادرەکانی ئەشکەوت بەپێی سوورەتی ئەشکەوت، ئاوها پوختە دەکەمەوە بۆتان: 
چەند کوڕ و کاڵێکی خراپەکار و گومڕا /سەرنج بدەن هیچ ئافرەتێکیان لەگەڵدا نیە سەگێک نەبێ/، پاش تێکشکان و "گەڕانەوە" و هەست بە زەبوونی و ڕیسوایی و تێکشکانیان بەدەست ئەم دنیا فانییەوە، بڕیار دەدەن و دەچن لەناو ئەشکەوتێک دادەنیشن و بیر دەکەنەوە چ پکەن؟چۆن خۆیان لەو خراپە و گوناحانەی کردبوویان بەرامبەر خودایان پاک بکەنەوە؟لەو سەین و بەینەدا خەویان لێدەکەوێ. 
کاتێ بێدار دەبنەوە، سەدان ساڵ، یان هەزاران ساڵ تێپەڕیووە و ئاگایان لەمە نییە کە ئەمە چاخێکی نوێیە و هیچی لە هیچی سه‌رده‌می وان ناچێ.
یەزدان لەڕێگەی ئەم داستانەوە هاتووە دیدی خۆی، واتە دینی خۆی، لەپێناو چارەنووسێکی بەختەوەر بۆ خوێنەرانی خۆی، دەردەبڕێت کە من واهیم شرۆڤە کردووە وەک تا ئێستا بۆی هاتووم و هیچم جارێ نەگوتووە.
(الکهف) باسی ئەمڕۆی مرۆڤی بێخودا و بێ ویژدان دەکات، دەسەڵاتدارانی شارستانیەتە دۆڕاوەکانی ئەمڕۆی مرۆڤ، کە لەسەر تیڤییەکاندا دەیانبینین، لە هەموو دنیا، چۆن هەمیشە بەپەلە و بێ سەبر، بێ ئەوەی لە هیچ بڕیار و کارێکی پیسیان، خودایان ئەسڵەن لەبیر نییە تا ئیستیعانەی پێ بکەن، یان بێ پرسکردن لە میلەت, دێن لەڕێگەی "حەدید" و "ئاگر" و هێزی تەکنەلۆژیای مۆدێرن، مرۆڤ، تەماشاکەن چۆن بە سەربڕین چوو، ئیسلام بەتایبەت گەیشتە چ ڕیسوایی و زەلالەتێک.