بۆچی دێ خۆم کاندید بکەم؟

AM:10:22:23/01/2018 ‌
فەرهاد پیرباڵ

بەڕێزان، خوێنەرانی منی خۆشەویست
بەڕێزان، سەرۆکی حکوومەت، جێگری سەرۆک پەرلەمانی "هەرێم" و ئەندامانی پەرلەمان! بەڕێزان، سەرۆکەکانی هەموو فراکسیۆنەکان، سەرکردەکان ! حیزبەکان!

"وای لەدەست ئەم باغە لە من بێبەشەی کورد!". 
ئنجا ئەگەر ڕێگەم بدەن، دەڵێم: ئەمە تەنیا لە سایەی ئێوەی پایەدار و تێکۆشەر نەبوو هەرێم گەیشتە ئەم دۆخە خۆگواز (انتقالی) و پۆزەتیڤەی ئەمڕۆ کە هەموومانی پێکەوە کەوتاندە سەر بیرکردنەوەی (چ پکەین لەدەست عارەبان؟) یان بەشێوەیەکی مەدەنیانەتر (چ پکەین لەگەڵ عارەبان!؟)، لە هەمووشی ئامانجتر: (چۆن بتوانین "دەروازەکانی سەربەخۆیی نەتەوەییمان") بزرنگێنێنەوە لە ڕاستەشەقامی ئەم جەنگەی کە من هەر لە سقووتی مووسڵەوە بەدەست داعش ناوم لێنا (جەنگی سەربەخۆیی کوردستانی گەورە). خۆئەگەر خوداش حەز بکات هێزی ئەوەشمان دەداتێ بکەوینە قەڵاچۆکردنی گەندەڵی، چەسپاندنی یەکسانی، ئاشتەوایی، زەندەق بردنی ئەو قانوونانەی ئەمڕۆ  بە خۆیان دەڵێن "قانوون!". ئازادیی فەردی، وێڕای هەمووشیان "ئاشتکردنەوەی سلێمانی و هەولێر" کە هەنگاوێکی ئەویش /خسووسەن بۆ شەخسی خۆم و ویژدانی خۆم و ئەخلاقی خۆم/ بنجییە؛ بۆ بەختەوەرکردنی تاک بە تاکی ستەمدیدەی ئەم وڵاتە زۆر زۆر شایستەیەی دەستوورەکەی وەتۆ دابڕێژین ببێتە "دۆکیوومەنتێکی دانسقە"ی دیاری (دادپەروەری) لە هەموو دنیادا و مرۆڤەکانیشی نموونەی ئەو خۆڕاگری و خەباتە سەختەی هەموو دنیا دیتی چماندیت!

بەڵێ؛ ئەم دۆخ و بارە قورسە هەموو کوردستان شاهێدە لە هەمان کاتدا، بەسەر بڕبڕەکانی پشتی منیشدا بوو گواسترایەوە ئەمڕۆ، لەسەر حیسابی نامووسی منی میلەتیش بوو کە "ڕووتتان کردمەوە". بەڵێ لەسەر بنچینەکانی بیر و خەباتی "دکتۆر فەرهاد پیرباڵیش" بوو کە بڵند بۆوە بناغەکانی ئەم باغە لە من بێبەشەی کورد.

بۆیە، بەڕێزان، 
وەنەبێ هەست بە بەشخوراویی خۆم بکەم، چونکە خۆتان دەزانن هاوزەمان سەربە هیچ حزبێک نەبوون خاڵێکی بەهێزی منە لەناو میلەتی خۆمدا، ئنجاش نەک لە زۆربەتان بەڵکو لە هەمووشتانم  /کە حزبین/ زیاتر مەعریفە و هونەر و ئەخلاق و دەوا و دەرمانم پێیە، ببوورن ئنجا سەربار ئەکادیمیەکی بێ دەعیەشم، شێت و شەیدای ئەوەم لەبن داران لەگەڵ تەڵەبەکانم دابنیشم پرسیارەکانی لەبارەی خودایان جواب بدەمەوە بەشێوەیەکی فەیلەسووفانە و سووفیستیکانە یان باسی عەشق و نەوا و زەوقی بەشەرجووڵاندنیان بۆ بکەم، بێگومان، چونکە بە هەشت زمان و لەهجان قسان دەکەم، بە پێنج زمانانیش کتێبم هەس؛ دوو جار هەر لەسەر ئەوانیش (لەسەر تەڵەبە و زانکۆ) فەسڵ کراوم، ئنجاش دەزانن لە 26 شاری 16 وڵات ژیاوم، سێ ژنم هێناوە، یەک لە یەکتر جوانتر و عەنتیکەتر، هەریەک لە پایتەختێکی زۆر درەوشاوە و دیار، "پێشدیت، واتە خەبیری دەرەجە یەک لە سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی نێودەوڵەتی و تووریزمی سێکسی"، بەڵام خوداناس، قوڕئانم لە هەژار موکریانی جوانتر و دروستتر تەرجەمە کردووە؛ بەڵام خۆم بە (مۆنارشیستی کۆزمیک) زان، لە هەمانکاتدا بەقەدەر قەشەیەک ئەرشیفی دێرینی دنیا و دین و قیامەتم لەلایە و وەزیرێکتان نەبوو عەقڵی ئەوەی هەبێ بە شەش دۆلاریش لێم بکڕێ، بۆیە حەزتان دەکرد من هەر ڕۆماننووس بام یان تەنیا شاعیرێکی قەشمەڕ یان تەنیا مێژوونووس و ئەرشیفیست. دکتۆر ئەحمەدی مەلا لە پاریس پێمی دەگۆت (ئەتوو دەبییە حسێن حوزنی موکریانی!). 

تۆژەری زۆربەی زانست و هونەرەکانم بەڵێ فەخری هەولێرم و هەولێری مۆدێرن بەبێ من هیچ تام و مەعنایەکی نەدەبوو.. ئاوارەییەکەی حاجی و دوورەوەڵاتییەکەی نالی و پیرەمێردیش لەچاو دوورەوڵاتییەکەی من گەمەی منداڵان بوو.. کاتێ گەڕامەوە هەولێریش دیتم مامۆستاکانی زانکۆ نیوەیان بەرەو زانکۆکانی لیبیا و ئەستەمبۆڵ غاریان دەدا لە ١٩٩٧، باش ئەمە دەزانن هەمووتان هەرگیز یەخەی گەندەڵ و بۆینباغی هەر جارەی ڕەنگێک درۆزنانەشتان بەرنادەم هەی لە یەکتر نامەردتر و گەندەڵتر بە یەکتر گۆتنتان لەسەر شاشەکانی تی ڤی قەسەم.

چۆن مووسا فیڕعەونی لەناو برد ئاوها بۆ داهاتووتان بگێڕنەوە ئەولادتان شۆڕشی سپیم!
لەتاو تووڕەیی و داکۆکیکردنم لە سوڵتان مزەفەر، لەپێش جێگری سەرۆکی ئەکادیمیای کوردستان و د. موحسینی تورکمان هاوارم کردە سەر سەرۆکی ئەکادیمیای کوردستان و پێمگۆت: (هەی جاهیل!)، بەڵێ هەر ئەمنیش بووم بە هەولێرییانم ناساندەوە، دڵنیاشتان دەکەمەوە ڕاپۆرتی پزیشکیم هەیە دەڵێ پیاو شێت بێ چۆن دەتوانێت بەم بەلاغەتە موبینەوە بدوێ، بەڵام منی فەیلەسووف دەبێ لە ئێوەش هەر بێگومان کەمێک "جوایەز"، شەیدای حەقگۆتن و لەسەرحەقبوون، شێتی حەق بەسەرخستن، واز لە ئەولاد و نامووسی خۆشم دێنم –بە ئاشکرا دەڵێم- ئەگەر لەپێناو خیانەت نەکردن بێت لە کوردستان یان لە خودا، لەپێناو ئەو ڕێبازەی کە نەقش و نووری مەگروونی خۆی، بەسەر چیاکانی پیرەمەگروون و پیرمەسوور و پیرمام و پیرسێ و پیرزین و پیران و پیرباڵانەوە تا پیرمەسووری مهابادیش ڕاخستووە قەسەم: خیانەت لە خودا و خاک و خەڵک و خۆم هەرگیز نەکەم)) هەمووشتان دەمناسن و مێژووی من لە ڕۆژ ئاشکراتر، لە هەشت زانکۆ دەرسم داوەتەوە، شارەزای شەش دینان، شەش مانگ پێشمەرگاتیم کردووە، تەنیا دوو سەعات و نیو جاش بوویمە، بۆ ئەوەی لای مەلا عەلیش بەدرۆ نەکەومەوە بەدەگمەن ئەگەر پێکێک شەڕابی سوور ئەویش لە پاریس یان لە تووڕەیی ئەو عاجباتی و سەرمەستانەی کافربوونیانم خۆشدەوێ، ئەکادیمیم کەی بمەوێ یان پێویست بێت، خاوەن ٧٨ کتێب، کە دوویان خراونەتە مەنهەجی خوێندنی زانکۆی سلێمانی و سەڵاحەدین، بەوپەڕی خۆ بە لێهاتوودیو، بەوپەڕی متمانە هەبوونم بەو هێز و مەعریفەیەی لە ڤۆڵتێر و ناپۆلیۆن و مۆنتسکیۆ بەتایبەتیش لە مۆنتاین و نۆ ساڵی زانکۆی سۆربۆن وەدەستم هێناون، نەک چونکە بە مافی خۆمی دەزانم، بەڵکو بە ئەرکێکی نیشتیمانیی خۆمی دەزانم:

وەک بێلایەنێکی بەڕێز، بەتەنگ نەسازانتانەوە بێم یارمەتیتان وەک تەرازوویەکی حەق لەو نێوانەیەدا بدەم بۆ ئەوەی هاوسەنگیتان  بهێنمەوە سەر خۆی: چونکە شەش چەپڵە بە یەک دەست لێ نادرێ! 

ڕێگەم بدەن خۆم کاندید بکەم تا دەسنیشانم بکەن و دەنگم بدەنێ بۆ سەرۆکی هەرێم لەم قۆناغی ئێسته‌ی هەڵبژاردندا.
ئەم پێشنیارەم خستە بەردەم بەڕێزتان، چونکە من لە ساڵی ٢٠١٣دا نووسیم (لقد مات الحزب!)* یەعنی ئیتر میللەت لە خۆتان باشتر دەزانێت کە هەر هەموو لیستەکانی پەرلەمان و هەر هەموو حزبەکان -بە سەرۆکایەتیی حکوومەتیشەوە، بەشێوەیەکی گشتی، متمانەیان نەماوە، هەم خۆیان و هەم بە یەکتر، هەم لەگەڵ یەکتر، لەناو یەکتریش، هەم متمانەی میلەتیشیان بە خۆیان، لەدەست داوە..
ئنجاش چونکە (کورسی: هەمیشە دەبێ بەتاڵ بمێنێتەوە لە بەهایەکی مەعنەوی زیاتر، هیچی دیکەی نیە). 

وابزانم بۆیەش دەبینیت هەر سەرگردەیەک ئەگەر لەسەری دابنیشێت ئەوا ئەوەی دیکە ناڕازی، یان دوویان دژ، یان سێیان زیانمەند، یانیش هەر چواریان پێیان وایە پێنجەم کڵاویانی لەسەر ناوە!)  
بۆیە پێویست وایە پێش ئەوەی بچن ڕێککەوتنێکی تازە لەگەڵ یەکتر بسازێنن؛ بێن ڕێککەوتنێکی (بەڵێننامەیەکی) تازە لەگەڵ میلەت ببەستن!!! ئەمەش بەوە دەبێت ئێوە ئیتر پێویستە هەمووتان لە پەرلەمان وەک سیستەمێکی ڕزیوی بۆگەنەکەی کەرلەمان بچنە دەرەوە و سیستەمێکی تری بۆ دابندرێت کە من نەخشەم شەش ساڵ زیاترە بۆ داڕشتووە و کەستان گوێی نەبوو لێمی بگرێ؛ ئەویش سیستەمی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە کە لە ساڵی ٢٠٠٩  بۆ قوباد تاڵەبانی و دکتۆر بەرهەمم باسکرد بە حزووڕی د. سەروەر و کاک سەمەدی بەرپرسی خوێندکاران بۆ ماوەی نیو سەعات بۆم شڕۆڤە کردن سیستەمەکەم چۆنە. 

بەم شێوەیەی خوارەوەیە؛ هەموو حزبەکان باشترە بچنە دەرەوە، بەڵام ئەگەر نەشچنە دەرەوە ڕێگە لەم لیستانەی خوارەوە ناتوانن بگرن، بە مەرجێک ئەگەر میلەت بوێر و جەسوور بێت و پشتیوانی لەم فەلسەفە سیاسییەی من بکات کە خۆم باش دەزانم ناوێزە و "لەسەرەتادا عەنتیکەیە"' لەجیاتی لیستی حزب لیستی توێژ و چین و تاقمە کۆمەڵایەتییەکان بچنە ناو پەرلەمان بەم شێوەیە: 

١-لیستی پێشمەرگەی یەکگرتوو لەناو پەرلەمان داوا بکات هەموو هێزی پێشمەرگە و پۆلیس یەک بخرێت؛ نوێنەری پێشمەرگە ڕاستەوخۆ لەناو پەرلەمان هەبێت نەک لەڕێگەی حزبەکانەوە؛ هەروەها بودجەی تایبەت بە داهاتووی خۆی هەبێت، ئنجا داخوازیی جێبەجێکردنی سەرجەم مافەکانیان.

٢-لیستی کرێکاران و کاسپکاران، کە دوکاندار و سایەق تەکسی و پاقڵەفرۆشەکانیش دەگرێتەوە – مەبەستم ئەو خوێندکارانەی 88یان هێناوە و ناچار بەنزینفرۆشن!

٣-لیستی خوێندکار و لاوان، هەرچی "قوتابی" و " فێرخواز" هەن؛ هەرچی گەنج هەن، کچ و کوڕ، نوێنەری خۆیان وەک توێژ لەوێ بێت و یەکگرتوو بن. 

٤-لیستی جووتیاران و گوندنشینان کە هەرگیز خیانەت لە زەوی ناکەن و گوند ئاوەدان دەکەنەوە؛ خواخوایانە خاک بەخێو بکەن و خۆڵ خەنی بکەن و خەمی باغەکانیان بخۆن هەی بێ تراکتۆرەکان!

٥-لیستی ئەنفال و هەڵەبجە و شەهیدان و زیانلێکەوتووانی جەنگ. ئەگەر نوێنەری ڕاستەوخۆیان لەناو پەرلەمان هەبێت ئەوا بە شەش مانگ هەموو گرفتێکیان چارەسەر دەبێت و کورد ئیسراحەت دەکات.

٦-لیستی مامۆستاینی یەکگرتووی ناڕازی. کاتی خۆی یەکیەتی و پارتی مامۆستاینی زانکۆیان کردە سەر بە یەکیەتی، مامۆستایانی پەروەردەشیان کردە سەر بە پارتی تا ئەمڕۆش بۆ ئەوەی مامۆستایانیش بکەن دوو بەرەی دژ بە یەکتر.. هههە: نەیاندەزانی کە مامۆستا هەر بۆ خۆیان مووچەیان بدەڕی ئیتر هیچی دیکەیان ناوێ.

٧-لیستی تاراوگە و دوورەوڵاتەکان. ئەمەش بۆ ئەوەی لەناو ئینتەرنێت و فێسبووک و یووتووپ کەس نەمێنێ چیتر نامووسی کوردستان و حکوومەت و پەرلەمان ببات، لەلایەکی دیکەش بۆ ئەوەی سوود لە هونەر و زانست و تواناکانیان وەربگرین و ئاشتیش ببینەوە بەڵکو.
٨-لیستێکی یەکگرتووی ئیسلامی، کە بەفراونی چەندین جار بڵاوم کردۆتەوە و لەگەل سەرکردە سیاسییە ئیسلامییەکانیش بە تەلەفۆن یان ڕاستەوخۆ داخوازیم کردووە و بە حەتمییەتێکی ئیلاهیم ناوزەد کردووە.

٩-ئنجا لیستی ئێزیدی و کلدۆئاشووری و لیستەکانی شاسوار و ئاری هەرسین و دکتۆر بەرهەم و لیستەکەی منیش ( لیستی خوێندکار و لاوان) و ئی ژنانیش کە زۆر بە پێویستی دەزانم و حەفتەی داهاتوو قسەی زۆر خەتەری لەبارەوە دەکەم.

ئیتر وەرن.. میللەت-کە منێکی بێلایەن لەوێوە هاتووم- لەناو خۆتاندا وەک کاندید و نوێنەری، قبووڵ بفەرموون، یانیش بیخەنە دەنگدانی میللەتەوە پێشنیارەکەم. 

بەم کارەتان، منی خەمخۆری خاک و خودا و خەڵک دەخەنە سەر دەستهەڵگرتن لەم شێتایەتییەی منتان پێی تۆمەتبار، یان هیچ نەبێ دەستهەڵگرترن (لەم شۆڕشی عومرەم)، ئەمەش ئیتر بۆ ئەوەی منیش بەم (ئاخری سپییەم)، بێم، داوای لێبووردن بکەم لە هەموو ئەو بێ ڕێزانەی کە بەهۆی ئەوەی من و مافەکانی میللەتیان، فەرامۆش ئنجاش بەجواب نەدەهاتن، ناچار بەوەیان کردم ئەوە بکەم کە دیتان...
سوپاس بۆ گوێتان،

بە هیوای بەرقەراربوونی یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی بۆ تاک بە تاکی کوردستانیەکان،
ئەگەر مام هەر بەتەمای خودا،
ئەگەریش مردم میللەت خۆش،

د. فەرهاد پیرباڵ
٣١ی دیسەمبەری ٢٠١٦