دان پیانانەکانم لە بەردەم هەشت دەروازەکانی دۆزەخ


دەڵێم تالە ژیان ماوم، دەرفەتە هەشت ڕازو "هەڵە"،نهێنی و "گوناح"،یان با بڵێم هەشت ددان پیانان و "حەقیقەت"، لەناو ژیانی شەخسیمدا، باندەستیان کاریگەر بەسەر دید و ژیان و چارەنووس و هەڵوێستەکانم، لەگەڵ خۆم با نەیانباتە ژێر گڵ, کورد یان با هیچ نەبێ "تۆژەری بەرهەمەکانم"پێویستە بیزانێت. ئەمەش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا (ناحەق) یان (
ناپاك)کە سروشتی درۆزنانەی وایە پێی ناخۆشە ببینێت حەق لەسەر حەقە و دەبێت فەرمانڕەوا بێت،بە با نەیەت بێ بڕوابچێت بێ، بێ بەڵگە شڕۆڤەی خۆم و ئەخلاق و ئەفکارم بکا.

(ئینسان ئەوەیە کە دەیخوا: من ئەو شتانەم کە نەمخواردن).

ئەگەریش ئینسان ئەوە بێ کە دەیکا، من ئەو شتانەم کە نەمکردن.

یەکێک لەوهەشت ددان پیانانەم لە بەردەم هەشت دەروازەکەی دۆزەخدا،پێوەندیی بە ژن و خەباتی من بۆ یەکسانیی ئافرەت و پیاوهەیە. لە ئێستاشەوە لەگەڵ ئەو کرمانجەی لەسەر نامووسی ژنەکەی پیاوێکی کوشتووە لە سجنی محەتتەی هەولێر کەوتووە، هاوڕام منیش کە پێی گوتم"

هەزار ژنی یەکسانیخواز و دایکی فێمینست ناگۆڕمەوە بە یەک کفتە بۆ کوڕە بێ دایکەکەم".

ددان پیانانی یەکەم

(لەبەردەم دەروازەی یەکەمی دۆزەخدا)

ددانی پێدادەنێمدوورەوڵاتییەکەی نالی و حاجی قادری کۆیی لەچاو دوورەوڵاتییەکەی من گەمەی منداڵان بوو. چونکە من نەسلی من، قوربانیی جەنگی نێوان دوو خۆ بە مسوڵمانزانی "ئێران" و "عیراق"، سوننەی عەرەب و شیعەی فارس ١٩٧٩-١٩٨٣، لەلایەکی تریشەوە هەر "وێران"، سەرهەڵگرتوو،"لەدەست ناپاكی عەشقی کچێکی سلێمانی" کە منی دایە دەست بەعس و ئەمەش منی خستە ژێر چاودێریی ئیستیخباراتی سەددامەوە، ئینجا پاش قرناقە و پشت ئاشانبێ ئومێدبوونیشم لە "کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان" و سیاسەتە بێئومێدەکەی مفاوەزاتی ساڵی ١٩٨٣ لە سوورداش "کە تەنیا حسێن سنجاری سوودی لێوەرگرت"، چووم،هەمان ساڵی ١٩٨٣ڕێگەی پاریسم گرتە بەر، بە ئومێدی ئەوەی ئەمڕۆم ئەمەتا دروست دروست بکەمەوە.

ئەوجا، من پاش ئەوەی لەپاریسی ئاشتی و یەکسانی و برایەتییەوە (خۆ بەرهەمی مەسیحی و یەهوودییەکانیشە!) پاش 11 ساڵ دوورەوڵاتیی ناچار، گەڕامەوەهەولێری خۆم لە ساڵی ١٩٩٤ کاتێكمیلەتی خۆمی مسوڵمان، کوردم "هەمدیسان" لەناوئەو نا-یەکسانی و بێ قانوونی و براکوژی و لەناو ئەو جەهالەتەدا دیت کە مسوڵمانی کورد "ئێ خۆ ئازادیش بوو بوو لەدەست سەددام، کەچیخۆخۆر گەیشتبووە ئەو ئاستە نابەشەرییەی –بە چاوی خۆم دیتم لەسەر قاڵبە سەهۆڵێک، پیاوێک، بە قوللاپی قاڵبەسەهۆڵ ڕاکێشان،هێرشی هێنا، نووکی چەنگاڵەکەی چەقاندە چەقی سنگی ئەو پیاوەی دیکەی دەیویست قاڵبە سەهۆڵەکە بۆ خۆی ببات، چونکە هاوینە بێ مووەلیدەکە زۆر گەرم، کارەباش قاتی بوو،ئیتر خەریک بوو وەک ئەمڕۆمشێت هەڵدەگەڕام بەدەست ئەم میلەتە مسوڵمان یان ئیسلامی و کوردەسەری خۆ-خۆر و مووچەخۆر و خۆخۆرەی خۆمەوە ١٩٩٤- ٢٠٠٣...

لەو ڕۆژەوەی ئیدی ئەو پیاوەی باداوە، بە قوللابی سەهۆڵ ڕاکێشان، پیاوێکی تری "کوشت"، ئیتر من باوەڕ و ئومێدم بە کورد نەما.

بابم دەیگۆت:باشە فەرهاد، ئەو کرمانجەتییەی ئەتوو ئەوەندەت خۆشدەوێ، بەراوردی بکە بە یەهوودی و کافران بزانە مەسیحییەکت دیتییە لە جادان دەرۆزە بکا؟کافرێکت بینیوزە کەوتبێتە سجنی محەتتە؟ یان بێت،ژنی خۆی بەلاش و حەلاش تەڵاق بدا؟ دیانەکت دیتیە کەری بگێ؟.

دەمگوت: ئاخر کورد...

نەیدەهێشت قسە بکەم دەیگوت:خۆ بە خۆشت دەزانی باڕ و نادییەکانی عەنکاوە هەر هەمووی مسوڵمانن (مەگەر بە ڕێککەوت ببینی مەسیحییەک لەوێ سەرخۆش بێ) لە میلەت و حکوومەتی دزیوە دەشیەت لەسەر دیواری ماڵەکەی دەنووسێ "هازا من فەزڵ ڕەببی"

باوکم، بە شیر مەسیحی، لە دایکەوە تورکمان، لە شێخ پیرباڵانی زەردەشتییەوە بەسەر سێ خوشکاندا خواسترابووه‌وە،بەم قسانەی، زیاتر و زۆرتر شێتمی دەکرد لەدەست کورد. لەوانەشە بۆئەوەی بووبێت کە من بچم بگەڕێمەوە فەرەنسا.

لە ساڵی ١٩٩٦ پاش ئەوەی بە دیمانەم کەمێک تێر بووبوو، گوتی:فەرهاد، تۆ کەری.

گوتم: بۆ؟

گوتی: خەڵک غار دەدەن کەچی تۆ گەڕاویتەتەوە.

منیش گوتم: غەمی من ئەمە نیە من کەرم.

گوتی: ئەدی؟

گوتم: غەمی من ئەوەیە کە ئەحمەق، نەدیتکۆکەی پارە نەدیو، گوندی، بێ ئیمانو درۆزن حکوومەت- تڕانی وڵاتی منن.زۆر تووڕە و بێ ئەدەبمی کردبووئەوەی لە کورد دەمدیت لەو ساڵانەی سەرەتای براکوژیدا.

بابم،پارچە گندۆرەکەی بەرزکردەوە بەرەو دەمیبرد، گوتی: بە توو.. چا نابی ئەو کوردە.

بە خۆمم دەگوت: ئەو داک نیوە تورکمانە مسوڵمان، نیوە زەردەشتی و قیچەک مەسیحییە، خۆ ڕاستیش دەکا؛ میلەتی کورد، ئەگەر لەناو تەنیا یەک پارچەدا ئاوها یەکتر پارچە پارچە بکەن و "نەتوانن بە هەر چواریشیان پارچەی شارێک بەڕێوە ببەن، ئەی چۆن دەتواننهەر چوار پارچە هیچ نەبێ پارچەیەکیش بەڕێوە ببەن؟ ئاخۆ لەسەر "بۆینباغێک" یان لەسەر بابووجێک یەکتر دەکەنە چەند پارچە؟.

غەدری کورد لە خۆی و لە نامووسی خۆی و ئی خۆیشم، لە خودا و خاک و لە شاری دایکی خۆشیان، وایلێکردبووم –ئێستاش- حەزبکەم بە خۆم بڵێم:من هەولێریم نەک کورد.

من زۆر شەرمەزارم کە خوێنی ئەسڵی قەفقاسیی یەهوودی-تورکمانی مسوڵمان-مەسیحیی خودامەردم، چوار لەسەر پێنج خوێنە ستەمکارە خائین و جاهیلە کوردییەکەی تێدا.

من پێشتریش نووسیومە: من نامەوێت و ناشتوانم چیتر بڵێم من کوردم، چونکە (کوردبوون شەرەفێکە)کە بەشەر پاش مردنی، پێی دەبەخشرێت، بەزیندوویی نادرێتە هیچ کەس. ئەمەش چونکە کورد هەتا نەمرێت تێی ناگەن.

بەهەرحاڵ، لەو ڕۆژانەی ١٩٩٤- ١٩٩٩، بەڕاستی، نە ئومێدم بەکورد مابوو بتوانێ ببێتە بەشەر (یان هیچ نەبێ "سەرگردەکانی" کورد بگەیەنن بەو کوردستانە سەربەخۆیەی لە پاریس خەونم پێوە دەدەیت).

نە باوەڕم بە بەشەریش ما وردە وردە لەو چوار پێنج ساڵه‌ پڕ ناپاكی و جەهالەت و جەورەی دەوری خۆمی دوواییم.




ددانی پێدا دەنێم:

من سەرچیغ چووبووم یان بزرنازانم، بەڵام بەکورتی باوەڕ و متمانە و ئومێدم نە بە کورد و دەوڵەتخوازییەکەی، نە باوەڕ و ئومێدم چیتر بە بەشەر.. نەمابوو،(خوداشم وەک ئێستام بێگومان نەناسیبوو هێشتا).

بۆ ئومێد پەیداکردنەکە بە کورد، مەسعوود بارزانی گەڕاندمییەوە.بۆ ئومێد پەیداکردنیش بە بەشەر قوڕئان.

لە ددان پیانانەکانی داهاتوومدا بێگومان بەفراوانی باسی قوڕئان دەکەم چۆن هاتە سەر ڕێم. بۆچی عاشقی بووم؟ یان ئەو بوو هاتە سەر ڕێم؟ چی لێمکرد چۆنمی لێبورد،چۆنیش منی لەدەست بەشەر سەندەوە، چۆنیش منی لەدەست دوژمنترین کەس کە خودی خۆم بوو، تا هەتایە ڕزگار كرد، بەڵام لەبارەی نەمانی ئومێد و باوەڕم بە سەرگردەکانی کورد و نیەتپاکیی ئینسانی درۆزن و کەمتوانی کورد بۆ سەربەخۆیی نەتەوەیی،کە چۆن ئەو ئومێد و باوەڕەم لەناو دڵ و مەژیم ڕووایەوە؟ ئەوا لێرەدا درێژەی نادەمێ و بەکورتی دەڵێمپێوەندیی بەو لەناکاو ستراتیژگۆڕینە نیشتیمانییەی مەسعوود بارزانییەوە هەبوو وردە وردە بەرەو سەربەخۆیی کە لە من زیاتر هیچ سەرگردەیەک و هەوادارەکانیشیان باوەڕیان نەدەکردمە پێ هەتا وەک دەبینن ئەمڕۆ.

کاتێ دوو جاران، جاری یەکەم لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنێکی عەرەبی بەئاشکرا گوتی بۆ دەوڵەت تێدەکۆشم، جاری دووەمیش کاتێ بە تورکیای گۆت (ئەگەر ئێوەی تورک باسی کەرکووک بکەن ئێمەش داخوازیی دیاربەکر دەکەین).پاش ئەم دوو دیدارە تەلەڤزیۆنییە، یەکسەر ئومێد و باوەڕی بزر و لەقیسچووم بە کورد،بۆ گەڕایەوە و تێیان گەیاندم ئەمەتا:ئەگەر تاقە کوردێک هەبێ لە گەردوون، بیەوێ کوردستان یەک بخات و بیگەیەنێتە ئاشتی و دەوڵەت بتوانێ بۆ ئەم کوردە خۆخۆر و مووچەخۆر و سەری خۆ-خۆر و "مووچەی خەڵک خۆر" و نیوەیان زیاتر عارەقخۆرە، دابمەزرێنێت ئەوا مەسعوود بارزانییە.

بەدوای بایۆگرافیاکەیدا گەڕام دیتم لە پازدە ساڵییەوە پێشمەرگەیش بووه‌، ڕۆڵەی ئەو پیرە پاک و پایەدارەی کە تەریقەتە یەزدانییەکەی لە دەشتێک حەڕامە خوێنی باڵندەیەکیشی تێدا بڕژێت، واتە ڕێبازە نەقشبەندییەکەیلە هەمبێزیچیا سەربڵند و پیر-رۆزەکانی نێوان"پیر-مام" و "پیر-سێ" بە سووفیزم و خەڵکپەروەری پاک، بە خاکپەرۆشی و خۆردۆستی و خوداپەرستییەکی سووفیست پەروەردە کراو، مەلا مستەفای بارزان، ئەو خوداپەروەر و خۆرپەروەر و خەڵکپەرۆش و (خاک پاکڕاگر)ەی کە من بۆ زیرەکی و ئازایەتی و میهرەبانیی خۆی بۆ خەڵک و "خۆر" و خاک، دەڵێم: وەک حەزرەتی مووسای کوردان وابوو. "مام جەلالیش پێشمەرگەی ئەو پیرە پێشمەرگە و خوداناسە پایەدارە بوو!".

زۆرم پێخۆش بوو کاتێكلە تەلەڤزیۆن دیتم ئەو پێوەندییە سێگۆشەییە سووفییە نەقشبەندییەی باسمکرد لەنێوان (خود- خودا – خاک – خەڵک-خۆر)،کە فەلسەفەی مۆنارشیستی مەلا مستەفایە، زۆر قووڵ گەیشتووه‌تەوە ناو خوێنی نەوەی بارزانیش، کاک مەسروور، کاتێك دیتم لە کۆنفڕانسەکەی واشنتۆن لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک لە سەنتەری وێڵسن بۆ توێژینەوە لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خودای هێنایە ناو چارەسەرکردنی دۆخی نابەشەریی ئەمڕۆی کوردستان، خودای گەورەی کردە پێوەر و هەم شاهێد بەرامبەر ئەو غەدرە نێودەوڵەتییانەی لە کورد کراون و دەکرێن و جیهان دەبێ بێتە جواب و فریامان.

منی پیری کوردستانی و هەم مسوڵمان بەڕاستی فەخرم کرد دیتم ئەم دیپلۆماتە گەنجە، چوو لەناو کۆشکی واشنتۆن–کە من هێندەی بزانم کەم ناوی خودای تێدا دەهێندرێت- ناوی "خودا"ی بە "گەورە" هێنا. "ئینسان کارێکی باشی کرد بۆ پێی نەڵێم ئافەرین؟".

مەسروور بارزانی، "خودای بە بیر جیهان هێنایەوە" و لەبەردەم جیهان خودای کردە پێوەر بۆ لەسەرحەقبوونی ئینسان یان نەتەوەکەی.گوتیشی:"خوای گەورە مافی سەربەخۆیی پێداوین، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو مافەی لێسەندووینەتەوە".

گوتیشی:"ئێمە نموونەی زیندووی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین. باوەڕمان وایە جیهان دادپەروەر نەبووە لەگەڵ خەڵکی ئێمە"

کورد لەجیاتی ئەوەی ئاوها بێت، خۆ‌باشەکەی خۆی بیخوات و خۆ‌خراپەکەی خۆی، بداتە دوژمنی خودا و دوژمنی خەڵکی خۆی، دەچێ خۆ باشەکەی خۆی دەرخواردیغەیری خۆی و دوژمنی خەڵکی خۆی دەدات و خۆخراپەکەی "خۆی دەخواتەوە".

ئەمەیە سایکلۆجیەتی کورد.

من بۆیە بڕیارم داوە کورد بم: چونکە کورد گوناحە و چەندان هەزارەیە سته‌می لێکراوە،نەک کورد، بەڵکو هەموو کوردستان پێویستییەکی پێویست و موتڵەقی بە من هەیە. لە کۆتاییدا ددانیشی پێدا دەنێم: من سووفییەکی مۆنارشیستی کۆزمیکم.


فەرهاد پیرباڵ


AM:11:10:25/12/2016




ئه‌م بابه‌ته 4495 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌