نامەیەک لە فەرهاد پیرباڵ بۆ جەنابی خامنەئی

قەسەم بە هەر دوو چاوە ڕەش ڕەش ڕەشە، گەش گەش گەشە، مەرد مەرد مەردانەکەی حەزرەتی پیرۆزی ئیمامی عەلێ –کە دایکم تا مردیش ڕەسمەکەی لەناو ماڵەکەمان، لە ژوورێکماندا هەڵواسیبوو، بۆ بەرژەوەندیی هەموو ئێران، لەپێناو ئەمڕۆ و ئاخیرەتی شەخسی خۆتان و هەموو ئێرانیشە کە هاتووم ئەم نامە کراوەیەتان بۆ دەنووسم.

لە هەولێر، لەناو باغەکەی (کۆستەریکا)، دوو ساڵ و نیوێک پێش ئەمڕۆ، بە کونسوڵی ئێران لە هەرێمم گوت: کاک عەلی پەناهی، دەنگم بە تۆمارکراوی بە جەنابی خاتەمی، تکایە بگەیەنە: جمهوریەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ٢٠٣٧ ئەو ئوستانانەی ماویەتیشی لەدەستی دەڕۆن. سیادەتی کوللی ئیمپڕاتۆریەتی شیعەگەرایی فارس لەو ناوچانەی ئەمڕۆ لێن، لە ساڵی ٢٠٣٧  کۆتایی پێدێت و دەسەڵاتی فارسی شیعە لەسەر نەخشەی جیهاندا بەگشتی دەسڕێتەوە.
ئەمەش بۆ گەردوون شتێکی زۆر پێویستە، بۆ بەشەریەتیش هەر باش، چونکە بەهۆی لەبەینچوونی ئێوەی وەک خۆتان دەڵێن کە سێبەری خودان لەسەر زەوی، واتە بەهۆی لەناوچوونی سیادەتخوازە شیعەکانی پاش ئێوەش، هێدی هێدی، تەوازنی نوێی گەردوون، هاوئاهەنگتر، بەرەو ئاشتی و هاوسەنگیی هێزەکان، واتە (بەبێ جەنگ) دەتوانێ هەنگاو بنێت. 
ئەم پێشدیتەم لە تۆمارە دەنگییەکە بە کاک (عەلی پەناهی)دا بۆم ناردبووی، بەفراوانی ڕوون ڕوونم کردووه‌تەوە چۆن. کەچی لە ڕووداو تی ڤی دیتم، پاش ئەوەی خاوەنشکۆ خامنەئی ئەم قسەیەی منی پێگەیشتووە، لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سکرتێری جیهادی ئیسلامی فەلەستین، بەم شێوەیە وەڵامی پێشروودایی منی داوەتەوە دەڵێ: ئەگەر هەموو لایەنەکانی فەلەستین بە هاوبەشی کار بکەن "ئیسرائیل لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوو لەناو دەچێت.
ئەمە لە کاتێکدا من هیچ ئەگەرێکم بۆ جەنابی خامنەئی دەست نیشان نەکردبوو، ئەگەری خواوەندی تەعالا نەبێ کە ئەو وەک من ئەم خاڵەشی لەبیر چووبوو  (گوێم لە دیدارە تەلەڤزیۆنییەکەشی ڕاگرت وشەی ئیزن و ئەگەری خودام گوێ لێ نەبوو، بۆیە دیارە نەیاننووسیوە). ئەمەش چونکە پێشڕوودایی کردن هەمیشە دەبێ دەوری خودای تێدا بهێڵینەوە، یان هیچ نەبێ پێویستبوو بڵێی "ئەگەر خودا حەز بکا". 
بەهەرحاڵ چوار ساڵمان لەگەڵ یەکتر من و خامنەئی فەرق هەیە لە خه‌مڵاندنمان بۆ تەخت و تاراج وەرگەڕانی خۆی یان هی ئیسرائیل.. کە لەوەتەی منداڵ بووم ئێوەی مەجووسی و جوولەکەی پیس ئەم ناتۆرانە بە یەکتر دەڵێن و هیچ شەرمیش لە ڕاسیستبوونی خۆتان ناکەنەوە و وادەزانن بەشەر، بەڵام ئەم ڕاستییە بەدیهییە، "چاودێر"یش دەیزانێ کە محاڵه‌ عەرەب یەکتر بگرن. محاڵه‌ فەلەستینییەکان تەنانەت سێ دەوڵەتی مسوڵمانیش، متمانەیان بەیەکتر هەبێ بێن ببن بە یەک دەوڵەتی یەکگرتووی ئیسلام، ناوی دوو دەوڵەتی عەرەبم بۆ بێنە یەکتریان گرتبێ! 
خامنەئی باش دەزانێ قسەکەی من ڕاستە و نەخشەی نوێی گەردوون بەرەو ئەو مۆنارشییە کۆزمیکلە دەڕوات کە من پێشڕوودایی بۆ دەکەم، تێیدا شارستانیەتی شیعە دەبێ لەناو بچێت و جیهان بحەسێتەوە هەروەها ئیسلامیش. 
بە ڕای من خودی خامنەئی خۆی، شەخسی یەکەمە -لەوانەیە تاقە کەسیش بێت- لە ئێراندا گەورەترین مافیای داعش بێت "بەڵام دەمامکدراو" لەپێناو بەرژەوەندییەکانی داعش ڕەفتار دەکات لەناو پلانی جیهان گۆڕینەکەدا بۆ ئەوەی بەم دەمامک و درۆیانەی تەنانەت لەگەڵ وەزیرەکانیشی هەر دەیانکا، خەڵکی ئێران نەتوانن بزانن کە ئەمەتا وا ئێران بەردی داعشە و ئێرانییەکان دەفرۆشێت. 
بەکورتی: "فەلەک" نەیتوانیوە ئێران، وەک تورکیا، فریو بدات، ئەویش تا وەک تورکیا ناو بنێم "پیاوە کڵاو لەسەر نراوەکە" بەڵکو جارێ تەنیا حەپەساوی کردووە و هیوای ئەوەی داوەتێ کە بەم سەودای ئەتۆم و مەتۆمە سەری، باش باش تیادا دەچێت. جەنابی خامنەئی نازانێت کە لە ساڵی  ٢٠١٩، دووای پشت شکانێکی مەزنی مۆسکۆ لە ٢٠١٨، ئێرانیش تێدەکەوێت، پەشیمان بە گوێی منی نەکرد.
من ئەو شاعیرەم دیوانەشیعرێکم ڕاستەوخۆ بەفارسی نووسیوە بەناونیشانی "من ان ابم کە خون تو بە خون من شباهت نداشتە باشد"، لە شاری پاریسیش ساڵی ٢٠١١ کتێبی یەکەمم بە زمانی شیرینی ئێوەی فارس چاپ کردبوو بەناونیشانی (اسرار خدارا نگو؛ انسان بی شرف است!).
بۆ خۆتان باش دەزانن ژمارەی بەتایبەت (٦) و (٨) و (٢) نیشانەکانی بورجی ئێرانی-شیعەیە و بۆ ئێوەی ئێرانی بەشێوەیەکی گشتیش ژمارەی (٣٠) تا (٣٦) زۆر ترسناکە.
ئەگەر بچن لە بەرواری تەخت وەرگەڕانی پاشا و فەرمانڕەوا فارسە دیارەکانتان دیقەت بگرن، هێمان بۆ ئەوەی ساڵی (٢٠٣٦) ئێران ڕووبەڕووی مەزنترین مەترسیی لەناوچوونی یەکجاری دەبێتەوە. 
یەک لە بەڵگەکانم ئەوەیە کە هەموو 100 ساڵ جارێک، لە هەندێ هەزارەی دیکەیشدا هەموو 100 ساڵ جارێ، خاپوور کراون و ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە. شاراوە نیە بۆتان کە هەندێ جار ئەو دەسەڵاتە ئێرانییە کەوتووه‌تە دەست قەوم و قەبائیلی ئەوتۆی هەزار رەحمەت بۆ بابی کوردان بنێرن. 
وەک لە هەندێ شرۆڤە و نیشآنە و ڕوونکردنەوەکانی دیکەشمدا دێ بۆتان باشتر بەڕاست بگەڕێ، من سنوورەکانی خودا الحمدللە دەزانم چییە، بەڵام من نووسەرێکم توانای ئەوەم هەیە پێشڕوودایی بۆ داهاتوو بکەم، بتوانم ببینم لە داهاتوویەکی کەمێک دووردا دێ چ بقەومێ. 
مەسەلەن، پێش دوو ساڵ کاتێ لە زانکۆی ماردین لە تورکیا دەرسی ئەدەبیاتی کوردیم دەدایەوە، بە تورکی و ئینگلیزی و کوردیی باکور لەڕێگەی میدیا تورکی و ڕۆژنامە پێوەندیدارەکانەوە شاند بۆ ئەردۆغان و پێمگوت (خەونێکم دیوە ئەگەر ئاشتی نەکەیت، دیاربەکر و ئەنقەڕە دەبنە گۆمی خوێن، پاشتریش ئەستەمبۆڵ بەسەر پێنج کۆنفێدڕاڵیی ئەرمەن-کورد-جوولەکە- تورک-عەرەب دابەش دەبێت)؛ بە قسەمی نەکرد تا کار گەیشتە ئەوەی ئێستا من ناوم لێناوە "پیاوە کڵاو لەسەر نراوەکە".
ناڵێم بە قسەم ئەگەر نەکەن خۆتان زیانتان پێدەگا، دەڵێم: ئەو هاوپەیمانییە ئیسلامی-کۆمێنیستییەی واژووتان کردووە، هەم نامووسی ئیسلام و هەم شەرەفی شیووعیەت و لینینیزمتان پێی شکاند، واتە ئەو ڤیزە نەهێشتنەی نێوانتان (تاران-مۆسکۆ)، وەک هاوسه‌رگیری متعەی نێوان خۆخفرۆشێکی شیعە و شیووعیەکی لەشفرۆش دێتە پێش چاوم.
داعش لە ئێرانەوە و لە ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە هێدی هێدی پاش پەروەردەکردنیان لەو ناوچانەی خۆیان بەدزییەوە بەرەو مۆسکۆ و دەوروبەی دەچن و لەو مەڵبەندانەی مۆسکۆ – پیتەرسبوورگ- سنووری چیچان- سنووری ئۆکرانیا دەست بە خۆتەقاندنەوە و "بەزمەکە" دەکەن. 
یەکەم ڕووداو لە نێوان مانگی شەش بۆ هەشتی ساڵی ٢٠١٨ لە مۆسکۆ دەتەقێتەوە کە سەرتاپای جیهان دەخاتە مەترسییەکی لەمەی مووسڵ و ئێمە دیمان زۆر مەرگاساتاوی تر. زەنگێک دەبێت، بە دیتنی من، بۆ مانای لەناوچوونی شارستانیەتی کۆمۆنیزم و شیووعیەت بە جارێک. 
من بۆیە زۆر دەترسم وه‌ک ئەردۆگان کڵاو لەسەری پووتینیش بنێن /من پووتینم خۆشدەوێ هەندێک/.
ئنجا بەکورتیش ببڕێنمەوە، ساڵی ٢٠٣٦ ، لە کاتێکدا دەسەڵاتی شیعەی ئێران لە لێواری تەفروتوونابووندایە و تەمای تەنیا بە کورد ماوە ڕزگاری بکات، منداڵێکی کورد، پۆڕ و چاوەکانی ڕەش زۆر گەش کە ئەمڕۆ لە هەولێرە و تەمەنی نزیکەی ساڵ و نیوێکە، ناوی (ئارش سۆران) لە ساڵی ٢٠٣٦ کە ئەوکاتە تەمەی ٣٧ ساڵێکە، زۆر توندتر و شێتانەتر لە ئارشی کەمانگیری خۆتان عاشقی کچێکی ئێرانی دەبێت، واتە ئەو ئەوینەی کە من دەڵێم دەکەوێتە نێوانمان مەگەر قورتارتان بکات، دڵی منداڵێکی کورد، بیست و چەند ساڵێکی دیکە، ناوی ئارش سۆرانە مەگەر شارستانیەتی بەرەو لەناوچوونی شیعەگەرایی بەدرۆ ئێرانیتان ڕزگارتان بکا.. بەس!
ویستم ئەمەشتان پێ بڵێم: ئێوە دەزانم سەردەکەون باش، باشیش، لە هێنانی داعش بۆ ناو سلێمانی و تێکدانی دۆخی گەرمیان، بەڵام هەرگیز ناتوانن باوکی گەورەی کوردستان، مەسعوود بارزانی، بە شەهیدکردنی حەوت پێشمەرگەی تری ڕۆژهەڵات، وا لێ بکەن بڕیار بدات لێتان بێتە دەست، ئەو دەزانێت ئێوە بەم تۆپبارانەتان دیسان شەڕفرۆشن و دەتانەوێ لێتان بکڕین تا بە جەنگی ئێوە مەشغوول ببین و نەتوانین دەرەقەتی عەببادی بێین لە جەنگی سەربەخۆیی نیشتیمانیماندا. 
بچووکتان:
فەرهاد پیرباڵ







PM:02:12:02/01/2017




ئه‌م بابه‌ته 3361 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌