ده‌روازه
خۆشویستنی (زمان) هه‌ر به قسه نابێت، به‌ڵكو به كردار ده‌بێت. ( كیوبیك) و ( كوردستان) دوو هه‌رێمن لكێندراون به خاكی نه‌ته‌وه‌ى تره‌وه. له‌و ره‌وشه داگیركراوییهدا وه‌ك یه‌كن، بهرام له هه‌موو پرسه‌كانی تر پێچه‌وانه‌ى یه‌كترن. ئه‌م نووسینه هه‌وڵ ده‌دات كار له‌سه‌ر دوو شت بكات: كارى یه‌كه‌م، به‌راوردكردنی ڕه‌وشی زمان له هه‌رێمی (كیوبیك) له ناو كه‌نه‌دا و ڕه‌وشی زمان له هه‌رێمی (كوردستان) له ناو عێراقدا. كارى دووه‌م، ڕه‌وشی داگیركاری و زمان و حوكمدارى كورد و زمانی كوردی.
هه‌رێمی كیوبیك و زمانی فڕه‌نسی
كیوبیك هه‌رێمێكه له كه‌نه‌دا. ئه‌و هه‌رێمه 15.4 %ی كه‌نه‌دا پێك دێنێت. به‌پێی سه‌رژمێرى 2016 زیاتر له (هه‌شت ملیۆن) كه‌س ده‌بن. هه‌رێمی كیوبیك هه‌رێمێكی فڕه‌نسی ئاخێوه. ئه‌م هه‌رێمه له پاش هه‌رێمی (ئۆنتاریۆ) یه‌كه‌م هه‌رێمی گه‌وره‌یه له كه‌نه‌دا. كیوبییهكان زیاتر مرۆى شارین، چونكه له ده‌ڤه‌رێكی شارستانی نزیك به ( ڕووبارى سه‌ینت لۆرێنس) كه ده‌كه‌وێته نێوان گه‌وره شارى ( مۆنتریال) و ( كیوبیك سیتی).
له سه‌ده‌ى بیستدا دوو جار ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كراوه: جارێك له 1980 و جارى دووه‌م 1995، به‌ڵام له هه‌ردوو جاردا زۆربه‌ى كیوبیكییهكان ده‌نگیان به( نه‌خێر)دا. له ساڵی 2006 جڤاتی عمومی كه‌نه‌دی دانی به‌وه نا كه كیوبییهكان نه‌ته‌وه‌یه‌كن له یه‌كێتی كه‌نه‌دی.
كیوبییهكان بۆ له كه‌نه‌دا جیا نابنه‌وه؟! نه‌ته‌وه و زمانیان جودایه؟!
به‌شێك له یاساكانی زمان له كیوبیك:
1.زمانی فه‌رمی حكوومه‌تی كیوبیك فڕه‌نسییه.
2.زمانی ستانده‌ر له په‌روه‌رده‌ى كیوبیك فڕه‌نسییه.
3. هه‌ر كۆمپانیایه‌ك كه به‌رهه‌مه‌كانی ده‌فرۆشێت یا راژه پێشكه‌ش ده‌كات له كیوبیك، پێویسته ئه‌و كۆمپانیه ناوێكی فڕه‌نسی هه‌بێت.
4. هه‌موو كاركارهكانی كیوبیك مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كار بكه‌ن به فڕه‌نسی. هه‌موو ده‌توانن قسه و نووسین به فڕه‌نسی بكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌توانن به‌ڵگه و ئامێره‌كانی كارى فڕه‌نسی بكه‌ن له‌وانه سۆفتوێرى كۆمپیوته‌ر.
5. خاوه‌ن كار له سه‌ریه‌تی فڕه‌نسی به‌كار بێنێت له دۆكیومێنته مهقسوودهكان له‌گه‌ڵ ستافهكهى به گشتی له‌وانه ئه‌و نامانه‌ى پۆستی ده‌كات له شوێنی ئیش. به‌ڵام خاوه‌ن كار ده‌توانن به ئینگلیزى یا زمانی تر بۆ فه‌رمانبه‌رى تاك بنووسن. ده‌كرێ ڤێرژنی ئه‌و هه‌موو دۆكیومێنته ره‌سمییانه و نامه‌كان به ئینگلیزى یا زمانی تر هه‌بن به مه‌رجێك هه‌ر چ نه‌بێ فڕه‌نسی شكۆی خۆى هه‌بێت.
6. له هه‌ندێ حاڵه‌تدا ده‌بێ ته‌نیا فڕه‌نسی به‌كار بێت وه‌ك رێكلامكردنی سه‌ر پاسه‌كان و له‌وحه گه‌وره‌كان. بۆ هه‌ندێ جۆرى تری هێما و رێكلامكردن ده‌توانرێ له‌گه‌ڵ فڕه‌نسی زمانی ئینگلیزى و زمانی تر به‌كار بێت به مه‌رجێك فڕه‌نسییه‌كه به زه‌قی دیار بێت. به زه‌قی دیار بێ یا هه‌ژموونی هه‌بێ واتاى وایه فڕه‌نسیه‌كه هه‌ر هیچ نه‌بێ دووجار گه‌وره‌تر بێت یان دوو ئه‌وه‌نده‌ى زمانی تر شوێن بگرێت.
7. بووكه‌شووشه (له‌عابه) گه‌مه‌كان (یارییه‌كان) وه‌ك گه‌مه‌كانی كۆمپیوته‌ر كه زمان به‌كارهێنان له‌خۆ ده‌گرن (بۆ نموونه بووكهشووشهى قسه‌كه‌ر، یارییه‌كانی ئێكس بۆكس ده‌كرێ له كیوبیك بفرۆشرێن ته‌نیا ئه‌گه‌ر دانه‌ى (نوسخه)ى فڕه‌نسی هه‌بێت. بۆ نموونه لهعابهى ئینگلیزى ئاخێو ده‌كرێ له كیوبیك هه‌بن گه‌ر لهعابهى فڕه‌نسی ئاخێویش هه‌بن.
8. ئه‌و سۆفتوێرهى كۆمپیوته‌ر كه له كیوبیك ده‌فرۆشرێ یا به كرێ ده‌درێ، پیویسته به زمانی فڕه‌نسی بێ، ئه‌گه‌ر دانه‌ى فڕه‌نسی نه‌بوو، ده‌كرێ به زمانی تر بن، به‌و مه‌رجه‌ى دانه‌ى فڕه‌نسی وه‌ك ( دانه‌ى ئینگلیزییه‌كه...) ئیش بكات یا باشتریش بێ. هه‌ر شتێك له هاردوێری كۆمپیوته‌ر بنووسرێ هه‌روه‌ها هه‌ر ئهكسسوارێك پێویسته هه‌موو به فڕه‌نسی بێت، بۆ نموونه " ده‌رچوون "، "سڕینه‌وه"، " كی بۆرده‌كان" پێویسته هه‌موو به فڕه‌نسی بن. ده‌كرێ ئه‌و دوگمانهى كۆمپیوته‌ر به ئینگلیزى یا زمانی تر به مه‌رجێك دانه‌ى فڕه‌نسی هه‌ر هه‌بێت.
9. هه‌موو كۆمپانیایه‌كان له سه‌ریانه پێگیری (ئیلتیزام) به‌و یاسایانه‌ى سه‌ره‌وه بكه‌ن. هه‌ر كۆمپانیایه‌ك له 50 كاربهر یا زیاتر هه‌بێ، پێویسته پێگیری به یاساى زێده بكه‌ن. ئه‌م یاسایانه ناسراون به (به فڕهنسیكردن).
به فڕهنسیكردن ئه‌م واتایه ده‌به‌خشێت كه پێویسته زمانی فڕه‌نسی له‌م ڕێگه زێدانه به‌كار بێت:
-پێوه‌ندی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی كۆمپانیا.
-ئامێره‌كانی كار و دۆكیومێنته‌كان.
-تۆڕی ناوخۆ (ئینته‌رنێت).
-سۆفت وێر و ته‌كنه‌لۆژیاى كۆمیتهرى له ناوه‌وه‌ی كۆمپانیا.
ده‌كرێ ئینگلیزى و زمانی تر به‌كار بێن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى دانه‌ى فڕه‌نسیش هه‌بێ. هه‌روه‌ها زمانی فڕه‌نسی به زمانی عاده‌تی كۆمپانیا بمێنێته‌وه.
زیاد له مانه‌ش كۆمپانیا ده‌توانی ژماره‌ى به‌كاربه‌ره‌كانی له ئاستێكدا زێده بكا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى فڕه‌نسی باش ده‌زانن ..."
ئه‌مانه‌ى سه‌ره‌وه قسه‌ى یاساكانی زمانن له كیوبیك .. ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كیوبیك ببنه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ئه‌و مافانه‌یان ده‌بوو؟!
هه‌رێمی كوردستان و پرسی زمان
پرسی زمان له وڵاتێكی چه‌ند نه‌ته‌وه جیاوازدا شوناسێكی كولتووریی و ئه‌تنیكیی نه‌ته‌وه‌كانه. كورد له باشوورى كوردستاندا له ساڵی 1992ه‌وه حوكمڕانی خۆیان هه‌یه. خوێنه‌ران چاوه‌ڕێ بوون سیاسهتمدارى كورد وه‌ك شێخ مه‌حموودی حه‌فید و مسته‌فا بارزانی بن و هه‌رزوو زمانی كوردی بكه‌نه زمانی ستانده‌رى په‌روه‌رده‌ى كوردستان، به‌ڵام ئه‌و پرسه له " چاوه‌ڕوانی گۆدۆ " ده‌چوو به جۆرێك ئه‌وه 26 ساڵه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان :
1.زمانی فه‌رمیی نییه.
2.په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم له جیاتی ستانده‌رێك دوو ستانده‌رى هه‌یه.
3.هه‌موو كۆمپانیاكانی هه‌رێم ئازادن چ ناوێك له كۆمپانیاكانیان بنێن، هه‌روه‌ها به چ زمانێك قسه بكه‌ن.
4.هه‌موو كاركه‌ره‌كانی كۆمپانی و ئێن جی ئۆوهكان په‌سه‌ندی زمانی ئینگلیزى ده‌كه‌ن، نه‌ك كوردی.
5.دۆكیومێنته‌كان یا به ئینگلیزین یا به زمانی عه‌ره‌بی. له هه‌مووى ترسناكتر بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به زمانی عه‌ره‌بین نه‌ك كوردی.
6.له پرسی دایهلۆگسیا: هه‌بوونی زمانی باڵا و زمانی لاوه‌كی (لۆكالی)دا زمانی ڕێكلام و بازاڕ په‌یداكردنی كاڵاكانی توركی و ئێران به زمانی لاوه‌كی ده‌ڤه‌ره‌كه.
7.ئه‌و بووكه‌شووشه و لهعابانهى دێنه هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو زمانێكن نه‌ك زمانی كوردی.
8.زمانی سۆفت وێر و ته‌كنه‌لۆژیاى سه‌رده‌م هه‌ر به زمانی ئینگلیزین، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كرێ زمانی كوردی ده‌ره‌قه‌تی پرسی زانستی نایه‌ت، بۆیه نه سۆفت وێر نه كیبۆرد به كوردی نه‌كراون.
9.كۆمپانیا گه‌وره و بچووكه‌كانی هه‌رێم هیچ پێگیری به به‌كارهێنانی زمانی كوردی ناكه‌ن، چونكه هیچ كابینه‌یه‌ك و خولێكی په‌رله‌مانی بیریش له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه پرۆسه‌یه‌ك هه‌بێت به‌ناوى "پرۆسه‌ى به كوردیكردن" یا " سزاى كوردی به‌كارنه‌هێنان" !
داگیركاری و حوكمڕانی كوردی و زمانی كوردی
كورد له زۆربه‌ى ماوه‌كانی سه‌ده‌ى بیسته‌م هه‌ر له ژێر ڕه‌وشی داگیركارى دابوو، بۆ نموونه هه‌رچه‌ند ئینگلیز باشوورى كوردستانی به دوو هه‌رێمی شیعه و سوننه به‌سته‌وه، به‌ڵام له سه‌ر ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقى فه‌رز كرد: ده‌بێ له ویلایه‌تی مووسلأ زمانی كوردی زمانی دادگا و فێركردن بێ هه‌روه‌ها زمانی ڕه‌سمی بێ.
یه‌كه‌م په‌رله‌مانی عێراقی له به‌ندی 16 ده‌ڵێت: تایه‌فه جیاوازه‌كان مافی دامه‌زراندنی قوتابخانه‌یان هه‌یه بۆ فێركردنی منداڵه‌كانیان هه‌ر یه‌كه به زمانی خۆی. یاساى زمانه ناوچهیییهكان له ساڵی 1931 باوه‌ڕی به‌وه بوو زمانی دادگاكانی لیواى مووسڵ و هه‌ولێر و سلێمانی به كوردی بێ (به‌ندی دووه‌م)، به‌ڵام ئه‌و یاسایه له به‌ندی هه‌شته‌م ده‌ڵێت: له قه‌زاكانی سلێمانی، هه‌ولێر، كه‌ركووك ... زمانی كوردی خوێندن بێ، به‌ڵام له قه‌زاكانی لیواى مووسڵ ئازادن له‌وه‌ى چ شێوه‌یه‌كی زمانی كوردی به‌كار بهێنن. (وه‌رگیراو له كتێبی ناسیۆنالیزمی كوردی و زمانی كوردی، سه‌لام ناوخۆش).
دواى نسكۆى 1975، نه‌ك هه‌ر ڕژێمی عێراقی، به‌ڵكو ئه‌مه‌ریكا و شوورهوییش ڕژێمی به‌عسیان ئازاد كرد كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورد ده‌كات. تاریق جامباز 2008 به‌شێكی كتێبی ( من اباده اللغات الى قانون اللغات الرسمیه فی العراق الاتحادی) ته‌رخان كردووه بۆ بڕیاره‌كانی به‌عس له‌باره‌ى زمانی كوردی:
1.بڕیارى 531ى ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش-1977 له باره‌ى سه‌لامه‌تی زمانی عه‌ره‌بی !
2.بڕیارى 591ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش -1978 ریفۆرمی بڕیارى 531 (ئه‌و دوو بڕیاره له سه‌رده‌می هاوپه‌یمانی شیوعییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌عس درا، هه‌ژار موكریانی له چێشتی مجێو‌ر ده‌نووسێت: شووره‌وى پێشبینی ئه‌و رۆژه‌ى كردبوو!)
3.بڕیارى 741ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش -1979 له‌باره‌ى گرینگی‌دان به زمانی عه‌ره‌بی.
4.بڕیارى 1817 ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش-1980 له‌باره‌ى زمانی عه‌ره‌بی.
5.بڕیارێكی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی به‌عس له باكور (كوردستان) كه به ڕێژه‌ى 70% بۆ ساڵی خوێندنی 1989-1990 زمانی كوردى له خوێندن دوور بخرێته‌وه، هه‌روه‌ها بۆ خوێندنی 1990-1991 به ڕێژه‌ى 100% له خوێندن دوور بخرێته‌وه!
6.بڕیارى 632 ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش -1989 ، سه‌دام بڕیارى دا: " قوتابی به (كه‌وتوو) له زمانی كوردی دانانرێ (هه‌ژمار ناكرێ)، ئه‌گه‌ر پله‌ى سه‌ركه‌وتنی له زمانی كوردی نه‌هێنا."
له سێ حوكمڕانی كوردی، زمانی كوردی ده‌رفه‌تی زێڕینی هه‌بوو :
1.حوكمدارى شێخ مه‌حموود 1918-1925
2.كۆمارى كوردستان له مه‌هاباد 1945-1946
3.خودموختارى باشوورى كوردستان 1970-1974
ده‌سه‌ڵاتی كوردی خۆى ده‌بێ ده‌ورى هه‌بێ له سه‌ر دروستكردنی تاكی كوردی، به‌ڵام ئه‌فسووس له ڕووى ئیداره و زمانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی كوردی نه‌یتوانی ئه‌و كه‌سایه‌تییه مه‌عریفییه دابمه‌زرێنێت. هه‌ژار موكریانی له ل550 قسه‌یه‌كی مسته‌فا بارزانی ده‌هێنێته‌وه له سه‌ر هۆكارى روخاندنی حكوومه‌تی 1970-1974 و ده‌نووسێت: "تانك و ته‌یاره و تۆپی دوژمن پێمان نه‌وه‌ستا، ده‌ترسم پوول و پله و ترومبێل و قه‌سر له به‌ینتان به‌رێ.. هه‌میشه به سه‌تان له فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه له تاران و شاره‌كانی تر‌ى ئێران، خه‌ریكی خۆشگوزه‌رانی و پول خه‌رجكردن بوون."
ده‌سه‌ڵاتی كوردی حكوومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ى زمانی كوردی زۆر لاواز بوو:
1.هیچ بڕیارێكی لهبارهیى سۆڤرینیتی ( سه‌روه‌رى) زمانی كوردی ده‌رنه‌كرد.
2.هیچ بڕیارێكی سه‌لامه‌تی زمانی كوردی ده‌ر نه‌كرد، به‌ڵكو له ساڵی 1998، زمانی كوردى له‌ت كرد له خوێندندا و دوو ستانده‌ر له یه‌ك زماندا بووه (دی فاكتۆیهك)ی دارگران.
3.په‌رله‌مانی كوردستان به واژووى 101 په‌رله‌مانتار ڕ‌ازى بووه زمانی خوێندن به ئینگلیزى بێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه پێیان وایه زمانی كوردی ده‌ره‌قه‌تی پرسه زانستییه‌كان نایه‌ت؟! ئه‌و بانگه‌شه‌یه بێ ئارگیومێنت و بێ بنه‌مایه. رۆشنبیرانی كورد له به‌رایی 1926ه‌وه تا 2017 به‌رده‌وامی هه‌یه. كۆمه‌ڵه‌ى زانستی له ساڵی 1926 له سلێمانی دامه‌زرا. غه‌فوور میرزا 1985 له ل22ی كۆمه‌ڵی زانستی له سلێمانی ده‌نووسێت: "جمعیت ده‌یوێ خزمت زانستی كوردان بكات...حركیكی علمیه و فكریه له كوردستاندا.." هه‌روه‌ها رۆشنبیری كورد له سییه‌كاندا كتێبی "ئه‌شیا"ی به زمانی كوردی ده‌ركرد. دكتۆر جه‌مال نه‌به‌ز: له ساڵی 1956 مهختووتێكی له‌باره‌ى (جه‌بر) به زمانی كوردی بڵاو كرده‌وه، له ساڵی 1960دا كتێبێكی لهبارهیى فیزیا له‌گه‌ڵ جه‌دوه‌لێكی ڕوونكارى لهبارهیى لێكسیمه بیركارى و فیزیایییهكان به زمانی كوردی بڵاو كرده‌وه. (دلاوه‌ر زه‌نكی، پڕۆفیسۆر جه‌مال نه‌به‌ز).
ئه‌و بانگه‌شانه‌ى په‌رله‌مانتارانی كورد به دوو ڕێگه وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م : په‌رله‌مان شوێنی یاسایه
په‌رله‌مان شوێنی مه‌عریفه نییه، به‌ڵكو هێزى (زۆربه) ده‌ورى خۆى ده‌بینێت بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى هه‌ر ڕه‌وشێكی سیاسی. ئه‌و بڕیاره‌ى په‌رله‌مانتاران هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی نییه.
له‌مباره‌یه‌وه، تاریق جامباز له روونكردنهوهك بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نووسێت: به‌وه‌ى واژووى په‌رله‌مانتاره‌كان به پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى عێراق و هه‌رێمی كوردستان:
"
له ماده‌ى یه‌كه‌م {بڕگه‌ى دووه‌م}
زمانه فه‌رمییه‌كان ئه‌و زمانانه‌یه كه به‌پێى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق دان به‌فه‌رمى بوونیان نرا.
له ماده‌ى دوانزده هه‌میشه‌ییدا:
زمانى كوردى له په‌روه‌رده و پرۆسه‌ى فێركردن و خوێندن، زمانى فه‌رمییه له كوردستانی عێراق.
زمانی ئینگلیزى نه زمانی فه‌رمییه نه زمانی خوێندنه له هه‌رێمی كوردستان."
بڕیارى نوێی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاى هه‌رێم له‌گه‌ڵ بڕیارى 632 ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش -1989، كه : "قوتابی به (كه‌وتوو) له زمانی كوردی دانانرێ (هه‌ژمار ناكرێ)، ئه‌گه‌ر پله‌ى سه‌ركه‌وتنی له زمانی كوردی نه‌هێنا" وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاش ده‌ڵێت: "تاقیكردنه‌وه یا كه‌وتن له زمانی كوردی و زمانی عه‌ره‌بی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه، قوتابی به ئاره‌زووى خۆیه‌تی نمره‌كه‌ى بۆ حسێب بكرێ یا نا".
دوور خستنه‌وه‌ى زمانی كوردی له خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌كانی به‌كالۆریا ڕێك وه‌ك بڕیاره‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش (به‌عس) وایه، هه‌روه‌ها پێشیلی یاساى زمانه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێم: كوردی، عه‌ره‌بی، توركمانی، سریانی، ئه‌رمه‌نییه! هه‌روه‌ها به‌زاندنی ده‌ستوورى عێراقی "فیدراڵ" و ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستانه.
نازانم كه حكوومه‌تی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وها ته‌ماشاى زمانی كوردی ده‌كه‌ن، بۆ ڕه‌خنه له ئێران و توركیا و سووریا بگرین؟!
دووه‌م، ڕه‌وشی رۆشنبیری زانستی هه‌رێم به زمانی كوردی
زمانی كوردی هیچی له زمانه‌كانی تر كه‌متر نییه، بهرام كێشه‌كه له‌وه‌دایه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردی به‌هاى زمانی كوردی نازانێت!
له‌و 25 ساڵه‌ى حوكمڕانی كوردی، ته‌نیا ئاماژه به هه‌وڵی زانستی شیانی زمانی كوردی سێ ده‌زگه ده‌كه‌ین:
1.گۆڤارى زانستی ( سه‌رده‌م )
ئه‌م ده‌زگه‌یه جگه له ده‌ركردنی گۆڤارێكی زانستی به زمانی كوردی چه‌ندان فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فی، بایۆلۆژی، زه‌ویزانی، فیزیایی، بیركاریی ده‌ركردووه.
2.ئه‌كادیمیاى كوردی
جگه له بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبی كیمیاى ژینگه و كتێبی كیمیاى ژه‌هرى ده‌ستكرد بۆ پڕۆفیسۆر عه‌زیز ئه‌حمه‌د ئه‌مین به كوردی چه‌ندان فه‌رهه‌نگی زانستی بڵاو كردووه‌ته‌وه له‌وانه:
1.زاراوه‌ی یاسایی، 2.زاراوه‌ى كارگێری، 3.فه‌رهه‌نگی ئابوورى، 4.فه‌رهه‌نگی پزیشكی زیاتر له دوو هه‌زار و 300 لاپه‌ڕه!
سێیه‌م، ده‌زگه‌ى ته‌فسیر
ده‌زگه‌ى ته‌فسیر له دوو دهزگهیهكهى تر زۆر جیاوازتر، جگه له فه‌رهه‌نگی زانستی چه‌ندان كتێبی زانستی به زمانی كوردی بڵاو كردووه‌ته‌وه، له‌وانه:
1.سیاسه‌تی دابینكردنی وزه و پاراستنی ژینگه، د. قه‌یوان سواره
2.ماركتینگ، د. نه‌هرۆ علی
3.گه‌شه‌ى ئابوورى ئاسیا، یوونس عه‌لی
4.سیاسه‌تی په‌ره‌پێدانی نه‌وتی خاو و گازى سروشتی له كوردستان، د. قه‌یوان سیوه‌یلى
5.بازرگانی ئه‌لیكترۆنی، زانا مه‌جید
6.بنه‌ماكانی میكانیك، فه‌وزى زه‌كی هه‌ناره‌یی
7.میكانیك ستاتیك
8.سیفه‌ته‌كانی ماده، فه‌وزی زه‌كی هه‌ناره‌یی
9.كاره‌بایی ئاسانكراو، فه‌وزی زه‌كی هه‌ناره‌یی
10.بیناسازی زانستی، د. سه‌ڵاحه‌دین غه‌ریب
11.جیۆئیكۆنۆمیك، د. شه‌ماڵ قادر.
ئه‌و كتێبانه له نێوان 200 -600 لاپهڕهدان و به قه‌ڵه‌می دكتۆرى زانستی نووسراون!
دڵنیام په‌رله‌مانتارى كورد و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ئاگاى له‌و هه‌وڵه زانستییانه نییه، ئه‌گه‌ر نا یاسایه‌كی زاڵمانه‌یان ده‌رهه‌ق به زمانی كوردى ده‌رنه‌ده‌كرد!
ئه‌نجام
كیوبیك له كه‌نه‌دا وڵاتێكی زۆره‌ملێ نییه، خۆى نایه‌وێ له كه‌نه‌دا جیا ببێته‌وه. زمانی فڕه‌نسی له كیوبیك هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی داگرتووه، له نێو كۆمه‌ڵى كیوبیكیش هێنده هه‌ژموونی هه‌یه، جگه له داموده‌زگه و زانكۆ و كۆمپانیه‌كان.. لهعابهى قسهكهریشی به فڕه‌نسی، باوه‌ڕ ناكه‌م فڕه‌نسییه‌كان له فڕه‌نسا ئه‌و داخراوییهیان له‌باره‌ی زمانه‌كه‌یان هه‌بێت!
له‌ولاوه‌ش هه‌رێمی كوردستان چ له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر بێ یا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حیزبی كوردی بێ، زمانی كوردی هه‌ر له په‌راوێز دانراوه. حكوومه‌تی كوردی زمانی فه‌رمیی نییه هه‌روه‌ها په‌روه‌رده زمانی ستاندهریی نییه. په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم له به‌رنامه‌یدایه: زمانی خوێندن بكاته ئینگلیزى یا هه‌ر چ نه‌بێ فیزیا و كیمیا و بایۆلۆژی به ئینگلیزى بێ، 101 په‌رله‌مانتارى په‌رله‌مانی كوردستانیش واژوویان كردووه كه زمانی زانست زمانی ئینگلیزى بێ، كه‌چی رۆشنبیری كورد له بیسته‌كان و سییه‌كان و په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ى بیست هه‌وڵی داوه و چه‌ند كتێبێكی زانستی زمانی به كوردی نووسیوه! زمان له قوتابخانه ئه‌هلییه‌كان زیاتر ئینگلیزییه نه‌ك كوردی. هه‌روه‌ها زمان له كۆمپانیاكان زۆرى به ئینگلیزییه.
ئه‌و ڕه‌وشه له‌باره‌ى زمان جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆى له‌گه‌ڵ رژێمه‌كانی عێراق نه‌بووه: بۆ نموونه له سه‌رده‌می مه‌له‌كی: زمانی كوردی له هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركووك ده‌خوێنرا، كه‌چی له ده‌ڤه‌رى بادینان و مووسڵ، خوێندن به زمانی كوردی ئاره‌زوومه‌ندانه بوو (به‌ندی 8ی زمانه لۆكالییه‌كان) بوو. دواى حوكمی زاتی به‌عس -1974 له هه‌ولێر و سلێمانی و بادینان به كوردی بوو، بۆ كه‌ركووك نیمچه قه‌ده‌غه بوو. هیچ قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌هلی نه‌بوو، ته‌نیا یه‌ك دوو مه‌كته‌بی وه‌ك (اخوه) به زمانی عه‌ره‌بی له كوردستان هه‌بوون. دوور له سیاسه‌ت، زیاتر له چوار گۆڤار (به‌یان، رۆشنبیری، ره‌نگین، كاروان) و چوار رۆژنامه (هاوكارى، پاشكۆى عێراق، ئاسۆ، بزاڤ) به كوردی هه‌بوون .
كه‌چی حوكمرانی كوردی یه‌ك ته‌له‌فزیۆن و گۆڤار و رۆژنامه‌ى نییه (ته‌نیا رۆژنامه‌ى وه‌قایع نه‌بێت)، ئه‌وه‌ى هه‌یه هی حزب و سێبه‌ر و "ئه‌هلی"ن.
هه‌ندێ حزب داواى ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌ندێكی تر مانه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا به په‌سند ده‌زانن.
پاشكۆ
1.
ده‌قى یاساى زمانه ناوچهیییهكان
Local Language Law
یاساى زمانه ناوچهیییهكان، یان رێكتر یاساى رێدان به به‌كارهێنانى زمانى كوردى له باشوورى كوردستان، یه‌كه‌م به‌ڵگه‌ى یاسایی یه كه حكوومه‌تى عێراقى و شا فه‌یسه‌ڵى شاى عێراق به ره‌سمى دان به زمانى نه‌ته‌وه‌یى كورد له باشوورى كوردستان ده‌نێن.
ئه‌م یاسایه ناسراوه به یاساى ژماره (74) و له ژماره (989)ى ساڵى نۆیه‌مى رۆژنامه‌ى (الوقائع العراقیه) رۆژى 6/1/1931 بڵاو كراوه‌ته‌وه. ئه‌م یاسایه له نۆ به‌ند پێك هاتووه و هه‌ریه‌كه له‌مانه‌ى خواره‌وه واژوویان له‌سه‌ر كردووه، مه‌لیك فهیسهلأ، نورى سه‌عیدى سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیرى كاروباره‌كانى ده‌ره‌وه، وه‌زیرى داد، وه‌زیرى ناوخۆ، وه‌زیرى ئابوورى، وه‌زیرى به‌رگرى و وه‌زیرى په‌روه‌رده.
ناوه‌ڕۆكى هه‌ر نۆ به‌نده‌كه‌ى یاسایه‌كه
به‌ندى یه‌كه‌م:
مه‌رجه‌كانى ئه‌م یاسایه پێدڤیه له‌سه‌ر قه‌زاكانى ئه‌م ناوچانه‌ى له به‌ندى دووه‌م و سێیه‌مى ئه‌م یاسایه‌دان پێڕه‌و بكرێن.
به‌ندى دووه‌م:
زمانى داگاكان له‌و قه‌زایانه‌ى خواره‌وه ده‌بێ به زمانى كوردى بێت.
قه‌زاكانى لیواى مووسلأ:
1- ئامێدى2- زاخۆ3-زێبار4- ئاكرێ
قه‌زاكانى لیواى هه‌ولێر
1- كۆیه2- رانیه3- رواندز
قه‌زاكانى لیواى كه‌ركووك
1- گایل2- چه‌مچه‌مالأ
قه‌زاكانى لیواى سلێمانى:
1- سلێمانى2- هه‌ڵه‌بجه 3- شارباژێڕ
به‌ندى سێیه‌م:
ده‌كرێ زمانى قه‌زاكانى خواره‌وه كوردى، عه‌ره‌بى یان توركى (توركمانى) بێت:
دهۆك و شێخان له لیواى مووسلأ.
هه‌ولێر و مه‌خموور له لیواى هه‌ولێر.
كه‌ركووك و كفری له لیواى كه‌ركووك.
لێره‌دا دادگاكان بڕیار له‌سه‌ر زمانه‌كه ده‌ده‌ن كه كوردى، عه‌ره‌بى یان توركمانى بێت.
به‌ندى چواره‌م:
كه‌سى تاوانباركراو مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه له هه‌موو حاڵه‌ته‌كان و قه‌زاكانى سه‌ره‌وه.
دادگایی بكرێ و ئاگادار بكرێته‌وه به زمانى عه‌ره‌بى، ئه‌گه‌ر ئه‌و زمانه زمانێكى باو بوو له ماڵه‌وه.
هه‌موو رێوشوێنه‌كان بۆ زمانى عه‌ره‌بى، كوردى یان توركى وه‌ربگێڕدرێن هه‌روه‌ها داواى دانه‌یه‌كى وه‌رگێڕدراو به‌و زمانانه بكرێ. هه‌ر كه‌سێك مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه كه داواكارییه‌ك، سكاڵایه‌ك ئاراسته‌ى هه‌ر دادگایه‌كى ئه‌و قه‌زایانه‌ى سه‌ره‌وه بكات یان ئاڕاسته‌ى دادگاى باڵاتر بكات به زمانى عه‌ره‌بى، كوردى یان توركى.
به‌ندى پێنجه‌م:
زمانى كوردى، زمانى ره‌سمى ده‌بێ له هه‌موو ئه‌و قه‌زایانه‌ى خواره‌وه، جگه له‌و حاڵه‌تانه‌ى خواره‌وه نه‌بێ كه ده‌بێ به زمانى عه‌ره‌بى بێت:
یه‌كه‌م: به‌شه ته‌كنیكییه‌كان.
دووه‌م: له پێوهندیكردنى (نووسراوى ره‌سمى) نێوان سه‌ركردایه‌تى لیواكان (دامودهزگهى پارێزگا) له‌گه‌لأ وه‌زیره‌كان.
سێ یه‌م: سهرلیواى مووسلأ (پارێزگاى مووسلأ) و قه‌زاكانى:
1- قه‌زاكانى لیواى مووسلأ، ئامێدى، ئاكرێ، دهۆك، زاخۆ، زێبار.
2- قه‌زاكانى لیواى هه‌ولێر : هه‌ولێر، مه‌خموور، كۆیه، رانیه، رواندز.
3- قه‌زاكانى لیواى كه‌ركووك: چه‌مچه‌مال، گایل
4- قه‌زاكانى لیواى سلێمانى: سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه، شارباژێڕ
هه‌ریه‌ك له زمانى كورد یان توركمانى ده‌كرێ له قه‌زاكانى كه‌ركووك و كفرى به‌كار بێن.
به‌ندى شه‌شه‌م
له قۆناغه‌كانى به‌رایى و سه‌ره‌تایى ئه‌و شار و شارۆكانهى سه‌ره‌وه ده‌كرێ زمانى خوێندن، زمانى ماڵه‌وه، زمانى دایك بێ. ئه‌مه‌ش ده‌وه‌ستێته سه‌ر رێژه‌ى زۆر بهى ئه‌و قوتابخانانه‌دا جا گرنگ نییه زمانه‌كه عه‌ره‌بى، كوردى، یا توركمانى بێت. (به واتاى رێژه‌ى زۆربه‌ى زمانه‌كه دیارى ده‌كرێت)
به‌ندى حه‌وته‌م
هه‌ر كه‌سێك سكاڵایه‌ك یا داوایه‌ك به زمانى عه‌ره‌بى بۆ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانى ره‌سمى) به‌رز بكاته‌وه، ئه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ى هه‌ر به هه‌مان زمان هه‌بێت. هه‌ر پێوه‌ندى كردنێك به‌رزكردنه‌وه‌ى نووسراوێكى ره‌سمى ده‌بێت به‌و زمانه بێت كه له مه‌رجه‌كانى به‌ندى پێنجه‌مى ئه‌و یاسایه ئاماژه‌ى پێ كراوه و جێگیر كراوه، ئه‌وه وه‌ڵامى ره‌زامه‌ندى ئه‌و نووسراوه هه‌ر به‌و زمانه ده‌بێت كه نووسراوه‌كه‌ى پێ نووسراوه.
به‌ندى هه‌شته‌م
له قه‌زاكانى سلێمانى و هه‌ولێر و كه‌ركووك كه له‌م یاسایه ئاماژه‌ى پێ كراوه "شێوه" ى زمانى كوردى ئه‌و شێوه‌یه‌ى ئێسته ده‌بێت به‌ڵام له قه‌زاكانى لیواى مووسڵ كه له‌م یاسایه ئاماژه‌ى پێ كراوه ئه‌وه خه‌ڵكى ئه‌و دهڤهرانهن ئازادن له‌وه‌ى چ "شێوه" یه‌كى زمانى كوردى به‌كار بهێنن، ئه‌مه‌ش له ماوه‌ى ساڵێك له جێبه‌جێكردنى ئه‌و یاسایه‌وه پێره‌و ده‌كرێ.
به‌ندى نۆیه‌م
هه‌موو وه‌زیره‌كان به‌رپرسن له جێبه‌جێكردنى بڕگه و به‌نده‌كانى ئه‌م یاسایه هه‌ریه‌كه به‌گوێره‌ى ئه‌و به‌نده‌ى په‌یوه‌سته به ئه‌وه‌وه.
ئه‌م یاسایه، له 23 ى ئایارى 1931 به‌رامبه‌ر شه‌شى موحه‌ڕه‌مى ساڵى 1350 كۆچى له به‌غدا نووسراوه.
2.واژووى په‌رله‌مانتاره‌كان
3. بۆ: سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان
بابه‌ت: پڕۆژه هه‌موارى یاسایه‌ك
سڵاوێكى زمانپارێزانه
به‌گوێره‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، 10 په‌رله‌مانتار ده‌توانن پڕۆژه یاسا یا بڕیار یا هه‌مواركردن پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تى بكه‌ن و ئه‌وه‌ى لێره‌دا مه‌به‌ستمه، پڕۆژه هه‌مواركردنى یاساى زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان- عێراقدا كه له دوو ماده پێك دێت، جه‌ختیش له‌سه‌ر ماده‌ى دووه‌می ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌مه‌یش ده‌قه‌كه‌یه‌تى {زمانى ئینگلیزى ده‌بێته یه‌كێك له زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان} له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باسى زمانى فه‌رمى {ڕه‌سمى} ده‌كات، ئه‌گه‌رچى ئه‌م پڕۆژه هه‌مواركراوه له‌جیاتى 10 په‌رله‌مان ئه‌وا {101} په‌رله‌مانتار واژوویان كردووه و پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تیش كراوه، له خواره‌وه ماده و بڕگه‌كانی ده‌ستووری عێراق و یاساى زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان – عێراق ده‌خه‌ینه به‌رچاوی به‌ڕێزتان:
یه‌ك: ده‌ستوورى كۆمارى عێراق 2005
له ماده‌ى چواره‌م {بڕگه‌ى یه‌كه‌مدا}
زمانى عه‌ره‌بى و كوردى دوو زمانى فه‌رمین له عێراقدا، مافى سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان پارێزراوه له فێركردنى ڕۆڵه‌كانیان به‌زمانى دایكیان وه‌ك توركمان و سریان و ئه‌رمه‌نى له ده‌زگه‌كانى فێركردنى حكوومه‌تدا به‌پێى رێكاردا په‌روه‌رده‌ییه‌كان، یان به‌هه‌ر زمانێكى تر له ده‌زگه‌كانى فێركردنى تایبه‌تدا.
له هه‌مان ماده‌ی {4}(بڕگه‌ى پێنچهمدا)
هه‌ر هه‌رێم و پارێزگایه‌ك مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه زمانێكى ناوخۆیی تر بكاته زمانى فه‌رمى ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى له ڕاپرسییه‌كى گشتیدا بڕیاریان له‌سه‌ر دا.
دوو:یاساى زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمى كوردستان – عێراق ژ 6/ 2014
له ماده‌ى یه‌كه‌م {بڕگه‌ى دووه‌م}
زمانه فه‌رمییه‌كان ئه‌و زمانانه‌یه كه به پێى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق دان بهفهرمیبوونیان نرا.
له ماده‌ى دوانزده هه‌میشه‌ییدا
زمانى كوردى له په‌روه‌رده و پرۆسه‌ى فێركردن و خوێندن، زمانى فه‌رمییه له كوردستانی عێراق.
بۆمان ده‌ركه‌وت كه پێنج زمانى فه‌رمى {ڕه‌سمى} له عێراق و كوردستان هه‌ن 1- كوردى 2- عه‌ره‌بى 3- توركمانى 4- سریانى 5- ئه‌رمه‌نى و بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر زمانێكى تر ببێته زمانى ڕه‌سمى، ئه‌وا پێویستى به‌م ڕیكاره یاسایانه هه‌یه:
زمانێكى ناوخۆیى بێت.
له ڕاپرسى گشتى كه زۆرینه‌ى دانیشتوان ده‌نگى بۆ بده‌ن
ئه‌و زمانانه‌ى كه ناومان هێناون هه‌ر ئه‌وان زمانى فه‌رمین .
ده‌توانرێ هه‌ر زمانێكی تر له ده‌زگه‌كانی فێركردنى تایبه‌تدا بخوێندرێ .
هه‌رێمى كوردستان هه‌رێمێكه له عێراق و هه‌ر زمانێكى تر، زیاد بكرێـت ئه‌وا ده‌بێ ده‌ستوورى عێراق هه‌موار بكرێته‌وه له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی باسمان كرد، نه‌ك زمانى ئینگلیزى، به‌ڵكو هیچ زمانێكى تر نابێته زمانى فه‌رمى {ڕه‌سمى} بۆیه هه‌مواركراوی پڕۆژه‌كه‌ش پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى عێراق و یاساى زمانه فه‌رمییه‌كانه له هه‌رێمى كوردستان – عێراق .
له كۆتادا ده‌بێژم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له باشووری كوردستان سیاسه‌تى زمانمان نییه، بۆیه زمانه‌كه‌مان به‌ره‌و شێواندن ده‌چێ.
له‌گه‌لأ ڕێز و سوپاسدا
پارێزه‌ر: تایرق جامباز
ئه‌ندامى یه‌كێتى په‌رله‌مانتارانى كوردستان
نه‌ورۆزى /2716ى كوردى 2016 زاینی
هاوپێچ:
ده‌قى پڕۆژه (هه‌موارى یاسایه‌كه) و ناوى سیانى هه‌ر {101} په‌رله‌مانتار و واژووكانیان.
وێنه‌یك بۆ:
ئه‌كادیمیاى كوردى
یه‌كێتى په‌رله‌مانتارانى كوردستان
یه‌كێتى نووسه‌رانى كورد
سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان
سه‌ندیكاى پارێزه‌رانى كوردستان
دیکە ئەم بڕیارە جێبەجێ ناکرێت و نایانگرێتەوە.
سه‌لام ناوخۆش
سه‌رۆكی ڕێكخراوى زمان‌ناسی كوردی له باشوورى كوردستان