پارتی و پشتگوێخستنی كەمینەكان

PM:06:09:15/02/2017 ‌
وەك ئاشكرایە بۆ هەمووان كە داعش لە ساڵی 2014 توانی یەك لە گەورەترین پارێزگاكانی عێراق كۆنترۆڵ بكات بەشێوازێكی سەربازیی كتوپڕ، ئەویش پارێزگای مووسڵ بوو كە تا ئێستەیش نیوەی لەژێر دەستیدا ماوە، بەهۆی ئەو زەوینەیەی لەلایەن خەڵكی مووسڵە هەیبوو، زۆر بە فراوانی داعش و داعشیسزم تەشەنەی كرد ‌تا گەیشتە بەشێكی یەكجار زۆر لە شار و شارۆكەكانی عێراق، تەنانەت لە شاری بەغدای پایتەخت زۆر نزیك بوونەوە.
هەرێمی كوردستان لە هێرشەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی بێ بەش نەبوو، بەڵكو بگرە گۆڕینی رێڕە‌و‌ی هێرشەكانی تیرۆرستان بەرەو كوردستان، ناوچەكان ‌و ژیانی خەڵكی بەتەواوەتی هەراسان كرد، بەتایبەتی ناوچەكانی دەرەوەی یەكە كارگێڕییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كه ‌هاوسنوورن و‌ زۆرینەی كەمینەكانی ئاینی و نەتەوەیی تێیدا نیشتەجێن وەك كریستیان، ئێزیدی و كاكەیی زیانمەندی سەرەكی بوون لەم شەڕ و ئافاتەی ناوچەكەی گرتەوە. 
بەڵام هێز و ئیرادە و توانای پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، لەگەڵ هاوكاری هێزی هاوپەیمانان توانییان شكست بە پیلان و توانای سەربازی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراون بە داعش بێنن، بەڵام سیاسەتوان و پیاوانی ئاینی كوردستان ‌تا ئەمڕۆ شكستیان هێناوە لە رێگریكردن لە داعشیسزم. 
ئایدۆلوجیای داعش شتێكی نوێ نییه،‌ بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام لە كوردستان كە چەند سەركردەیەكی عەرەب بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەمان رێچكەیان بەكار هێناوه، زۆر بەداخەوە ئەو ساتەوەختانە بەهەمان شێوە پێكهاتە رەسەنەكانی كورد باجیان داوه و مێژوو شایەتحاڵە بۆ دەیان و بگرە سەتان جینۆساید لە ‌دژی ‌كرسیتیان، ئێزیدی و كاكەیییەكان. 
پێشتر پارتە نەتەوەیی و چەپڕۆ‌كانی كوردستان رۆڵێكی كاریگەریان هەبوو لە زاڵبوون بەسەر داعشیسزم لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا و وەك بەرەنگاربوونەوەیەك بۆ ئەو سیاسەتە، گرنگی زیاتر دەدرا‌ بە پێشخستنی كەسایەتییەكانی‌ كەمینەی ئاینی و نەتەوەیی لە ناو بۆنە و پۆستی جیاوازدا، بێگومان كارامای ئەو كەسایەتییانەیش رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە گرنگی پێدانیان، بۆیە دەستنیشان كراون بە بێ هیچ جیاوازییەك. 
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكێك بووە لەو پارتە كوردییانە كە زۆر بە باشی رەنگدانەوەی هەموو كەسایەتیی ئاینی و نەتەوەیی تیادا دەردەكەو‌ت، بەڵام ئێستە پێ ناچێت وا مابێت. نموونە پشتگوێخستنی پێكهاتەكان، دابەشبوونی پێكهاتەكان بەسەر ئەو گومانەی پێیان دەڵێن كوردن یان عەرەب وەك برا ئێزیدییەكان، مسوڵمانن یان یارسان وەك كاكەیییەكان، یاخۆ رۆیشتنیان بەرەو هەندەران لە ناچاری، ئەمانە هەموو بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن لەسەر ئەوەی حزبەكان چ وەك بەرنامە یاخۆ وەك چەند بەرپرسێكی فكرداعشی پاشەكشەیان كردووە لە گرنگیدان بە پێكهاتەی ئاینی و نەتەوەیی. وەك خۆم بە داخم كە ئەم حاڵەتە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەستی پێ دەكرێ. 
فەرەنسۆ حەریری، فەلەكەدین كاكەیی، مەحموود ئێزیدی و دەیان نموونە هەن لەو كەسایەتییانەی ناو پارتی كە لە ئاستی سەركردایەتی بوون، پارتی بەوە جوان بوو كە هەمیشە لە پێكهاتەیەكی كوردستانی دەچوو واتە دیمەنی جوانی پێكەوەژیانی كوردستانت لەناو هەیكەلی پارتیدا دەبینی، بەهەموو جیاوازییەكانەوە پێكەوە كاریان دەكرد، بەڵام ئێستە نموونەكان زۆر كەمن، بگرە بە زەقی خەڵكانی كاكەیی و كریستیان و ئێزیدی فەرامۆش كراون. 
كێشەكە لەوەدایە ئەم پشتگوێخستنە خەریكە دادەبەزێتە ناو ئۆرگانەكانی خوارەوەی ئەو حزبەیش و بووەتە‌ هۆی دووركەوتنەوەی خەڵكێكی زۆری ناو پێكهاتەكان لە پارتی دیموكراتی كوردستان. لە كاتێكدا پێشتر هەم ئاینە جیاوازەكان و هەم نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، ئامانج و گەرەنتی خۆیان لە پارتیدا دەبینییەوە.